فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2023-12-02-14-03-35به‌ڕێزان ( عوسمان عه‌به‌ پێنجوێنی یان عوسمان قه‌ڵادزه‌یی) و( جه‌واد حه‌یده‌ری) به‌داخه‌وه‌ وتیان به‌ڵێ ڕاسته‌ و كۆچی دوایی كردووه‌؟ هونه‌رمه‌ند و پێشمه‌رگه‌ ، سروودبێژ و گۆرانیبێژ...
2023-10-06-04-44-47کۆڕەوو شەنگال وتووەو دەیڵێت و بەشداریی کاریگەری لەئاهەنگەکانی سەرفیرازیدا بووەو دەبێت. مستەفا داداری موکریانی مەهابادی خۆی بەخوێندکاری (مام هێمنی شاعیر ١٩٢١-١٩٨٦) دەزانێ و کاتێک قسە دەکا...
2024-01-22-22-45-36باسمان بۆ بکەن، ئەو ئۆرکێسترەی ئێوە چەنساڵێک ژەنیاری بوون؟ئەو ئۆرکێسترە بە ئۆرکێستری رادیۆ کرماشان ناسراو بوو و لە سەرەتاشەوە سەرپەرەشتییەکەی بەدەستی بەڕێز عەبدولسەمەدیان بوو کە...
2024-01-22-22-46-29بەر دەکەوێت بەڵام لەو لایشەوە هەر بە پاڵپشتی ئەو سامانە دەوڵەمەندە،خۆی دوو هێندە لە نێو ڕووبەری فەرهەنگیی کورددا دەردەخات. هێشتاکەیش کتێبخانەکەی پڕیەتی لە دەیان بەرهەمی...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

 

حەمید ئەبوبەکر بەدرخان

هونەرمەندی نێوداری کورد مستەفا دادار موکری، دەنگێکی ئەفسووناویی نێو ئاوازو مۆسیقای کوردییە... دەنگێکە تاکو ئێستا هیچ کەس نەیتوانیوە لاسایی بکاتەوەو وەکو خۆی بیڵێتەوە! هۆکارەکەشی ئەوەیە کە دادار لەگۆرانی گوتندا بزۆزو پڕ جووڵەیە... ئەو لەکاتی چڕینی هەر سروودو گۆرانییەکدا پەیامێکی هەیە، پەیامەکانی تێکەڵ بەهەست و نەست و خولیاکانی گوێگر دەبێت و ئەفسانەئاساش دەنگی ئەو لەهزری کۆمەڵگای مرۆڤایەتییدا جێدەگرێت.

مستۆ داداری تەمەن 62 ساڵ، هەمیشە لەخەمی کۆمەڵگەی کوردەواریی و مرۆڤایەتییدا بووە. ئەو بەچریکەی گۆرانی و شێوەی خۆشخوانیی خۆی ناخی مرۆڤ و ئاسمان دێنێتە لەرزین و جووڵە و قسە، ئەو ستران بۆ کوردو کوردستان و نەتەوە جیاوازەکان و گەلانی ژێردەستە دەچڕێت و هەردەم دەست لەسەر سینگ ئامادەیە بەدەنگە ئەفسوناوییەکەی گۆرانی بۆ هەوادارانی بڵێت.

لەهەر کوێیەک زوڵم و چەوسانەوە بوونی هەبووبێ مستۆ دادار لەوێیە!

لەو کارەساتانەی کە بەسەر گەلی کورددا هاتوون، وەکو مرۆڤێک کەهەست بەلێپرسراوییەتی بکا، گۆرانیی بۆ نیشتمان و خاک و نەتەوەو پێشمەرگەو کارەساتی خوێناویی قەڵادزێ و هەڵەبجەو کۆڕەوو شەنگال وتووەو دەیڵێت و بەشداریی کاریگەری لەئاهەنگەکانی سەرفیرازیدا بووەو دەبێت.

مستەفا داداری موکریانی مەهابادی خۆی بەخوێندکاری (مام هێمنی شاعیر ١٩٢١-١٩٨٦) دەزانێ و کاتێک قسە دەکا سەری زمان و بنی زمانی باسی مام هێمنەو لەهەمانکاتیشدا تێڕوانینی قووڵی خۆشی هەیە دەربارەی ژیان و بەرهەمی نووسەران و شاعیرانی دیکەی کوردو زۆر بەوردیش ئاگاداری مێژوو و جوگرافیاو هونەرو ئەدەبی و کەسایەتییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستانە...

دادار زانیاری تەواوی لەسەر گەورە زانایانی موزیکی جیهانی وەکو: (باخ، چایکۆفیسکی، مۆزارت، ستراڤینیسکی، کۆرساکۆف، میکیس تێئۆدۆراکیس، شۆپێن) لەهونەروەرانی کوردیش (بارەبەد، زەریاب، عەبدولقادری مەراغەیی، خدر کۆیسنجاقی، سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی، ئەڤدالا زەینەکێ، وەفایی و کاوێس ئاغا)و شاکیرۆو سەدانی دیکە... دەستەو نەزەریشە لەئاست هونەرمەندانی گەورەی کورد، وەکوو سێوە، تاهیر تۆفیق، عەلی مەردان، حەسەن زیرەک، قادری حاجی حوسێن، محەممەدی ماملێ، عومەر دزەیی، شەماڵ سائیب، رەسووڵ گەردی، مەزهەری خالقی، کامکارەکان، ئەڵماس خان، گوڵبەهار، سۆسکا سمۆ، بڵگا قادۆ، گوڵا ئەرمەنی، حەمە جەزا، شڤان پەروەر، ناسری رەزازی، کامەران مەتەری، قادری سیاحی، حیشمەتوڵای لوڕنەژاد، ئایشەشان، نەسرین شێروانی، کیژان ئیبراهیم خەیات، ئاڤان جەمال، دایکی جەمال، حیشمەت سەنجەری، سەحەر دیلۆڤان، فەتانەی وەلیدی، پەیمان عومەر، دانا غەنی، عەدنان کەریم، ئاینوور، بەهجەت یەحیا، شەریبانا کوردی، بەسەر شاهین، جانێ، جۆمێرد، کازۆ، کانی نار، جواد مەڕوانی، شەمدین، دەلیل دیلانار، مەحمود قزلی، محەمەد شێخۆ، دیلۆڤان، محەمەد ئەرببیلی، دیاری قەرەداخی، دیار دەرسیم، حەسەن حەیران، عارەب عوسمان، عوسمان حەیران، محەمەد گۆران، زیاد ئەسعەد، قادر ئەسعەد، سەعید یوسف، رۆژ کەریم، پەیوەند جاف، چۆپی فەتاح، سەنا بەرزنجی، عادل هەورامی، جەلال سەعید، کەریم کابان، قادر کابان، ئەحمەد شەماڵ، محەمەد نێرگز، محەمەد رەئوف کەرکوکیی، سەڵاح داودە، هابە، سوارە، محەمەد ئیبراهیم عەبدول، عوسمان کێمنەیی، هوشیار حەمە فەرج، مەریوان سەفادین، قادر زیرەک، نیزام شکور، مشکۆ، کانی، بێژەن کامکار، سەدانی دیکە.

رۆژی هەینی 12/05/2023 لەسەردانێکمدا بۆ ئەمستردامی پایتەختی هۆڵەندا، چاوم بەمستۆ دادار ‌کەوتەوە زۆر دڵشادو گەشامەوە. وەکو دیارە ساڵی 2013 لەچالاکییەکی ناوەندی کوردی و ئەکادیمیای بەدرخان لەناشڤیڵی ئەمریکا بینیبووم، ئەو کاتیش زۆر پێکەوە یەکتریمان دواند... من ئەوکات پێشنیارم بۆ کرد، ئاخۆ بۆچی تاکو ئێستا نەتواندراوە چامەی شیعری عەبدوڵڵا پەشێو بەناوی: تەعریب کە شیعری «بارکەن بڕۆن» ناسراوە، بەشێوەی پانۆڕاما پێشکەش ناکرێت؟ پاش 10 ساڵ کاتێک لەئەمستردام یەکترمان دیتەوەو باسەکەم ورووژاندەوە، ئەو لەمێژبوو ئامادە بوو بۆ وتنی ئەم شیعرەی پەشێو بەشێوەیەکی ئۆپێرایی ئامادە کردبوو... بۆیە لەڕێگای نامەوە پەیوندیم کرد بەشاعیری گەورە، عەبدوڵڵا پەشێو، لەوەڵامدا پەشێو گوتی: ((کاک حەمید سوپاس بۆ پەیامەکەت، دیمانەکەم خوێندەوە... خودا داداری بۆ سروود خولقاندووە. شیعری من بەهی خۆی بزانێ و ئازادبێ. هەر هەبیت... )

منیش سوپاسی هەستی بەرزی پەشێوم کرد

هەروەها بۆ کاری ئاوازو دابەشکردنی موزیکەکە قسەم لەگەڵ هونەرمەندان و موزیکژەنانی نێودارانی کورد ئالان عارف و دکتۆر عەبدوڵا جەمال سەگرمە، کە ئەرکی کارە موزیکیەکە بگرنە ئەستۆی خۆیان، هەر زوو پەیمانیان دا کە ئەو خەونە جوانەی پەشێوو مستۆ دادار بێننەدی و بەرهەمەکە بەئەنجام بگەیەنن، چونکە من وای دەبینم تاکو ئێستا هونەرمەندانی کورد نەیانتوانیوە شان لەشانی ئەو سروودەی مستۆ دادار بدات کە بەنێوی: کوردستان نیشمانی جوان! لەهۆنراوەی مامۆستا گۆران و ئاوازی مامۆستا (قادر دیلان ١٩٢٩-١٩٩٩)ە، هەمیشە کاریگەریی ئەم سروودە نیشتمانییە لەسەر من و تێکڕایی کۆمەڵگای کوردەواری یەکجار زۆرەو بەباشی رەنگیداوەتەوە.

دادار دوور دوور دەڕوانێ، هەمیشە لەخەمی گەلی کوردستان و تەبایی و یەکڕیزی ماڵی کوردیدایە، هەر بۆیە کاتێک باسی شەهیدکردنی باوکی دەکا (حوسێن مارف لاسور ١٩١٧-١٩٦١). کە منداڵ بووەو وەکو پێویست باوکی خۆی نەدیوەو هیچ شتێکی لەبیر نیە دەربارەی یادەوەری باوکی رەوانشادی، زۆر جاریش باسی پەیوەندی خۆی و بنەماڵەکەی دەکات کەدەڵێ: غەیری گۆڕی باوکم لەگوندی (قاڕنێ) کە لەنێوان نەغەدەو سندوس، باقی نازانم گۆڕەکانی بنەماڵەکەشمان لەکوێن! چونکە ٣٧ ساڵە لەغەریبایەتی دەژیم. دڕدۆنگە لەبەرانبەر هەموو شتێک، هەربۆیە گومان لەهەموو شتێک دەکا ت.

وەلێ هەندێک ‌جار باجی دڵسافی و نەرم‌و نیانیی خۆشی دەدات... کە لەلایەن کەسانێکی نەفس نزم و دەرون نەخۆش غەدری لێدەکرێت! کاتێکیش جیاواز مامەڵە دەکات، دەوروبەرەکەی دادار لەپەیامی دڵسۆزیی حاڵی نابن و دەبێتە سەریەشە بۆ خۆی و دەوروبەری...

دادار دەخوازێ کۆتاییەکانی تەمەنی لەکوردستان بژی و لەترۆپکی چیاکانی کوردستان بنێژرێت! بەئاواتی ئەوەیە درێژە بەکارە هونەرییەکانی بدات.. چونکە ئەو دەڵێت: گۆرانیەکانم جگەرگۆشەکانمن. یەک لەتایبەتمەندییەکانی ئەو هونەرمەندە ئەوەیە هەرگیز لەکاتی پەیوەندیکردن بەتەلەفۆن یان مۆبایل، ئەو بەهیچ جۆرێک لەکۆتایی پەیوەندیەکانیدا تێل داناخات و لای وایە دەبێ کەسی پەیوەندیدار تێلەکە دابخات. پێم گوت بۆ وادەکەی؟ گوتی: مرۆڤ لای من زۆر گەورەیە... بۆیە من هەرگیز تەلەفۆن لەکاتی پەیوەندیکردن داناخەم... دادار لەچەندمانگی رابردوودا دیدارێکی لەکەناڵی ئاسمانیی «کوردکەناڵ» بەدوو بەش ئەنجامداو بووە جێگای مشتومڕ دەربارەی مۆسیقای کوردیی و مێژوویی سەرهەڵدانی لای میوزیکوانانی کورد...! پاش دابڕانی دادار دیمانەیەکی تایبەت لەلایەن خۆمەوە بۆ دۆسیەی رۆژنامەی رۆژانەی کوردستانی نوێ و بەچوار لاپەڕە ئامادەکردو چاپ و بلاوکرایەوە، هەر پاش دیمانەکە، بەهاوکاری مستۆ دادار توانیمان کتێبێک بەناوی (مستۆ دادار دەنگێکی ئەفسوناوی) لەدووتوێی چاپێکی جوان و پڕۆفیشناڵ چاپ و بڵاوبکەینەوە. بڵاوکردنەوەی ئەو دیدارەی کورد کەناڵ... بەپێویستم زانی لەنزیکەوە دادار ببینم و دیدارێکی هەمەلایەنەی لەگەڵ سازبکەم... !

