فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2024-11-15-02-43-47 ڕابردوو بەردەوام گرووپگەلێک هەبوون لە کوردستان کە بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیڕەویان لە خەباتی چەکداریی کردووە وەک ڕێبازێک بۆ گەیشتن بە مافەکانی کوردستانییان. بەڵام هەر...
2024-11-15-02-37-43ناودەبرێت، بۆ کوردەکانیش هێشتا بابەتێکە کە جێی گومان و پرسیارە؟، بەوپێیەی هەموان سیناریۆکانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریان لەساڵی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٥ لەپێش چاوە، کەچۆن ئەو...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

 

51831image1

سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە میانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریكا رایدەگەیێنێ هەر چارەسەرێكی سیاسی، دەبێ لەژێر رۆشنایی ئەو واقیعە تازەیە بێت، كە لە عێراقدا هاتووەتە ئاراوە.

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەری سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە 21ـ 6ـ 2014 لە سەلاحەدین مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ رۆبێرت بیكرۆفت، باڵیۆزی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە عێراق کۆبووەتەوە.

لە هەواڵەکەدا هاتووە: لە دیدارێكدا بارودۆخی ئەمنی و سیاسیی عێراق و پێشهاتەكانی ئەم دواییەی پارێزگاكانی نەینەوا و سەلاحەدین و ناوچەكانی دیكەی عێراق خرایە بەر باس و گفتوگۆ و هەروەها قسەیش لەبارەی چۆنییەتی و رێگەچارەی دەربازبوونی عێراق لەو قەیرانە سیاسی و ئەمنییە كرا كە عێراق تووشی بووە.

هەردوولا لەسەر ئەوە هاوڕابوون ، كە بۆ ئەوەی باری ئەمنیی عێراق بەرەو باشتربوون بچێت، "پێویستە پڕۆسەی سیاسیی عێراق راست بكرێتەوە".

هەر لەم دیدارەدا بارزانی جەختی لەوە كردەوە "سیاسەتی هەڵەی حكومەتی عێراق لە چەند ساڵی رابردوو ئەم دۆخەی هێناوەتە ئاراوە و بە پێویستیشی زانی كە هەر چارەسەرێكی سیاسی دەبێ لەژێر رۆشنایی ئەو واقیعە تازەیە بێت كە لە عێراقدا هاتووەتە ئاراوە".

22/06/214

 

51833image1

حكومەتی هەرێمی كوردستان فرۆشتنی نەوت بە وڵاتی ئیسرائیل بەشێوەی راستەوخۆ ‌و ناراستەوخۆ رەتدەكاتەوە‌و گوتەبێژی حكومەت دەڵێ "ئێمە نەوت بە كۆمپانیا دەفرۆشین، نەك وڵات".

ئاژانسی رۆیتەرز لە هەواڵێكدا بڵاویكردەوە كە نەوتی هەرێمی كوردستان چووەتە ئیسرائیل بۆ ئەوەی بەو وڵاتە بفرۆشرێت ، ئەوەش بەیاننامەیەكی تووندی وەزارەتی نەوتی عێراقی بەدواداهات و دەڵێ "چەند جارێك هەرێمی كوردستان نەوتی فرۆشتووەتە ئیسرائیل".

سەفین دزەیی،گوتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەو بارەیەوە لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو گوتی "هەرێمی كوردستان راستەوخۆ نەوت بە هیچ وڵاتێك نافرۆشێت ، وڵاتانیش بەهیچ شێوەیەك راستەوخۆ نەوت ناكڕن و كۆمەڵێك رێوشوێن هەن".

دزەیی روونیكردەوە "لە بازاڕەكانی دنیا نەوت بەو كۆمپانیایانە دەفرۆشرێت، كە كاری كڕین و فرۆشتن و ئاڵوگۆڕی نەوت دەكەن ، ئەو كۆمپانیانەش كە نەوتی هەرێمی كوردستان دەكڕن خۆیان سەرپشكن دواتر دەیفرۆشنە كامە وڵات". جەخیشیكردەوە "ئاگاداری ئەوە نین كە ئەو كۆمپانیایانە نەوتی هەرێمیان فرۆشتبێتە ئیسرائیل، بەڵام خۆشیان سەربەستن".

پێشتریش سەرچاوەیەكی بەرپرس لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی هەرێمی كوردستان ، لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند كە "ئێمە بە هیچ شێوەیەك ، بەشێوەی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ نەوتمان نەفرۆشتووەتە ئیسرائیل".

هەروەها هەمان سەرچاوەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی هەرێمی كوردستان ئەوەشی راگەیاند "ئەو هەواڵە میدیاییانە بەمەبەستی زیاتركردنی ئاڵۆزی لەنێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵیی عێراق بڵاودەكرێنەوە، بەبێ ئەوەی پشتیان بەهیچ بەڵگە و راستییەك بەستبێت"

22/06/2014

musl2062014bb

 

لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئاشكرایكرد، پرۆسەی پاككردنەوەی ناوشاری موسڵ لەچەكدارەكانی داعش دەستپێدەكات، ئەمڕۆش داعش مەزارگەیەكی موسڵمانان و ئێزدی لەتەلەعفەر تەقاندەوە .

ئەسكەندەر وەتوت، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەخەندانی راگەیاند،" پرۆسەی كێوماڵكردنی ناوشاری موسڵ لەلایەن هێزە ئەمنیەكانی عیراق بەمزوانە دەستپێدەكات "، وتیشی: پرۆسەكە دوای ئامادەكاریی پێداویستیەكانی ئەو پرۆسەیە و كۆكردنەوەی زانیاری تەواو لەسەر رێوشوێنی چەكدارەكانی داعش دەبێت لەو شارە.

بەوتەی ئەسكەندەر وەتوت، " وادەی دەستپێكردنی پرۆسەی كێوماڵكردنەكە دانراوە بۆ سەركردایەتی گشتی هێزە چەكدارەكان و فەرەماندەی مەیدانی، هەروەك پرۆسەی كێوماڵكردنەوە بەتەنها پارێزگاری نەینەوا ناگرێتەوە، بەڵكو سەرجەم ناوچەكانی دیكەش دەگرێتەوە كە لەژێر كۆنترۆڵی داعش دان".

لەناو قەزای تەلەعفەری سەر بە پارێزگای نەینەوا چەكدارەكانی داعش، ئەمڕۆ هەینی ( 20 حوزەیران 2014)، مەزراگەی(خدر ئەلیاس) یان تەقاندەوە كة لەلای موسڵمانان و ئێزدی پیرۆزە.

سەعید مەموزینی كارگێری لقی 14ی پارتی لە موسڵ بە خەندانی راگەیاند، "چەكدارانی داعش لە سنوری پارێزگا نەینەوا، لەكاتی چوونیان بۆ ناو قەزای تەلەعەفەر، مەزارگەی (خدر ئەلیاس) یان تەقاندەوە كە مەزارگەیەكی هاوبەشە لە نێوان هەردوو ئایینی ئیسلام و ئێزدی" .

سەعید مەموزینی وتیشی: جگە لەو مەزارگەیە، چەكدارانی داعش هەوڵی تەقاندنەوەی چەند مەزارگەیەكی تریان لەناو شاری موسڵ داوە، لەوانەش مەزارگەی (نەبی یونس) كە دەكەوێتە گەڕەكە كورد نشینەكانی ئەوشارەوە.

سەبارەت بەدوا پێشهاتەكانی بارودۆخی پارێزگای نەینەوا مەموزینی وتی: ماوەی چەند رۆژێكە شەڕوپێكداندانی توند لە نێوان چەكدارانی داعش و سوپای عیراق لەناو قەزای تەلەعفەر بەردەوامی هەیە، بەجۆرێك ماوەیەك قەزاكە دەكەوێتە دەست داعش و ماوەیەكی تر دەكەوێتەوە دەست سوپای عیراق.

21/06/2014

 

 

obama562014bb

 

سەرۆكی ئەمریكا، دوایین هەڵوێستی وڵاتەكەی لە بارەی عێراق ئاشكراكرد و رایگەیاند "یەكپارچەیی عێراق بە سوپای ئەمریكا ناپارێزرێت".

باراك ئۆباما، سەرۆكی ئەمریكا، رۆژی هەینی دوایین هەڵوێستی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكای لە بارەی عێراق ئاشكراكرد و رایگەیاند، "ئەمریكا بە پەنابردنەبەر هێرشی سەربازی، ناتوانێت عێراق بەیەك پارچە بهێڵێتەوە و ئەوە بە سوپای ئەمریكا ناكرێت".

ئۆباما ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، كە ئەمریكا قوربانی زۆریدا بۆ ئەوەی دیموكراتیەت لە عێراق دروستبێت و سەركردەكانی عێراق بەیەكەوە كاربكەن، بەڵام "ئەگەر سەركردەكانی عێراق خۆیان مەیلی بەیەكەوە كاركردنیان نەبێت، ئەمریكا ناتوانێت بە زۆری و زۆردارەكی عێراق بەیەكپارچەیی بهێڵێتەوە".

ئۆباما لەبارەی تێروانینی ئەمریكا بۆ عێراق و ئاگاداریی سەركردەكانی عێراق لەو سیاسەتەی ئەمریكا، ئۆباما گوتی "ئەوەم زۆر بە روونی و بە راشكاوی بە هەریەك لە نووری مالیكی، سەرۆك وەزیران و سەركردەكانی دیكەی عێراق گوتووە".

ئۆباما لەبارەی پەرەسەندنەكانی بارودۆخی عێراق گوتیشی، "ئێستا دەرفەتەكە لەكیس چووە، ئەمریكا زۆر هەوڵیدا بتوانێت، كرانەوە و دیموكراسی لە عێراق بۆ هەموو پێكهاتەكان دروستبكات و رێگا لە پارچەپارچەبوونی عێراق بگرن و دوارۆژێكی گەشتر بۆ منداڵەكانیان دابینبكەن، بەڵام بەداخەوە متمانە لەنێوان پێكهاتەكانی عێراق نەما".

21/06/2014

 

 

 

nawte

 

ئەو دوو کەشتییەی هەڵگری نەوتی هەرێمی کوردستان بوون و لە کەناراوی جەیهان-ی تورکییەوە بەرەو بازاڕەکانی جیهان بەڕێکەوتبوون، فرۆشران. دوو کەشتیی دیکەش بەڕێوەن و بەمزووانە دەست بە فرۆشتنی نەوتەکەی ناویان دەکرێت. وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە، راشیدەگەیەنێت کە “کەشتیی سێیەم و چوارەمیش لەڕێگەی کەناراوی جەیهانەوە دەگەیەندرێنە بازاڕەکانی جیهان”.

دووەمین کەشتیی نەوتی هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن بەرمیلی پێبوو و بەگوتەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان “گەیشتووەتە دەستی کڕیارەکانی”. ئەو وەزارەتە لە راگەیەندراوێکدا باسی ئەوەیکردووە کە “شانازی بەو قەڵەمبازە گەورەیەوە دەکات، کە سەرەڕای لەمپەر دروستکردن بۆ ماوەی سێ هەفتە و هەڕەشە و تەدەخولی بێ بنەمای بەغدا، لەدژی خاوەنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان و کڕیار و فرۆشیارە نێودەوڵەتییەکان، گەیشتووەتە ئەنجام”

21/6/2014

 

barezanet

 

سەرچاوەیەکی ڕۆژنامەوانی لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیەندراوێک سەبارەت بەو هەڕەشانەی لە بەغدا و ناوچەکانی تری عێراق دەکرێنە سەر کورد، بڵاوده‌كاته‌وه‌.

له‌ راگه‌یندراوه‌كه‌دا، هاتووه‌ :"دوای ڕووداوەکانی ئەم دواییەی موسڵ و ناوچەکانی ناوەڕاستی عێراق، قەیس خەزعەلی، ئەمینداری ئەو گروپەی خۆیان بە (عصائب اهل الحق) دەناسێنن، کەتوونەتە بڵاوکردنەوەی هەڕەشە و لێدوانی شۆڤینیانەی پڕ لە ڕق و کینە بەرانبەر کوردی نیشتەجێی بەغدا و شارەکانی تری عێراق.

ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕوو، كه‌ کەسێکی وەک قەیس خەزعەلی کە هەموو کەس دەزانێ چ ڕابردوویەکی هەیە هەرگیز ناتوانێ کورد بترسێنێت، بەڵام بە ڕاشکاوی ڕایدەگەیەنین، هەرچییەک ڕووبدات بەرپرسیارێتییەکەی دەکەوێتە ئەستۆی ناوبراو (وه‌ك له‌ راگه‌یندراوه‌كه‌دا هاتووه‌).


ده‌قی‌ راگه‌یندراوه‌كه‌ :

ڕاگەیەندراوێک سەبارەت بەو هەڕەشانەی لە بەغدا و ناوچەکانی تری عێراق دەکرێنە سەر کورد

دوای ڕووداوەکانی ئەم دواییەی موسڵ و ناوچەکانی ناوەڕاستی عێراق، قەیس خەزعەلی، ئەمینداری ئەو گروپەی خۆیان بە (عصائب اهل الحق) دەناسێنن، کەتوونەتە بڵاوکردنەوەی هەڕەشە و لێدوانی شۆڤینیانەی پڕ لە ڕق و کینە بەرانبەر کوردی نیشتەجێی بەغدا و شارەکانی تری عێراق. ناوبراو هەر بەوەش نەوەستاوە و ئەندامانی گرووپەکەی هان داوە کە لەو ناوچانە هەڕەشە لە کورد بکەن و هەڕەشەکانیشیان لە ڕاگەیاندنەکاندا بڵاو بکەنەوە.

خەڵکی کوردستان چاویان لەوەیە مەرجەعە بەڕێزەکانی شیعە و حزب و کەسایەتییەکانی شیعە لە بەغدا و باشووری عێراق ڕۆڵی خۆیان بگێڕن و ڕێگە نەدەن ئەو دەنگە نەشازانە ببنە هەڕەشە لەسەر تەبایی و پیکەوە ژیان و ئەوانە بێ دەنگ بکەن کە دەیانەوێ فیتنە و ئاژاوە بنێنەوە.

کەسێکی وەک قەیس خەزعەلی کە هەموو کەس دەزانێ چ ڕابردوویەکی هەیە هەرگیز ناتوانێ کورد بترسێنێت، بەڵام بە ڕاشکاوی ڕایدەگەیەنین، هەرچییەک ڕووبدات بەرپرسیارێتییەکەی دەکەوێتە ئەستۆی ناوبراو .

پێویستە حکوومەتی عێراق بەرپرسیارێتیی یاسایی خۆی لە پاراستنی کوردی دانیشتووی بەغدا و ناوچەکانی تری عێراق و سەرجەم هاووڵاتییان بە باشی جێبەجێ بکات و جێگەی پرسیارە چۆن دەبێ لە پایتەختی وڵاتدا گرووپێک بتوانن بە ئاشکرا هەڕەشە لە هاووڵاتییان بکەن؟

سەرچاوەیەکی ڕۆژنامەوانی لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان

19/6/2014

barezaniiii

 

ئەو گفتوگۆ تەلەفۆنییەی لەنێوان مەسعود بارزانی و جۆ بایدن كراوە بۆ راوێژكردن بووە دەربارەی دوایین گوتاری سەرۆكی ئەمریكا. سەرچاوەیەكی ئاگادار لە حكومەتی ئەمریكا لە واشنتن بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: “جێگری سەرۆك كۆماری ئەمریكا ویستوویەتی راوێژ لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا بكات دەربارەی نێوەڕۆكی ئەو گوتارەی باراك ئۆباما دواتر خوێندوویەتەوە”.

ئۆباما لە گوتارەكەیدا، كە رۆژی ١٩/٦/٢٠١٤ پێشكەشیكرد، جارێكی دیكە دووپاتیكردەوە كە سەربازانی ئەمریكی نانێردرێنەوە عێراق و وڵاتەكەی تەنیا لەڕووی ئەمنی و سەربازییەوە “هاریكاری” پێشكەشی عێراق دەكات. هەروەها داوایكرد پەلە بكرێت لە كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق و رێگە نەدرێت شەڕی دژایەتیی تیرۆر بكرێتە شەڕێكی تائیفی.

سەرچاوەكەی رووداو لە واشنتن ئەوەی پشتڕاستكردەوە كە بایدن و بارزانی باسی ئەو بابەتانەیان كردووە، هەروەها “باسی ئەگەرەكانی بە خراپ سوودوەرگرتنی نووری مالیكی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە پشتیوانیی ئەمریكایان كردووە”. بەگوتەی ئەو سەرچاوەیە لەنێوان بارزانی و بایدندا “لێكتێگەیشتن هەبووە لەسەرئەوەی كە نەدەبووایە مالیكی لەجیاتی ئەوەی بەشێك بێت لە چارەسەر ببێتە بەشێك لە كێشە”.

بەپێی لێدوانی گوتەبێژێكی نووری مالیكی بۆ میدیاكانی بەریتانیا، لە رۆژانی رابردوودا حكومەتی عێراق داوای پشتیوانیی سەربازیی لە ئەمریكا كردووە، بەڵام ئەو دەوڵەتە مەرجی پێشكەشكردنی ئەو هاوكارییەی بەوە داناوە كە مالیكی دەست لەكار بكێشێتەوە. گوتەبێژەكەی مالیكیش بە میدیا بەریتانییەكانی گوتووە سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەو پێشنیازەی رەتكردووەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، بەپێی زانیارییەكانی سەرچاوەكەی رووداو لە واشنتن، “حكومەتی ئەمریكا خۆی ئامادە دەكات بۆ چالاكییەك لەنێو عێراقدا لەدژی چەكدارانی داعش، بەڵام دیارنییە قەبارەی ئەو چالاكییە چەند دەبێ و چۆن جێبەجێ دەكرێت”.

20/06/2014

 

 

 

logoi bdp_-_komarixwazan

komariixwaz3

 

کۆماریخواز/ ناوەندی هەوال/ هەۆلێر  

 

رۆژی دووشەممە بەرانبەر به 16/06/2014 شاندی پارتی کۆماری کوردستان که پێک هاتبوون له کاک هەژار زراری سکرتێری ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی حزبی ڕزگاری كوردستان، و هه‌ڤاڵ تەحسین نانەکەلی ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی بەشی پەیوەندییەکان، سەردانی بارەگای نوێنەرایەتی بزووتنەوەی کۆماریخوازانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانییان له شاری هەۆلێر کرد و له لایەن نوێنەری بزوتنەوە کاک هیوا مەۆلانایی،و بە یاوەری چالاکوانانی بزوتنەوه که پێک هاتبوون له: کاک سالح برناس، کاک هیوا غونچەگوڵان، کاک حسین سالحی، کاک هەژار تەوەسولی، کاک ژیلوان شەمامی و کاک شارام مێرزایی، به گەرمی پیشوازییان لێ کرا.

لەم دانیشتنەدا سەرەتا کاک هیوا مولانایی نوێنەری بزوتنەوەی کوماریخوازانی رۆژهەلاتی کوردستان به گەرمی بە خێرهاتنی میوانانی کرد و سەبارەت به بارودۆخی رۆژهەلاتی کوردستان و پەرەسەندنی خەباتی نوێ و سەردەمیانەی هەنووکەیی کورد که بزووتنەوەی کۆماریخوازان دەستپێکەری ئەۆ شێوازە لەخەبات بووه روونکردنەوەی ئاراستەی شاندی میوان کرد و گووتی بێ شک رەۆتی ئاڵووگۆر و گۆرانکارییەکانی جیهانی، ناۆچەیی و کوردستانی، پێویستیان بە شێوە خەباتێکی نوێ بوو، هەر بۆیەشە دامەزرێنەرانی بزووتنەوه، بۆ بەرەۆپێش چوونی تێکوشانی مافخوازانەی کورد له رۆژهەڵاتی کوردستان، لەسەر بنەمای تیئۆرییەکی سەردەمیانه چالاکییەکانیان دەست پێ کرد.

لە درێژەی ئاخافتنەکاندا، کاک هەژار زراری سکرتێری ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی حزبی ڕزگاری کوردستان، سەرەتا ئاماژەی به پەیوەندییه پتەوەکانییان له گەل پارته ڕۆژهەلاتییەکان کرد و گووتی هەر یارمەتی و هاۆکارییەک لەگەل هەر لاییەنێکی کوریدا بە ئەرکی نەتەوەیی دەزانین و نابێت لەمبووارەدا کەمتەر خەم بین. کاک هەژار له درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی به بارودۆخی ئەمرۆی کوردستانی باشور کرد و یەکگرتن و هاوبیری لەم دۆخە هەستیارەدا، به گرینگترین خاڵی هاۆبەشی کوردایەتی ناۆ برد.

له درێژەی دانیشتنەکەدا هه‌ڤاڵ تەحسین نانەکەلی ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی بەشی پەیوەندییەکان، ئاماژەی به یەکبوونی بنەما فکرییەکانی هەر دوو پارتی کۆماری و کۆماریخوازانی کرد و گوتی ئێمه له ساڵی رابردوو پەیوەندییەکانمان لەگەل بزوتنەوەی کۆماریخوازان دەست پێکرد و لەسەر بنەمای هاۆبیریمان پەیوەندییە دوو قۆلیەکانمان پتەوتر کردووه.هەروەها ئاماژەی به مێژوی خەباتی کورد کرد و پاراستنی دەسکەۆتەکانی ئەۆ خەباتەی به ئەرکێکی پیرۆز و نەتەوەیی نرخاند.

