بزووتنەوەی کۆماریخوازانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێوایە: کورد به گشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لەبەردەم تاقیکاریەکی گەورەی مێژووی و ئەزموونێکی گرینگ و چارەنووسسازدایه، بۆیە به هەموو شێوەیەک پشتیوانی و پشتگیری خۆی بۆ پڕۆسەی ڕێفڕاندۆم و دیاریکردنی مافی چارەنووس و سەربەخۆیی ڕادەگەیەنێت.
وەک ئاگادارن له دانیشتن و کۆدەنگیەکی فەرمی حیزب و لایەنەکانی کوردستانی باشوور و به سەرپەرشتیاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەنابی مەسعوود بارزانی، رۆژی ۲۵ی سێپتامبەر بۆ گشت پرسی دیاری کرا .
گشت پرسی (ڕێفڕاندۆم) بۆ دیاریکردنی مافی چارەنووس و سەربەخۆیی له هەرێمی کوردستان له ژێر چاوەدێری نوێنەرایەتی نەتەوه یەکگرتووەکان و نوێنەرانی یەکیەتی ئورووپا، و چەندین وەڵاتیتر بەڕێوه دەچێت..
ڕوانگەی بزوتنەوەی کۆماریخوازانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ پرسی ڕێفراندۆم له هەرێمی باشووری کوردستان ئەرێنیه و خوازیاری ڕێگای ئاشتی و دیالۆگە لەم چوارچێوەیەدا. بزووتنەوەی کۆماریخوازان ئەو پەڕی هەوڵ و پێوەندیەکانی دەخاتەگەڕ تا هێز و لایەنەکانی باشووری کوردستان و پارچەکانیتر لەسەر ئەساسی هاوپەیوەندی نەتەوەیی و چارەسەری دێموکڕاتیکانە و سازانی نیشتمانی به هاودەنگیەکی ئەڕێنی و گوتنی دەنگی بەڵێ بۆ پڕۆسەی ڕێفڕاندۆم به شێوەی دێموکڕاتیک ئەسڵی سەروەری سیاسی/نەتەوەیی بۆ ساغکردنەوەی کیانی کورد له باشوور بچەسپێنن.