هەربۆیە دیدارەکەم ئەنجامدا، لەسەرەتادا دۆسییەکی تایبەت لەڕۆژنامەی کوردستانی نوێ ژمارە 8924 بەچوار لاپەڕە 23/05/2023 بڵاوکرایەوەو هەفتەنامەی بەدرخانیش لەژمارە 180ی 25/05/2023 بەشێوەیەکی درێژتر، بەهەشت لاپەڕە لەئەڵمانیا چاپ و بڵاوکردەوە، لێرەدا پێویستە سوپاسیی شادومان ئەحمەد مەحمود کە لەبری پێشەکی لەنووسێنێکی تایبەت بەدادار هاوکاری کردوم لەهەمان کاتدا زۆر سوپاسی جەلیل حوسێن و کاروان مەسعود بکەم کەهاریکاریان کردم بۆ بڵاوکردنەوەو راپەڕاندنی ئەم کتێبە.

شایەنی گوتنێیە،‌ قسەکردن لەسەر مێژووی مۆسیقای کوردی‌و هونەرو کەلتوری کوردیی لەهەر چوار پارچەی کوردستان، ئەرکێکی نیشتمانی و نەتەوەییە بۆیە منیش بەشانازییەوە، لەبەر بەشێوە بەزانست کردن و بەجیهانیکردنی مۆسیقا، ئەو کتیبەم لەشێوەی دیدارو بیرەوەرینامە لەگەڵ مستۆ دادار سازداو پێکەوە چووینە سەر رازو نیازی پڕۆژەکانی داهاتووی.

لەکۆتاییدا دەخوازم بێژم، دادار لەچەندین دانیشتندا گوتویەتی: نامەوێت وەکو هونەرمەندی نەمر (مشکۆی هەولێری) کەدەڵێ: (لەپاش مەرگم چ فایدەیە بێیتە سەر گۆڕم.... !) لەهەمان کاتیشدا دادار بەدەنگی بەرز دەیگوت: من دەمەوێت پێش مەرگم کارەکانم تەواو بکەم! کەهەرگیز تەواو نابێت.. چونکە بەقەولی دادار، زۆر زوڵمی لەخۆی کردووە! یان وەکو مام هێمن دەفەرموێ: نامەوێ پاش نەمان بۆم بگری! ئێستا ماچم بدەیە کیژی جوان! بۆیە دادار لەکۆتاییدا دەڵێ: نابێ زیندوکوژی مردوپەرست بین!

ئەرشیفەکەی مستۆ دادار زۆر دەوڵەمەندە، چەندین نامەو دیکۆمێنتی گرنگی پاراستووە، مخابن نەدەکرا هەمووی لەدووتوێی ئەو کتێبە جێگایان بکرێتەوە، بەڵام بەدڵنیاییەوە! پەیماندەدەین، لەپڕۆژەکانی ئایندەدەدا لەگەڵ مستەفا دادار، نامەکان و دیدارو چەندین وێنەی دانسقە لەکتێبێکی سەربەخۆدا چاپ و بڵاودەکەینەوە.

بەهیواین دادار هەمیشە لەپرۆژەکانی داهاتوودا لەلوتکەو نەوەستان و هەرماندا بێت.

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان