زریان رۆژهەڵاتی
دوای دیدارەكەی بارزانی – زەریف لە پەراوێزی كۆنفرانسی ئەمنیی میونیخ، مەسەلەی چوون و نەچوونی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ تاران و پەیوەندییەكانی هەولێر- تاران كەوتوونەتەوە بەرباس. هەڵبەت گرفتی جددی لە بەینی هەردوولا هەن كە بە ئاسانی چارەسەر ناكرێن و هەر ئەمەش بارزانیی دوودڵ كردووە لەوەی كە سەردانی تاران بكات.
زۆرجار، سەركردەكانی وڵاتان بەرلەوەی سەردانی پایتەختەكانی دیكە بكەن، زۆرێك لە بابەتەكانی نێوانیان لەگەڵ لایەنی بەرامبەر دەبڕێننەوە یان زەمینەی قسەكردن لەسەریان فەراهەم دەكەن و ئەوسا بەڕێدەكەون.
تاران، هەرێمی كوردستان بە سەرچاوەیەكی هەڕەشەی ئەمنیی لەسەر خۆی دەزانێت و هەولێریش ئێران بە بەربەستێكی بەردەم پرۆژەكانی خۆی دەزانێت. هەرێمی كوردستان بە سێ هۆكاری گرنگی ناوخۆیی، ناوچەیی و نێودەوڵەتی بایەخی بۆ ئێران هەیە و دەیەوێت رێگا لە "مەترسییەكانی سەر خۆی" لە هەولێرەوە بگرێت.
راستییەكەی ئەوەیە كە توانای سەربازی و هەژموونی تاران هاوسەنگیی ناوچەكەی تێكداوە و ئێران دەزانێت كە ئەم بارودۆخە بە ئاستێك گەیشتووە، بۆ هەندێك لە وڵاتان قابیلی تەحەمول نییە، بۆیە هەست بە مەترسی و هەڕەشەیەك لەلایەن بەشێك لە وڵاتانی جیهان و بەتایبەتی ئەمریكا- خەلیج و ئیسرائیلەوە دەكات.
ئێران خەریكە پەرە بە پیشەسازیی سەربازی خۆی دەدات و جگە لە بەرنامەی ئەتۆمییەكەی، توانای مووشەكیی ئێران گرفتێكی جددی بۆ هاوسەنگیی سیاسی- سەربازی لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دروستكردووە. گرنگترین مووشەكە دوورهاوێژەكانی ئێران: سجیل (بالیستیك-2000 كم) و عاشوورا (2500 كم) و قدر (بالیستیك- 2500 تا 3000 كم) دەگەن و مووشەكەكانی خەلیج، فاتیح، زلزال و هورمز تا مەوداكانی 200- 300 كم دەچن. بە لەبەرچاوگرتنی مەودای نێوان ناوەڕاستی ئێران لەگەڵ ناوەندەكانی ئیسرائیل (1761 كم)، سعودیە (1270 كم)، قەتەر (832 كم)، بەحرەین (770 كم)، هەرێمی كوردستان (923 كم) و توركیا (2043 كم)، وڵاتانی ناوچەكە ناهەق نین كە ترسی هەڕەشەی مووشەكیی ئێرانیان لێ بنیشێت و لە رێگای هاوپەیمانی لەگەڵ ئەمریكا و هێنانی سیستەمی دژەمووشەكی هەوڵی پاراستنی خۆیان بدەن.
جگە لەوە ئێران توانای دروستكردنی مووشەكی سەرشانی میساقی هەیە كە بوونی ئەم مووشەكە لەدەستی حیزبوڵڵا و گرووپە شیعییەكانی دیكە لە ناوچەكەدا دەتوانێت مەترسیی راستەوخۆ بۆ ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی دروست بكات. ئەگەر ئەمانە بكەونە دەستی حەشدی شەعبی لە عێراق، ئەوا دەتوانێت كاریگەریی نێگەتیڤ لەسەر هەرێمی كوردستانیش دابنێت.
