هێمن عەبدوڵڵا
لەنێو ئەو تەپوتۆزەدا کە ئۆتۆمبێلەکەمان دروستیکردبوو، ئاڵای کوردستان لە دوایین خاڵی سنووری باشووری کوردستان، لە ئاوێنەکەوە بەزەحمەت دەبیندرا. زۆر جاری دیکە لە گەرمەی شەڕی داعشدا لەگەڵ هیڤیدار ئەحمەدی هاوکارم چووینەتە زۆنە جەنگییەکان، بەڵام ئەمجارەیان بۆ رووماڵ و بەرنامە نا، بەڵکو بۆ پێشوازی لە تەرمی "شیفا" شکۆدارەکەمان بەڕێگەوە بووین.
بەرلەوەی بگەینە کۆڵانە چۆڵ و کڵێسا رووخاو و خانووە وێران و دووکەڵاوییەکانی حەمدانییە، هیڤیدار شوێنی ئەو تەنکەرەی پیشاندام کە بە خۆی و ئەحمەدی وێنەگریدا تەقییەوە. ئەو رۆژەی ئەو باسیدەکرد، لە ئۆفیسی سەرەکیی رووداو، لەسەر مێزی کارەکەم دانیشتبووم و راستەوخۆ دیمەنی تەقینەوەی تەنکەرەکەم تەماشادەکرد. لەبیرمە تەنیا دیمەنی دووکەڵمان هەبوو و ناڵەی هیڤیدارمان دەبیست کە دەیەویست بزانێ کامێرامانەکەی زیندووە یان شەهیدبووە. دیمەنەکان هەر لەسەر شاشە بوون و دەستمان لەسەر دڵمان بوو بۆ زانینی هەواڵی تەندروستیی تیمەکەی رووداو. بێدەنگییەکی سامناک، وەک جارەکانی دیکە، باڵی بەسەر نیوزڕوومی رووداودا کێشابوو. لەپڕ هەواڵ هات کە هیڤیدار و کامێرامانەکەی سەلامەتن. دیسان بە بزەیەکەوە هەمووان دەستبەکاربوونەوە و خەریکی ئامادەکاری بوون بۆ رووماڵێکی جوانتر.
لەوەتەی رووداو دامەزراوە، هەم من و هەم بەڕێوەبەرانی دیکەی رووداویش، دڵەخورپەیەکی دووبارە و رۆژانەمان هەیە. رۆژێک بۆ هاوکارە بەدیلگیراوەکانمان بەدەستی داعش، رۆژێک بۆ پەیامنێرە بەجێماو و گەمارۆدراوەکەمان لەسەر چیای شنگال، رۆژێکی دیکە بۆ تیمەکانمان لەوسەری گەرمەسێری خاکی باشووری کوردستانەوە تاوەکو دەگاتە ئەوسەری باکوور و رۆژئاوای کوردستان. دڵەخورپەی ئەوەمانە کە ئەو هاوکارەی چەند چرکەیەک پێشتر، بەرلەوەی لە پەخشی راستەوخۆدا دەربکەوێ، پرس و راوێژی کردووە و هەواڵی نوێی داوینەتێ، رەنگە چەند چرکەیەک دواتر بۆخۆی ببێتە هەواڵ و مژاری رووماڵ و چیدیکە دەنگی نەبیستین و رەنگی نەبینینەوە. دەزانین رێنمایی پێویستمان داوەتە هەموو تیمەکانمان و کەرەستەی پێویستی خۆپاراستنیشمان بۆ دابینکردوون، بەڵام لە زۆنی جەنگدا ئەوەی کۆنترۆڵی میدیاکار دەکات خۆی و بوێریی خۆی و هەندێکجار دڵسۆزیی بێسنووریەتی بۆ بەدەستهێنانی دیمەن و ستۆریی باڵکێش، کە بەداخەوە جاری وا هەیە ئەمە بەنرخی گیانی تەواودەبێت.
لە شارە چۆڵەکەی حەمدانییە، چاوەڕێی هاتنەوەی شیفامان دەکرد. ئەمە دروست ئەو رۆژە بوو کە بەردەوام دڵەخورپەمان بوو رووبدات، کەچی نەماندەزانی بەوشێوەیە و لە خاکی غەریبیدا لەگەڵ "شیفا" شکۆدارەکەمان روودەدات و لە پێشوازییدا رادەوەستین. کاتێک تەرمی شیفا گەیشتەوە، بەڕێوەبەری گشتیی رووداو، کە سەرچاوەی هێز و ورەی ئێمە بووە بۆ ئەو رووماڵانەی لەو چەند ساڵانەدا کردوومانە، وەک باوکێک کە بەسەر تەرمی کچەکەیدا کەوتبێت، بە دەنگی بەرز دەگریا.
بەرەو هەولێر دەهاتینەوە. تەرمی شیفامان نزیکدەکردەوە لەو ئاڵای کوردستانەی کەمێک پێشتر لەنێو تەپوتۆزدا بەجێمانهێشتبوو و رەنگە بەیانییەکەشی شیفا بە چاوە گەشەکانی و بەو خۆشەویستییەوە کە بۆ وڵاتەکەی هەیبوو دوایینجار سەیرێکی کردبێت. لەپشت سەرمانەوە ئاڵای عێراق و سیمبۆلە مەزهەبییەکانی شیعە لەنێو تەپوتۆزی ئۆتۆمبێلەکانماندا وردە وردە بزردەبوون. لەژێر ئاڵای کوردستاندا، پۆلێک پێشمەرگە بەڕێزەوە بۆ شەهید "شیفا" شکۆدارەکەی خۆیان وەستابوون و سڵاوی سەربازییان بۆ کرد. وەک بڵێی دەیانەویست بە سڵاوەکەیان رۆحی لەیلا قاسم و ئەو ژنانەی دیکەمان شادبکەن کە وەک شیفا بەئازایی و بە بوێری شەهیدبوون، بەڵام بەبێنازی ئەو رۆژەیان نەبینی کە سڵاوی ژێر ئاڵایان بۆ بکرێت.
27/2/2017