لەتەوەرێکی تردا، هەر دوو شاندی میوان و خانەخوێ، بە ئاراستەکردنی چەند پرسیارێکی تایبەتی سەبارەت بە هەل ومەرج و رەوشی هەستیاری ناۆچەیی، و ئێستا و داهاتووی کوردان لە ئێران وعراق، و تاۆوتوێکردنی ئەو گوڕانکارییانه، کۆتاییان بە دیدارەکە هێنا، و شاندی پارتی کۆماری کورستان، پاڵپشتی خۆی لە بزووتنەوەی کۆماریخوازانی رۆژهەلاتی کوردستان دووپات کردوە، و دوو لایەن لەسەر درێژەی دیدارەکان و رەخساندنی دەرفەت بۆ دیداری زیاتر و قایم‌راگرتننی پەیوەندی دوو قۆلیان پێداگریان کرد، و سەرئەنجام شاندی میوان بە ئەۆپەڕی ڕێز و حورمەتەوە بەڕێ کران.

19/6/2014

 

komarixwaz1

 

 

 

baxtyar

 

سه‌باره‌ت به‌ ئاماده‌كاریه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان بۆ شه‌ڕی‌ داعش، به‌ختیار عه‌لی‌ ده‌ڵێت لە بەرامبەر هێزو‌و گروپی وه‌ك (داعش)دا هەموو تاڪێڪ بۆ ڕزگارڪردنی ژیانی خۆی ئیشدەڪات‌و ده‌یشڵێت، "لە خۆرهەڵاتدا بە گشتی، مرۆڤ بۆ مرۆڤ وەڪ مرۆڤ نییە، بەڵڪو تەنیا زیندەورێڪە و هیچی دی."

ده‌رباره‌ی‌ ئه‌و هه‌وڵه‌ی‌ له‌ هه‌رێمی كوردستاندا خه‌ڵكانێكی سڤیل ده‌ستیان پێكردووه‌ بۆ چه‌ك هه‌ڵگرتن‌و روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی‌ داعش، توانا ئه‌مین، چیرۆكنوس، گفتوگۆیه‌كی له‌گه‌ڵ نوسه‌ر‌و رۆماننوس، به‌ختیار عه‌لی‌، ئه‌نجامداوه‌‌و له‌ په‌یجی تایبه‌تی خۆی‌ له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك بڵاویكردۆته‌وه‌، له‌و گفتوگۆدا به‌ختیار ده‌ڵێت، "لە بەرامبەر ئەمجۆرە گروپانەدا مرۆڤ ناتوانێت قسە لە سوود و قازانج بڪات. لێرەدا هەموو تاڪێڪ بۆ ڕزگارڪردنی ژیانی خۆی ئیشدەڪات. وەڪ چۆن لەسەردەمی نازییەتدا جوولەڪەیەڪ ئەوپەڕی بیتوانیایە ژیانی خۆی لە گرتن و دەستبەسەری لە ئاوشفیتز و هۆلۆڪۆست قوتاربڪات."

ده‌یشڵێت، "چەمڪی بەرگری «مقاوەمەت» لەم دۆخانەدا بەرگرییە لە «ژیانی ڕووت»... بە بڕوای من دووجۆر لە بەرگریڪردن هەیە، یەڪێڪیان بەرگری ئینسانە لە ئایدۆلۆژیایەڪ، لە جیهانبینییەڪ، ڪە بەرەو بەرگری دەبات لە «دین» لە «شوناس» لە «خاڪ»، لەگەڵ بەرگریڪردن لە «ژیانی ڕووت»، لە «خۆت» دەمێڪ دەبیتە بوونەوەرێڪی زیندووی ڕووت و ژیانت دەڪەوێتە بەر مەترسییەڪی ڕاستەوخۆوەوە. تێزەڪەی من ئەوەیە ڪە فاشیزم بریتییە لە گەمارۆدانی ئەویدی تا ئەو ئاستەی نەتوانێت لە ژیانی رووتی خۆی زیاتر بەرگری لە هیچ بڪات. فاشیزم ڪورتڪردنەوەی ئینسانە بۆ «زیندەوەر»ێڪ... واتە بەلاوەنانێتی وەڪ «سوبێڪت» و وەڪ ڪەسێڪی «مافدار» و ڪورتڪردنەوەیەتی بۆ «زیندووییەڪ»، واتە مەخلوقێڪ هیچ ماف و نرخ و شوناسێڪی نییە بیپارێزێت."

به‌ختیار ئه‌وه‌شی راگه‌یاندووه‌ كه‌ "لە خۆرهەڵاتدا بە گشتی، مرۆڤ بۆ مرۆڤ وەڪ مرۆڤ نییە، بەڵڪو تەنیا زیندەورێڪە و هیچی دی. گەر سەیری فەیسبوڪی عەرەبەڪان بڪەیت، بە هەزاران ڕستە دەخوێنیتەوە دەربارەی ئەوەی «ڪورد مرۆڤ نین» «ڪورد ئاژەڵی ڪێوین» «شیعە ئادەمیزاد نین» «سوننە حەیواناتن»، گەر فەیسبوڪی ڪوردەڪانیش بگەڕێیت بەر هەزاران گوزارشت و ڕستەی لەوجۆرە دەڪەویت. بۆ ئەوەی ماشێنێڪی فاشیستیمان هەبێت، دەبێت مرۆڤێڪمان هەبێت ئەویدی وەڪ «ئاژەڵ» تەماشابڪات. لە خۆرهەڵات ئەو هێڵەی شوناسێڪ لە شوناسێڪ جیادەڪاتەوە، وەڪ ئەو هێڵەی لێهاتووە ڪە «مرۆڤ» لە «ئاژەڵ» جیادەڪاتەوە، واتە ئەو مێژووەی مرۆڤ هەیەتی بۆ خۆ جیاڪردنەوە لە ئاژەڵ، لێرەدا دووبارە زیندوودەبێتەوە، لە مێژوودا، لە پەیوەندی مرۆڤ بە مرۆڤدا دووبارەدەڪرێتەوە."

هه‌ربۆیه‌ "ئەوی بەرامبەرمان «مرۆڤ» نییە، بەڵڪو «زیندوییەڪە» «گیاندارێڪە» ڪە دەشێت هەر بەهانەیەڪی بچوڪ بەس بێت، ببێتە هۆی ڪوشتن و سوڪایەتی پێڪردنی. لەم ئاستەشدایە فەیلەسوفێڪی وەڪ ئاگامبن دەبێتە فەیلەسوفێڪی گرنگ بۆ ئێمە. ئەوەی لەم گۆڕەدا شوناسی هەیە ماشێنە فاشیستییەڪانن، واتە ئەو مەڪینە جەنگاوەرانەی ڪە بە ناوی نەتەوە و شوناس و مەزهەبەوە بەرامبەر یەڪ دەوەستن، ئیتر مرۆڤی ئاسایی تەنیا زیندەگییەڪی ڕووتە ڪە یان ئیشڪەری ماشێنەڪەیە یاخود خۆراڪی ماشێنەڪەیە. لێرەدا بۆ مرۆڤەڪان لۆژیڪی «مانەوەی ڕووت» ئیشدەڪات. مرۆڤ گەر هوشیار نەبێت و بە ناوی ماشێنەڪەوە بچێتە جەنگەوە، بە ناوی شیعە یان سوننە یان عەرەب یان تورڪمان یان ڪورد، دەبێتە بەشێڪ لەو ئامێرە فاشیستییە گەورانەی لێرەدا لە شەڕدان. بەڵام دەمێڪ ڪە تێگەیشت، دەزانێت بۆ ئەو وەڪ تاڪ تەنیا شتێڪ دەتوانێت شەڕی بۆ بڪات «ژیانی خۆیەتی»... ژیانێڪ ڪە بەدبەختانە، بۆتە قوربانی ئەو قاڵبە دینی یان نەتەوەییەی تێیدا لەدایڪبووە، ڪە بەردەوام دەیهاڕێت و وردیدەڪات و دەیگۆڕێ بۆ ڪەرەستەی جەنگ. ژیانی رووت بەپێی ئاگامبن واتە بوونەوەری بێ ماف، لە خۆرهەڵاتیشدا، و بەو مۆراڵە فاشیستییەی سەدەیەڪە گەورەدەبێت، هەموو ئەوانی دی، هەموو ئەوانەی وەڪ من نین، مرۆڤی بێ مافن، یان لە ڕاستیدا مرۆڤ نین و ژیانی ڕووتن. ئەم جەنگە گەرچی بە چەڪی سەدەی بیست و یەڪ دەڪرێت، بەڵام جەنگێڪی دڕندانەی سەرەتاییە، ئەوەی تێیدا سەرڪەوت دەبێتە پادشای جەنگەڵ و ئەوەی شڪا دەبێت بە ئاژەڵ."

به‌ختیار ده‌شڵێت، "لە دوا وێستگەی شەڕی نێوان ماشێنە فاشیستییەڪاندا، شەڕ لەوە دەردەچێت وەڪ شەڕی بیروڕا و ئایدۆلۆژیا بێت، بەڵڪو دەبێتە شەڕی هەندێڪ زیندەوەر ڪە تەنیا بۆ مانەوە دەجەنگن. لێرەدا مرۆڤ گەر نەزانێت ئەم جەنگە چ جۆرە جەنگێڪە، هەر هەڵوێستێڪ وەربگرێت لە نیگا و ڕوانگەی یەڪێڪ لە ماشێنەڪانەوە وەریدەگرێت، بە بڕوای من سیستمەڪە وا ئیشدەڪات ڪە هەمووان لە جەنگەوە بئاڵێن، فاشیزم بەجۆرێڪ لە جۆرەڪان هونەری ئاڵاندنی ئینسانە لە شەڕەوە، شەڕی سیاسی و نەتەوەیی و مەزهەبی. نزیڪی پەنجا ساڵیشە مرۆڤی خۆرهەڵاتی بەردەوام لەم جەنگە گەورانەوە دەئاڵێنرێت و بەردەوام واعیزە ئایدۆلۆژییەڪان شەرعییەت بەم جەنگە ترسناڪ و بێهودانە دەبەخشن، جوانی دەڪەن، بەهانەی سیاسی و ناسیونالیستی و مەزهەبی بۆ دەدۆزنەوە و وا دەیڕازێننەوە، تا جەنگاوەرەڪان خۆیان بە پێی خۆیان و بەو پەڕی حەماسەوە بەشداربن. ڕەنگە مرۆڤ زۆرجار ناچار بێت ئەم جەنگە بڪات، ڪە وادەڵێم بیر لە گەنجێڪ دەڪەمەوە ڪە ئێستا لە بەغداد ناچارە چەڪ هەڵبگرێت تا نەهێڵێت وەڪ ئاژەڵ سەری ببڕن. جەنگاوەری ئیمان و جەنگاوەری ژیان دوو شتی جیاوازن، وە ڕەنگە تاڪە جیاوازییەڪی ڕاستەقینە و رادیڪال و قووڵیش بێت ڪە ئێستا بوونی هەبێت. مرۆڤ دەبێت هەمیشە لە خۆی بپرسێت چ جۆرە جەنگاوەرێڪە؟ مرۆڤ دەبێت بزانێت جەنگ بەس بۆئەوە دەڪات نەگاتە دۆخی ئاژەڵێڪی دۆڕاو و سەربڕدراو... بە بڕوای من دەبێت لە دەرەوەی هەر وەهمێڪی ئایدۆلۆژیی و نەتەوەیی و دینی ئەو شەڕە بڪات، لەدەرەوەی هەر مۆتیڤێڪ خزمەت بە ماشێنە فاشیستییەڪان بڪات. بەوەشدا لە خۆرهەڵاتدا هێزی سیاسی جیاواز و مرۆڤدۆست بوونیان نییە، هێزێڪ شوناسی داخراوی نەبێت، ئامێرێڪی دینی یان مەزهەبی یان نەتەوەیی نەبێت، هەر بەو مانایەش جەنگاوەری ژیان هەمیشە جەنگاوەرێڪی تەنیایە... ڕەنگە ئەمجۆرانە لە جەنگاوەر ڪەم بن، بەڵام لەگەڵ ڪەمبوونیشیاندا تەنیا ئاماژەن بۆ ئەوەی ڪە ماشێنە فاشیستییەڪان ناتوانن سەرتاسەریی و بێ ڪەلێن بن، ناتوانن هەموومان بخۆن، هەموومان بڪەنە سوبێڪتی فاشیستی ڕامڪراو."

19/06/2014

 

peshm
ئەفسەرێكی پێشووی سوپای عێراق دەڵێت، بەهۆی ئەزموونی گەریلایی دوورودرێژیانەوە، هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان تەنیا دیوارن لەبەردەم هێرشی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش).

حكومەتە شیعییەكەی عێراق لە چەند رۆژی رابردوودا تووشی شۆك هات بەرامبەر لەدەستدانی كۆنترۆڵی دووەم گەورەترین شاری عێراق و داگیركردنی لەلایەن چەكدارانی داعش.

بە درێژایی نزیكەی 7 ساڵ، حكومەتی عێراق لە سێ پارێزگای عێراقدا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنبار بەبێ سەركەوتن سەرقاڵی شەڕی دژ بە تیرۆر بووە.

ئەو ئەفسەرەی سوپای پێشووی عێراق كە ئێستا شرۆڤەكاری ئەمنییە، دەڵێت چەكدارەكانی داعش لە ناوچە مەدەنییەكاندا خۆیان حەشار دەدەن و سوپا ناتوانێت رووبەڕوویان ببێتەوە لەو جۆرە شوێنانە.

"بۆ ئەوەی كۆنترۆڵی ئەو ناوچانە بكرێتەوە و زەرەری گیانی هاووڵاتیان زۆر نەبێت، حكومەت پێویستە شەڕی شەقام بە شەقام بكات و یەكەی سەربازی پیادە بنێرێتە نێو گەڕەكەكان". ئەو ئەفسەرە كە لە بەغداوە قسەی دەكرد، نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت. ئەو هەروەها پێیوایە هەندێك لە كاربەدەستانی عێراقی كارێكی باشیان كردووە كە داوای هاوكاری هێزەكانی پێشمەرگەیان كردووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش، چونكە وەك ئەو گوتی "پێشمەرگە ئەزموون و شارەزایی و زانیاری باشیان هەیە لە شەڕی ناو شاردا".

ئەفسەرەكە پێیوایە هێزەكانی پێشمەرگە كە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە فەرمانداری دەكرێن، هێزێكی گونجاوە بۆ رێگەگرتن لە پێشكەوتنی هێزەكانی داعش "چونكە ئەوان زانیارییان دەربارەی ناوچەكە هەیە و ئەو ناوچەیە نزیكە لە خۆیانەوە".

لەبەریەك هەڵوەشانی سوپای عێراق لە مووسڵ چەند رۆژێك دوای رادەستكردنی یەكەم فڕۆكەی F16ی ئەمریكی دێت بۆ عێراق. سەرۆك وەزیرانی عێراق نوری مالیكی داوای ئەو فڕۆكانە و هەندێك ئامێری دیكەی سەربازی لە ئەمریكا كردووە بۆ ئەوەی شەڕی دژ بە چەكدارانی پێبكات. رێككەوتنێكی چەند ملیۆن دۆلاری لە نێوان عێراق و ئەمریكا هەیە بۆ كڕینی چەك و تەقەمەنی ئەمریكی لەلایەن عێراقەوە.

بەڵام ئەو شارەزا ئەمنییە دەڵێت هێزی ئاسمانی ناتوانێت چۆك بە چەكداران دابدات "پشتبەستن بە هێزی ئاسمانی و گەمارۆدانی شارەكان بۆ ئەوەی چۆك بە چەكداران دابدەی، نەك هەر بێ سوودە، بەڵكو وای لە داعش كردووە كە دەسەڵاتی بگاتە سێ پارێزگا".

ئەو هەروەها گوتی گرتنی خێرای مووسڵ و ناوچەكانی دیكەی باكووری رۆژئاوای عێراق لەلایەن داعشەوە "ئەوە دەسەلمێنێت كە تاكتیكی سەربازی ئاژانسی ئەمنی عێراقی هەڵەیە، نا كاریگەرە و چاودێرییان نەخستووەتە سەر جموجۆڵی داعش".

شاری موسڵ 400 كیلۆمەتر لە باكووری بەغدا دوورە. هەر لەو كاتەوە كە سوپای عێراقی شوێنەكانیان چۆڵكرد، جلە سەربازیەكانیان دڕاند و هەڵهاتن لەكاتی پێشكەوتنی هێزەكانی داعشدا، ترس و تۆقین و بێ سەروبەری باڵی بەسەر شارەكەدا كێشا.

محەممەد ئەلشەممەری، 35 ساڵ، هاووڵاتییەكی موسڵە كە خۆی بۆ بەغدا هەڵهاتووە دەڵێت "هەزارەها كەس لە موسڵ هەوڵدەدەن بەرەو بەغدا یان بەرەو كوردستان هەڵبێن". ئەو هەروەها دەڵێت "زۆرینەی ئەو خەڵكە پێویستیان بە شوێنی مانەوە و نیشتەجێبوون هەیە".
ئەلشەممەری هۆشداری لەمەڕ هاتنە ئارای كارەساتی مرۆیی دەدا ئەگەر حكومەت بەدەم ئاوارەكانەوە نەچێت.

سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، ئوسامە نوجێفی كەوتنی موسڵی بە "داگیركاری بیانی" وەسف كردو چەكدارەكانی داعشی بە چەكداری بیانی و هاووڵاتی چەند وڵاتێكی جیاواز ناوبرد.
"ئەم گروپانە پشتگیری دەكرێن، بەڵام ئێمە دەبێت ئێستا تەركیز بكەینە سەر شكاندنیان و گێڕانەوەی وڵات بۆ سەر رێچكەی راست. دوای ئەوە دەتوانین لە سەرچاوەی پشتگیرییان بكۆڵینەوە". نوجێفی ئەم وتەیەی لەمەڕ ئەو لێكدانەوانە راگەیاند كە دەڵێن داعش پشتگیری ناوخۆییان هەیە.

مالیكی، ئەو سەرۆك وەزیرانەی كە مایەی ناكۆكیی سوننەكان و كورد و هەندێك گرووپی شیعیە، داوای كرد "هەر كەس دەتوانێت با چەك هەڵگرێت و بەرگری بكات لەدژی داعش".

بەڵام لە موسڵ تووڕەیی زیاتر رووبەڕووی حكومەتەكەی مالیكییە وەكو لە چەكدارەكانی داعش. پێشڕەویی چەكدارەكانی داعش پرسیاری جددی لەمەڕ توانای سوپای عێراقی كە لەلایەن ئەمریكاوە پشتگیری دەكرێن و مەشق پێدەكرێن هێناوەتە ئارا.

زۆر عێراقی دەپرسن چۆن سوپاكەیان كە بە چەكی قورس ئامادە كراوە، بەرامبەر بە هێزێكی چەكداری چەكی سووك، رووخاو بەرگری لە خۆی نەكرد؟

19/06/2014

US-WhiteHouse-Logo copy.jpg-bb

 

كۆشكی سپی جەختیان لەوەكردۆتەوە كە جێگری سەرۆك كۆماری ئەمریكا جۆ بایدن لەگەڵ هەریەك لە بارزانی و مالیكی و نوجێفی دەدوێت بۆ ئەوەی هانیان بدات بە رووی چەكدارانی (داعش) بوەستنەوە.

بە پێی هەواڵێكی ئاژانسی(رۆیتەرز) لە بەیاننامەیەكدا كە كۆشكی سپی بڵاویكردۆتەوە، رایانگەیاندووە" جۆ بایدن لە هەموو گفتوگۆكانیدا جەختی لە یەكڕیزی نیشتیمانی كردۆتەوە، تاوەكو رووبەڕووی مەترسیەكانی چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام(داعش) ببنەوە."

لە درێژەی ئەو بەیاننامەیەدا هاتووە، بایدن سوور بووە لەسەر ئەوەی كە هەماهەنگی لە مەبەستی ئەمنی هەبێت لە داهاتوودا بۆ ئەوەی هەنگاوهەڵهێنانێك بۆ ئەوەی بە پێی دەستور حكومەتێكی نوێ پێكبهێنرێت.

پێشتر و دوای كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ دیلما رۆسیف، خانمه‌ سه‌رۆكی به‌ڕازیل، جۆ بایدن، جێگری سه‌رۆكی ئه‌مریكا به‌پێویستی زانی عیراقییه‌كان به‌ سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانییه‌وه‌، پێكه‌وه‌ بكه‌ونه‌ جووڵه‌ بۆ روبه‌ڕٍووبوونه‌وه‌ی ئه‌و كێشه‌ تایه‌فییانه‌ی بوونه‌هۆی ئه‌وه‌ی عیراق به‌م دۆخه‌ی ئێستادا بڕوات.

به‌وته‌ی بایدن، له‌پێناو گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌رێكی سیاسیی سه‌رتاسه‌ری، ئیداره‌ی ئه‌مریكا له‌ په‌یوه‌ندیی به‌رده‌وامدایه‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی عیراق.

جێگری سه‌رۆكی ئه‌مریكا وتیشی: بێگومان ئێستا عیراق پێویستی به‌ هاوكاریی به‌په‌له‌ هه‌یه‌ بۆ روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ی ماوه‌یه‌كی زۆره‌ له‌سه‌ریه‌تی، واشنتۆنیش له‌ په‌یوه‌ندیی به‌رده‌وامدایه‌ بۆئه‌وه‌ی عیراقییه‌كان بگه‌یه‌نێته‌ چاره‌سه‌رێكی سیاسیی سه‌رتاسه‌ری.

