كاوە ئەمین
ئۆردوگای زێوە مێژوویەكی تایبەتی هەیە. رژێمی بەعس گەلێكجار بۆردومانی كردووە. دەیانكەس لە خەڵكی بێتاوانی شەهیدكرد. ئیدی زێوە بووە بەشێك لە نەهامەتییەكانی كورد. بەڵام بە دیوەكەی دیكەدا، ژیان بەردەوام بوو. دەیان منداڵی كورد لەژێر بۆردوومانی فرۆكەكانی بەعسدا لەدایك بوون.
ئەوان بێبەش بوون لە لەیستۆك و گەمەی منداڵان، بەڵام لەكۆتاییدا دەیان پێشمەرگە و فەرماندە و خەڵكی دیاریان لێ پەیدابوو. وەك دەڵێن لەژێر هەر بنچكێكی "قژ خۆڵاوی"دا نێرگس و گوڵاڵە و ئاڵەكۆك سەریان دەرهێنا. یەكێك لەوانە شیفا بوو، شیفا گەردی.
باسكردنی كەسێكی وەكو شیفا، نەك بۆ پیاهەڵدان و لەدوای مردن، شین و شەپۆڕكردن نییە. بەڵكو ئەو كە لە ژیاندابوو، لە هەڕەتی هێز و توانا و لاوێتیی خۆیدا بوو. خۆی جێگەی خۆی لە دڵی خەڵكدا كردبووەوە. ئەگەرچی تەنیا پێشمەرگەبوونی باوكی و سەركردایەتی چەندین چالاكی و نەبەردی لەدژی دوژمنان، لە ئاوارەیی لەدایكبوون بەسن بۆئەوەی هەتاهەتایە لەنێو نەتەوەكەیاندا سەربڵند بن.
چەندجارێك لەلای هەڤاڵانم باسی ئەوەم دەكرد کە دەبێت ئەم شەڕە دەسكەنەی ژیانی چەند كەس بكات، كام هاوڕێمان بەرەو دوا مەنزڵگە بەرێت. من چەندین فەرماندەی پێشمەرگە كە هاوڕێم بوون لەو شەڕەدا شەهیدبوون. ئازاری لەدەستدانی ئەو هەڤاڵانە برینێكە سارێژ نابێت، ئێستا وا برینی شیفا گەردیشی هاتەسەر. لە چاوترووكانێكدا هەواڵی شەهیدبوونی شیفا هەموو دنیای تەنی.
لە رۆژنامەیەكی سوێدیدا نووسرابوو "رۆژنامەنووسی دیاری جەنگ، شیفا گەردی، لە تەقینەوەیەكدا كوژرا". بەڵێ بەڕاستی، شیفا بەناوبانگ بوو. ئەو پیاوە جامانەبەسەرەی كە ئێستاش نەمزانی ناوی چییە، لەبەردەمی نووسینگەی رووداو لە سلێمانی وێنەكەی گرتبوو بەدەستییەوە و رۆندك لە چاوەكانی دەهاتنە خوارەوە، نیشانەی ئەوەیە كە شیفا هێندەی شاخەكانی كوردستان "شەرەف و گەورەیی" لێ دەبارێ.
شیفا زۆر چیرۆكی جەنگی بۆ گێڕاینەوە. دەنگی تەقینەوە و ئاوارەكانی بەگوێماندا دا. چیرۆكی كەروێشكە بریندارەكەی بۆ گێڕاینەوە. چیرۆكەكانی مووسڵ كە ئەو بە كوردستانی دەزانی و هەروایشە، بەداخەوە، فریانەكەوت چیرۆكەكانی ژیانی خۆی، چیرۆكەكانی زێوەمان بۆ تەواو بكات. ئای ئەو گەنجە هەڵەبجەییە چەند جوان لە شیوەنەكەیدا بۆ شیفادا دەڵێت "ئەو هەموو هەواڵەی بەخۆڕایی پێداین و بەڵام بە گران لێی سەندینەوە".
بەڵێ، ئیدی ئێمە لە رووداو چیدیكە چاوەڕێی مەسجەكانی شیفا ناكەین. لە دوانامەیدا بۆی نووسیوم "مامۆستا، من لە كۆبوونەوەم، چی بووە؟"، هەر خۆی بە پێكەنین وەڵامی خۆی داوەتەوە، منیش بە حەنەكەوە بۆم نووسیبوو "مەپرسە، بەزمە بەزم".
شیفا دوا ماڵئاوایی كرد. چیرۆكەكانی بە تەواونەكراوی بەجێهێشت. بنوو هەڤاڵ. ئارام لە باوەشی نیشتماندا بنوو. دڵنیابە چیرۆكەكانت تەواو دەكەین و پەیامەكەت دەگەینینە ئەو جێگەیەی مەبەستت بوو. ئەو جێگەیەی زۆر كەس نازانن كوێیە، بەڵام ئێمە دەیزانین.
28/2/2017