ڕەنگە زۆرێک لە گەنجانی کورد، بەتایبەت ئەو کەسانەی لە لادێ و ناوچە کشتوکاڵییەکان دەژین، تێبینی ئەوە بکەن کە چۆن کەسانی بە تەمەن هەر لە سەرەتای مانگی هەشتەوە دەکەونە گفتوگۆی گەرم سەبارەت بەوەی ئاخۆ گەلاوێژ ئەنگوتووە یاخود نا. پێویستە بیزانین کە ئەم بابەتە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ و تەنانەت لای فیرعەونەکانی میسڕیش جێگەی بایەخ بووە.
دەستەواژەی "گەلاوێژ ئەنگوت" یان "گەلاوێژ کەوت" ئاماژەیە بە دەرکەوتنی ئەستێرەی گەلاوێژ لە بەرەبەیانیانی ناوەڕاستی وەرزی هاویندا و لە ڕابردوودا باووباپیرانمان بەکاریانهێناوە بۆ دیاریکردنی گۆڕانکاری وەرزیی کەشوهەوا و کەمبوونەوەی گەرمای هاوین.
ئەستێرەی گەلاوێژ (Sirius) دوای خۆر لە هەموو ئەستێرەکانی تر پڕشەنگتر دەردەکەوێت لە ئاسماندا و 1.71 جار لە خۆر گەورەترە و 25 جار پڕشەنگترە.
هەرچەندە لە شارستانییە کۆنەکانی مرۆڤدا بەوە ناسراوە کە دەبێتە گۆڕانکاری لە وەرز و ژینگەی سەر زەوی، بەڵام زانایان دەڵێن ئەم ئەستێرەیە ڕاستەوخۆ هیچ کاریگەری نییە لەسەر ڕووداوەکانی زەوی بەهۆی دوورییەکەی بە نزیکەی 8.6 ساڵی تیشکی لە کۆمەڵەی خۆر.
لەگەڵ ئەوەشدا، میسڕییە کۆنەکان و یۆنانی و ڕۆمانییەکان بە وردی چاودێری جوڵەی گەلاوێژیان کردووە.
گەلاوێژ لای میسڕییە کۆنەکان خودایەکی مێینەیە بە ناوی سۆپدەت وهەڵاتنی هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی ڕووباری نیل و ڕوودانی لافاو. بە گوێرەی سەرچاوە مێژووییەکان، میسڕییە کۆنەکان لەگەڵ هەڵاتنی گەلاوێژ ئاهەنگیان گێڕاوە وەک دەستپێکی ئاودان و بەپیتکردنی کێڵگەکان.
بەڵام پێچەوانەی میسڕییە کۆنەکان، گەلاوێژ لای یۆنانییەکان و ڕۆمانییەکان بە ئەستێرەیەک دادەندرێت کە دەبێتە هۆی هێنانی ناخۆشی و پەتا و بەدبەختی بۆ مرۆڤ.
لە کلتوری ڕۆژئاوادا، ڕۆژانی دەرکەوتنی ئەستێرەی گەلاوێژ بە "ڕۆژانی سەگ" ناسراون و لە 3ی مانگی حەوت دەستپێدەکات و 11ی مانگی هەشت کۆتایی دێت. لەم ڕۆژانەدا پلەی گەرما و شێ دەگەن بە بەرزترین ئاست.
یۆنانی و ڕۆمانییەکان دەرکەوتنی گەلاوێژیان بە هۆکاری گەرما و بڵاوبوونەوەی وشکەساڵی و گرانەتا و "شێتبوونی سەگ" و بەدبەختی زانیوە.
بەڵام هاوشێوەی میسڕییە کۆنەکان، گەلاوێژ لای ئێمەی کورد هێمای خۆشبەختییە.
لەگەڵ ئەنگوتنی گەلاوێژ، باووباپیرانمان تێبینی فێنکبوونی شەوانی هاوینیان کردووە و وەک نیشانەی ڕنینەوەی هەندێک بەرهەمی وەکو ترێ و مازوو دەستنیشانیان کردووە.
١٦/٨/٢٠٢٤