لەدوای هەر یەكە لە ئەمریكا و بریتانیا، فڕەنساش بڕیاریدا ڕێگە بە ئۆكرانیا بدات بۆ بەكارهێنانی موشەكی دور مەودا و ئاراستەكردنی لە دژی ئامانجەکانی لەناو خاکی ڕوسیا، ئەم گۆڕانكارییانەش موسكۆی نیگەران كردوە و وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا دەڵێت، "ئەوە پشتیوانی نییە بۆ ئۆکرانیا، بەڵکو زیاتر زەنگی مردنە بۆ ئۆکرانیا".
ژان نۆئێل بارۆت، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە میانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بی بی سی کە بەشێکی دوێنێ شەممە بڵاوکرایەوە، ڕایگەیاند، پاریس هیچ هێڵێكی سوری نییە کاتێک باس لە پشتگیریکردنی کیێڤ دەکرێت و هێرشی ئۆكرانیا بۆ ناو خاكی ڕوسیا، لە چوارچێوەی كردەیە "بەرگریكردن لە خۆی" دەبێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، دوا لە هاوپەیمانانی ڕۆژئاوا دەكەم كە سنور بۆ پشتیوانیکردنیان لە ئۆکرانیا لە شەڕی ڕوسیادا دانەنێن.
سەبارەت بە ئەگەری بەشداریکردنی سەربازانی فەرەنسی لە شەڕی ئۆکرانیادا، وەزیری دەرەوەی فڕەنسا دەڵێت، "هیچ بژاردەیەکیان ڕەت نەکردوەتەوە".
مۆسکۆ بە توندی ڕەخنەی لە لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی فڕەنسا گرت، ماریا زاخارۆڤا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا بە ئاژانسی هەواڵی تاسی ڕوسیای ڕاگەیاند، "پەسەندکردنەکە پشتیوانی نییە بۆ ئۆکرانیا، بەڵکو زیاتر زەنگی مردنە بۆ ئۆکرانیا".