لە درێژەی ناڕەزایەتیی جەماوەریی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بەرانبەر کوشتنی کۆڵبەرانی کورد، زیاتر لە 100 پارێزەری کورد بە بڵاوکردنەوەی راگەیەندراوێک وێڕای ئیدانەکردنی کوشتنی کۆڵبەران، داوای سزای یاساییان بۆ بکوژان کردووە.
لەو ڕاگەیەندراوەدا هاوتووە: "دیسان گوللەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران، بەبێ هیچ ڕێوشوێنێکی یاسایی ڕاستەوخۆ دڵ و سینگی کۆڵبەرانی بێتاوانی کردە ئامانج و خەڵتانی خوێنی کردن".
ئەمە یەکەمجار نییە کە کۆڵبەرانی کورد بەبێ ڕەچاوکردنی ڕێوشوێنەکان بەو چەشنەی کەلە یاسای بەکارهێنانی چەکدا هاتووە، دەکرێنە ئامانجی گوللەی هێزە ئەمنییەکان و دەیان بنەماڵەی هەژار هەتیو دەکەون، بۆیە هەتا ئەوکاتەی ئیرادەی میللی بۆ ڕاگرتنی کوشتنی کۆڵبەران بەدی نەیەت، ئەم ڕەوتە هەر بەردەوامە".
لە کۆتاییدا ئەو پارێزەرە کوردانە سێ خاڵیان دەستنیشان کردووە کە بریتین لە: "
- ڕاگرتنی دەستبەجێی بەکارهێنانی چەک و توندوتیژی لەدژی کۆڵبەران.
- بەردواداچوونی دادپەروەرانە و بەبێ هەڵاواردن و جیاوازی بۆ تاوانی هەموو ئەو کەسانەی لە تەقەکردن لە کۆڵبەران، کوژران یان بریندارکردنیاندا بەشدار و هاوبەش بوون.
- پێداگری لەسەر بەدواداچوون لەبارەی بکوژانی سەرەکیی کۆڵبەران، چونکە مەحکوومکردنی چەند سەربازێک کە بەبێ ڕەچاوکردنی ڕێوشوێنەکان کۆڵبەرانیان کوشتووە، بە مانای بەڕێوەبردنی دادپەروەرانە و بێ جیاوازی نییە.
هەفتەی ڕابردوو لە سنووری هەنگەژاڵی بانە دوو کۆڵبەری کورد لەلایەن هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران درانە بەر دەستڕێژ و گیانیان لەدەست دا، ئەم ڕووداوە بووە هۆی ناڕەزایی جەماوەریی شارەکانی بانە و سنە و کرماشان و نزیکەی 40 کەس دەستگیر کران، هاوکات چواردە هاووڵاتیش لە بانە بریندار بوون، بەشێک لە گیراوەکان ئازاد کراون.
9/9/2017