لە حوزەیرانی 2014 دا، چەكدارانی (داعش) توانییان شاری مووسڵ بگرن. مانگێك دواتر، رێكخراوی بەریتانی بۆ توێژینەوە لە كەرەستەی جەنگی (Conflict Armament Research) ، لەسەر داوای یەكێتیی ئەوروپا دەستی بە لێكۆڵینەوەیەكی مەیدانی كرد سەبارەت بەو ماتریاڵ و كەرەستانەی كە داعش بۆ دروستكردنی بۆمب سوودیان لێ وەردەگرێ. بۆ ئەو لێكۆڵینەوەیە، رێكخراوە بەریتانییەكە زانیاری لە هێزی پێشمەرگە، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، پۆلیسی فیدراڵیی عێراق، حەشدی شەعبی و ئەنجوومەنی سەربازیی یەكینەكانی پاراستنی گەل وەرگرتووە.
لێكۆڵینەوە مەیدانییەكە بۆ ماوەی 20 مانگ بەردەوام بووە. بە گوێرەی راپۆرتەكە، داعش لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا لەسەر ئاستێكی نیمچەـ پیشەسازی بۆمبی چێنراوی دروستكردووە كە لەلایەكەوە كوژرانی ژمارەیەكی زۆر سەرباز و خەڵكی مەدەنی لێكەوتووەتەوە، لەلایەكی دیكەشەوە گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیانی دواخستووە. سەبارەت بە ماتریاڵی بۆمبە چێنراوەكان، راپۆرتەكە ئاماژە بە دوو خاڵ دەدات كە هۆكاری ئەوەن داعش لەو ئاستە بەرفراوانەدا پشتیان پێ ببەستێت: یەكەمیان هەرزانیی ماتریاڵەكانە، دووەمیشیان ئەوەیە كە زۆربەی ئەو ماتریاڵانەی بۆمبی چێنراویان لێ دروست دەكرێ، ماتریاڵی ئاسایین و پێویستیان بە مۆڵەتی حكومەت نییە بۆ ئەوەی لە وڵاتانەوە هەناردە بكرێن. بۆیە گواستنەوەی ئەو ماددانە لە وڵاتانی دیكەوە بۆ عێراق كەمتر لەژێر وردبینیی حكومەت و دەزگا ئەمنییەكاندا بووە.
لەماوەی 20 مانگ توێژینەوەی مەیدانیدا، تیمی (CAR) زیاتر لە 700 پێكهاتەی نێو بۆمبە چێنراوەكانیان پشكنیوە كە لەلایەن داعشەوە بەكارهێنراون، وڵاتی سەرچاوەی دیاری كردووە. بەپێی كاغەز و بەڵگەكان شوێن رێڕەوی ماتریاڵەكان كەوتووە. راپۆرتەكە جەخت لەوەش دەكاتەوە كە هیچ بەڵگەیەك نییە ئەو كۆمپانیا یان وڵاتانەی یەكەمجار ماتریاڵەكەیان لێ بەرهەم هاتووە راستەوخۆ ماتریاڵەكەیان بۆ داعش گواستبێتەوە. بەڵكو لە هەموو حاڵەتەكاندا بەرهەمهێنەرەكان بەشێوەیەكی یاسایی بازرگانییان بەو ماتریاڵانەوە كردووە و بۆ كۆمپانیاكانیان گواستووەتەوە و لەوێشەوە كەوتووەتە دەست ناوەند و یەكەی بچووكتری فرۆشتن و پاشان لەوانەوە گەیشتووەتە دەستی لایەنگرانی داعش.
بەگوێرەی راپۆرتەكە، یاساییبوونی بازرگانیكردن بەو ماتریاڵانە خاڵێكی گرنگە كە دەریدەخات یاسا و رێنماییە بازرگانییەكان تا چ رادەیەك لە خزمەت پیلانەكانی داعشدا بوونە. چونكە لەلایەكەوە زۆربەی ئەو ماتریاڵانەی لە دروستكردنی بۆمبە چێنراوەكاندا بەكاردەهێنرێن چاودێریی گواستنەوەیان لەسەر نییە و پێویستیان بە مۆڵەتی بازرگانی نییە، لەلایەكی دیكەشەوە ئەو كەرەستانەی چاودێرییان لەسەر نییە بەشێوەیەكی بەربڵاو لەلایەن كۆمپانیا و حكومەتەكانەوە بەكاردەهێنرێن، لەوانەش كۆنترۆڵی بۆمبە چێنراوەكان و ئەو كێبڵەی لە بۆمبە چێنراوەكاندا بەكاردەهێنرێ. زۆربەی ئەو كەرەستانە لەلایەن كۆمپانیای دروستكردنی رێگەوبان یان بەنداو بۆ تەقاندنەوەی شوێنەكان بەكاردەهێنرێن.
راپۆرتەكەی (CAR) ئەوەش دەخاتەڕوو كە نزیكبوونی وڵاتی كۆمپانیای بەرهەمهێنەر رۆڵێكی سەرەكیی هەیە لەوەی عێراق و توركیا دابینكەری سەرەكی ئەو ماتریاڵانە بن كە داعش بۆ دروستكردنی بۆمبی چێنراو بەكاریاندەهێنێت. ئەوەشی بۆ دەركەوتووە كە ژمارەیەك لە یەكە بچووكەكانی فرۆشتن "بە ئەنقەست یان بێ ئەوەی پێی بزانن، ماتریاڵی پێكهێنەری بۆمبە چێنراوەكانیان بە خەڵكی سەر بە داعش فرۆشتووە".
تیمی ئامادەكاری راپۆرتەكە پێیانوایە گرنگترین خاڵ كە بۆیان دەركەوتبێ، ئەوەیە ماتریاڵەكان بە خێراییەكی بێ وێنە لە شوێنی بەرهەمهێنانەوە گەیشتوونەتە دەستی چەكدارانی داعش. بەپێی راپۆرتەكە، لە هەندێك حاڵەتدا "تەنیا یەك مانگی ویستووە" بۆ ئەوەی ماتریاڵەكان لە دوای گواستنەوەی یاساییان، لە بەرهەمهێنەرەوە بگاتە دەستی چەكدارانی داعش. ئەمە لەلایەكەوە ئەوە دەردەخات كە "حكومەت و كۆمپانیاكان چاودێریی گواستنەوەكە ناكەن" و لەلایەكی دیكەشەوە ئاماژەیەكە بۆ ئەوەی حكومەتەكان ئاگایان لەوە نەبووە كە "گرووپە تیرۆریستی و چەكدارییەكان ماتریاڵەكانی ناو بازاڕ بەكاردەهێنن".
50 كۆمپانیا و 20 وڵات
راپۆرتەكە 50 كۆمپانیای سەر بە 20 وڵاتی دۆزیوەتەوە كە پەیوەندییان هەبووە بەو ماتریاڵ و كەرەستانەی داعش لە بۆمبە چێنراوەكاندا بەكاری هێناون. كۆمپانیاكان بەرهەمهێنەر، فرۆشیار یان كڕیار و وەرگری ئەو ماتریاڵانە بوون، لەوانەش ماتریاڵە كیمیاییە بەراییەكان، سیمی بەكارهاتوو لە بۆمبەكاندا، تەقێنەرەكان، كێبڵ، وایەر و پێكهاتە كارەباییەكانی دیكە.
ماتریاڵ و كەلوپەلەكان بەسەر نۆ جۆری تایبەتدا دابەشكراون كە بریتین لە: مادە كیمیاییە بەراییەكان، سیمی بەكارهاتوو لە بۆمبەكاندا، فیوزی پارێزراو بوون، بارووت، كێبڵ و وایەر، نێرەری سیگناڵ، مایكرۆكۆنترۆڵەر، ترانزیستۆر، مۆبایل.
بەشداریی وڵاتان لە دروستكردنی بۆمبەكاندا
بە گوێرەی راپۆرتەكە، توركیا خاڵی سەرەكیی گواستنەوەی مادە كیمیاییەكان و كەلوپەلەكانە. 13 كۆمپانیای توركی لە بەرهەمهێنان یان نێوەندگیریی گواستنەوەی ئەو ماتریاڵانەدا بەشدار بوون كە داعش لە دروستكردنی بۆمبە چێنراوەكاندا بەكاریهێنابوون. لە هەندێك حاڵەتدا كۆمپانیا توركییەكان بەرهەمهێنەری سەرەكی كەلوپەلەكانن. بۆ نموونە لە هەموو ئەو بۆمبانەی راپۆرتەكە لە ماوەی 20 مانگدا تۆماری كردوون، وایەر و كێبڵی توركی بەكارهاتوون. لە هەندێك حاڵەتیشدا كۆمپانیا توركییەكان خاڵی گواستنەوە و بازرگانیكردنی ئەو مادە كیمیایی و كەلوپەلانەن كە لە بەرازیل، چین، هیندستان، رۆمانیا، رووسیا، هۆڵەندا و بەلجیكاوە بەرهەمهاتوون.
راپۆرتەكەی (CAR) ئەوەش دەخاتەڕوو كە زۆرینەی ئەو كۆمپانیا توركییانە كەلوپەل بۆ سووریا و عێراق هەناردە ناكەن. ئەمەش بەڵگەیە بۆ ئەوەی لایەنگر و دەستوپێوەندەكانی داعش لە بازاڕەكانی توركیا مادە كیمیایی و كەلوپەلەكانی دیكەیان كڕیوە و بۆ سووریا و عێراقیان گواستووەتەوە. هەر ئەمەش وای كردووە چاودێریكردنی گواستنەوەیان بۆ حكومەت و دەزگا ئەمنییەكان كارێكی ئاسان نەبێ.
كەلوپەلی هیندی
زۆربەی كەلوپەلە كارەباییە بەكارهاتووەكان لە بۆمبە چێنراوەكاندا (سیمی بەكارهاتوو لە بۆمبەكاندا، تەقێنەرەكان، فیوزەكان) لەلایەن حەوت كۆمپانیای هیندییەوە بەرهەمهاتوون. بەپێی راپۆرتەكەش، هەموو ئەو كەلوپەلانە پێویستیان بە مۆڵەتی یاسایی حكومەتی هیندستان هەبووە و بەشێوەیەكی یاساییش بۆ توركیا یان لوبنان گوازرابوونەوە.
داعش و مۆبایلی نۆكیا
بۆ ئەو بۆمبە چێنراوانەی لە دوورەوە كۆنترۆڵ دەكرێن، داعش مۆبایلی نۆكیای جۆری) RMـ 908/ مۆدێلی 105)ی بەكارهێناوە. لەو 10 مۆبایلەی كە داعش بۆ ئەم مەبەستە بەكاریهێناون و دەست تیمی ئامادەكاری راپۆرتەكە كەوتوون، هەشت دانەیان لە رێگەی كۆمپانیای ئەلئارینی ئیماراتی لە دوبەی، دەرینتن ئینتەرناشناڵی ئیماراتی و برایت پۆینت میدڵ ئیستی ئیماراتی دابینكراون و دوو دانەشیان لە هەولێرەوە دابینكراون.
مادە كیمیاییە بەكارهاتووەكان:
هەویری ئەلەمینیۆم:
ئەلەمینیۆمی تێكەڵكراو لەگەڵ كوود یەكێكە لە باوترین تێكەڵە كیمیاییەكان كە داعش بۆ دروستكردنی بۆمبی چێنراو پشتی پێدەبەستێت. رێكخراوە بەریتانییەكە لە نیسانی 2015 دا لە تكریت سەردانی ئەمبارێكیان كردووە كە داعش تێیدا ئەلەمینیۆم و كوود (ئامۆنیۆم نیرات)ی تێكەڵ كردبوو. هێزی جوندولئیمام لە ئاداری هەمان ساڵدا دەستیان بەسەر ئەمبارەكەدا گرتبوو.
بەگوێرەی راپۆرتەكە، هەویری ئەلەمینیۆمەكە لەنێوان ئاب بۆ ئۆكتۆبەری 2014 لەلایەن كۆمپانیای(Aldoro) ی بەرازیلی، (Alba Aluminiu) ی رۆمانی و (Sunrise Aluminium Pigments) ی چینی بەرهەم هاتووە. ئەو سێ كۆمپانیایەش بەرهەمەكانیان بۆ سێ كۆمپانیای توركی ناردووە بە ناوەكانی گوڵتاش كیمیا، ماریكەم و مەكتیم. ئەو سێ كۆمپانیا توركییەش دەڵێن ئەوان خۆیان ئەلەمینیۆم هەناردە ناكەن و ئاگاداریش نین كۆمپانیا كڕیارەكانیان چۆن و لە چ رێگەیەكەوە ئەلەمینیۆمەكەیان ئاودیوی سووریا و عێراق كردووە.
ئامۆنیۆم نیترات و پریلد یوریا
هێزی جوندولئیمامی عێراقی لە دوای جەنگی تكریت دەستیان بەسەر ئەمبارێكی ئامۆنیۆم نیتراتدا گرت كە داعش لە دروستكردنی بۆمبی چێنراودا بەكاریدەهێنان. ئامۆنیۆم نیترات یەكێكە لە جۆرەكانی پەینی كیمیایی كە لە كشتوكاڵدا بەكاردێت. ئەو پەینە كیمیاییە لەلایەن كۆمپانیای مەرت گڵۆباڵ (Mert Global)ەوە بەرهەمهێنرابوو.
لە كاتی هێرشەكەی سەر كۆبانێش، داعش مادەی پریلد یوریا (Prilled urea)یان بەكارهێنابوو كە ئەویش جۆرێك لە پەینی كیمیاییە. ئەو مادەیەی داعش لە بۆمبەكانی خۆیدا لە كۆبانێ بەكاریهێنابوون لەلایەن كۆمپانیایەكی رووسییەوە بەرهەمهێنرابوو كە دیار نییە لە كوێی رووسیا كاردەكات. بەرهەمەكان لەلایەن كۆمپانیای (EKM Gubre)ی توركییەوە لە توركیا دابەشكرابوون.
پرۆكسیدی هایدرۆجین
لە دووەم شەڕی تكریتدا، هێزەكانی پۆلیسی عێراق جلیكانێك پرۆكسیدی هایدرۆجین (Hydrogen Proxide) یان دۆزیبووەوە. ئەو مادەیە لە بنەڕەتدا بۆ سپیكردنەوەی كەلوپەلی ماڵەوە بەكاردەهێنرێ، بەڵام وەكوو مادەیەكی پێكهێنەر بۆ دروستكردنی بۆمبی چێنراوی دەستكردیش بەكاردێت.
بەپێی راپۆرتەكە، جیلكانەكەی كە لە تكریت دۆزرابووەوە، نیشانەی كۆمپانیایەكی هۆڵەندی پێوەبووە و بەشێك بووە لەو بارەی كە كۆمپانیایەكی بەلجیكی بەناوی سۆلڤای كێمیكاڵ (Solvay Chemical) بۆ كۆمپانیای دیڤەرسی كیمیا (Diversey Kimya)ی توركی گواستبووەوە. لە توركیاشەوە بۆ كۆمپانیای مازن رەزا خاناتی لە هەولێر گوازرابووەوە، دواتر هەر بە ئەلسافی دانۆن لە هەولێر و گرووپی كاروانچی لە كەركووك فرۆشرابوون.
كەلوپەلی كارەبایی بۆمبەكان
بەگوێرەی ئەو نموونانەی لە مەخموور و كۆبانێ دۆزراونەتەوە، زۆربەی ئەو كێبڵانە، تەقێنەرەكان و فیوزەكان لە هیندستان بەرهەمهاتوون. لایەنی دابەشكاری ئەو جۆرە كەلوپەلانەش لە توركیا و لوبنانن، لە هەندێك حاڵەتیشدا لایەنی دابەشكار دیار نییە. كۆمپانیای ئیلچی (Ilci) یەكێك بووە لەو كۆمپانیایانەی كە كێبڵی تەقاندنەوەی لە هیندستانەوە گواستووەتەوە توركیا.
كۆمپانیاكە بە تیمی ئامادەكاری راپۆرتەكەی راگەیاندووە كە ئەوان "ئەو بەرهەمانەیان بە كۆمپانیای خاوەن مۆڵەت لە توركیا و وڵاتانی باڵكان فرۆشتووە". حكومەتی توركیاش فرۆشتنیانی بە عێراق و سووریا قەدەغە كردبوو. كۆمپانیای نیترۆماك دینۆ نۆبڵ (Nitromak Dyno Nobel)ی توركیش هەمان زانیاری پشتڕاست كردووەتەوە.
لە شوباتی 2015 لە كۆبانێ، رێكخراوی (CAR) دۆزینەوەی كێبڵێكی تەقاندنەوەی تۆمار كردووە كە بەرهەمی كۆمپانیای پریمەر ئیكلۆسیڤز (Premier Explosives)ی هیندی بووە. ئەو كۆمپانیایە لە 2009 بۆ 2010 زیاتر لە شەش ملیۆن مەتر لەو جۆرە كێبڵەی بە كارگەیەكی حكومەتی سووریا فرۆشتبوو. تیمی ئامادەكاری راپۆرتەكە دڵنیانین ئاخۆ ئەو كێبڵەی لە كۆبانێ دۆزیبوویانەوە لە ئەمبارەكانی حكومەتی سووریا تاڵان كراون یان نا.
تەقێنەر:
بەگوێرەی راپۆرتەكە، داعش دوو جۆر تەقێنەر بەكاردەهێنێت كە یەكێكیان سادەیە و ئەوەی دیكەیان كارەباییە. زۆربەی ئەو نموونانەی لە كۆبانێ، توزخورماتوو، هەولێر و كەركووك دۆزراونەتەوە، بەرهەمی دوو كۆمپانیای هیندین كە یەكێكیان ئیكۆنۆمیك ئێكسپلۆسیڤز (Economic Explosives) و ئەوەی دیكەیان راجاستهان ئێكسپلۆسیڤزن (Rajasthan Explosives) . لە زۆربەی حاڵەتەكانیشدا دۆكیۆمێنتی گواستنەوە و بازرگانی كەلوپەلەكان بەردەست نییە.
پێكهاتەی بۆمبەكانی داعش
- مادە كیمیاییە بەراییەكان
- سیم
- فیوزی پارێزراوبوون.
- بارووت
- كێبڵ و وایەر.
- نێرەری سیگناڵ.
- مایكرۆكۆنترۆڵەر.
- ترانزیستۆر
- مۆبایل
پێكهاتە كیمیاییەكانی بۆمبەكانی داعش
- پرۆكسیدی هیدرۆجین
- ئامۆنیۆم نیترات و پریلد یوریا
- هەویری ئەلەمینیۆم
7/6/2017