فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک، مەزڵوم عەبدی ڕایدەگەیەنێت پێشوازی لە پەیامە مێژووییەکەی ڕێبەری پەکەکە عەبدوڵا ئۆجەلان دەکەن.
عەبدی ڕۆژی پێنجشەممە لە پەیامێکیدا ڕایگەیاند " پێشوازی لە ڕاگەیاندنە مێژووییەکەی سەرۆک عەبدوڵا ئۆجەلان دەکەین کە داوای کۆتایی هاتنی شەڕ لە تورکیا و کردنەوەی دەرگای پرۆسەی سیاسی ئاشتی دەکات."
عەبدی دەشڵێت " ئەم ڕاگەیاندنە مێژووییە دەرفەتێکە بۆ بونیاتنانی ئاشتی و کلیلی کردنەوەی دەرگای پەیوەندی ڕاست لە ناوچەکە."
هەر ئەمڕۆ مەزڵوم عەبدی لە میانەی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی ئۆنلایندا لە واشنتن ڕایگەیاند "سەرۆکی پەکەکە پەیامێکی ناردووە و بۆچوونەکانی خۆی ڕوونکردەوە، ئێمە بە ئەرێنی سەیری دەکەین".
لە کۆنگرەکەی ناشناڵ پرێس کڵەب عەبدی لە وەڵامی پرسیارێکی دەنگی ئەمەریکا سەبارەت بە کاریگەریی ئەو پەیامە لەسەر هێزەکانی سوریای دیموکراتیک گوتی پەیامەکەی ئۆجەلان شتێکی باشە " بەڵام هیچ پەیوەندییەکی بە ئێمەوە وەکو هەسەدە ( هێزەکانی سوریای دیموکراتیک)نییە" بەڵام نکوڵی لەوە نەکرد کە کاریگەریی بەسەر ناوچەکەی ئەوانیشەوە دەبێت "بڕوام وایە ئاگربەستی نێوان پەکەکە و تورکیا و دەستەبەرکردنی ئاشتی کاریگەری لەسەر ناوچەکەمان دەبێت".
ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان عەبدوڵا ئۆجەلان ڕۆژی پێنجشەممە پەیامە چاوەڕوانکراوەکەی بڵاو کردەوە و تیایدا داوای لە پەکەکە کرد خۆی هەڵبوەشێنێتەوە لە چوارچێوەی هەوڵێکی نوێ بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێیەکی درێژخایەن کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی دەیان هەزار کەس لە ماوەی نزیکەی 40 ساڵی ڕابردوودا.
ئۆجەلان ڕۆژی پێنجشەممە لە پەیامێکدا لە زیندانی دوورگەی ئیمرالی گوتی پێویستە پارتی کرێکارانی کوردستان یان پەکەکە کۆنگرە ببەستێت و بڕیاری هەڵوەشاندنەوە بدات.
ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا کە لەلایەن شاندی دەم پارت بڵاو کرایەوە بە پەکەکەی ڕاگەیاند "کۆنگرەی خۆتان بکەن و بڕیار بدەن، دەبێت هەموو گروپەکان چەک دابنێن و پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە".
گوتیشی " ئەو چارەسەرانەی لەسەر بنەمای نەتەوەپەرستیی توندڕەو بنیاتنراون، وەک دامەزراندنی دەوڵەتێکی نەتەوەیی جیاواز، یان فیدراڵی، یان ئۆتۆنۆمی، یان چارەسەری کولتووری، پێداویستییەکانی مافە کۆمەڵایەتییە مێژووییەکانی کۆمەڵگە دابین ناکەن.
٢٨/٢/٢٠٢٥