فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2024-11-15-02-43-47 ڕابردوو بەردەوام گرووپگەلێک هەبوون لە کوردستان کە بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیڕەویان لە خەباتی چەکداریی کردووە وەک ڕێبازێک بۆ گەیشتن بە مافەکانی کوردستانییان. بەڵام هەر...
2024-11-15-02-37-43ناودەبرێت، بۆ کوردەکانیش هێشتا بابەتێکە کە جێی گومان و پرسیارە؟، بەوپێیەی هەموان سیناریۆکانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریان لەساڵی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٥ لەپێش چاوە، کەچۆن ئەو...
2024-11-15-02-31-50ئەشكەوتەكەیان ئاگر دەدا و كوردەكان دەبونە قەرەبروت. - توركەكان لە ئەستنبوڵ، لەگەڵ تاكسیە كوردەكان سوار نەدەبون، دەیانوت گڵاونسەردەمی تازەش، ئاردۆگان وتی:من ئەو كوردەم خۆشدەوێت كە لە...
2024-10-30-17-57-54شەفەق....تد) کە جوان بیر دەکەنەوە و لەگەڵ برایەتی گەلانن. دەوڵەت باخچەلی کە ئەو قسەیە دەکات لە بیری چووە کە ئەو سەرۆکی پارتێکی نەژادپەرستە، ساڵانی شەستەکان کاتێک...
2024-10-30-15-49-01محمد الماغوط دەنوسێت: من الغباء أن أدافع عن وطن لا أملك فيه بيتاً. گەمژەییە بەرگریی لە نیشتمانێک بکەم کە ماڵێکم نیە تیایدا. نەبونی چەمکی دەوڵەت لە...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

هێمن عەبدوڵڵا

لەوەتەی شەڕی دژی داعش دەستیپێكردووە، كورد شانازی بە یەك شتەوە دەكات، ئەویش ئەوەیە كە بەقەولی خۆی، "لەجیاتی هەموو جیهان شەڕی تیرۆر دەكات". بەڵام پێناچێ لە جیهانەكەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی نوێی ئەمریكادا حیسابێكی جیاواز بۆ كورد كرابێت. بۆیە لە یەكەم هەفتەی سەرۆكایەتییەكەیدا بڕیاری دا عێراقییەكان، بە كوردیشەوە، بۆیان نییە سەردانی ئەمریكا بكەن. واتە ئەو كوردەی ئەگەر خۆیشی پێشمەرگە نەبێ و كەسێكی نزیكی لە بەرەی شەڕ بێت بۆئەوەی لەجیاتی جیهان شەڕی تیرۆر بكات، لە چاوی ترەمپ و ئیدارەكەیدا لێی چاوەڕوان دەكرێت كە سەردانی ئەمریكای كرد، ببێتە تیرۆریست! هەر بەڕاست سەردەمی ترەمپ هیچ رەحمەتی بۆ كورد تێدا دەبێت؟

كاك مەسعود بارزانی لە نوێترین هەڤپەیڤینەكانیدا بەئاشكرا باسی ئاشنایەتی سەركردایەتیی كوردستان و ئەندامانی ئیدارەكەی ترەمپ دەكات. كەسێكی ئاگادار پێیگوتم: تەنانەت لەگەڵ ترەمپیش پەیوەندیی دۆستایەتی تووندوتۆڵ هەیە و سەركردەیەكی ناسراوی كوردستان هاوڕێیەتی. بەڵام دوو شت گرنگن: یەكەم، سەرۆك ترەمپ لەگەڵ ترەمپی بازرگان چەندە جیاواز دەبێ و چەندەش پەیوەندییە كەسییەكان بە گرنگتر دەزانێ لە بەرژەوەندیی ویلایەتە یەكگرتووەكان؟ دووەمیش، ئەمریكای سەردەمی ترەمپ، كە بانگەشەی كەمتر سەرقاڵبوونی ئەمریكا بە كێشەكانی دەرەوە و زۆرتر خۆسەرقاڵكردن بە كێشە نێوخۆییەكان دەكات، تاچەند بەلایەوە گرنگ دەبێت كە كوردستان لەم ناوچەیەدا بپارێزێ و بۆ هەنگاوی ئایندەیی گەورە پشتی بگرێت؟

شۆڕشی كوردستان بیرەوەریی تاڵی لەگەڵ ئیدارەی ئەمریكای سەردەمی حەفتاكاندا هەیە. خۆ ئەوكاتیش كیسینجەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا دۆستی كورد بوو، بەڵام بەرژەوەندیی ئەمریكای پێ لە چارەنووسی شۆڕشەكەی مەلا مستەفا پێ گرنگتر بوو. ئێستا گەرەنتی چییە كە ترەمپ و تیلەرسن لە رێككەوتنێكی نوێی ئەمریكی و رووسیدا پشت لە كورد نەكەنەوە؟

لەم ماوەیەدا خەریك بوو پارتی و یەكێتی رێكدەكەوتنەوە. هاووڵاتیی هۆشیاری كوردستان دوو هەستی جیاوازی بۆ ئەو رێككەوتنە چاوەڕوانكراوە هەبوو: یەكەم، رێككەوتنەكە دەیتوانی وڵات لەو قەیرانی حوكمڕانییە دەربهێنێت كە كوردستان تێیكەوتووە، دووەمین هەستیش ئەوەبوو كە نە پەراوێزخستنی گۆڕان كارێكی راستە و نە بێمنەتیی پارتی و یەكێتیش وادەكات ئەو مەودا كەمەی ئازادی كە هەیە بمێنێ. وادیارە پاش دەستبەكاربوونی ترەمپ ئەو ئومێدە كەمتر بووەتەوە و پارتی و یەكێتی زۆر گەرم نەماون لەسەر رێككەوتن. هەندێك كەسی ئاگادار دەڵێن ئێران نایەوێ ئەو دوو حیزبە رێكبكەون، چونكە لە تاران بێمنەتتر و لە واشنتن نزیكتر دەبنەوە.

بۆ رۆژئاوای كوردستانیش لە ئیدارەی ترەمپ چاوەڕوان دەكرێت رۆڵی دڵنیاكەرەوەی توركیا و نزیككەرەوەی لایەنەكانی رۆژئاوای كوردستان لەیەكدی ببینێت. رەنگە بۆیەش شاندێكی ئەنەكەسە بانگهێشت كرابێت بۆ واشنتن، تا لەو وردەكارییانە ئاگاداربكرێنەوە كە ئیدارەی نوێی ئەمریكا بۆ رۆژئاوای كوردستان كردوونی بە پلان و بڕیار.

هێشتا زووە بەدڵنیاییەوە بڵێین ترەمپ رەحمەت دەبێ بۆ كورد یان زەحمەت، بەڵام دەتوانین ئەوە بڵێین كە ترەمپ لێی چاوەڕوان دەكرێت بەپێچەوانەی تەواوی سەرۆكەكانی ئەمریكا و ئیدارەكانیانەوە لە كێشەكانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست نزیكببێتەوە و شتی پێشبینینەكراو بكات. با چاوەڕێ بكەین و بزانین ئەوەی ترەمپ دەیكات گاڵمان بۆ دەهێنێ یان پەمۆ؟

30/1/2017

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان