فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2024-11-15-02-43-47 ڕابردوو بەردەوام گرووپگەلێک هەبوون لە کوردستان کە بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیڕەویان لە خەباتی چەکداریی کردووە وەک ڕێبازێک بۆ گەیشتن بە مافەکانی کوردستانییان. بەڵام هەر...
2024-11-15-02-37-43ناودەبرێت، بۆ کوردەکانیش هێشتا بابەتێکە کە جێی گومان و پرسیارە؟، بەوپێیەی هەموان سیناریۆکانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریان لەساڵی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٥ لەپێش چاوە، کەچۆن ئەو...
2024-11-15-02-31-50ئەشكەوتەكەیان ئاگر دەدا و كوردەكان دەبونە قەرەبروت. - توركەكان لە ئەستنبوڵ، لەگەڵ تاكسیە كوردەكان سوار نەدەبون، دەیانوت گڵاونسەردەمی تازەش، ئاردۆگان وتی:من ئەو كوردەم خۆشدەوێت كە لە...
2024-10-30-17-57-54شەفەق....تد) کە جوان بیر دەکەنەوە و لەگەڵ برایەتی گەلانن. دەوڵەت باخچەلی کە ئەو قسەیە دەکات لە بیری چووە کە ئەو سەرۆکی پارتێکی نەژادپەرستە، ساڵانی شەستەکان کاتێک...
2024-10-30-15-49-01محمد الماغوط دەنوسێت: من الغباء أن أدافع عن وطن لا أملك فيه بيتاً. گەمژەییە بەرگریی لە نیشتمانێک بکەم کە ماڵێکم نیە تیایدا. نەبونی چەمکی دەوڵەت لە...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

کاوە ئەمین

ئەحمەد تورک، سیاسەتڤانی دیارى کورد لە باکوورى کوردستان، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ (رووداو) باسى هۆکارى وەستانى پرۆسەى چارەسەرى لە باکوورى کوردستان دەکات و دەڵێت: "ئەگەر ئەردۆغان لە هەڵبژاردنى حەوتى حوزەیران لە باکوورى کوردستان دەنگى هێنابا، پرۆسەى چارەسەرى نەدەوەستا". سەبارەت بە کۆنگرەى نەتەوەییش دەڵێت، هەرچەندە پەکەکە کێشەى لەگەڵ ئەندامان و مەسەلەى سەرۆکایەتیکردنى کۆنگرەکە هەبوو، بەڵام هۆکارى نەبەستنی کۆنگرەکە وڵاتانى دەوروبەر بوو.

ئەحمەد تورک ساڵى 1942 لە چیاى مازیى مێردین لەدایکبووە. ساڵى 1973 لەسەر لیستى جەهەپە بووەتە ئەندامى پەرلەمانى تورکیا. دامەزرێنەرى پارتى (دەتەپە) بووە. ساڵى 2014 لە هەڵبژاردنى شارەوانییەکانى تورکیا بە سەرۆکى شارەوانیى مێردین هەڵبژێردرا، بەڵام لە مانگى نۆڤەمبەرى 2016ـوە لە پۆستەکەى دوورخراوەتەوە.

رووداو: پرۆسەى ئاشتى لە باکوورى کوردستان ساڵانێکە هەیە، ناوبەناو ئەو پرۆسەیە دەوەستێ، زۆرجار باسى رۆڵى سەرکردەکانى باشوورى کوردستان دەکرێ لە سەرپێکەوتنی ئەو پرۆسەیە، بە تایبەتیش مام جەلال و کاک مەسعود، ئەوان راستەوخۆ رۆڵیان هەبووە؟
دەوڵەتانى دەرەوە کاریگەرییان لەسەر نەبەستنى کۆنگرەى نەتەوەیى هەبوو

ئەحمەد تورک: ئەوان هەوڵیان داوە، دەیانخواست لە باکوور دەست بە پرۆسەیەکى ئاشتى بکرێ، بەڵام ئەکتەرێک کە ئەمڕۆ ئەو پرۆسەیە بەڕێوەدەبات، ئەوانەن کە لە باکوورن. ئەگەر سیاسەتمەدارانى کورد لە باکوور و هەروەها پەکەکە هەنگاو بۆ ئاشتى نەهاوێژن، لە دەرەوە هیچ کاریگەرییەک دروست نابێ. بەڵام پێویستە کاک مەسعود و مام جەلال کە ئەمڕۆ نێوانیان لەگەڵ تورکیا خۆشە، هەوڵ بۆ ئاشتى بدەن. ئەوەى لەدەستى ئێمە بێ بۆ ئاشتى دەیکەین، خۆتان ئاگادارن زۆرجار دانیشتن کراوە، بەڵام چ کاریگەرییەکى هەبووە؟ من نازانم. کە پرۆسەى چارەسەرى دەستیپێکرد لە نێو حیزب کۆمیسیۆنێک دروستکرا بۆ ئەوەى قسە لەگەڵ ئۆجەلان بکەین، یەکەمجار من و لەیلا ئاکادەم چووین بۆ لاى ئۆجەلان. ئۆجەلان ئەوکات گوتى بەڵێ من ئاگادارى ئەو پرۆسەیەم و بۆ ئەو مەبەستە سەردانم و دەکەن و قسەم لەگەڵ دەکەن. ئێستا رۆژى ئاشتییە و رێگاى ئاشتى بکەنەوە و شەڕى چەکدارى رابگرن. ئەو کێشەیە بە ئاشتى چارەسەر بکەن. دواتر ئەو کۆمیسیۆنە فراوان بوو، هەندێک لە هەڤاڵانمان سرى سوورەیا ئۆندەر، پەروین بوڵدان، ئیدریس بالوکەن، بەمدواییە سەلاحەددین دەمیرتاشیش بەشدار بوون. چاوپێکەوتن زۆر دەکران. ئۆجەلان زۆر تەرکیزى لەسەر پرۆسەیەکى نوێ بوو بۆ چارەسەرى پرسى کورد بە ئاشتى.

رووداو: تۆ کە یەکەمجار ئۆجەلانت بینى، رەوشى تەندروستى چۆن بوو؟

ئەحمەد تورک: ئێمە کاتێک سەردانى ئۆجەلانمان دەکرد لە ژوورەکەى خۆى نەماندەبینى، ئەویان دەهێنایە شوێنێکى جودا. بەمدواییە شوێنەکەیان گۆڕیبوو، بردبوویانە شوێنێکى باشتر. کاتێک ئێمە بینینمان وەکو ئەو مرۆڤە نەبوو کە 20 ساڵ لە زینداندا مابێتەوە. رۆژێک بە منى گوت یەکێک بووەتە ئەندام پەرلەمان حەوت مێردى کردووە.. منیش پێکەنیم و گوتم چما تۆ سۆراغى ئەو شتانەش دەکەى؟ ئێمە لەگەڵ ئەو زۆرتر باسى سیاسەتمان دەکرد کە چی بکەین، چی بڵێین. دەوڵەتى تورکیا چۆن لەو نزیک دەبێتەوە. هەتا جارێک پێمانگوت دەوڵەتى تورک هیچ بەڵێنێکى بە ئێمە نەداوە، گوتى دەزانم. ئەوان ناوبەناو سەردانى من دەکەن، لێرە قسە لەسەر زۆر شت دەکەین. هەتا گەیشتە ئەو قۆناغەى رێککەوتنێک بنووسرێ.
ئۆجەلان داوایکرد کاک مەسعود ببێتە سەرۆکى کۆنگرەى نەتەوەیى

رووداو: زۆرجار لە راگەیاندنەکان بڵاودەکرێتەوە کە بەڕێز ئۆجەلان سڵاوى ناردووە بۆ کاک مەسعود و مام جەلال و بەرپرسى دیکە. ئەوە راستە؟

ئەحمەد تورک: بەڵێ سڵاوى بۆ دەناردن.

رووداو: هیچ داخوازییەکى لەوان هەبوو؟

ئەحمەد تورک: داخوازییەکەى ئەوە بوو کە هەمووان هاوکاربن بۆ پرۆسەى ئاشتى. کاتێک مەسەلەى کۆنگرەى نەتەوەیى هاتە پێش، پەکەکە زۆر توند بوو لەسەر مەسەلەى ئەندامانى کۆنگرە، کاتێک ئۆجەلان ئەوەى زانییەوە گوتى ئەوە بۆ دەکەن بە کێشە! با کاک مەسعود سەرۆکایەتى کۆنگرەکە بکات و خۆى شاندەکە دەستنیشان بکات. من قەناعەتم وایە ئۆجەلان قووڵتر لە پەکەکە لە مەسەلەکان دەڕوانێ.

رووداو: ئۆجەلان رازى بوو کاک مەسعود ببێتە سەرۆکى کۆنگرەى نەتەوەیى؟
ئەحمەد تورک: بەڵێ.

رووداو: بۆچى کۆنگرەى نەتەوەیى سەرینەگرت؟ ئایا وەک خۆت گوتت مەسەلەکە پۆست و کورسى بوو؟
ئەکتەرى پرۆسەى ئاشتى کوردى باکوورە نەک دەرەوە

ئەحمەد تورک: من پێموایە مەسەلەى پۆست و کورسى و شاند چارەسەر دەکران. بەڵام دەوڵەتانى دەرەوە کاریگەریان لەسەر نەبەستنى کۆنگرە هەبوو، نەیاندەخواست کۆنگرەى کوردان ببەسترێ. بە بڕواى من ئەگەر کاک مەسعود سەرۆکى کۆنگرەى نەتەوەیى بووایە، لە رووى نێونەتەوەییەوە کۆنگرەکە باشتر دەبوو.

رووداو: تۆ پەیوەندیت لەگەڵ زۆر کەس هەیە، دەمەوێ بزانم پەیوەندیى نێوان تۆ و ئەردۆغان، تۆ و عەبدوڵڵا گویل چۆنە، پەیوەندییەکى گیانى بە گیانى لە نێوانتاندا هەبوو؟

ئەحمەد تورک: لەگەڵ ئەردۆغان چەند جارێک هەڤدیتنمان هەبووە، کە پرۆسەى چارەسەریش دەستیپێکرد، یەکدیمان بینى، خاتوو ئامینە ئاینەشم لەگەڵ بوو. ئەردۆغان گوتى بۆ چارەسەرى پرسى کورد هەرچی پێویست بێ من ئامادەم. ئێمەش سوپاسمان کرد. سەبارەت بە عەبدوڵڵا گویلیش ئەو دەرگاى کراوە بوو، سەردانم دەکرد، قسەمان لەسەر زۆر شت دەکرد رەخنەمان دەگرت. چەند رۆژێک لەمەوبەر باوکى ئەو کۆچى دوایى کرد، من چووم بۆ قەیسەرى بۆ پرسەکەى، زۆر کەیفخۆش بوو. گویل کاتێک بە سەفەر دەچووە دەرەوەی وڵات جوابى بۆ دەناردم و دەیگوت حەز دەکەم تۆش لەگەڵم بێى.

رووداو: قەت لەگەڵ ئەو چووى بۆ دەرەوە؟

ئەحمەد تورک: بەڵێ دوو جار. جارێکیان کە چوو بۆ بولگاریا چوار پەرلەمانتارى لەگەڵ بوو، پەیوەندیى پێوەکردم و گوتى حەز دەکەم تۆش لەگەڵم بێى. پێمگوت کاکە من پەرلەمانتارێکى خەڵکى مێردینم و کوردم. کە لە بولگاریا لە هوتێل بووین، کەسێکى بەدوادا ناردم و گوتى بەڕێز عەبدوڵڵا گویل دەڵێت با بێتە ژوورەکەم و حەز دەکەم قسە بکەین. لەوێ لەسەر پرسى کورد قسەى زۆرمان کرد کە ئەو پرسە چۆن چارەسەر دەبێ و چى بکەین.

هیچ سەرۆک کۆمارێکى تورکیا بڕواى بە مافى کورد نەبووە

رووداو: نیەتى گویل چی بوو؟

ئەحمەد تورک: کێشەکە ئەوەیە کە چ سەرۆک کۆمارەکان و چ سەرۆک وەزیرەکان لە تورکیا کە دەستبەکار دەبن باوەڕیان بە مافى کورد لە نێوخۆى تورکیا نییە. ئەوان قبوڵى ئەوە ناکەن کە کورد گەلێکە، زمانى خۆى هەیە، ناسنامەى خۆى هەیە، مافى ئەوەى هەیە هەرێمى تایبەت بە خۆى هەبێ. ئەوان باوەڕیان بە دیموکراسى نییە، بۆیە ئەو کێشەیەش هەیە. ئەوان بەردەوام جەخت لەوە دەکەنەوە کە کورد چەک دابنێ، چەکەکان بێدەنگ بکرێ، ئێمەش نامانەوێ شەڕ ببێ، بەڵام فەرموون ئێوە چی دەکەن، ئێوە چی دەدەنە کوردان؟

رووداو: داخوازیى ئێوە چییە؟ ئایا پەکەکە هەنگاوێکى وەهاى هاوێشتووە کە قەناعەت بە ئەوان بکات؟

ئەحمەد تورک: پەکەکە داواى هەرێمێکى ئۆتۆنۆمى و دیموکراتیک دەکات. زۆر کەسیش رەخنە لە پەکەکە دەگرن و دەڵێن ئەوەى داواى دەکات خۆ بە سیاسەتیش دەکرێ، هیچ پێویست بە چەک ناکات.
ئەردۆغان پێیگوتم پرسى کورد هەرچى پێویست بێ من ئامادەم

رووداو: تۆش ئەو قەناعەتەت هەیە کە ئەوەى پەکەکە داواى دەکات بەبێ چەکیش بەدەست دێت؟
ئەحمەد تورک: کورد پێویستە خۆى بپارێزێ، شەڕێک کە ئارامیى گەلان تێکبدات هیچ سوودى نییە. هەموو مرۆڤێکى کورد بۆ پاراستنى خۆى دەبێ تەدبیرى خۆى بستێنێ، بەڵام شەڕ دەبێ بۆ ئاشتى بێ. ئەگەر ئەمڕۆ رێگەى ئاشتى سیاسەتکردن بێ، پێویستە بەو رێگایەدا بڕۆین. ئەگەر گەلى کورد ئازاد ببێ، هیچ زیانێکى بۆ گەلى تورک نابێ، چونکە کورد ناڵێت دەوڵەتێکى سەربەخۆمان دەوێ. دەڵێن لەنێو تورکیا لە هەرێمى خۆمان مافى خۆمان هەبێ، خۆمان بەڕێوەببەین. هەتا کورد لەوێ ئازاد نەبێ، تورکیاش دیموکراسى نابێ.

رووداو: ئێوە زۆرجار لەگەڵ باڵیۆزى وڵاتان لە تورکیا دانیشتوون، باسى چ شتێکتان کردووە کە تا ئێستا میدیا نەیزانیبێ؟

ئەحمەد تورک: زۆر باس دێنەگۆڕێ، زۆرجار دەڵێن بۆچى ئێوە داواى ئۆتۆنۆمی دەکەن، بۆچى داواى سەربەخۆیى ناکەن. ئێمە کە سەیرى رەوشى رۆژهەڵاتى نێوەڕاست دەکەین، پێش هەموو شتێک گەلى کورد پێویستە ستاتۆیەکى دیموکراسى لە نێوخۆیدا ئاوا بکات. راستییەکەشى کورد رێکخستنێکى وەهاى نییە بۆ دروستکردنى دەوڵەت. هێز و تواناشى نییە. ئەو عەقڵەشى نییە. جگە لەوەش گوشارێکى زۆر لەسەر کورد هەیە، ئێران لەلایەک، تورکیا لەلایەک. سووریا لەلایەک و عێراق لەلایەک. دەوڵەتی سەربەخۆ لەلایەن ئەو دەوڵەتانەوە دەکرێتە ئامانج.

رووداو: بەڵام هەزاران گەنجى کورد لە پێناوی ئەو ئامانجە بوونەتە قوربانى؟
عەبدوڵڵا گویل حەزى دەکرد من یاوەرى سەفەرەکانى بم

ئەحمەد تورک: راستە، بەڵام سیاسەت بە عەقڵ دەکرێ. پێویستە ئێمە لە هەلومەرج و بارودۆخى دونیا بنۆڕین، سەیرى بارودۆخى هەرێمایەتى بکەین، بە گوێرەى ئەوە دەتوانین خۆمان رێکبخەین. رەنگە دواى بیست سى ساڵى دیکە کورد دەوڵەتێکى سەربەخۆ رابگەیێنێ.
رووداو: ئێوە لەگەڵ پەکەکە و حکومەت بۆ چارەسەرى پرسى کورد باسى مۆدێلى ئێرلەنداى باکوورتان کردووە؟

ئەحمەد تورک: ئەو مۆدێلە چۆنە و چۆن دەبێ، لە دانیشتنى دۆڵمە باخچە زۆر شت باسکرا و نزیکەى 10 – 12 ماددە نووسران. ئەگەرچى ئەو مادانە بڵاونەکرانەوە، بەڵام باسى مۆدێلێک کرا. بەڵام لەبەر حەساسیەتى دەوڵەت و میللەتى تورک ناتوانى یەکسەر باسى هەموو شتێک بکەى، دەبێ هەنگاو بە هەنگاو بێ.

رووداو: ئەو مۆدێلە لەلایەن کێ پێشنیاز کرابوو، دەوڵەت یان ئۆجەلان؟

ئەحمەد تورک: دەوڵەت و ئۆجەلان پێکەوە گفتوگۆیان دەکرد، لەسەر ئەو بنەمایانە ئەو جۆرە پڕۆژانە ئامادە دەکران. شاندى ئێمە کە دەچووە ئیمرالى لە هەمانکاتدا شاندى دەوڵەتیش دەچوو، ئەو دانیشتنانە بنەماى ئەو پرۆژانە بوون.

رووداو: بۆچى ئەو دانیشتنانە بەردەوام نەبوون؟
من قەناعەتم وایە ئۆجەلان قووڵتر لە پەکەکە لە مەسەلەکان دەڕوانێ

ئەحمەد تورک: سەرۆککۆمار ئەردۆغان لەو باوەڕەدا بوو لە هەڵبژاردنى حەوتى حوزەیران دەنگەکانى لە نێو کوردان زیاد بکەن. بۆ ئەو پڕۆژەیە کورد هاوکاریى بکەن، بەڵام کوردى وڵاتپارێز و ئەو کوردەى سیاسەت بەڕێوەدەبەن، هاوکاریى هەدەپەیان کرد، بۆیە ئەو پڕۆژەیە لەنێوچوو. ئەگەر ئەردۆغان لەو هەڵبژاردنە دەنگێکى زۆرى لە کوردستان هێنابا، ئەو پرۆژەیە تێکنەدەچوو. ئێمە لە یەکەم رۆژەوە گوتوومانە کاتێک تۆ بە روح و دڵ باوەڕت بە مافى کورد نەبێ، ناتوانى پرسى کورد چارەسەر بکەى. ئەگەر ئەردۆغان لە حەوتى حوزەیرانیش سەرکەوتبایە، ئەوەى کورد دەیویست نەیدەکرد، چونکە ئەگەر تۆ باوەڕت بە دیموکراسى نەبێ، ناتوانى مافى کورد بدەى.

رووداو: زۆر کەسایەتى کورد لە ئەوروپا گەڕانەوە، وەکو یەشار کایا، کەمال بورکاى و شڤان پەروەر، کورد بۆ خۆى لەوانە بە خودان نەکرد؟ بۆ هیچ گفتوگۆیەکتان لەگەڵیان نەبوو؟

ئەحمەد تورک: ئەوان بە بڕیارى ئێمە نەگەڕاونەتەوە تورکیا. ئەوان چاویان بە بەرپرسانى دەوڵەت کەوت.

رووداو: کاتێک شڤان پەروەرتان لەگەڵ ئەردۆغان بینى، پێتان ناخۆش بوو؟

ئەحمەد تورک: ئێمە بە هاتنەوەى شڤان دڵگران نەبووین، ئەردۆغان دەیویست شڤان پەروەر و ئیبراهیم تاتلیسەس وەکو مەسجێکى سیاسى بەکاربهێنێ، ئێمە لەوە عاجز بووین. بەڵام کاتێک هاتە ئامەد چووین سەردانمان کرد. گەڕانەوەى شڤان زۆرتر پەیامێکى سیاسى بوو. ئێمە حەزمان نەکرد کەسێکى وەکو شڤان پەروەر کە ئەوەندە ساڵە خەباتى کردووە، ببێتە ئالەتى سیاسەتەکانى ئەردۆغان.
ئەگەر کاتى خۆى پارتى و یەکێتى یەک نەبوونایە، ئێستا هەرێمی کوردستان نەدەبوو

رووداو: کاتێک ئەردۆغان دەیگوت کێشەى کورد کێشەى منە، مەبەستى چى بوو؟

ئەحمەد تورک: لە تورکیا دەم دەم سیاسەتێک بەڕێوەدەچێ، دەیانەوێ بە زیندان و گرتن و ئەشکەنجەدان کورد بێدەنگ بکەن، ناوبەناویش دەڵێن ئێمە دەخوازین کورد لەباوەش بگرین. ئەوە بە تەنیا سیاسەتى ئەردۆغان نییە، ئەوە سیاسەتى دەوڵەتى تورکیایە. کاتێک کۆماریش دامەزراوە ئەو سیاسەتە هەر هەبووە. مستەفا کەمالیش کاتى خۆى گوتوویەتى کورد و تورک بران و کورد مافى هەیە. تورگۆت ئۆزاڵیش قسەى خۆى هەبووە، تانسۆ چیلەریش باسى مۆدێلى چارەسەرى کردووە. مەسعود یڵماز دەیگوت رێگەى ئاشتى بە ئامەددا تێدەپەڕێ. بەڵام ئەو قسانە لە دڵەوە نەکراون، بەڵکو بەهۆى هەلومەرجى سیاسییەوە دەگوترێن، هەر بۆیەش جێبەجێ ناکرێن.

رووداو: باوەڕت بەو بەڵێنانە هەیە کە ئەمریکا و رووسیا بە کوردى دەدەن؟

ئەحمەد تورک: لەو سەردەمەدا دەوڵەتانى زلهێز بەرژەوەندییان لە کوێ بێ، لەوێ جوڵە دەکەن. ئەوان جێى متمانە و باوەڕ نین. بەدواى بەرژەوەندیى خۆیاندا دەگەڕێن. ئەوان تورکیا بە ئەکتەرێکى گەورەى رۆژهەڵاتى نێوەڕاست دەبینن. هیچ کاتێک لە پێناوی کورد پەیوەندى خۆیان لەگەڵ تورکیا ناپچڕێنن. ئەمڕۆ شەڕێک لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست هەیە، کوردیش پێشەنگى ئەو شەڕەیە، ئێستا کورد لەبەرچاو دەگرن و هەندێک یارمەتى پێشکەش دەکەن، بەڵام دواى چوار ساڵى دیکە سیاسەتیان چۆن دەبێ، ئێمە ناتوانین متمانەیان پێ بکەین.

رووداو: واتە پێتوایە دواى تەواوبوونى شەڕ سیاسەتى ئەوانیش دەگۆڕێ؟

ئەحمەد تورک: ئەگەرێکى زۆرە بگۆڕێ.

رووداو: لەو حاڵەتەدا کورد دەبێ چى بکات؟
زۆر لە باڵیۆزى وڵاتان پێماندەڵێن بۆچى داواى سەربەخۆیى ناکەن

ئەحمەد تورک: دەبێ یەکێتییەکى کوردان دروست ببێ. ئەگەر کاتى خۆى پارتى و یەکێتى لە باشوورى کوردستان یەک نەبوونایە، ئێستا ئەو هەرێمە نەدەبوو. کاتێک پەکەکە و پەدەکە شەڕ بکەن، ئایا دەگەینە چ قۆناغێک؟ من پێموایە ئەمڕۆ لە باشوور کە رێز لە گەلى کورد دەگرن، رێز لە کاک مەسعود دەگرن. ئەو سیاسەتەى ئەمڕۆ لە باشوورى کوردستان بەڕێوەدەچێ، دواى کاک مەسعود ئەو حیزبانە ناتوانن هەمان ئەو سیاسەتە بەڕێوەببەن. کەسایەتیى کاک مەسعود رۆڵى دەبێت لە کەمکردنەوەى ئاڵۆزییەکان. ئەگەر کاک مەسعود نەمێنێ، حیزبەکانى باشوورى کوردستان ناتوانن پێکەوە دیالۆگ بکەن.

رووداو: ئەو کێشەیەى لە شنگال هەیە چۆن چارەسەر دەکرێ؟ پەکەکە دەڵێت ئێمە شەهیدمان داوە و شنگال چۆڵ ناکەین، پێشمەرگە دەڵێت ئێمە چووینە کۆبانێ، کە ئەوێ ئازاد کرا گەڕاینەوە و ئێستاش دەبێ پەکەکە شنگال چۆڵ بکات؟

ئەحمەد تورک: کێشەی شنگال بە دیالۆگ چارەسەر دەکرێ. ئێستا دەسەڵاتدارییەک لە شنگال هەیە کە چاویان لە مافەکانی خۆیانە. کە لە شنگال کۆمەڵکوژی دروست بوو، چەند لایەنێک دژی وەستانەوە، دەبێ خاتری ئەوانیشمان لەبەرچاو بێت. کاتێک لەوێ کێشەیەک سەرهەڵدەدات بە گفتوگۆ چارەسەر دەبێت، بڕوام وایە ئەگەر ئەوکات دیدارێک لەنێوان پەکەکە و لایەنەکانی دی دروست بووبا کێشەی شنگال نەدەگەیشتە ئەم قۆناغەی ئەمڕۆ، شنگال خاکی باشووری کوردستانە و دەبێ لەسەری بێینە دەنگ، مافی هەرێمی کوردستانە، بەڵام کاتێک فڕۆکەکان قەندیل و شنگال بۆردومان دەکەن، قسە نەکەى و بشڵێى بۆچی پەکەکە لە شنگال دەرناچێت، ئەمەش راست نییە.
حەزمان نەدەکرد شڤان پەروەر ببێتە ئالەتى سیاسەتەکانى ئەردۆغان

رووداو: بەڵام ئەوان دەڵێن ئەگەر پەکەکە لەو ناوچانە نەبێت، تورکیا بۆردومانی ناکات.

ئەحمەد تورک: ئێ باشە، بەڵام پێویستە کێشەکان لەنێو خۆماندا چارەسەر بکەین. ئەوە ئامانجی ئێمەیە. پەکەکە، پارتی، یەکێتی، حیزبەکانی دیکەی ئێستای رۆژئاوا هەموویان ئەگەر کێشەیەک هەبوو دەبێ لەنێوان خۆماندا چارەسەری بکەین. کاتێک ئێمە لەنێوخۆماندا چارەسەری نەکەین و کەسێک لە دەرەوە دەستوەربداتە کاروباری ئێمە و بێدەنگ بین و بڵێین بۆچی کورد زوڵم لە کورد دەکات، ئەمەش راست نییە. ئەگەر ئەمڕۆ پێمان بڵێن شنگال خاکی هەرێمی کوردستانە، مافی هەرێمی کوردستانە ئەوێ کۆنترۆڵ بکات، وانییە؟ کاتێک داعش چووە نێو شنگال، پەکەکە شەڕیان کرد و لەدژی وەستانەوە، ئەوانیش مافی ئەوەیان هەیە بمێننەوە. کاتێک فڕۆکەی تورکیا دێت و ئەوێ بۆردومان دەکات، ناتوانین بڵێین بۆچی پەکەکە لەوێیە، پێویستە ئەمەش نەگوترێ. کە فڕۆکەی تورکیا دێت و بە پارە چەند چەتەیەک دەنێرنە ئەوێ و حکومەتی هەرێمی کوردستان دژیان نەوەستێتەوە، مافی ئەوەیان نییە بە پەکەکە بڵێن لە شنگال بڕۆن، ئەگەر ئەمە کرابایە پێش هەر کەس من دەمگوت پەکەکە حەقی ئەوەتان نییە لەسەر خاکی شنگال بمێننەوە. لە شنگال ئاڵۆزی دروست بوو، ژنانی شنگال فرۆشران، مرۆڤەکانی شنگال کوژران. کام هێزی کوردی لە بەرانبەر ئەوان وەستایەوە؟ باشە ئەوە پەکەکە دەرچوو، کاک مەسعود بە منی گوت لەوێ لەلایەنی ئیدارەدانەوە کێشە بۆ ئێمە دروست دەبێت. نەمدەویست ئەمەی پێ بڵێم، بەڵام گوتم باشە ئەمەیە رێگەکەی، بڕۆ ئۆجەلان ببینە و تەنیا ئۆجەلان دەتوانێ ئەمە یەکلایی بکاتەوە، بەخوا بڕۆ بیبینە تۆ چی بڵێی ئۆجەلان ناڵێ نا.

رووداو: هیچ هەوڵێک هەبوو کاک مەسعود ئۆجەلان ببینێ؟
کاک مەسعود پێیگوتم حەزناکەم ئۆجەلان لە زیندان ببینم

ئەحمەد تورک: نەخێر ئەوە بیرۆکەى من بوو بۆ ئەوەى پرۆسەى ئاشتى بەردەوام بێ.
رووداو: کاک مەسعود چى گوت؟

ئەحمەد تورک: گوتى حەز ناکەم سەرکردەیەکى کورد لە زینداندا ببینم.

8/6/2017

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان