ئەسرین محمدزادە
مرۆڤ کە لە دوو رەگەزی ژن و پیاو پێک هێنەری ژیانی هاوبەش لە چوار چێوەی بنەماڵە و کۆمەڵگا دان، زۆر رێگای پر لە هەوراز و نشێویان لەسەر بنەمای چۆنیەتی ڕێز و بە جێ گەیاندنی ئەرکەکانیان بڕیوە.
لە چاخی کۆنەوە تاکوو ئێستا و لە ناوچە جیاجیاکانی جیهان بە گشتی، ژنان بەپێ داب و نەریتی عەشیرەای و کۆمەڵگا و دیاردەی ئایین و لە سەرووی هەمووشیانەوە سەیرکردنی ژنان وەک کالایەکی جنسی ولەش ناسک کاریگەرترین زەبری بەرچاو، و لەهەمان کات دا بەدوور لە مرۆڤایەتی لەژنانی بەش مەینەت داوە.
باسی مافی ئینسانی ژنان بابەتێکی سووک و هاسان نییە، چون لە بنەڕەت دا وەک ئاماژەم پێکرد دەبێ هۆکارەکانی پێشێلکرانی مافی ژنان و چۆنیەتی دەربازبوون لەم بەربەستە پڕ مەترسییانە بناسین و دەست نیشانیان بکەین و بەڕەچاوکردنی بارودۆخی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و تەنانەت رەوتی ئابووری و سیاسی کاری بۆبکەین، و هەول بدەین وەک ئەزمونیکی بەهێزی مێژوویی بە دارشتنەوەی و واتای نوێی،و بە فەرهەنگ سازی لە مەدرەسە و بنەمالەکاندا بتوانین ئەم دیاردە مرۆڤایەتییە بە باشترین شێوە بەرەو ئامانجی ئینسانی و بایەخ بە گرنگی بوونی ژنان لە کۆمەلگا و بنەما و هەروەها کار و تێکۆشان لە هەموو بوارەکاندا، ڕەپشەیەکی هێمن و پارێزرارویان بۆ ڕیک بخەین.
ئەرکی سەرشانی حکومەتە، بەشێوەی سیستماتیک هەۆلبدات قانونیکی چەسپاو هاوکات بە مکانیزمگەلی گونجاو، لە ڕێگای قانون و ناوەندەکانی چاپەمەنی و مێدیاکان بە تایبەتی، کار بۆ پێناسەی مافی ژنان و سرینەوەی داب و نەریتی کۆنەپەرەستانە و هەڵاوەردنی ڕەگەزی، واتا جیاوازی جنسیەتی نێوان ژنان و پیاوان لە هەموو بوارەکاندا لەناو بەرێت، و دۆخێکی لە بار لە هەموو ڕوویەکەوە بۆ بەشداریکردنی ژنان لە هەموو پرۆسەکاندا بێنێتە ئاراوە.
کە باس لە کۆمەلگا دەکرێت ناکرێ ئەم کۆمەڵگایە بۆ لە بار بردنی مافی ئینسانی ژنان بە ئایین و داب و نەریت و دەیان بابەتی وەدواکەوتووانە و بە دوور لە ویژدانی مرۆڤایەتی هەوڵی بەربەست و کۆسپ دروست کردن بە ئیرادەی خۆیان بدەن و هەوەها پێویستە ژنان بە شۆڕشێکی فکری و سەردەمیانە، خۆیان هەوڵ بدەن لەتەواو کردنی ئەو بندەستییانە و وەک کۆیلە خۆیان نەهێڵنەوە، هەڵبەت بە شیوازێک کە ڕیزی بەرامبەر واتە پیاوانیش لە بەر چاو بگیردرێت. کۆمەڵگا کاتێ دەتوانی لە ڕووی فەرهەنگی، کۆمەلایەتی و تەنانەت ئابووری و سیاسیەوە گەشە بکات، کە ژنان چالاکانە تێیدا بەشداربن، و دەور و ڕۆڵی ئەکتیڤیان لەرەوەندی راپەراندنی ئیش و کارەکانی گشت رەهەندی کۆمەلگادا هەبێت.
لە کۆمەڵگای ئێمەدا واتە کوردستان، ئەو گرفتانەی ئاماژەیان پێکرا، زۆر بە زەقی دژ بە ژنان خۆی دەنوێنێت، دیارە ڕەچاو بە ڕابردوو گۆڕانکاری لە پەیوەندی کۆمەڵگا لە گەڵ ژنان هاتنتە ئاراوە بەڵام ئەوە ئیدەئالی ئێمە نییە، هەر بۆیەش دەبێ هەوڵ بدەین کە ژنان بە جوانترین شێوە بە مافی ئینسانی خۆیان ئاشنا بکەین، بۆیە پێویستە هەر لە پۆلی یەکی سەرەتایی کار بۆ پێناسەکردنی مافی مرۆڤ بە گشتی و مافی ئینسانی ژنان بەتایبەتی بکردرێت، دەبێ کۆمەڵگای کوردستان ئەوە باش بزانێت کە مادام باس لە ئازادیی و ماف و سەربەستی دەکات، ناکریت ژنان بخرێنە پەراوێز و بازنەی پیاوسالاری.... ئەوە راستییەکی حاشاهەلنەگرە کە ئازادی و سەربەستی کاتێک دێنە ئاراوە، کە ژنان خاوەندارییەتی لە مافی ئینسانی خۆیان بکەن،و بە بەشداری و مشارکەتی چالاکانەیان لە پرۆسەی کرانەوەی سیاسی،و رەخساندنی زەمینەی پێویست بۆ چەسپاندنی ئەسلی ئاشتی، ئازادی، وە دێموکراسیدا، ئەرک و رۆلی ئیجابی، وە چارەنووسسازانەی خۆیان بنوێنن.
23/2/2017