فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2024-11-15-02-43-47 ڕابردوو بەردەوام گرووپگەلێک هەبوون لە کوردستان کە بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیڕەویان لە خەباتی چەکداریی کردووە وەک ڕێبازێک بۆ گەیشتن بە مافەکانی کوردستانییان. بەڵام هەر...
2024-11-15-02-37-43ناودەبرێت، بۆ کوردەکانیش هێشتا بابەتێکە کە جێی گومان و پرسیارە؟، بەوپێیەی هەموان سیناریۆکانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریان لەساڵی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٥ لەپێش چاوە، کەچۆن ئەو...
2024-11-15-02-31-50ئەشكەوتەكەیان ئاگر دەدا و كوردەكان دەبونە قەرەبروت. - توركەكان لە ئەستنبوڵ، لەگەڵ تاكسیە كوردەكان سوار نەدەبون، دەیانوت گڵاونسەردەمی تازەش، ئاردۆگان وتی:من ئەو كوردەم خۆشدەوێت كە لە...
2024-10-30-17-57-54شەفەق....تد) کە جوان بیر دەکەنەوە و لەگەڵ برایەتی گەلانن. دەوڵەت باخچەلی کە ئەو قسەیە دەکات لە بیری چووە کە ئەو سەرۆکی پارتێکی نەژادپەرستە، ساڵانی شەستەکان کاتێک...
2024-10-30-15-49-01محمد الماغوط دەنوسێت: من الغباء أن أدافع عن وطن لا أملك فيه بيتاً. گەمژەییە بەرگریی لە نیشتمانێک بکەم کە ماڵێکم نیە تیایدا. نەبونی چەمکی دەوڵەت لە...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

 هێمن لهۆنی

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی نوێی ئەمریکا بەیانییەک دێتە دەوام و دەڵێ دەمەوێ کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی سازبکەم.  یاریدەدەرەکانی دەڵێن: بەڕێز سەرۆک، چۆن دەبێ؟ ئاخر هیچ بۆنەیەک نییە و بەپێی رێساکان ناکرێ.  ترەمپ دەڵێ: بۆنەی ناوێ و قسەم هەیە بۆ گوتن. رۆژنامەنووسان کۆدەکرێنەوە و سەرۆک چاو دەبڕێتە چاویان و دەڵێ: میدیا زۆربەی درۆیە و دواتر بە تویتێک دەڵێ زۆربەی میدیاکانی وڵاتەکەی دوژمنی ئەمریکان. لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا ترەمپ وەک زۆربەی جارەكانی پێشتر، باسی ئەوە دەكاتکە ئەو لەدوای سەرۆک رۆناڵد ریگنەوە زۆرترین کورسیی "کۆلێژی هەڵبژاردنی" بردوونەتەوە.دواتررۆژنامەنووسێک دەست بەرزدەکاتەوە و دەڵێ قسەم هەیە، رۆژنامەنووسەکە دەڵێ: بەڕێز سەرۆک، ئێمە چۆن بتوانین بڕوا و متمانە بە تۆ بکەین، لەکاتێکدا زانیاریی ناڕاست دەدەیت؟ تۆ لەدوای ریگن زۆرترین کورسی کۆلێژی هەڵبژاردنت نەبردوونەتەوە. ترەمپ دەڵێ: بەڵێ بردوومەتەوە.

رۆژنامەنووسەکە دەڵێ: ئۆباما لە خولی یەکەمدا لە تۆ زیاتری هێنا. ترەمپیش دەڵێ: من مەبەستم کۆمارییەکانە. ئینجا رۆژنامەنووسەکە دەڵێ: جۆرج بووش-ی باوک کۆماری بوو. ئەویش لە تۆ زیاتری هێنابوو. لەوەڵامدا ترەمپ دەڵێ: زانیارییەکەت بۆ من نوێیە و نەمزانیبوو، بەڵام بردنەوەکەم گەورەبوو، وایە؟ رۆژنامەنووسەکەش دەڵێ: ئێستا تۆ سەرۆکی.

بەڵێ دۆناڵد ترەمپ ئاشنا نییە بە زۆر شتی نێو واشنتن دیسی، پایتەختی بڕیاری وڵاتەکەی و جیهان. كەچی بووەتە چل و پێنجەمین سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

ئاشنانەبوونی بە نۆرمەکانی دی سی و سیاسەت، رۆژانە بە کارەکانی سەرۆکی ئەمریکاوە دیارە و بووەتە بابەتی گەرمی میدیاکان. هەندێکجاریش وەک نوکتە باسدەکرێن. ترەمپ رێک خۆیەتی، هەمان ئەو کەسەیە کە لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا دەبینرا و بەڵێنیدەدا. دەتوانرێ بگوترێ تاوەکو ئێستا ترەمپ راستگۆترین سەرۆکە کە دەیەوێ هەموو بەڵێنەکانی هەڵبژاردن جێبەجـێ بکات. ترەمپ نوێنەری ئەو چینە سپیپێستەیە کە لە ئەمریکا کە هیچ پێی گرنگ نییە عێراق و ئەفغانستان دەکەونە کوێی نەخشەی جیهان. گرنگترین شت بۆ ئەم چینە بریتییە لە تێکشکاندنی سیستمەکەی پایتەخت و پاراستنی ئەمنییەتی منداڵەکانیان لە نایتکڵەپ و زانکۆکان.

ترەمپ خوێندکاری قوتابخانەی دژەدامەزراوەیە. ئەو دەیەوێ دامەزراوە و نۆرمەکانی نێو دی سی، کە سەتەها ساڵە لەسەر ترلیۆنەها دۆلار بنیتانراون، تێکبشکێنێ و وەک خۆی دەڵێ پارەکەی بۆ خەڵک خەرج بکاتەوە. ماستەر مایندی سەرۆک، ستیڤن بانۆنی گەورە راوێژکاریەتی، کە هەڵسووڕێنەری ئایدیا سەیرەکانی سەرۆکی نوێی ئەمریکایە. بانۆن بزنسمانێکی راستڕەوی تووندە و باوەڕی وایە سپیپێستی مەسیحی رەسەنن و خاوەنی راستەقینەی ئەمریکان و دەبێ جیاوازبن لە خەڵکانی دیکە. ئەو دژی هەموو دینەکانی دیکەیە و رەگەزپەرستێکی بەنێوبانگە و New York Times دەڵێ، چەند رۆژی سەرەتا سەرۆکی دیفاکتۆی ئەمریکا بانۆنە نەک ترەمپ.

بانۆن لە کۆشکی سپییە و لەگەڵ ترەمپ دەستبەکاربووە. هەرچەندە پۆستەکەی زۆر گەورە نییە، بەڵام کاریگەریی بەسەر ترەمپەوە زۆر زۆر دیارە. بڕیاری دیواری مەکسیک و قەدەخەکردنی موسڵمانان و ناونەبردنی جوولەکە لە یادی هۆڵۆکۆست، بریتین لە کاریگەرییەکانی بانۆن کە هەر ئەو لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەوە کردنی بە بەڵێنەکانی ترەمپ.

یەکێک لە قسەکانی بانۆن ئەوەیە کە دەڵێ "تاریکی هیچکات خراپ نییە، چونکە تا تاریک بی‌، رکابەرەکانت لێت تێناگەن و نازانن چی دەکەیت و چۆن بیردەکەیتەوە."

لە مانگی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەیدا، ترەمپ لە چوار شتدا سەرکەوتوو نەبوو لەوەی دژی سیستەمەکەی دی سی بوەستێتەوە:

یەکەم: لە پرسی کۆچبەراندا، کە بەڵێنی سەرەکیی ترەمپ بوو، نەیتوانی ئەوەی دەیەویست بەدەستی بهێنێ. هەرچەندە  بۆ چەند رۆژێک بەهۆی فەرمانەكەیەوە رێگە لە خەڵکی حەوت وڵاتی زۆرینە موسڵمان گیرا بچنە ئەمریکا، بەڵام حاکمێک لە ویلایەتێکی دوورەوە بە فەرمانێک بڕیارەکەی سەرۆکی راگرت و گوتی، دژی دەستوورە و سەرۆکیش لەسەرووی یاساوە نییە. وەزیری نێوخۆی ئەمریکاش، کە وەزیری ئیدارەکەی ترەمپە، پێش هەموو کەسێك بڕیارەکەی دادگای جێبەجێکرد و فەرمانی سەرۆکەکەی راگرت.

دووەم: لە مامەڵەی لەگەڵ میدیادا، هەموو بەیانییەک كاتێك ترەمپ لەخەوهەڵدەستێ، لە Twitter کۆمەڵێک هێرش دەکاتە سەر میدیا بەنێوبانگەکانی وڵاتەکەی و بە یەکێکیان دەڵێ فاشیل و بە یەکێکی دیكەیان دەڵێ درۆزن.

واشنتن پۆست یەکەیەکی تایبەتی بۆ بەدواداچوون بۆ ئیدارەی ترەمپ تەرخانکردووە. لە مانگی یەکەمدا بە راپۆرتێک لەسەر پەیوەندییە نهێنییەکان لەگەڵ رووسیا بووە هۆی ئەوەی کە گەورەترین هاوکاری ترەمپ، واتە مایک فلین دەست لەکار بکێشێتەوە و نەتوانێ بەرگە بگرێ.

نیویۆرک تایمز دەڵێ 5 ملیۆن دۆلاری لەسەرووی بودجەوە بۆ رووماڵی تایبەت بە ترەمپ تەرخانکردووە. هەروەها لەوەتەی سەرۆکی نوێ هێرشیان دەکاتە سەر، خوێنەریان سێ ئەوەندەی پێشتر زیادبووە. ترەمپ خۆی چووە ئۆفیسەکەیان و سەردانیکردن، بەڵام تەنیا رۆژێك دوای سەردانەکە،  بڵاویانکردەوە کە ئەوان لە رێبازی رۆژنامەگەریی خۆیان بەردەوام دەبن و سەردانەکە کاریگەریی نییە.

ترەمپ و ستافەکەی لە شەڕدان لەگەڵ میدیا و ستڤین بانۆنی گەورە راوێژکاری ترەمپ دەڵێ: داوایەکم هەیە لە میدیاکان، ئەویش ئەوەیە کە دەمیان دابخەن.

ترەمپ نازانێ چی بکات، هاواری لێهەستاوە کە ئەوانە کێن لەنێو ئیدارەکەی نهێنییەکان بۆ نێو میدیاکان دەبەن. ترەمپ لەم شەڕەدا دۆڕاو دەبێ. چونکە ئەو میدیایانەی شەڕیان لەگەڵدەکات، با سەربەخۆش نەبن و میدیای لیبڕاڵ بن، بەڵام میدیایەکی پرۆفێشناڵن و خاوەنی متمانە و کاریگەرین و سەرۆکیان لە ئەمریکا وەک سەرۆک نیکسن بە دەرکردن داوە.

سێیەم: ترەمپ دەیەوێ ئەوەی لە دەرەوەی كۆشكی سپی بۆی ناکرێ، لەنێو كۆشكدا بیکات. هەوڵیدا گۆڕانكاری لە پێکهاتەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیدا بكات، کە هەستیارترین دەزگایە لە ئەمریکا. لە یەكەم هەنگاودا ستیڤن بانۆنی خستە نێو ئەنجوومەنەکە و سەرۆکی ئەرکانی دوورخستەوە، بەڵام کۆنگرێس بە دیموکرات و کۆمارییەکانەوە هۆشداریی تووندیان پێدا کە ئەمە ناکرێ، بۆیە دواتر لە هەندێک لە گۆڕانکارییەکانی پەشیمان بووەوە. تاوەكو ئێستاش ئەنجوومەنەکە پێکنەهاتووە و بێ راوێژکارە. یەکێک لە بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ بە میدیاکانی گوتووە نازانرێ رۆژانە کێ ئاگای لە ئاسایشی نیشتمانی وڵاتە.

چوارەم: ترەمپ لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا حەزدەکات  کۆمەڵێک هەنگاوی تووند بنێ. سەرەتاش بە هەڵوەشاندنەوەی ناتۆ، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو. چونكە زۆربەی بەرپرسانی ئیدارەکەی لەگەڵ ئەوەن دەبێ پشتیوانی لەو رێکخراوە بکرێ. ئەو دەیەوێ لەگەڵ رووسیا پەیوەندیی باشی هەبێ، بەڵام سێ بەرپرسی نزیکی ترەمپ تاوەكو ئێستا بەهۆی نزیکییان لە رووسیاوە ناچاركراون دەست لەكار بكێشنەوە.

ریچارد هاس، نووسەری گەورەی ئەمریکا، دەڵێ کێشەی دۆناڵد ترەمپ ئەوەیە پەلە دەکات و پێیوایە هەڵسەنگاندن بۆ سەرۆک بە چوار رۆژی یەکەمە نەک چوار ساڵی یەکەم.

شەڕی ترەمپ لەگەڵ واشنتن دی سی لە مانگی یەکەم سەرکەوتوو نەبوو. ماوەتەوە ئەوەی کە ترەمپ خۆی دەگۆڕێ یان پایتەخت سەرۆک دەگۆڕێ. کۆنگرێس دەتوانێ بە 3/2 ی دەنگەکانی هەردوو ئەنجوومەنی نوێنەران و پیران ترەمپ بگۆڕێ و مایک پێنسی جێگری ببێتە سەرۆک.

21/2/2017

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان