ئاڤیدۆر ئیسکین، نووسەرێکی ناسراوی دانیشتووی بۆلگاریا و بە ڕەچەڵکە ڕووسی لە ماڵپەڕی گڵاسۆڤێ بابەتێکی لەبارەی گرنگیی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان بڵاو کردووەتەوە و دەڵێت بەمزوانە دەوڵەتی کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەدایک دەبێت.
ئەو نووسەرە وێرای ئاماژە بە کاتی بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان باسی بارودۆخی بەشە جیاجیاکنی کوردستان دەکات و دەڵێت: "ئێستا کورد لە ناوچەکە خاوەن پێگەی بەهێزە و لە جاران زۆر بەهێزترن و بێگومان کورد لە ئەنجامدانی ئەو بڕیارە پاشگەز نابنەوە".
لە بەشێکی دیکەدا دەنووسێت: "ئێستا لە ڕۆژئاوای کوردستان کورد خاوەنی ئۆتۆنۆمییە و کەم کەس هەیە لەوە بزانێت کە بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدژی ئێران خەبات دەکات و ئەم شەڕە لەمێژە بەردەوامە، شەڕێک کە تەنانەت ئەمریکاش چاوی خۆی لێ نووقاندووە".
ئەو نووسەرە بە ڕەچەکەڵەک ڕووسییە لە درێژەی بابەتەکەیدا نووسیویە: "ئیسرائیل یەکێک لە پشطیوانانی کورد و دەوڵەتی کوردستانە و لە ڕابردوودا ڕاوێژکارانی ئەو وڵاتە یارمەتیی مەلا مستەفا بارزانی ڕێبەری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردسیان کردووە و ئیستاش درێژەدەری ئەو ڕەوتەن و پشتیوانی لە کورد دەکەن".
لە کۆتاییدا دەڵێت: "ئاگادار بن بەمزوانە دەوڵەتێکی نوێ لە ناوچەکە دێتە سەر ئایدییەکانتان و زیاتر لە چل ملیۆن کورد کە زۆر لە جاران بەهێزترن دەیانەوێ دەوڵەتێکی نوێ دابمەزرێنن و بێگومان ئەم ئامانجەشیان دێتەدی".
لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا کە سەرکردایەتیی سیاسیی کورد بڕیاری بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمی بۆ سەربەخۆیی و دیاریکردنی چارەنووسی خۆی داوە، زۆر نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی و ناوەندی بڕیار لە ناوچە و شوێنە جیاجیاکانی جیهان لەبارەی گرنگیی پرسی ڕیفراندۆمی کوردستان و بەرەنجامەکانی و پێگەی کورد بابەتیان نووسیوە.