بەپێی ڕاپۆرتی رۆژنامەی "واشنگتۆن تایمز"، ئامریکا دوای تەواو بوونی شەڕی داعش، بۆ ئەگەری شەڕ لەگەڵ میلیشیاکانی ئێران، لە عیراق هێزەکانی خۆی ئامادە دەکات.
ڕێژیمی ئێران جیا لە دەستێوەردانەکانی لە سیاسەتی حکوومەتی عێراق، لە دەسپێکی شەڕی داعش لە عێراق، میلیشیاکانی خۆی بە فەرمی هێنا لەم وڵاتە جێگیر کردووە و لە زۆربەی ناوچەکانی عێراق بەنێو شەڕی دژی داعش شەڕ و ئاژاوەیان دروست کردووە و خۆیان بە سەر ئەو وڵاتە سەپاندووە.
ئێستە لەگەڵ نزیک بوونەوەی کۆتایی شەڕی داعش لە عیراق، ئامریکا هوشداری دەدات، بە هۆی جێگیر بوونی میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە ناوچەکەدا، کە بە مەبەستی پەرەپێدان بە سیاسەتەکانی ئەو ڕێژیمە کردەوەی تێرۆریستیی ئەنجام دەدەن، لەگەڵ میلیشیاکانی سەر بە ئێران شەڕ دەکەن.
بەپێی هەواڵی ڕۆژنامەی "واشنگتون تایمز"، ئامریکا لە ئێستەوە بە پلانی داناوە و خۆی بۆ شەڕ بە دژی میلیشیاکانی حیزبوڵڵا لە عراق ئامادە دەکات.
حیزبوڵڵا کە لقیکە لە سپای تێرۆریستی قودس، بە بەردەوامی دژایەتی هێزەکانی ئامریکا لە عێراق دەکات و لە شەڕی تەلەعفەر ڕێگەی بە هێزەکانی ئامریکا نەدا.
هەروەها حیزبوڵڵا ڕاگەیاندووە، کە گەورەترین کێشەی عێراق هەبوونی هێزەکانی ئامریکایە، کە دوای شەڕی داعش بە دژی ئامریکا و هاوپەیمانەکانی لە عیراق شەڕ دەکات.
بەپێی هەواڵی واشنگتون تایمز، حیزبوڵڵا عێراق لە ساڵی ٢٠٠٧ بە دەستی سپای تیرۆریستی قودس لە ئێران دامەزراوە و لە کاتی سەرهەڵدانی هەتا ئێستە هۆکاری مردنی ٥٠٠ کەس لە چەکدارانی ئامریکا لە عێراقە.
ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بە دامەزراندنی چەندین گرووپی تێرۆریستی لە عیراق وەکوو حیزبوڵڵا و حەشدی شەعبی و پاڵپشتی کردن و ناردنی چەکوچوڵ بۆ گرووپە تێرۆریستییەکانی دیکە لە عێراق، بەردەوام لە هەوڵی دژایەتی کردنی هێزەکانی ئامریکا دایە و تێدەکۆشێت کردەوە تێروریستییەکانی خۆی لەم وڵاتەدا پەرە پێ بدات.
هەر لەم چوارچێوەدا ئامریکا لە هەمبەر توانای نیزامی ئەم گرووپە تێرۆریستییانە لە بەکار هێنانی داوی تەقینەوە و ئۆپراسیۆنی خۆتەقینەوە نیگەرانە.
10/9/2017