كچێكی 16 ساڵان لە ئەوروپا دەهێننەوە كوردستان. ئەو كچە لەو وڵاتەی لێی ژیاوە، جارێك سكاڵای لەسەر خێزانەكەی تۆمار كردووە، ئەوانیش دەیهێننەوە كوردستان و لە خزمێكی خۆیانی مارە دەكەن، بە قەناعەتی خۆیان ئیدی لەو كێشەیە رزگاریان بووە، بەڵام نەیانتوانی ئیرادەی كچەكەیان زەوت بكەن.
ئەو كچە دەرفەتێكی بچووكی بۆ رەخسا و پەیوەندی بە پۆلیسی وڵاتەكەی خۆیەوە كرد و لە ماوەی 48 كاژێردا هەموو شتێكیان بۆ دابین كرد بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە وڵاتەكەی. بۆیە كاتێك ئافرەتەكە لە ماڵ رادەكات، باڵیۆزخانەی وڵاتەكەی لە عێراق پێیدەڵێن پەیوەندی بە بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژیی دژی ئافرەتانەوە بكات.
كچەكە بەسەرهاتی خۆی گێڕایەوە و گوتی "دوو ساڵ دەبێت گەڕاومەتەوە كوردستان، باوكم منی رادەستی مامم كرد. ئەویش هەر لە یەكەم رۆژ مۆبایل و لاپتۆپ و پاسپۆرتەكەی لێ زەوت كردم، بۆم نەبوو مۆبایل بەكاربێنم. ماوەیەكی زۆر وەكو دەستبەسەر وابووم. پاش ساڵێك خزمێكی خۆمیان بۆ دۆزیمەوە و پێیانگوتم دەبێ مێردی پێ بكەی، هەرچەندە من ناڕازی بووم، بەڵام سوودی نەبوو. پێمگوتن بەو مەرجە رازی دەبم شووی پێ بكەم، بمبات بۆ ئەوروپا، بەڵام باوكم و مامم رازی نەبوون. ئەو كوڕەی خزمیشم زۆر دڵی لەسەرم نەبوو، لە رۆژی مارەكردنمەوە تاوەكو ئێستا زۆر بە ساردی مامەڵەی لەگەڵ كردووم".
كچەكە درێژەی بە قسەكانی دا و گوتی "لە دادگا گرێبەستی هاوژینیمان نەكرد، لەلای مەلایەك لە یەكدییان مارە كردین، نازانم مەبەستیان چی بوو، ماڵی خەزووریشم بەهەموو جۆرێك چاودێرییان دەكردم، بەڵام رۆژێك توانیم مۆبایلێك بەدەست بهێنم، پەیوەندیم بە هاوڕێیەكی خۆمەوە كرد، هەموو كارەكانی بۆ تەواو كردم، پەیوەندی بە باڵیۆزخانەی وڵاتەكەمەوە كردبوو، كێشەی منی پێگەیاندبوون، پاشان ژمارەی باڵیۆزخانەی بۆ من رەوانە كرد و خۆم پەیوەندیم پێیانەوە كرد، ئەوان رێنماییان كردم كە پەیوەندی بە ئێوەوە بكەم، ئەوانیش كارەكانم بۆ ئەنجام دەدەن، بۆیە ئێستا داواكاریم هەیە لە مێردەكەم جیاببمەوەو بگەڕێمەوە بۆ وڵاتی خۆم".
دادگا داوای نوێنەری باڵوێزخانە و مێردەكەی كرد لەبەردەم دادگا ئامادەبن، لە كاتی ئامادەبوونی مێردەكەی و كەسوكارەكەی، بۆ مێردەكەی روونكرایەوە كە ژنەكەی نایەوێ بگەڕێتەوە لای.
مێردەكەی گوتی مادام كچەكە دەیەوێ بگەڕێتەوە ئەوروپا من لاریم نییە و دەستبەرداری دەبم، بەڵام داوای هیچ مافێكم لێ نەكات. هەردوولا لە دەرەوەی دادگا پێكهاتن و جیابوونەوە.
كێشەی ئەو ژنە پێمان دەڵێت زۆربەی ئەوانەی ئێستا لە ئەوروپا دەژین، چاوكراوەن و وا بە سانایی كۆتوبەند ناكرێن و هەموو ئەو رێگا یاساییانە دەزانن كە لە كۆتوبەندی دابونەریت و كولتوور رزگاریان دەكات، هەروەها باشیش دەزانن ئەوان لەلایەن حكومەتەكانیانەوە گرنگی بە مافەكانیان دەدرێت، بۆیە بە ئاسانی مافەكانیان وەردەگرنەوە.
04/02/2017