خاڵێكی دیكەش ئەوەیە كە ترەمپ جەخت لە بەرەنگاربوونەوەی هەموو شێوازەكانی تیرۆری ئیسلامی دەكاتەوە كە ئەگەر رادیكاڵیزمی سوننە جۆرێكی بێت، ئەوا رادیكاڵیزمی شیعەش جۆرەكەی دیكەیەتی. ئێستا كە دنیا خەریكی سەركوتكردنی رادیكاڵیزمی سوننەیە، شیعە خەریكە گیان دەگرێت و ئەمەش ناهاوسەنگییەكی دروستكردووە. بۆ ئەوەی كە هاوسەنگی و سەقامگیرییەك هەبێت، پێویستە ئێران و شیعەگەری سنووردار بێت. بۆیە دەشێ چاوەڕوانی گوشاری زیاتر بۆ سەر ئێران بین. ئەمانە و فاكتەری ئیسرائیلی – سعودی، وایان كردووە باری ئێران لە ئاستی نێودەوڵەتیدا لەنگ بێت.
ئێران، جووڵانەوەی رزگاریخوازیی نەتەوەی كورد و ئەگەری گەشەكردنی رەوتێكی ئیسلامیی جیهادی بە گەورەترین تەگەرەی ئەمنی بۆ خۆی دەزانێت كە پێیوایە رەنگە لە هەرێمی كوردستانەوە بەهێز ببنەوە. تا ئێستا چەندین بەرپرسی ئەمنی و سەربازیی ئێرانی هەرێمی كوردستانیان تۆمەتبار كردووە بەوەی كە دەستی بۆ زیادبوونی هەڕەشە لەسەر تاران شل كردووە. فەرماندەكانی سوپای ئێران نیگەرانی زیادبوونی كۆنسوڵخانەكانن لە هەرێمی كوردستان و هەندێك رێكخراوی سەروو ناوچەیی و وڵاتی خەلیجی بە هۆكاری زیادبوونی جموجۆڵە سەربازییەكانی دیموكرات دەزانن. ئەمەش هەم لەلایەن دیموكرات و حكومەتی هەرێمی كوردستانیشەوە رەتكراوەتەوە.
ئێران لەلایەك نیگەرانە لەوەی كە نەكا ململانێكانی ئێستای لەگەڵ وڵاتانی دیكە بە تایبەتی ئەمریكا و سعودیە ببێتە هۆی ئەوەی كارتی كوردی رۆژهەڵاتی پیشان بدرێت و لەلایەكی دیكەشەوە سەبارەت بە حیسابەكانی لە ناوچەكەدا بە پرۆژەی دەوڵەتی كوردستان دڵخۆش نییە. پێگەی هەرێمی كوردستان دەتوانێت كاریگەریی گرنگی لەسەر ستراتیژی ئەمریكا، ئێران و سعودیە سەبارەت بە عێراق و سووریا هەبێت.
هەرێمی كوردستان دەتوانێت وەك شێوە دەوڵەتێكی پەرژینی رۆڵی قەڵغانێكی بەرگری لەبەردەم پەلهاوێشتن و بەیەكەوە بەستنەوەی ناوچەكانی جێی نفوزی ئێران لە عێراق بەرەو سووریا بگێڕێت و لە هەمانكاتیشدا دەتوانێت بۆ ئێران وەك پردێكی پەڕینەوە و ناوچەیەكی پێكەوە بەستنەوەی مەیدانەكانی نفوز رۆڵی هەبێت.
بۆیە فراوانبوونی پەیوەندییەكانی هەولێر لەگەڵ دنیای دەرەوە، دەركەوتنی هەرێمی كوردستان وەك ئەكتەرێكی سیاسیی سەربەخۆ كە توانای مانۆڕدانی هەبێت بە مەترسی دەزانێ و تا ئەو جێگایەی پێی بكرێت هەوڵ دەدات پرۆسەی سەربەخۆیی كورد دوابخات و سنوورداری بكات. دەشێ بۆ ئەمەش، گوشاری ئابووری، گەورەكردنی درز و كەلێنی ناوخۆیی و...تاد بەكاربهێنێت و ئەمەش كاریگەری لەسەر پەیوەندییەكانی تاران- هەولێر دادەنێت. بەڵام تازە ئیدی كار لەكار ترازاوە، هەرێمی كوردستان وەك دەوڵەتێكی دیفاكتۆی لێهاتووە و هاوسەنگیی سیاسەتی نێودەوڵەتیش رێگا نادات تاران تەنیا لەڕێی گوشارەوە هەموو كارتەكانی دەستی هەولێر بسووتێنێ.
26/2/2017