سه‌ڵاح حه‌سه‌ن پاڵه‌وان
درۆ ، ئه‌و باسه گرنگه‌یه سام هارس له‌م كتێبه‌دا به‌قووڵی چووه‌ته نێو كون و كهلهبهرهكانیهوه، زۆر وردبینانه باس له هۆكار و سه‌رهه‌ڵدان و سیفه‌ته‌كانی ئه‌م زاراوه‌یه ده‌كات، له زۆربه‌ی به‌شه‌كانی ئه‌م كتێبه‌دا وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه ده‌داته‌وه، ئایا درۆ چییه؟ جیاوازییه‌كانی درۆ چین و په‌یوه‌ندیی ئه‌م زاراوه‌یه به بڕوا و متمانه‌وه چییه. ده‌نووسێ له‌نێوان زۆر له پارادۆكسه‌كانی مرۆڤ شتی سه‌یروسه‌مه‌ره ده‌بینین، كه‌سانێكی زۆر به رێگاگهلێكدا ده‌ڕۆن ئه‌و رێگایه له ئه‌نجامدا به‌ره‌و دڵته‌نگییان ده‌بات، زۆر له ئێمه به‌و رێگایانه‌دا ده‌ڕۆین كه په‌شیمانیی به‌دواوه‌یه. پاشان هه‌ستكردن به گوناه و په‌شیمانی وامان لێ ده‌كات ته‌سلیمی نه‌هامه‌تییه‌كان بین، زۆر له‌وانه‌ی كه رێگای تایبه‌ت به خۆیان هه‌ڵده‌بژێرن و ناگه‌نه ئه‌نجام ده‌ڵێن:
ئێمه ئه‌م رێگایه‌مان هه‌ڵبژارد بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ڵامی پرسیاره گرنگه‌كانی ژیان بده‌ینه‌وه، به‌ڵام درۆ ده‌كه‌ین و به خه‌ڵكیش راده‌گه‌یه‌نین درۆ نایابترین رێگایه بۆ هه‌ڵبژاردن. نووسه‌ر سه‌ره‌تای كتێبه‌كه‌ی به‌م پرسیاره ده‌كاته‌وه: ئایا درۆكردن كارێكی هه‌ڵه‌یه؟ له یه‌كه‌مین روانگه‌دا ئه‌م پرسیاره ره‌نگه سه‌یر بێت، به‌ڵام خه‌ڵكانێكی زۆر بڕوایان وایه درۆكردن كارێكی خراپه، هه‌ندێ كه‌سی تر پێیان وایه درۆكردن له هه‌ندێ هه‌لومه‌رجی تایبه‌تدا ده‌كرێ بكرێ. خودی نووسه‌ر راشكاوانه ناچێته پاڵ ئه‌م بۆچوون و سه‌نگه‌ری ئه‌و بۆچوونیش چۆڵ ناكات، ئه‌و ململانێیه‌كی تووند ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی بگاته راستییه‌كان. له‌م كتێبه‌دا سه‌ره‌ڕای زاراوه و خوی درۆ، ژماره‌یه‌كی زۆر بابه‌تی تریش چاره‌سه‌ر ده‌كرێت، بۆ نموونه كاتێ پێناسه‌ی درۆ ده‌كات، سڵ له هیچ بنه‌مایه‌ك ناكاته‌وه و خۆشی نابه‌ستێت به هیچ قوتابخانه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه، روومان تێ ده‌كات و لێمان ده‌پرسێ ئاخۆ درۆكردن له چ ئاستێكدا راسته و له چ ئاستێكدا هه‌ڵه‌یه، باس له درۆی سپی ده‌كات، ده‌پرسێ ئاخۆ درۆكردن په‌یوه‌ندیی به باوه‌ڕكردن و ناباوه‌ڕییه‌وه هه‌یه؟ تا چ ئاستێك له دڵنیاییه‌وه نزیكه، ئه‌وه‌ی كه تۆزێ جێگه‌ی گومانه ئه‌م كتێبه پرسه‌كه به ئاڵۆزی ده‌هێڵێته‌وه، له‌جیاتی ئه‌وه‌ی وه‌ڵامی بنبڕمان له‌مه‌ڕ كێشه‌كه پێشكه‌ش بكات، ده‌مانخاته نێو ههزارپێچێكی سه‌یره‌وه.
