هێمن عەبدوڵلا
چەندە ترەمپ و ئیدارەكەی لە تاران و كۆماری ئیسلامیی توند بكەن، هێندە كوردی رۆژهەڵات لێویان بەخەندەتر دەبێت. هەندێكیان لەئێستاوە خۆیان بۆ قۆناغی پۆست جمهوریی ئیسلامی سازكردووە، هەندێكیشیان بڕوا ناكەن ئەمجارەش شانسیان هەبێ و دەڵێن "ئەو ترەمپە پێش ئەوەی كارێك لەگەڵ ئێران بكات، دەیكوژن"! ئومێدەواریی كوردی رۆژهەڵات بە ترەمپ چیرۆكی رەجەبم بیردەهێنێتەوە كە لەژێر دارهەنجیرەكە دانیشتبوو و هیوای بەوە بوو هەنجیرێك لوتف بكات و بەرببێتەوە نێو دەمی.
راستە لەوەتەی دەستبەكار بووە، هیچ بەیانییەكی ترەمپ تێنەپەڕیوە كە لە خەونی سنووردانان بۆ كۆماری ئیسلامی هەڵنەستابێ و هەندێكیانی نەكردبێتە تویت، بەڵام هەرواش ئەوە ناكاتە ئەوەی كە خۆشخەیاڵ بین و بڵێین ئەمریكا بڕیاریداوە كۆماری ئیسلامی دەڕووخێنێت. چونكە ئەگەر ئەوە هێندە ئاسان بووایە سەرۆكەكانی پێش ترەمپ كردبوویان و نەیاندەهێشت شانازییەكە بۆ ئەو بمێنێتەوە. بەڵام جیاوازییەك بەڕوونی هەستی پێدەكرێت، ئەویش ئەوەیە كە سیاسەتی ئۆباما لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست زۆرتر لە دەوری زۆر سوودمەندبوون و كەم زیاندان لە ئەمریكا دەخولایەوە، ئەمەش سیاسەتێكی كلاسیكیی دیموكراتەكان بووە لە ناوچەكەی ئێمەدا. ترەمپ