كاوە ئەمین
ئۆردوگای زێوە مێژوویەكی تایبەتی هەیە. رژێمی بەعس گەلێكجار بۆردومانی كردووە. دەیانكەس لە خەڵكی بێتاوانی شەهیدكرد. ئیدی زێوە بووە بەشێك لە نەهامەتییەكانی كورد. بەڵام بە دیوەكەی دیكەدا، ژیان بەردەوام بوو. دەیان منداڵی كورد لەژێر بۆردوومانی فرۆكەكانی بەعسدا لەدایك بوون.
ئەوان بێبەش بوون لە لەیستۆك و گەمەی منداڵان، بەڵام لەكۆتاییدا دەیان پێشمەرگە و فەرماندە و خەڵكی دیاریان لێ پەیدابوو. وەك دەڵێن لەژێر هەر بنچكێكی "قژ خۆڵاوی"دا نێرگس و گوڵاڵە و ئاڵەكۆك سەریان دەرهێنا. یەكێك لەوانە شیفا بوو، شیفا گەردی.
باسكردنی كەسێكی وەكو شیفا، نەك بۆ پیاهەڵدان و لەدوای مردن، شین و شەپۆڕكردن نییە. بەڵكو ئەو كە لە ژیاندابوو، لە هەڕەتی هێز و توانا و لاوێتیی خۆیدا بوو. خۆی جێگەی خۆی لە دڵی خەڵكدا كردبووەوە. ئەگەرچی تەنیا پێشمەرگەبوونی باوكی و سەركردایەتی چەندین چالاكی و نەبەردی لەدژی دوژمنان، لە ئاوارەیی لەدایكبوون بەسن بۆئەوەی هەتاهەتایە لەنێو نەتەوەكەیاندا سەربڵند بن.
چەندجارێك لەلای هەڤاڵانم باسی ئەوەم دەكرد کە دەبێت ئەم شەڕە دەسكەنەی ژیانی چەند كەس بكات، كام هاوڕێمان بەرەو دوا مەنزڵگە بەرێت. من چەندین فەرماندەی پێشمەرگە كە هاوڕێم بوون لەو شەڕەدا شەهیدبوون. ئازاری لەدەستدانی ئەو هەڤاڵانە برینێكە سارێژ نابێت، ئێستا وا برینی شیفا گەردیشی هاتەسەر. لە چاوترووكانێكدا هەواڵی شەهیدبوونی شیفا هەموو دنیای تەنی.