درۆكردن چییه؟ هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن شێوازی جۆراوجۆری هه‌یه، به‌ڵام هه‌موو ههڵخهڵهتاندنێك به درۆ نایه‌ته ژماردن. ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌شی كه خۆیان زۆر به خاوه‌ن ره‌وشت و ئاكار داده‌نێن بۆیان سه‌خته بتوانن جیاوازی ببینن له‌نێوان شته واقیعه‌كان و ئه‌و شتانه‌شی كه پێده‌چێ وابن. ژنان له كاتی ماكیاجكردندا ده‌یانه‌وێ گه‌وره ده‌رنه‌كه‌ون و به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و ته‌مه‌نه‌ی هه‌یانه خۆیان ده‌ربخه‌ن. زۆربه‌مان بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیارێكی ئاسایی رۆژانه‌ی وه‌ك "چۆنی؟" بێ ئه‌وه‌ی خۆمان بشێوین ده‌ڵێین باشین، زۆربه‌مان به خوو ئه‌م وه‌ڵامه ده‌ده‌ینه‌وه، بێ ئه‌وه‌ی بیر له‌و هه‌موو نائومێدیانه بكه‌ینه‌وه كه هاتوونه‌ته رێگامان، بیر له گرفتی خێزانیمان بكه‌ینه‌وه، بیر له كاره‌ساته‌كانی ده‌وروبه‌رمان .... ته‌ته‌ڵه‌كردن له بارودۆخێكی ئاوه‌هادا ره‌نگه شێوه‌یه‌ك بێ له هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن، به‌ڵام درۆی ته‌واو نییه. ره‌نگه له هه‌ندێ ساتی وه‌ك ئه‌م جۆره‌دا پشت بكه‌ینه راستی.
پاشان نووسه‌ر له به‌شێكی تری ئه‌م كتێبه راستی و راستگۆیی ده‌خاته نێو چوارچێوه‌ی لێكدانه‌وه‌وه، ئه‌و ده‌ڵێت ناكرێ كه‌سێ راستگۆ بێت ئه‌گه‌ر راستی نه‌ڵێت، وتنی راستی پابه‌ند كراوه به زاراوه‌ی راستییه‌وه، بۆیه بۆ به‌جێهێنانی ئه‌م ئه‌ركه پێویستمان به دانانی سنووره له‌نێوان راستی و راستگۆیی. خه‌ڵكی بۆ درۆ ده‌كه‌ن؟ بێگومان راڤه‌كردنی پرسیارێكی ئا له‌م جۆره گه‌لێ لێكدانه‌وه‌ی فه‌لسه‌فی و ره‌وشتی هه‌ڵده‌گرێ، هه‌ندێ كه‌س درۆ ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی تووشی شه‌رمه‌زاری نه‌بن، هه‌ندێكی تر بۆ ئه‌وه درۆ ده‌كه‌ن تا پارێزگاری له پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی خۆیان بكه‌ن، كه‌سانێ هه‌ن په‌نا ده‌به‌نه به‌ر درۆ تا خراپهییهكانیان بشارنه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی پارێزگاری له‌سه‌ر ئه‌و په‌یمانانه بكه‌ن كه ده‌بێ ئه‌نجامی بده‌ن.بێ گومان شێوه‌ی ئه‌نجامدانی درۆش جیاوازه.
له به‌شێكی تردا به ناوی ئاوێنه‌ی راستگۆییه‌وه، سام هاریس ئاماژه به بینین و ده‌ركه‌وتنی درۆ له ئاسته جیاجیاكاندا ده‌كات، هه‌ندێ لێكۆڵینه‌وه ده‌ری خستووه له 100 گفتگۆی نێوان ژن و مێرده‌كان 10 گفتوگۆی هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌رانه‌یه. هه‌روه‌ها ده‌ركه‌وتووه له چاوپێكه‌وتنی نێوان قوتابیانی نێو زانكۆكان رێژه‌ی 38% درۆی تێدایه. ئاشكرایه كه رێژه‌ی هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن چێژبه‌خشتره له رێژه‌ی راستگۆیی، هه‌روه‌ها لێكۆڵه‌ره‌وان بۆیان ده‌ركه‌وتووه كه هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن و گومان رووی یه‌ك دراوێكن، بۆیه له‌چاو بۆچوونه راسته‌كان به‌ئاسانی نیشانه‌ی خۆی ده‌پێكی. لێكۆڵه‌ره‌وه‌كان هه‌موو ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن هه‌موو شێوه‌كانی درۆ، ته‌نانه‌ت درۆی سپیش مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه كه هه‌ستی كه‌سانی تر بوروژێنێت. هه‌ندێ جار هه‌ست ده‌كه‌یت ئه‌گه‌ر درۆ نه‌كه‌یت كۆمه‌ڵێ شتی گه‌وره ده‌دۆڕێنیت، كه‌سه نزیكه‌كانت له‌ده‌ست ده‌ده‌ی، هاوڕێكانت به سووكایه‌تی ته‌ماشات ده‌كه‌ن، بۆیه له ترسی هه‌موو ئه‌مانه په‌نا ده‌به‌یته به‌ر درۆ، سه‌رباری ئه‌وه چاك ده‌زانیت ئه‌گه‌ر راستگۆ بیت نا‌توانیت پارێزگاری ئه‌م شتانه بكه‌یت.
به‌گشتی لادانی ره‌وشتی بۆ دوو به‌ش دابه‌ش ده‌بێت یه‌كه‌میان شتگه‌لێكی خراپ كه ئه‌نجامیان ده‌ده‌ین.. ئه‌مه‌ش له زاراوه‌ی ئیتیكیدا پێی ده‌گوترێ ( كرداری كۆمیشن) و دووه‌میان ئه‌و شتانه‌ن كه له ئه‌نجامدانیان سهرنهكهوتووین ( كردارێ كه پشتگوێی ده‌خه‌ین )، وا راهاتووین هه‌میشه ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م سه‌ركۆنه بكه‌ین. ئه‌م جیاوازییه نهێنییه‌كه به‌ڵام په‌یوه‌ندیی به‌و بارودۆخ و كه‌شوهه‌واوه هه‌یه كه كه‌سی تێدا په‌روه‌رده ده‌بێ.
له‌نێو ئه‌م كتێبه‌دا به‌شێك تایبه‌ته به درۆی سپی، لێره‌دا ئه‌و باوردۆخانه ده‌خاته روو كه تێیدا مرۆڤ زیاد له پێویست زیاده‌ڕۆیی ده‌كات له پیاهه‌ڵدان و وه‌سفكردن و ده‌ربڕیندا، له‌وێدا نموونه‌ی دیارییه‌ك ده‌هێنێته‌وه كه ده‌گاته ده‌ست خاوه‌نه‌كه‌ی و هه‌ڵی ده‌پچڕێ، یه‌كسه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی ناوازه ده‌نگی به‌رز ده‌كاته‌وه و ده‌ڵێ: چ شتێكی نایانه، شتی وا هه‌رگیز نه‌بووه و نابێته‌وه، نموونه‌ی نییه... بۆیه له كرداری درۆی سپی‌دا درۆ زیانبه‌خش نییه، به‌ڵام له رووی ئیتیكهوه هه‌ر به درۆ دێته ژماردن. له به‌شه‌كانی تری ئه‌م كتێبه‌دا باس له باوه‌ڕپێكردن ده‌كرێ، لێره‌دا له‌و هۆكارانه ده‌دوێ كه تێیدا متمانه و باوه‌ڕ له‌نێوان كه‌سێك و كه‌سێكی تر یان كه‌سێك و كۆمه‌ڵگا دروست ده‌بێت، بۆیه درۆ و راستی په‌یوه‌ندییه‌كی گه‌وره‌یان به باوه‌ڕ و متمانه‌وه هه‌یه، ئه‌گه‌ر باوه‌ڕت له‌ده‌ست دا ئه‌وه هۆكاره‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ روودانی درۆ.
له به‌شه‌كانی دوایدا نووسه‌ر سام هاریس ده‌مارناس و فه‌یله‌سوفی ئه‌مه‌ریكی وردكردنهوهیهك بۆ درۆی گه‌وره ده‌كات ، له‌م به‌شه‌دا ده‌ڵێ: "زۆربه‌مان به‌هۆشیارییه‌وه ئاشنای ئه‌و ئازارهین كه تووشمان بووه له ئه‌نجامی له‌ده‌ستدانی بڕوا و متمانه به ده‌سه‌ڵات و كۆمپانیا و ده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت. به‌هۆی ئه‌وه هه‌موو درۆیانه‌ی كه ده‌یكه‌ن، ئه‌و درۆیانه‌ی به درۆی گه‌وره دێنه ژماردن. بۆ نموونه رووداوی كه‌نداوی فونكین كه شه‌ڕی ڤیه‌تنامی هه‌ڵگیرساند، راپۆرته پڕ درۆكان له‌سه‌ر چه‌كی كۆمه‌ڵكوژیی عێراق كه بووه هۆی شه‌ڕی چه‌كدارانه، كاتێ خه‌ڵكی له راستیی ئه‌م شتانه وه‌ئاگا هاته‌وه ده‌ستیان كرد به گاڵته‌جاڕی به ئه‌مه‌ریكا و ده‌زگاكانی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی. درۆی گه‌وره وای كردووه ژماره‌یه‌كی زۆر هاووڵاتی متمانه‌یان به حكوومه‌ته‌كانیان نه‌مێنێت، بۆیه ئێسته زۆر به‌ده‌گمه‌ن كه‌سانێ ده‌رده‌كه‌ون باوه‌ڕیان له‌ق نه‌بووبێ به‌و شتانه‌ی كه ده‌رباره‌ی ئاووهه‌وا و گۆڕان و پیسبوونی ژینگه و خۆراك و سیاسه‌تی ئابووری و ململانێی ده‌ره‌وه ده‌گوترێن. هه‌موو ئه‌و كوشتار و ململانێیه‌ی جیهان په‌یوه‌ندییه‌كی پته‌ون له‌سه‌ر بوونی درۆی گه‌وره، درۆی گه‌وره درۆی وێرانكارییه.
سه‌رچاوه
Lying
Sam Harris
Four Elephants Press
2013
24/1/2017