بزووتنەوەی کۆماریخوازانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێوایە: کورد به گشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لەبەردەم تاقیکاریەکی گەورەی مێژووی و ئەزموونێکی گرینگ و چارەنووسسازدایه، بۆیە به هەموو شێوەیەک پشتیوانی و پشتگیری خۆی بۆ پڕۆسەی ڕێفڕاندۆم و دیاریکردنی مافی چارەنووس و سەربەخۆیی ڕادەگەیەنێت.
وەک ئاگادارن له دانیشتن و کۆدەنگیەکی فەرمی حیزب و لایەنەکانی کوردستانی باشوور و به سەرپەرشتیاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەنابی مەسعوود بارزانی، رۆژی ۲۵ی سێپتامبەر بۆ گشت پرسی دیاری کرا .
گشت پرسی (ڕێفڕاندۆم) بۆ دیاریکردنی مافی چارەنووس و سەربەخۆیی له هەرێمی کوردستان له ژێر چاوەدێری نوێنەرایەتی نەتەوه یەکگرتووەکان و نوێنەرانی یەکیەتی ئورووپا، و چەندین وەڵاتیتر بەڕێوه دەچێت..
ڕوانگەی بزوتنەوەی کۆماریخوازانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ پرسی ڕێفراندۆم له هەرێمی باشووری کوردستان ئەرێنیه و خوازیاری ڕێگای ئاشتی و دیالۆگە لەم چوارچێوەیەدا. بزووتنەوەی کۆماریخوازان ئەو پەڕی هەوڵ و پێوەندیەکانی دەخاتەگەڕ تا هێز و لایەنەکانی باشووری کوردستان و پارچەکانیتر لەسەر ئەساسی هاوپەیوەندی نەتەوەیی و چارەسەری دێموکڕاتیکانە و سازانی نیشتمانی به هاودەنگیەکی ئەڕێنی و گوتنی دەنگی بەڵێ بۆ پڕۆسەی ڕێفڕاندۆم به شێوەی دێموکڕاتیک ئەسڵی سەروەری سیاسی/نەتەوەیی بۆ ساغکردنەوەی کیانی کورد له باشوور بچەسپێنن.
بزووتنەوەی کۆماریخوازان دوای پرۆسەی ڕێفڕاندۆم و لە قۆناغی سەربەخۆیی دا "دەوڵەتی نەتەوەیی-دێموکڕاتیکی کوردستان به هێمای کۆتاییهاتن به ستەمی نەتەوەیی و بووژاندنەوەی چاندی و گەشەپێدان به شوناسی سیاسی و برایەتی نێوان گەلان و هاوژینی به ئاشتی دەزانی". چاوەڕوانین له هەموو دەوڵەتانی حاکم بەسەر کوردستان و گەلانی دراوسێ که وەک چۆن پشتیوانی و پشتیگری خۆیان بۆ گەلانی زوڵملێکراو لەو پەڕی جیهان دا نیشان دەدەن، به هەمان شێوەش به دڵفراوانی و ببری کراوه و چاوی ڕێزەوه بڕاوننه سەربەخۆیی و ستاتۆی مۆدێڕن و کیانی سیاسی کوردان لە کوردستانی باشوور و حە لی پرسی کورد لە هەموو بەشە کانی کوردستان.
هەر بۆیەشە بزووتنەوه کۆماریخوازان لەسەر ئەو باوەڕەیه که کۆتایی هەموو کێشه و شەڕێک ئاشتی و گەڕانەوه بۆ سەر مێزی دیالۆگ و وتووێژی نێوان لایەنەکانە، جا چ له چوارچێوەی ڕێکخستنی ناو ماڵی کوردیدا بێت یان له گەڵ ئەو دەوڵەتانەی که له گەڵ پرسی کورد بەرەوڕوون و دەبێ ڕێگاحەللی دێموکڕاتیک ڕەچاوبگرن و قەبووڵی ئەمری واقع و هێز و کەسیەتی کورد بکەن.
بزووتنەوەی کۆماریخوازان لەسەر ئەو بڕوایەیه که نۆستالۆژی کۆماری سەربەخۆی کوردستان بەڕێبەڕایەتی پێشەوا قازی محەممەد و نەمر بارزانی (۱۹۴۵) وەک دوو باسکی سیاسی/ نیزامی کیانی کوردی له ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەو هێزە دینامیکە بۆ هەر تاکێکی کورد مسەوگەر دەکات، کە هەروەک چۆن، کۆمار دوا ئامانجی ئیستراتیژیکی، ساغکردنەوەی دەوڵەتێکی میللی/ دێموکڕاتیک و سەربەخۆ بووە، هەر ئاواش هەنووکە پێویستە وە دەبێ رۆلەکانی نیشتیمانپەروەری کورد، بە ئەرک و رەسالەتی مێژووی و نەتەوەیی خۆیان لەپێناۆ ساغکردنەوەی کیانی خاوەن سەروەری سیاسی .هەستن،و یەکجار بۆ هەمیشە خۆیان لە بندەستی و نەهامەتی ژێردەستەبوون، رزگار بکەن.
بزووتنەوەی کۆماریخوازانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵوێستی ڕای گشتی جیهانی له مەڕ سەنگ و قورسایی کورد بەرز دەنرخێنی، ئەوەش شانازیکی گەورەیه بۆ کورد که له ناوچەکەدا کە کوردستان به وڵاتی هیواکان و ئاشتی و سەقامگیری و دێموکڕاسی ناوبانگی دەرکردووه. هەروەها حاشاهەڵنەگره که ئەمڕۆ کورد له ئاستی جیهانی شوێن و پێگەی بەرچاویی هەیه، بویە کوردستان له پڕۆژەی سیاسەتی کەلانی وڵاتانی زلهێزی جیهانی دایه، هەربۆیەش زلهێزانی جیهانی پلانی گۆڕانی ژئۆپۆلتیک و پرۆسێسی دێموکڕاتیزاسیۆنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست له کاناڵی کوردەوه دەبینن و له هەموو ڕوویەکەوه و بەتایبەت، سەبارەت بەم چەند خاڵه گرینگەی خوارەوه، کورد هەنووکە زیاتر بۆتە ڕۆژەڤ:
–ڕەوابوونی شۆڕشی نەتەوەیی کورد
–شەڕ له دژی تیرۆریسم
– پرسی مافی مرۆڤ و دادپەروەری کۆمەڵایە تی
–پەیرەۆ کردنی سیاسەتی حەکیمانە بۆ ڕاگرتنی باڵانسی هێز له نێوان زلهێزانی جیهانی و ناۆچەیی
–له بەرچاوگرتنی ئەسڵی پلۆڕالیسمی سیاسی
– چەسپاندنی ئەزموونی دێموکڕاسی سەردەم
–ڕێزگرتن له کەمینه ئەتنیکی و ئایینیەکان
–پەیوەندی چڕ و پڕ له ڕووی دیپلۆماسی و سیاسی له گەڵ زلهێزان و گرێدانی کوردستان بە بازاری ئابووری جیهانی...
کۆی ئەم خاڵانه وەک کارنامەی زێڕین و پڕشنگداری بزووتنەوەی مافخوازی نەتەوەی کورد و دەستکەوتە گرینگەکانی هەرێمی کوردستان پێناسە کراون.
پێویستە بزاندرێ به تێپەڕینی مێژوو و له ڕەوتی ژیانی سیاسی و تێکۆشان و فیداکاری و قوربانیدانی نەتەوەکان و ئاکامی شۆڕشی گەلان له جیهاندا، به سەدان وەڵات و دەوڵەتی نوێی دروست کراون و که تا ئەمڕۆش خاوەن قەوارەی کارگێڕی و سەروەری سیاسی و دەستووری نوێن بۆ پاراستنی بەها نەتەوەیی و ئاسایشی گشتی و پێشکەوتنی چاندی خۆیان. هەر بۆیە ڕێفراندۆم و مافی دیاریکردنی چارەنووس بۆ نەتەوه ئازادیخواز و مافخواز و ژێر دەستەکان مافێکی سروشتییه و ئەم پرسه گرینگه وەک ئەسڵ و خاڵێکی به رچاو له چوارچێوەی جارنامەی ڕێکخراوی نەتەوه یەکگرتووەکان و کۆنوانسیۆنه ناونەتەوەییەکان بو مافەکانی مرۆڤ ڕەوایی پێدراوه، کەواتە زەوت کردنی ئەو حەقه رەوایە له لایەن هەر هێز و جەریان و لایەنێک دێته خانەی فاشیزم و ئینکار و سڕینەوەی شوناسی کەسیەتی ئەو گەله شوناسخوازه و رزگاریخوازە، دژایەتی مافە نەتەوەیی و دێموکڕاتیک و مرۆییەکان به پێشێلکاری و ژێر پێنانی پڕنسیپ و یاسا نێونەتەوەییەکان، دێته ئەژمار.
بزووتنەوەی کۆمارخوازانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕێز له ئیرادەی گەلی کورد له باشووری کوردستان دەگرێ و هیواخوازە هەموولایەک ئەم دەستکەوته پڕ بەها و ئەو ئەزموونه پر لە بایەخه، که ڕووناکی و شکۆمەندی بۆ هەر چوارپارچەی کوردستان دەبەخشێ، بپارێزین و له هیچ هەوڵ و هیمەتێک بۆ پێشخستنی درێغ نەکرێت.
سەربەرزی و سەرکەوتن بۆ گەلی کورد
بەڵێ بۆ ئاشتی و برایەتی و مافی ڕەوا
بزووتنەوەی کۆماریخوازانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
١٤ی حوزەیرانی ٢٠١٧
٢٤ی جۆزەردانی ٢٧١٧ی کوردی
٢٤ خردادی ١٣٩٦