دوازدەیەمین خولی فێستیڤاڵی شانۆی سەرشەقامی مەریوان کە پێنج ڕۆژ دەخایەنێت، ئەمڕۆ شەممە 2017/9/9 بە بەشداریی شەش وڵاتی بیانی هونەرمەندانی کورد و فارس دەستی بە کارەکانی کرد.
بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی فەرمیی فێستیڤاڵی شانۆی سەرشەقامی مەریوان، کار و چالاکییەکانی خولی دوازدەیەمی فیستیڤاڵ سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە بە ئامادەبوونی هونەرمەندانی کورد و بیانی و جەماوەری زۆر، لێژنەی بەڕێوەبەریی فێستیڤاڵ و بە بەڕێوەبردنی کارناڤاڵێکی نمایشی لە گۆڕەپانی (ئیمام شافێعی) و ڕێپێوان بۆ پەرکی (شانۆ)ی شاری مەریوان بە فەرمی دەستی بە کارەکانی کرد و هەتا 2017/9/14 دەخایەنێت.
فاتێح بادپەروا، بەڕێوەبەری دوازدەیەمین خولی فێستیڤاڵی شانۆی سەرشەقامی مەریوان ڕای گەیاندووە، لە ماوەی ئەو چوار ڕۆژەدا 41 شانۆ بۆ ماوەی 121 جار و لە پێنج بەشی جیاجیادا بۆ جەماوەر پێشان دەدرێت کە ئەم ڕێژەیە بە بەراوردی یازدە خولی پێشوو زۆر دەگمەن و سەرنجڕاکێشە.
لە خولی ئەمساڵی فێستیڤاڵی ئەمساڵدا شەش وڵاتی بیانیی وەک (فەرەنسا بە شانۆی دوو چرکە، ئۆکرانیا بە شانۆی باڵندەی دەریایی، هەرێمی کوردستان بە شانۆی لەباتی ماسی، ئیسپانیا بە شانۆی گاڵتەجاڕی شێت، بەرازیل بە شانۆی (پاشای پاکی) و ئازەربایجان بە شانۆی باخی خەیاڵەکان بەشدارن.
9/9/2017