خەڵکی شاری بانەی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدژی کوشتنی کۆڵبەران دووکان و بازاڕیان داخستووە و لە بەردەم قایمقامیەت گردبوونەوە، هێزە ئەمنییەکانیش بۆ بڵاوەپێکردنیان گازی فرمێسکڕێژ بەکاردەهێنن، لەبەرامبەردا خەڵک بە تێگرتنی بەرد وەڵامیان دەدەنەوە.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، لەسەر داواکاری چالاکڤانانی خەڵکی بانە، بەیانیی ئەمڕۆ (سێشەممە، 5-9-2017) دووکانداران و کاسبکارانی ئەو شارە دووکان و بازاڕیان داخست.
دووکاندار و خەڵکی ناڕازیی بانە سەرەتا بە رێپێوانێکی هێمنانە بەرەو بەردەم قایمقامیەتی شار بەڕێکەوتن، تاوەکو ناڕەزایەتی خۆیان بە کوشتنی کۆڵبەران بە بەرپرسان بگەیەنن.
رۆژی دووشەممەش بەشێک لە خەڵکی بانە لە بەردەم قایمقامیەتی ئەو شارە کۆببوونەوە، بەڵام چونکە بەرپرسانی قایمقامیەت ئامادەنەبوون وەڵامیان بدەنەوە، دەرگای قایمقامەتیان شکاند و چوونە نێو ئەو بەڕێوەبەرایەتییەوە.
ئەو ناڕەزایی دەربڕینە لەکاتێکدایە رۆژی دووشەممە لە ئەنجامی تەقەی هێزە سەربازییەکانی ئێران، دوو کۆڵبەری خەڵکی بانە کوژران. ئەمەش ناڕەزایەتی خەڵکی بە دوادا هات و رۆژی رابردوو خەڵک داوایان لە پارێزگاری سنە کرد، قایمقامی ئەو شارە لەسەر کار لابدرێ.
هاوکات لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی بانە، چالاکڤانانی خەڵکی مەریوانیش داوایان لە دووکاندارەکان کردووە ئەمڕۆ مانبگرن.
ژیان و گوزەرانی بەشێکی زۆری دانیشتووانی ئەو شارانە و شارە سنوورییەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان لەڕێی سنوورەکانەوە دابین دەبێت، بەڵام حکومەتی ئێران بە تۆمەتی گواستنەوەی کاڵای قاچاخ، تەقە لە کۆڵبەرەکان دەکات.
کۆڵبەرەکان دەڵێن لەبەر بێکاری و نەبوونی سەرچاوەی دیکەی داهات بە ناچاری پەنا بۆ ئەو کارە دەبەن.
پێشتر رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران گوتبووی، گواستنەوەی کاڵا و کەلوپەل لەلایەن کۆڵبەرەکانەوە، کێشە نییە، سەرەڕای ئەوەش ساڵانە دەیان کەس لە کۆڵبەرەکان بە تەقەی راستەوخۆی هێزە سەربازییەکانی ئێران دەکوژرێن و بریندار دەبن.
5/9/2017