دەروون رەحیم
دەشێ كۆشكی كریملین لە مۆسكۆ لە یەكەمین سوودمەندەكانی ئەو گۆڕانكاریانە بێت كە دۆناڵد ترەمپ لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا و رۆڵی ئەو وڵاتە لە دابینكردنی ئاسایش و پاڵپشتی بۆ هاوپەیمانەكانی ئەنجامی دەدات. سیاسەتی (ئەمریكا پێش هەمووان) و هەنگاوەكانی ئیدارەی ئەمریكا بۆ كورتكردنەوە و بچووككردنەوەی رۆڵی ئەمریكا لە پاڵپشتیكردنی ئاسایشی ئەوروپا كە سەردەمانێكی درێژە ئەمریكییەكان پابەندن بە پاراستنییەوە، باشترین دیارییە بۆ رووسیا كە رەنگە ببێتە هۆی بەهێزبوونی پێگەی مۆسكۆ لە سیاسەتی ئەوروپادا. كشاندنەوەی پاڵپشتی لە ئاسایشی ئەوروپا، یاخود مەرجداركردنی ئەو پاڵپشتییە، دەستی رووسەكان واڵا دەكات بۆ ئەوەی لە جاران زیاتر، كاریگەری لەسەر ئەوروپا دابنێن.
وزە وەك یەكێك لە هەڕەشە جدییەكانی سەر یەكێتی ئەوروپا، لە لووتكەی ستراتیجی ئاسایشی ئەو یەكێتیەدایە. چونكە ئەوروپییەكان زۆر بە قووڵی پشتیان بە وزەی هاوردەكراو لە رووسیاوە بەستووە، بێ ئەوەی هاوبەشێكی بەرچاویان هەبێت بۆ جێگرتنەوەی وزەی رووسی و دابینكردنی ئەو بڕە گەورەیەی گاز كە ئەوروپا پێویستی پێیە. رووسیای سەردەمی فلادیمیر پوتینیش، گازی سروشتی وەك ئامرازێك بەكارهێناوە و سوودی لەم لاوازیەی ئەوروپا وەرگرتووە بۆ بەهێزكردنی هەژموونی خۆی لە ئەوروپا. بە واتایەكی دیكە گازی سروشتی بووەتە كەرەستەیەكی بەرچاو لە گەمەی جیۆپۆلیتیكی پوتین و تێكۆشانی لەپێناو هێزدا.
ئەوروپییەكان و ئەمریكاش زوو دركیان بە مەترسیی ئەم دۆخە لاوازەی یەكێتی ئەوروپا كرد، هەربۆیە لەپێناوی سنوورداركردنی رۆڵی رووسیا و بەكارهێنانی گازی سروشتی وەك ئامرازێكی بەهێزبوونی پوتین، هەروەها رزگاركردنی ئەوروپا لە بارگرانی و مەترسیی پشتبەستن بە گازی سروشتیی رووسیا، كەوتنە خۆیان بۆ پەیداكردنی هاوبەشی نوێ و سەرچاوەی وزەی نوێ. بۆ ئەم مەبەستە ستراتیجیەتێكی نوێیان پەیڕەو كرد بەناوی (رێڕەوی باشوور)، مەبەست لێی پێكەوە گرێدانی بازاڕەكانی وزەی ئەوروپا بوو لەگەڵ سەرچاوەكانی گازی سروشتی لە قەوقاز و ناوەڕاستی ئاسیا.
ئەمریكییەكان زۆر بە بەهێزی پشتیوانیی بێ مەرجی ئەم هەوڵەی یەكێتی ئەوروپایان كرد، چ لەڕووی دارایی چ لەڕووی سیاسی. بەڵام وا دیارە ئەم پشتیوانیەی ئەمریكای ترەمپ بۆ ئەوروپا هاوشێوەی ئیدارەی ئۆباما نابێت. پاڵپشتیی ئەمریكییەكان یەكجار گرنگ بوو بۆ سەركەوتنی هەوڵەكانی ئەوروپا بۆ جۆراوجۆركردنی سەرچاوەی وزە. لەلایەك سنوورێكی بۆ رووسەكان دادەنا و وەبەرهێنەرانیشی هاندەدا كە بێ ترس و دوودڵی وەبەرهێنان لە پڕۆژەكانی دروستكردنی بۆڕیی گواستنەوەی گازی سروشتی بكەن بۆ ئەوروپا. لەلایەكی دیكەوە، ئەمریكییەكان هۆكاری دڵنیایی و هاندەری وڵاتانی بەرهەمهێنەری گازی سروشتیش بوون لە قەوقاز و ناوەڕاستی ئاسیا، بۆ ئەوەی بێ دوودڵی و سڵەمینەوە لە كاردانەوە و هەڵوێستی رووسیا، گازە سروشتییەكەیان بخەنە ناو بۆڕییەكانی ئەوروپاوە.
گۆشەگیركردنی ئەمریكا و بەكەم سەیركردنی پاڵپشتی بۆ ئەوروپا، پلانەكانی ئەوروپا بۆ جۆراوجۆركردنی سەرچاوەكانی گازی سروشتی تێكدەشكێنێ. هەروەها پشتكردنە ستراتیجی (رێڕەوی باشوور) رووسەكان دەكاتە دێوێكی بی ركابەر لە بازاڕی گازی سروشتیدا و خۆلادان لە مۆسكۆ دەبێتە كارێكی ئەستەم بۆ ئەوروپییەكان.
رۆژی دووی شوباتی ئەمساڵ، یەكێتی ئەوروپا رایگەیاند كە رووسیا مەترسییەكی كەمتر دروست دەكات بۆ سەر ئاسایشی وزەی ئەوروپا. لە كاتێكدا هیج گۆڕانكارییەك لە سیاسەتی وزەی رووسیا و هەڵسوكەوتی بەرامبەر ئەوروپا رووی نەداوە! كەواتە ئەم هەڵوێستەی ئەوروپاییەكان هیچ نییە جگە لە خۆ ئامادەكردن بۆ سەردەمی ئیدارەی ترمپ، كاردانەوە بەرامبەر سیاسەتە نوێیەكانی ئامریكا و پێداچوونەوە بە سیاسەتی دەرەوەی یەكێتییەكەدا كە نایانەوێت لەم كاتەدا بەریەككەوتنی زیاتر لە نێوان ئەوان و رووسەكاندا رووبدات. وا دەردەكەوێت كە سیاسەتی ئیدارەی نوێی ئەمریكا كاریگەریی خراپی لەسەر ئاسایشی وزەی ئەوروپا داناوە، نەك تەنیا ئەوروپا، بگرە وەبەرهێنەرانیش ئامادە نابن وەبەرهێنان لە پرۆژەیەكدا بكەن پاڵپشتیی سیاسی نەبێت و لەبەردەم ریسكی كێبڕكێی رووسەكاندا بێت.
سەرەڕای هەموو ئەمانە، چیدی قورس دەبێت بۆ وڵاتانی قەوقاز و ئاسیای ناوەڕاست كە سەرجەمیان لە كۆمارەكانی یەكێتی سۆڤیەتی جارانن، وەك جاران بە گوڕوتینەوە بەرەو ئەوروپا بچن. هەرچەندە نزیكەی سێ دەیە دەبێت ئەم وڵاتانە سەربەخۆییان وەرگرتووە بەڵام هێشتا بە زۆنی هێز و كاریگاریی مۆسكو دادەنرێن. رووسیا دەتوانێت بە ئاسانی كاریگەریان لەسەر دابنێت و بە تەنیا ناتوانن لە دژی بەرژەوەندیی رووسیا بوەستنەوە، ئەگەر هێزێكی وەك ئەمریكا پشتیوانییان نەكات.
لە ئەنجامدا، سیاسەتەكانی سەرۆك ترەمپ بەهێزترین و كۆنترین هاوپەیمانی ئەمریكا لەوبەری ئەتلانتیك دەخاتە مەترسییەوە و ترس و بێ هیوایی لای ئەوروپیەكان گەورەتر دەكات. ئەوروپییەكان ناچار دەكات لە پشتبەستن بە گازی سروشتیی رووسەكان بەردەوام بن، ئەو بەردەوامبوونەش ئەوروپا لە بەرامبەر رووسیا لاواز دەكات. بەرهەمهێنەرانی گازی سروشتیش ناچار دەكات لە خولگەی رووسیادا بخولێنەوە و نەتوانن گازی سروشتیی خۆیان بەو شێوەیەی خۆیان دەیانەوێت، بەرەو ئەوروپا بنێرن.
18/2/2017