مختار زارعی
من پێم وایە بە بێ هیچ ترس و شەرمێک ئەبێ ئەو باسە جەماوەری بێتەوە و ئەوە ئەرکی نووسەران و ڕوناکبیران و چالاکانی کۆمەڵایەتیە. جارێ وەک خوێنەوارێکی حقوق خەیاڵتان ڕاحەت کەم باس کردن لە خودموختاری بە هیچ جۆرێک تاوان( جرم) نیە و هیچ دادگایەک ناتوانێ بە هۆی باس کردن لە مودلێکی سیاسی بۆ کوردستان کەس سزا بدات. ئەساسەن لە یاسادا، تاوان پێناسە کراوە.
ئەویش بریتیە لەو کارانەی وا لە یاسادا تاوانی بۆ دیاری کراوە کە دیارە لە یاساد قەد نەهاتوە کە باس کردن لە مودلێکی سیاسی جگە لە پارێزگا بوونی ئێران تاوانە؟
ئێستا مودولی دابەش کردنی جوغرافی-ئیداری لە ئێران پارێزگایە و ئەوە لە هیچ یاسایەکدا نەهاتوە کە هێڵی سوورە و کەس بۆی نیە بیگۆڕێت یا کەس بۆی نیە باسی گۆڕینی بکات و مودێلێکیتر بخرێتە بەر باس. لەوە گەڕین کە باسی خودموختاری بە هیچ جۆرێک تاوان نیە. با بینەوە سەر ئەوە کە بزانین خودموختاری چۆناوچۆنە و چۆن دەتوانێ مودلێکی باشتر لە ئێستا بێت؟
هەمووتان دەزانن کە خودموختاری چۆناوچۆنە و ئەگەریش کەس نەزانێت ئەوە با سێرچێکی سادە بکات و تواو بەڵام با باسی ئەوە بکەین کە بۆ بێت بە خواستی سەرەکی و گشتگیر. من پێم وایە جەخت لە سەر مافی چارەنووس، هەم مافێکی ڕەوایە و هەم سیاسەتێکی دروستە.