مانگی پێشوو ئاژانسی هەواڵگریی ئەمریكا ژمارەیەك دۆكیۆمێنتی نهێنی بڵاوكردەوە كە تێیدا زانیاریی نوێ خراونەتەڕوو سەبارەت بە بەشداریی ئاژانسەكە لە كودەتای 1953ی ئێران. بڵاوبوونەوەی ئەو بەڵگەنامانە جارێكی دیكە ئەو دەنگۆیانەی گەرمتر كرد كە باس لەوە دەكەن ئیدارەی ئەمریكی بیر لە گۆڕینی حکومەتی ئێران دەكاتەوە. رۆژێك پێش بڵاوبوونەوەی ئەو دۆكیۆمێنتانە، رێكس تیلەرسن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، لەبەردەم لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران رایگەیاند كە وەزارەتەكەی هێشتا سیاسەتێكی تەواوی بۆ ئێران دانەڕشتووە، بەڵام دانی بەوەدانا یەكێك لە بژارەكان "كاركردنە بۆ پشتگیری لەو هێزانەی لەنێوخۆی ئێراندا هەن" و دەتوانن لە گواستنەوە و گۆڕینی ئاشتییانەی دەسەڵات لە ئێراندا رۆڵی سەرەكی ببینن.
لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا سێ ئامانجی سەرەكی لە سیاسەتی ئیدارەی ترەمپ بەرامبەر بە ئێران بەدی دەكرێت. یەكەمیان جێبەجێكردنی سەختگیرانە و پێداچوونەوەی بنەڕەتی بە رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی نێوان ئێران و زلهێزەكانە، دووەمیان رێگریكردنە لە فراوانتربوونەوەی دەسەڵات و نفوزی ئێران لە ناوچەكە. سێیەم ئامانجیش بریتییە لە بەهێزكردنی هاوپەیمانەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە تاوەكو بتوانن بەرپەرچی فراوانخوازییەكانی ئێران بدەنەوە.