کۆماریخواز/ ناوەندی هەوال/ هەولێر: رێکەۆتی ٢٨/٦/٢٠١٤، هەۆلێر پایتەختی کوردستان، له 27مین ساڵیادی کارەساتی کیمیابارانی شاری سەردەشت، میوانداری بەرێوەچوونی رێورەسمێکی تایبەت بەۆ رۆژه بوو، که لەلایەن رێکخراوی " کوردستان بێ ژینوساید "، و به پاڵپشتی " رێکخەراوە ناحوکمیەکان "ەوه، له هۆلی "چوارچرا"ی هەولێر بەرێوەچوو.
لەم کۆریادەدا، شاندێک لە چالاکوانانی بزوتنەوەی کۆماریخوازی رۆژهەڵاتی کوردستان، و لایەنەکانی دیکەی بوارگەلی سیاسی/کۆمەڵایەتی کورد، تێدا بەشداربوون.
شایانی باسه که ژمارەیەک له بریندارانی کیمیابارانی شاری سەردەشت بۆ گێڕانەوەی بیرەوەرییەکانیان لەم رێوڕەسمەدا بەشداریان کردبوو.
سەردەشت شارێکە کە لە نێوان سنوری ئێران و ئێراقدا هەلکەۆتووە، ئەم شارە وەکوو یەکەمین شار له جیهان که به چەکی کیمیاییەوه بوردمان کرا ناسراوه، و به هۆی ئەو بوردمانەوە 130هاۆوەلاتی مەدەنی شەهید و 8024 بریندار بوون که ئێستاش دوای تێپەربوونی 27 ساڵ لەۆ کارەساتە، قوربانی دەگرێت
له سەرەتای ئەم رێوڕەسمەدا کاک علی محمود سەبارەت به شێوەی بەرێوەچوونی بەرنامەکە و ئامانجی کۆبوونەوەکە، ووتارێکی پێشکش به میوانان کرد و بە دوای ئەۆ بەڕێزه، کاک دکتور ئاسو حەسەن زاده کورته مێژوویەکی سەبارەت به بهکارهێنانی چەکی کیمیایی دژ به مروڤ له شەڕی یەکەمی جیهانی ئاراستەکرد، و دوواتر لەسەر شێوەی دابینکردنی یاساگەلێکی تایبەت به قەدەغەکردنی ئەۆ چەکانه روونکردنەوەی ئاراستەی بەشداربووان کرد و لەم پەیوەندییەدا، سەبارەت بە دو گرێبەستی گرینگی لاهه و ژنێڤ، ئاماژەی کرد.
له بەشێکی دیکەی ئەم کۆریادەدا، ژمارەیەک له بریندارانی کارەساتی کیمیابارنی سەردەشت کورته وتارکیان پێشکش کرد و بیرەوەرییەکانیان گێڕانەوە، کاک حاجی سالح عەزیزپور ئاماژەی به پارادوکسیکال بوونی گوتار و کرداری دەۆلەتانی رۆژئاوایی کرد و گوتی: ئەوان هەمووکاتێک ئاماژه به مافی مروڤ دەکەن و خۆیان به بونیادنەری یاسای مافی مروڤ دەناسێنن، بەلام هەر ئەوان بوون که به سەدام چەکی کیمیاییان فروشت. کاک حاجی سالح له درێژەی قسەکانی ئاماژەی به سوڕانەوەی درێژخایەنی فرۆکە شەرکەرەکانی ئێراقی کرد و گوتی: دوای بوردمانکردنی شاری سەردەشت فرۆکەکان زۆر بەسەر شار دا سووڕانەوە و خەلکیش بەناچار بۆ پاراستنی گیان و یان ئەوەی که بریندار نەبن، خۆیان له پەناگاکانیاندا حەشار دابوو، کە ئەمەش بوو به هۆی بەرز بوونی رێژەی کوژراۆ و بریندارەکان .
له کۆتایی کۆریادەکەدا نووسەران و شاعیران بۆ دەربڕینی هەستی خۆیان بەرانبەر بەم کارەساته، بەرهەمه ئەدەبییەکانیان پێشکش کرد و سەئەنجام له ئاخری کۆبوونەوەکەدا بۆ رێزلێنان له بریندارانی ئەم کارەساته، خەڵاتگەلێک له لایەن بەرێوبەرانی ڕێوڕەسمەکه، پێشکەشی برینداربووانی کارەساتی کیمیابارانی سەردەشت کرا .
29/06/2014
رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ لە رێی مانگە دەستکردەکانەوە، شوێنی کوشتنە بەکۆمەڵەکانی گرووپی چەکداریی داعش ئاشکرادەکات.
هیومان رایتس وۆچ رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، چەكدارانی داعش بەلانی كەمەوە 160 دەستبەسەریان لە سەرەتاكانی ئەم مانگەدا كوشتووە.
رێكخراوە ئەمریكییەكە، كە بنكەكەی لە ئەمریكایە و تایبەتە بە مافی مرۆڤ رایگەیاند، ئەندامانی گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام لە 11 بۆ 14ی ئەم مانگە لە تكریت 160 تاوەكو 190 دەستبەسەریان كوشتووە و رەنگە ژمارەی كوژراوەكان زۆر لەوەش زیاتربن ، بەڵام بەهۆی سەختی شوێنەكە ناتوانرێت زانیاری تەواو بەدەستبهێنرێت.
لە سەرەتای ئەم مانگە ئەندامانی ریكخراوی داعش دەستیان بەسەر شاری موسڵ و تكریتدا گرت، لێكۆڵینەوەكانی رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ-یش لەسەر ئەو وێنانەی، كە ئەندامانی رێكخراوی داعش لەسەر وێبسایتەكانیان بڵاویانكردووەتەوە، كە تێیاندا بە دەیان سەرباز لە نێو ئۆتۆمبێلەكان بە دەستبەسەركراوی وێنەیان گیراوە لە كاتێكدا دەستیان بەسەریانەوە بووە و لە هەندێك وێنەی دیكە ئەم سەربازانە بە كوژراوی دەردەكەون، ئەمەش سەرەڕای لێكۆڵینەوە لەسەر ئەو وێنانەی لە رێگای سەتەلایتەوە گیراون، شوێنی كوشتنە بە كۆمەڵەكان نیشاندەدەن.
پیتەر بۆكارت-ی بەڕێوەبەری ئیمێرجنسی هیومان رایتس لەم بارەیەوە دەڵێت " وێنە فۆتۆگرافییەكان و ئەو وێنانەی لەرێگای سەتەلایتەوە لە تكریت وێنەیان گیراوە تاوانی جەنگی قێزەون نیشاندەدەن".
19/06/2014
لە رێگەی سەتەلایتەوە کۆمەڵکوژیەکانی داعش ببینە
بهشێكی زۆری دووکانو بازاڕەکانی شاری سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان وهك رێزگرتن لەقوربانیانی کیمیابارانکردنی ئەو شارە داخران و خەڵک نەچوونە سەر کارەکانیان.
بەپێی ئەو زانیاریانەری کە بەماڵپەڕی هاوڵاتی گەیشتووە، ئهمرۆ شاری سهردهشت هاوڵاتیان زۆر بهكهمی چونهته دوکان و بازاڕەکانی ئەو شارەو پۆستەرو وێنەی تایبەت بەو رۆژەیان لەسەر دوکان و شەقامەکان ههڵواسیوه.
27 ساڵ بەر لەئێستاو لەرۆژی 28-6-1989 فڕۆکە شەڕکەرەکانی رژیَمی بەعس شاری سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستانیان بوردمانکردو لەئاکامدا زیاتر لە 110 هاوڵاتی گیانیان لەدەستداو و 8000 هاوڵاتیش بە هۆی ئەو ماددە کیمیاویانەوە تووشی نەخۆشی بوون .
زۆربەی هەرە زۆری ئەو کەسانەی کە بوونە قوربانی ئەو هێرشە خەڵکی مەدەنی بوون، بەڵام حکومەتی ئێران تەنیا چارەسەری بۆ 400 کەس لەو قوربانیانە ئەنجامداوەو وەکوو کەم ئەندام ناویانی تۆمارکردووە.
عوسمان موزەیەن سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی سەردەشت لەو بارهیهوه پەیامێکی بڵاوكردوەتەوەو رایگەیاندووە، لەكاتێكدا هەموو ئەو 8000 کەسە هاوڵاتی مەدەنی بوون، حکومەتی ئێران تەنیا ناوی 400 کەسیانی وەکوو شەهیدو کەم ئەندام تۆمارکردووە و موچهی بۆ بڕیەوەتەوە و 7600 کەسی دیکە لەو مافە بێ بەشبوون.
ناوبراو ئاماژەی بەوەداوە کە ئەو پرسیارە هەمیشە لای خەڵکی سەردەشت دروست بووە کە هۆکاری ئەو جیاوازیه چییە؟.
لەماوەی شەڕی 8 ساڵەی نێوان رژیَمی پێشووی عێراق و حکومەتی ئیَران، دەیان ناوچەی رۆژهەڵاتی کوردستان وەکوو مەریوان، داڵاهۆ، سەردەشت، پیرانشار، بانە، پاوە، نۆدشە و…. بوردمانی کیمیایی کردوە کەهەتا ئێستا بەو شێوەی کە پێویستە کار لەسەر کەیسەکانیان نەکراوە و ئەو تاوانانە بهرانبهر بە نەتەوهی کورد لەرۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ناوەنەندەکانی مافی مرۆڤ روون نەکراوەتەوە.
29/06/2014
بەرپرسێكی گەورەی ئەمریكا رایگەیاند كە مەلیك عەبدوڵڵای پاشای سعودیە بەڵێنی بە جۆن كیری، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا داوە كە هەموو كاریگەریی خۆی بەكاربێنێت بۆ بەشداریكردنی سوننە لە حكومەتی داهاتووی عێراقدا ، بەشێوەیەك كە هەموو پێكهاتەكانی عێراق بەخۆیەوە بگرێت.
ئەو بەڵێنەی پاشای سعودیە لەكاتی گفتوگۆكانی رۆژی شەممەدا هاتن لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریكادا.
بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی رۆیتەرز ، هەوڵەكانی ئێستای ئەمریكا لەپێناو رێگرتنن لە پارچەبوونی عێراق . لەوچوارچێوەیەشدا ئەو بەڵێندانەی پاشای سعودیە بە گۆڕانێكی گرنگ دادەنرێت لە هەڵوێستی پێداگیرانەی سعودیە لەسەر پێویستی لاچوونی سەرۆك وەزیرانی ئێستای عێراق ، نووری مالیكی .
ئەو بەرپرسە ئەمریكییە رایگەیاند ، كە مەلیك عەبدوڵڵا دڵتەنگیی خۆی نیشانداوە بەرامبەر دەستگرتنی هێزەكانی داعش بەسەر ژمارەیەك شار و شارۆچكە و سنووری سووریا لەگەڵ عێراق ، هەروەها مەترسیی سعودیەی نیشانداوە بەرامبەر كشانی هێزەكانی داعش بەرەو سنووری سعودیە .
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دوای كۆبوونەوەكە ، بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند كە " بۆچوونی هەردوولا یەكبوو ، كە پێویستە هەموو پێكهاتەكانی كۆمەڵگەی عێراقی بەشداربن لە دانانی بناخەیەكی بەپەلە بۆ پرۆسەیەكی سیاسی كە رێگەی پێشكەوتن بۆ هەمووان بكاتەوەو، هەردووكیان بۆچوونی خۆیان بەشێوەیەكی راستەوخۆ دەڵێن لەكاتی گفتوگۆكانیان لەگەڵ سەركردە عێراقییەكاندا ".
بەڵام تائێستا سعودیە ئامادەیی خۆی نیشاننەداوە ، كە پشتیوانی حكومەتی تازەی عێراق بكات ، ئەگەر مالیكی لە پۆستی سەرۆك وەزیران لانەچێت .
لە هەمانكاتدا سعودیە پێیوایە بەشداریكردنی سوننە لە حكومەتدا ، رێگە لە مالیكی دەگرێت كە بتوانێت بۆ جاری سێیەم ببێتەوە بە سەرۆك وەزیر .
هەرچەندە ئەمریكا بەشێوەیەكی ئاشكرا لایەنگیری لاچوونی مالیكی دەرنەبڕیوەو دەڵێ ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ بڕیاری عێراقییەكان خۆیان ، لە هەمانكاتدا پشتیوانیشی بۆ مانەوەی لە دەسەڵاتدا نیشاننەداوە.
29/06/2014
رۆژی پێنج شەممە 26/6/2014 كۆشكی سپی داوای نزیكەی 60 ملیار دۆلاری لە كۆنگرێس كرد بۆئەوەی خەرجییەكانی جەنگ بۆ ساڵی 2015 دابینبكات.
لە رێگای نامەیەكەوە باراك ئۆباما، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا داوای لە كۆنگرێس كردووە بودجەی تەرخانكراو بۆ چالاكییە سەربازییەكان و جەنگ بڕی 58.6 ملیار دۆلاربێت، ئەمەش كەمترین بودجەی تەرخانكراوە بۆ جەنگ لەماوەی 10 ساڵدا.
هۆكاری كەمبوونەوەی بودجەی جەنگ بۆ ساڵی 2015 بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە ئۆباما خەرجی جەنگی لە ئەفغانستان كەمكردووەتەوە.
جگە لە ئەفغانستان بڕیارە بڕی 500 ملیۆن دۆلار لەم بودجەیە بۆ یارمەتیدانی ئۆپۆزیسیۆن لە سووریا و 1.5 ملیار بۆ پاڵپشتیكردن لە جێگیری بارودۆخی وڵاتانی دەوروبەری سووریا، كە پەنابەرانیان داڵدەداوە و 140 ملیۆن دۆلاریش بۆ یارمەتیدانی حكومەتی بەغدا تەرخان بكات.
28/06/2014
سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پارتی دیموكراسی گەلان HDP ئاشكرایكرد كە پاڵێوراوی هەرە دیاری پارتەكەیەتی بۆ پۆستی سەرۆككۆماری توركیا بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی مانگی ئابی داهاتوودا.
دەمیرتاش لە میانی بەشداریكردنی لە بەرنامەیەكی كەناڵی هابەر تورك رایگەیاند، "ئەگەر خەڵك من وەك پرۆفایلی سەرۆكێكی دیموكرات و ئازادیخواز و پاراستنی ئەو بنەمایانە ببینن ئەوا لەو ئەركە راناكەم".
گوتیشی: "لەلایەن منەوە هیچ گفتوگۆیەك لەسەر پاڵێوراویەتی پۆستی سەرۆككۆماری ناكرێت، لە كۆاتایی ئەم هەفتەیەشدا لە ئەنجوومەنی پارتەكەمان دوایین بڕیار لەوبارەیەوە دەدەین و بە فەرمی رایدەگەیەنین".
لە وڵامی پرسیاری پێشكەشكاری بەرنامەكەدا كە لێی پرسی، ئایا ئێمە لە ئێستاوە تۆ وەك پاڵێوراوی HDP بۆ پۆستی سەرۆككۆماری توركیا ببینین، دەمیرتاش گوتی "وەك چۆن دەڵێی با وابێت، ئەمە پیرۆزبێت لە هەموومان" دەمیرتاش ئەمەی گوت وەك ئاماژەیەك بەوەی كە كۆتایی ئەم هەفتەیە ئەنجوومەنی پارتی دیموكراسی گەلان سەلاحەدین دەمیرتاش وەك پالێوراوی سەرۆككۆماری توركیا بە فەرمی رادەگەیەنێت.
سەلاحەدین دەمیرتاش سیاسەتمەدارێكی كوردی زازاییە، لە نیسانی ساڵی 1973دا لە شارۆچكەی پالۆ-ی سەر بە پارێزگای خارپێتی باكووری كوردستان لەدایكبووە. دەمیرتاش لە ساڵی 2007 دا لەسەر لیستی پارتی كۆمەڵگای دیموكراتی (DTP) وەكوو نوێنەری پارێزگای ئامەد بووە ئەندامی پەرلەمانی توركیا و لە دوای قەدەخەكردنی ئەم پارتە لە لایەن دادگای دەستووری توركیاوە، لە ساڵی 2010 دا بوو بە ھاوسەرۆكی پارتی ئاشتی و دیموكراسی (BDP).
دەمیرتاش بەشی مافی لە زانكۆی ئەنقەرە تەواوكردوە و لەساڵی 2010 لەسەر قسەیەكی ساڵی 2006 كە گوتبووی "پێویستە بۆ چارەسەكردنی كێشەی كورد رۆڵی ئۆجەلان لەبەرچاو بگیرێ" ماوەی 10 مانگ زیندانیكرا.
27/06/2014
بڕیارە پاش كەمێكی دیكە مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و ویلیام هاگ، وەزیری دەروەی بەریتانیا لە پیرمام كۆببنەوە.
بەپێی زانیارییەكانی تۆڕی میدیایی رووداو، بەرهەم ساڵح-یش لە كۆبوونەوەكەدا بەشداردەبێت.
27/06/2014
ئاڤیگدۆر لێبرمان، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل دەڵێت "لەبەرچاوماندایە عێڕاق دابەش دەبێت و کوردستانیش دەبێت بە دەوڵەتێکی سەربەخۆ". پسپۆڕێكی ئیسرائیلیش دەڵێت ئیسرائیل یەكەم وڵات دەبێت قبووڵی بكات.
لە پاریس جۆن کێری، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆششە دیپلۆماسییەکانی دەربارەی رەوشی عێڕاق و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەردەوامە. لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا جۆن کێری لەگەڵ لۆران فابیۆس، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا کۆبووەوە و هەردوولا جەختیانكردەوە کە داعش مەترسییە بۆ سەر رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
دواتر کێری لەگە ئاڤیگدۆر لێبرمان، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل کۆبووەوە و دەربارەی قەیرانی سووریا و عێڕاق گفتوگۆیان كرد. ئاژانسەکان بڵاویانكردەوە، لێبرمان بە کێری گوتووە "لە بەرچاوماندایە عێراق دابەش دەبێت و دەوڵەتی کوردستان ئەنجامێکی چاوەڕوانکڕاو دەبێت".
رۆژێک پێشتر شیمۆن پێرێز، سەرۆکی ئیسرائیل لە واشنتن هەمان پەیامی گەیاندە باراك ئۆباما، سەرۆکی ئەمریکا. پێرێز بە ئۆبامای گوتووە "بە بێ دەستوەردانێکی سەربازی عێڕاق بە یەکگرتووی نامێنێتەوە و کورد جیادەبێتەوە، هەروەها وڵاتانی هەرێمایەتی بەتایبەتی تورکیا پێدەچیت دەوڵەتی کوردی پێ قبووڵ بێت".
بە پێی لێدوانی پسپۆڕێکی ئیسرائیلی، وڵاتەكەی هەر زوو دان بە دەوڵەتی کوردستان دەنێت. ئوفرا بینوگۆ، پرۆفیسۆری زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی تەلئەبیب پێیوایە کورد و ئیسرائیل پەیوەندیان بەیەکەو هەیە و دەڵێت "ئەوساتەی کە مەسعود بارازانی دەوڵەتی کوردی رادەگەیەنێت، ئاستی پەیوەندییەکان بە کراوەیی بەرزتردەبێتەوە".
ئەم لێدوانانەی بەرپرسانی ئیسرائیلی لە کاتێدایە کە ئاژانسەکان ئاماژە بەوەدەکەن كە حکومەتی هەرێمی کوردستان نەوتی بە ئیسرائیل فرۆشتووە، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو هەواڵانە رەتدەكاتەوە.
27/06/2014
تەنیا چەند کاژێرێک بەسەر سەردانەکەی جۆن کیری، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ هەولێر تێپەڕی. مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان شاندێکی نارد بۆ واشنتن بۆ ئەوەی قسەی کۆتایی کورد لەسەر ئایندەی عێراق بگاتە کۆشکی سپی.
ئێستا کورد لە گەڵ واشنتن بە گەرمی لەسەر خەتە بۆ ئەوەی پێی بڵێ چیدیکە پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا نەماوە و سنووری هەرێمی کوردستانیش هەمان سنووری پێش دەستبەسەرداگرتنی موسڵ لەلایەن چەکدارانی گرووپی داعش نییە.
کورد خەمییەتی هەر ئێستا بزانێ کێ باوکی عێراقی نوێ دەبێ، چونکە بە روون و ئاشکرا بە ئەمریکا گوتراوە، دەبێ بزانن چی دیکە ناکرێ مالیکی لە بەغداوە حوکمی عێراق بکات.
ئێستا ترافیکێکی سیاسی لە فڕۆکەخانەی هەولێر دروستبووە، کە دیپلۆماتکارەکان لەوپەڕی دنیاوە دێن بۆ ئەوەی کورد رازی بکەن دەستی عێراق بگرێ و لە لێواری شەڕی سوننە و شیعەی رزگاربکات. کوردیش دەڵێ، دەبێ ئەمجارە ماڵی خۆم لەو ئاگرە بپارێزم، ئینجا ئەگەر پێمکرا دەستی هاوکاری بۆ عێراق درێژ دەکەم، کە 11 ساڵە بە ناڕەحەتی لەگەڵی دەژیم و هەموو هاوکارییەکانمی بە دژی خۆم بەکارهێناوەتەوە.
26/06/2014
لە پێكدادانەكانی ناحیەی تازە، نەقیبێكی پێشمەرگە شەهید و ٤ پێشمەرگەی دیكە برینداربوون.
سەرچاوەیەكی ئاگادار لە پارێزگای كەركووك، كە نەیویست ناوی بهێنرێت، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، شەوی رابردوو لە ناحیەی تازە لە نزیك پڕۆژەی ئاوەكە، پێكدادانی تووند لە نێوان هێزی پێشمەرگە و چەكدارانی داعش روویداوە.
وەك سەرچاوەكە ئاماژەی بۆ دەكات، لەو پێكدادانە نەقیبێكی پێشمەرگە شەهید بووە و چوار پێشمەرگەی دیكەی بریندار بوون.
سەرچاوەكە ئاماژە بەوەشكرد، كە ئێستا رووبەڕووبوونەوەكان وەستاون، بەڵام بەشێوەیەكی پچڕ پچڕ بۆردوومانكردن هەیە.
26/06/2014
بەرپرسێکی ئەمریكی بە واشنتن پۆستی گوتووە، ئێران بە مەبەستی هەواڵگری فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەسەر ئاسمانی عێراقدا دەسووڕێنێتەوە و رۆژانەش چەندین کەلوپەلی سەربازی رەوانەی ئەو وڵاتە دەکات بۆ پشتیوانی لە حکومەتەکەی نووری مالیکی.
بە گوتەی نیویۆرک تایمز، جەنەراڵ قاسم سلێمانی چەندینجار سەردانی عێراقی کردووە و چەندین ئەفسەری سوپای قودسیش هێنراون تاوەكو هاریکاری سوپای عێراق بکەن لە شەڕی داعشدا. بەگوێرەی زانیارییەکان رۆژانە دوو کاروان یارمەتی سەربازی لە ئێرانەوە دەگەنە عێراق، کە هەر کاروانێکیان 70 تۆن کەرەستەی سەربازی پێیە.
بەرپرسێکی ئەمریکی دەرباڕەی ئەو بڕە کەرەستەیە گوتوویەتی "ئەوە بڕێکی زۆر زۆرە، هەرچەندە مەرج نییە هەمووی چەکی زۆر قورس بن. بەڵام کەرەستەی سادەش نین".
ئەم یارمەتییانەی ئێران بۆ عێراق لە کاتێکدایە کە ئەمریکاش 300 راوێژکاری سەربازی رەوانەی عێراق كردوون بۆ یارمەتیدانی سوپای عێراق، بەڵام بەرپرسانی ئەمریکایی بە نیویۆرک تایمزیان گوتووە کە هاریکاری ئەو دوو وڵاتە بۆ عێراق بە هەماهەنگی یەکتر ئەنجامنادرێن
24/06/2014
سهرۆكایهتی ههرێمی كوردستان، لهسهر سهردانهكهی بارزانی بۆ شاری كهركوك راگهیندراوێك بڵاودهكاتهوه.
مهسعود بارزانی لهسهردانهكهیدا بۆ كهركوك، رایگهیاند :"دروشمی پیرۆزی شۆرشی ئەیلوول بریتی بوو لە "کوردستان یان نەمان"، تا ئەمڕۆ بەشەکەی ئێمە نەمان بوو، ئەمڕۆ کوردستان هاتە دەست، ئیتر دەبێ بیپارێزین.
دهقی راگهیندراوهكه:
سەرۆک بارزانی سەردانی شاری کەرکووکی کرد
سەرۆک بارزانی: پێویستە کەرکووک ببێتە شاری ئاشتی و برایەتی و نموونەی پێکەوەژیانی نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبی
ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٦ـی ٦ـی ٢٠١٤ بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی شاری کەرکووکی کرد. لەو سەردانەدا کە شاندێکی پایەبەرزی حکوومی و سەربازی و ئەمنی، یاوەری سەرۆک بارزانی بوون، سەرەتا لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی کوردستان کۆبوونەوە و لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند: هاتووم بۆ کەرکووکی خۆشەویست بۆ ئەوەی سەردانتان بکەین و بەخێرهاتنتان بکەین و هەروەها پیرۆزبایی لە هەموو گەلی کوردستان بکەین بۆ ئەم دەستکەوتە مەزنەی کە ساڵەهای ساڵە خەباتی بۆ دەکەین و خوێنی بۆ دەدەین.
هەروەها سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند: دروشمی پیرۆزی شۆرشی ئەیلوول بریتی بوو لە "کوردستان یان نەمان"، تا ئەمڕۆ بەشەکەی ئێمە نەمان بوو، ئەمڕۆ کوردستان هاتە دەست، ئیتر دەبێ بیپارێزین.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند: ئەمڕۆ لە هەموو ڕۆژێک زیاتر پێویستە ئێمەی کورد بەرانبەر خوشک و برایانمان لە پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینی و مەزهەبییەکانی تر کراوە بین، هەمیشە دەمانگوت با ناسنامەی کەرکووک بگەڕێتەوە ئەوکاتە دەبینن سەخاوەتی کورد چەندە و دەبینن دڵی کورد چەند گەورە و فراوانە، ئەمڕۆ ئەو ڕۆژەیە و پشت بەخوا ئەم سەرکەوتنە دەپارێزین.
سەرۆک بارزانی تەئکیدی کردەوە کە دوای ئەوەی کەرکووک پێناسەی ڕاستەقینەی خۆی بۆ گەڕایەوە، ئیتر پێویستە کەرکووک ببێتە شاری ئاشتی و برایەتی و نموونەی پێکەوەژیانی نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبی.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بارزانی سوپاسی خۆڕاگریی خەڵکی کەرکووکی کرد کە هەمیشە ئامانجی تیرۆریستان بوونە و ڕایگەیاند: من زۆر ئومێدم هەیە کە ئیتر کۆتایی ناخۆشییەکان بێت و هەموو پێکەوە بەرەو ئاسۆیەکی گەشتر و داهاتوویەکی خۆشتر بچین.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند کە هەموو هێزێک بۆ پاراستنی کەرکووک و پاراستنی ئاسایشی شاری کەرکووک ئامادەیە و خۆشم ئامادەم وەک پێشمەرگەیەک بێم لە کەرکووک چەک هەڵگرم.
سەرۆک بارزانی سوپاسی سەرجەم فەرماندە سەربازییەکانی کوردستانیشی کرد کە لە پاراستنی کەرکووک ئەرکی خۆیان جێبەجێ کردووە. هەر ئەمڕۆ لە شاری کەرکووک سەرۆک بارزانی لەگەڵ بەرپرسانی حکوومی و حزبی و لیژنەی سەربازی و ئەمنیی شاری کەرکووک کۆبۆوە. کۆبوونەوەکە تەرخان کرا بۆ تاوتوێ کردنی پلانێکی تۆکمەی سەربازی و ئەمنی بۆ پاراستنی کەرکووک و بۆ ئەو مەبەستەیش بەڕێز محەمەد حاجی مەحمود سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان بۆ سەرپەرشتی کردنی ئەو پلانە ڕاسپێردرا.
لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆک بارزانی سەرجەم هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی ڕاسپارد کە پێویستە بە یەکسانی ڕێز لە هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبییەکانی شارەکە بگرن و هەموو هەوڵ و توانای خۆیان بخەنەگەڕ بۆ پاراستنی ژیان و ئارامیی هاووڵاتیان و تەئیکیدی کردەوە کە پێویستە سەروماڵی سەرجەم دانیشتوانی شارەکە بە هەموو پێکهاتەکانیەوە بپارێزرێت و نموونەیەکی زۆر جوانی پێکەوەژیان پێشکەش بکەن.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بارزانی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە تیرۆریستان ناتوانن بەسەر ئیرادەی پێکەوەژیان و ئاشتیدا زاڵ بن. لە درێژەی سەردانەکەیدا بۆ کەرکووک، سەرۆک بارزانی لەگەڵ نوێنەرانی لایەنە کوردستانییەکان و لایەنە سیاسییەکانی سەرجەم پێکهاتەکانی کەرکووک کۆبۆوە.
لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆک بارزانی تەئکیدی کردەوە کە پێشمەرگە پارێزەری هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبییەکانی شارەکەن بێ هیچ جیاوازییەک و داوای لە نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکانی سەرجەم پێکهاتەکانی کەرکووک کرد کە بە هاوکاری و تەبایی ببنە داکۆکیکاری مافی هەموو هاووڵاتییانی کەرکووک و دەبێ نموونەیەکی جوانی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبی پێشکەش بکەن و کەرکووک ببێتە شاری ئاشتی و برایەتی.