ئەفیخاى ئەدرعى، وتەبێژى سوپاى ئیسرائیل بە زمانى عەرەبى لە تۆڕى کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردوەتەوە؛"بە فەرمیی کوشتنى تیرۆرست حەسەن نەسروڵا رادەگەیەنین".
لە بەیاننامەکەدا وتەبێژى سوپاى ئیسرائیل دەڵێت: رۆژى رابردو سوپاى ئیسرائیل، حەسەن نەسروڵا ئەمیندارى گشتى حیزبوڵا و عەلى کارکى، سەرۆکى بەرەى باشورى حیزبوڵا و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەى کوشت.
دەشڵێت: فڕۆکەکانى هێزى ئاسمانیی بە رێنمایی وردى هەواڵگریی هێرشەکەیان بۆسەر بنکەى سەرەکیی حیزبوڵا ئەنجامدا کە دەکەوێتە ژێرزەمینى بینایەکى نیشتەجێبونەوە و لەکاتى هێرشەکەدا بەرپرسانى باڵاى حیزبوڵا لە شوێنەکەدابون و پلانیان دژى هاوڵاتییانى ئیسرائیل دادەنا.
ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە کە سوپاى ئیسرائیل بەردەوام دەبێت لە بەئامانجگرتنى هەمو کەسانەى کە دژى ئیسرائیل کاردەکەن.
هاوکات میدیا ئیسرائیلییەکان جەختیان کردوەتەوە کە دەزگا ئەمنییەکانى ئیسرائیل بەڵگەیان لایە کە حەسەن نەسروڵا، ئەمیندارى گشتى حیزبوڵاى لوبنان لە ئۆپەراسیۆنێکدا شەوى هەینى کوژراوە.
راستەوخۆ دواى ئەنجامدانى هێرشى ئاسمانیی بەرفراوان لەلایەن ئیسرائیل و بۆسەر بارەگاى سەرەکیی حیزبوڵا لە لوبنان، میدیاکان باسیان لە چارەنوسى نادیارى حەسەن نەسروڵا دەکرد و میدیا ئیسرائیلییەکانیش هەر زو رایانگەیاند؛ نەسروڵا لە هێرشەکەدا کوژراوە
28/9/2024