 

19/06/2014

 

pe6merga43

 

فه‌رمانده‌یه‌كی‌ پله‌ به‌رزی‌ سوپای‌ پاسدارانی‌ ئێران رایگه‌یاند هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ بڕیاری‌ ئه‌مریكا شه‌ڕی‌ چه‌كدارانی‌ داعش ناكات و ده‌شڵێت ئه‌و شه‌ڕه‌ی‌ ئێستا له‌ ناوچه‌كه‌دا هه‌ڵگیرساوه‌ بۆ ئێران له‌ شه‌ڕی‌ هه‌شت ساڵه‌ی‌ عێراق مه‌ترسیدارتره‌.

دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ له‌ كۆبونه‌وه‌ی‌ دوێنێی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان بڕیاردرا كورد شه‌ڕی‌ داعش و گروپه‌ چه‌كداره‌ توندڕه‌وه‌كان نه‌كات، ئه‌مڕۆ محه‌مه‌د ڕه‌زا نه‌قدی‌ كه‌ به‌رپرسێكی‌ باڵای‌ سه‌ربازی‌ ئێرانه‌ رایگه‌یاند كورد له‌ سه‌ر داوای‌ ئه‌مریكا بڕیاری‌ داوه‌ شه‌ڕی‌ داعش نه‌كات.

ئه‌و سه‌ركرده‌ سه‌ربازییه‌ ئێران راشیگه‌یاندوه‌ به‌رپرسانی‌ ئه‌مریكی‌ به‌ به‌رپرسانی‌ كوردیان راگه‌یاندوه‌ خۆیان له‌و شه‌ڕه‌ به‌ دوور بگرن بۆ ئه‌وه‌ی‌ جارێكیتر خۆیان ده‌ست به‌ سه‌ر عێراقدا بگرنه‌وه‌.

جه‌ختیشی‌ كردوه‌ته‌وه‌ جموجۆڵه‌كانی‌ ئه‌مدوایانه‌ی‌ داعش و گروپه‌ چه‌كداره‌ توندڕه‌وكان پیلانگێڕییه‌كه‌ی‌ مه‌ترسیداری‌ ئه‌مریكایه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا.

ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ی‌ سوپای‌ پاسدرانی‌ ئێران ده‌شڵێت، ئه‌مریكا نایه‌وێت شیعه‌ كۆنتڕۆڵی‌ نه‌وت و وزه‌ بكات له‌ ناوچه‌كه‌دا و ده‌ترسێت له‌ داهاتوودا وه‌ك وه‌ره‌قه‌یه‌كی‌ فشار له‌ دژی‌ رۆژئاوا به‌ كاری‌ بێنێت.

محه‌مه‌د ره‌زای‌ نه‌قدی‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شداوه‌ ئه‌و شه‌ڕه‌ی‌ ئێستا له‌ ناوچه‌كه‌دا هه‌ڵگیرساوه‌ بۆ ئێران زۆر له‌ شه‌ڕی‌ هه‌شت ساڵه‌ی‌ له‌گه‌ڵ عێراق مه‌ترسیدارتره‌ و راشیگه‌یاندوه‌ كه‌ ئێران له‌و شه‌ڕه‌دا براوه‌ ده‌بێت.

18/06/2014

 

 

baedn

 

جۆزیف بایدن جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی‌ ئه‌مریكا رایگه‌یاند وڵاته‌كه‌ی‌ یارمه‌تی‌ به‌په‌له‌ پێشكه‌شی‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی‌ عێراق ده‌كات بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی‌ رێكخراوه‌ چه‌كدارییه‌كان.
بایدن ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كرد، پشتیوانی‌ ئه‌مه‌ریكا بۆ عێراق مه‌رجداره‌ به‌وه‌ی‌ سیاسه‌تمه‌دارانی‌ عێراقی‌ ناكۆكییه‌كانیان وه‌لابنین‌و رێزه‌كانیان یه‌كبخه‌ن بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی‌ پێشكه‌وتنی‌ چه‌كداران.
له‌په‌راوێزی‌ سه‌ردانێكیدا بۆ به‌رازیل جۆزیف بایدن وتی‌"ئه‌مه‌ریكا ئاماده‌یه‌ یارمه‌تی‌ پێویست‌و خێرا پێشكه‌شی‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی‌ عێراق بكات، به‌ڵام پێویسته‌ عێراقییه‌كان یه‌كبگرن بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی‌ كرده‌وه‌ توندوتیژییه‌ چه‌كدارییه‌كان كه‌ توندڕه‌وه‌كان ئه‌نجامی‌ ده‌ده‌ن به‌مه‌به‌ستی‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ وڵات".
ئاشكراشیكرد، مه‌رجی‌ ئه‌مه‌ریكا بۆ یارمه‌تیدانی‌ عێراق له‌ شه‌ڕ دژ به‌ چه‌كدارانی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌ له‌ عێراق‌و شام كه‌ به‌ داعش ناسراوه‌ ئه‌وه‌یه‌ نوری‌ مالیكی‌ سه‌رۆك وه‌زیران بچێته‌ ریزی‌ سیاسه‌تمه‌دارانی‌ سوننه‌.

ئۆباما له‌گه‌ڵ كۆنگرێس كۆده‌بێته‌وه‌
له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ سیناتۆر میچ مكونیل سه‌رۆكی‌ كه‌مینه‌ی‌ كۆمارییه‌كان له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پیران رۆژی‌ سێ شه‌ممه‌ ئاشكرایكرد، سه‌رۆك ئۆباما داوای‌ له‌ رێبه‌رانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پیران‌و نوێنه‌رانی‌ ئه‌نجومه‌ن كردوه‌ رۆژی‌ چوار شه‌ممه‌ له‌ كۆشكی‌ سپی‌ ئاماده‌بن به‌مه‌به‌ستی‌ سازدانی‌ كۆبونه‌وه‌یه‌ك سه‌باره‌ت به‌ دۆخی‌ عێراق.
كۆشكی‌ سپیش هه‌واڵی‌ ئه‌و كۆبونه‌وه‌یه‌ی‌ له‌نێوان ئۆباما‌و سه‌ركرده‌كانی‌ كۆنگرێسی‌ پشتڕاستكرده‌وه‌‌و وه‌ك به‌شێك له‌و "راوێژكارییانه‌" ناوی‌ برد كه‌ ئۆباما سه‌باره‌ت به‌ سیاسه‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌مریكا‌و به‌تایبه‌تیش دۆخی‌ عێراق ده‌یكات.

18/06/2014

 

 

xatana1762014bb

 

به‌پێی ئامارێكی رێكخراوی یونیسَف-ی سه‌ربه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، زیاتر له‌ 100 ملیۆن و كچ و ژن روبه‌ڕووی شێواندنی كۆئه‌ندامی زاوزێیان بوونه‌ته‌وه‌ و له‌ چه‌ند ساڵی داهاتووشدا ده‌یان ملیۆنی دیكه‌ دووچاری ئه‌و مه‌ترسییه‌ ده‌بنه‌وه‌.

به‌پێی راپۆرتێكی رێكخراوی یونیسێف، رێژه‌ی خه‌ته‌نه‌كردن و شێواندنی كۆئه‌ندامی زاوزێیی مێینه‌، گه‌یشتووه‌ته‌ 125 ملیۆن كه‌س له‌ ناوچه‌ جیاجیاكانی جیهان، راپۆرته‌كه‌ هۆشداریشی داوه‌ له‌وه‌ی كه‌ له‌ ده‌یه‌ی داهاتوودا 30 ملیۆن مێینه‌ی دیكه‌ روبه‌ڕووی خه‌ته‌نه‌كردن ببنه‌وه‌.

هاوكات راپۆرته‌كه‌ سه‌رنجی بۆئه‌وه‌ش راكێشاوه‌ كه‌ خه‌ته‌نه‌كردنی مێینه‌، نه‌ك هیچ سوودێكی ته‌ندروستیی نییه‌، به‌ڵكو زیانێكی قووڵی ئه‌وتۆ به‌ جه‌سته‌ی مێینه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ ده‌بێت مێینه‌ سه‌رتاسه‌ری ژیانی به‌ده‌ستییه‌وه‌ گیر بخوات.

راپۆرته‌كه‌ باسی له‌وه‌شكردووه‌ كه‌ ره‌نگه‌ خه‌ته‌نه‌كردنی مێینه‌ ئه‌گه‌ری گیانله‌ده‌ستدانی كۆرپه‌ له‌لایه‌ن ئه‌و دایكانه‌وه‌ زیاتر بكات كه‌ خه‌ته‌نه‌ كراون.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی راپۆرته‌كه‌یدا، ئه‌و رێكخراوه‌ی سه‌ربه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان خه‌ته‌نه‌كردنی مێینه‌، به‌تایبه‌ت منداڵانی تازه‌ له‌دایكبووی به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كانی جیاوازی و توندوتیژی و پێشێلكردنی مافی له‌ش و هزری مرۆڤ هه‌ژمار كردووه‌.

له‌ نێوان ساڵانی 2005 بۆ 2010، خه‌ته‌نه‌كردنی مێینه‌ له‌سه‌ر ئاستی جیهان ته‌نها به‌ڕێژه‌ی 5% كه‌مبووه‌ته‌وه‌، هاوكات نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان مه‌زه‌نده‌ی كردووه‌ ساڵی 2074 ساڵی دیكه‌ رێژه‌كه‌ بۆ نیوه‌ دابه‌زێت، بۆیه‌ پێی وایه‌ 60 ساڵ چاوه‌ڕوانی بۆ به‌ره‌و بنبڕكردنی ئه‌و دیاره‌ده‌یه‌، كاتێكی درێژخایه‌نه‌.

18/06/2014

 

karikat

 

سەعید، تەمەنی 12 ساڵ بوو كە بەهۆی كێشەیەكی كۆمەڵایەتی دەستی بە خوێنی كەسێك سوور بوو، بەوهۆیەشەوە پێنج ساڵی لە زیندان بەسەربرد، بەڵام كێشەكەی بەوە كۆتایی نەهات و دوای هاتنە دەرەوەی لە زیندان، نەك خۆی برایەكیشی لە تۆڵەی كوشتنی ئەو كەسەدا كوژرانەوە. پۆلیس دەڵێت "كێشەكە لەسەر كچێك بووە".

كاژێر 5ی ئێوارەی 13/6/2014 لە ناوچەی بەختیاری لە شارۆچكەی خانەقین، دوو برا بە ناوەكانی سەعید مستەفا عەلی، 17 ساڵ و حوسێن مستەفا عەلی، 29 ساڵ كوژران. ئەوان لەلایەن كوڕ و باوكێكەوە كوژران بە ناوەكانی (ق.م.ع) و (م.ع). دوای رووداوەكە هەردووكیان لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر كران.

ئەو دوو برایە لە كاتێكدا لەناو بازاڕی خانەقین كوژران كە هەموو چاوەكان لەو شارۆچكەیە لەسەر شەڕی داعش و پێشمەرگە و سوپای عێراقە لە شار و شارۆچكەكانی جەلەولا و سەعدیەی نزیك لە خانەقین. خەڵك سەرەتا وایانزانی ئەوان لەلایەن داعشەوە كوژراون.

قوربانییەكان و بكوژەكانیان كە یەكێكیان پێشمەرگەیە، خزمی یەكدی نین، بەڵام پێشتر دراوسێی یەكدی بوون و هەردوولایان كوردن.

رائید یوسف داراخان، بەڕێوەبەری پۆلیسی بەختیاری كە لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە دەكەن بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی گوت "پێنج ساڵ لەمەوبەر، لە 14/6/2009 سەعید بە چەقۆ كوڕێكی (ق)ی كوشت بە ناوی رەعد، ئەوكات كێشەی كۆمەڵایەتییان هەبوو، كێشەكە لەسەر كچ بوو، گوتیان پەیوەندی بە كێشەی نامووسەوە هەیە، ئەوكات سەعید تەمەنی 12 ساڵ بوو، دەستگیر كرا، دادوەر 12 ساڵ حوكمی دا، بەڵام لەبەرئەوەی منداڵ بوو، 5 ساڵ لە زیندان مایەوە و ئازاد كرا".

سێ مانگە سەعید ئازاد كراوە، 5 ساڵ بەسەر رووداوەكە تێپەڕیبوو، ئینجا لە ساڵیادی رووداوەكەدا كوژرایەوە. لە باشووری كوردستان ئەو كەسانەی دەستیان چووەتە كوشتنی كەسێك، ئەگەر زیندانی بكرێن و سزای یاسایی خۆیان تەواو بكەن، بەڵام سوڵحیان نەكردبێت، بنەماڵەی كوژراو هەر تۆڵەی خۆیانی لێدەكەنەوە و سزای یاسایی بە تۆڵە نازانن.

رائید یوسف گوتی "سەعید و براكەی لەسەر ماتۆڕسكیل بوون، دیارە كەسوكاری كوژراوەكە بە دوایانەوە بوون، برا و باوكی رەعدی كوژراو لە نێو ئۆتۆمبێلێكەوە بە چەكی كڵاشینكۆف تەقەیان لێكردوون، هەر یەكەیان سێ گوللەیان بەر كەوتبوو، ئێمە ئاگادار كراینەوە كە دوو تەرم لەسەر شەقامی بەختیاری لە خانەقین كەوتوون، كە چووینە سەر رووداوەكە تەرمی سەعید و حوسێنمان بینی".

دوای رووداوەكە سەرەتا تۆمەتبارەكان هەڵاتن، پاشان (ق) خۆی رادەستی فەوجەكەی خۆی كرد، (م)ی باوكیشی خۆی رادەستی پۆلیس كرد، بەپێی قسەكانی بەڕێوەبەری پۆلیسی بەختیاری لە خانەقین حوسێن هیچ پەیوەندی بە كێشەكەوە نەبووە، بەڵام ئەویش لەسەر ماتۆڕەكە بووە و كوژراوە، ئەوە یەكەم حاڵەتی كوشتنە لە ماوەی شەش مانگی یەكەمی ساڵی 2014 لە سنووری بنكەی پۆلیسی بەختیاری لە خانەقین.

18/06/2014

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان