ئاژانسی هه‌واڵی رۆیته‌رز بڵاویكرده‌وه، كۆمپانیای (روسنڤێتی) روسیا بارێك نه‌وتی هه‌رێمی كوردستانی بۆ پاڵاوگه‌یه‌كی نه‌وتی ئه‌ڵمانی كڕیوه كه موڵكداریێتیه‌كه‌ی هاوبه‌شه له‌گه‌ڵ گه‌وره كۆمپانیای نه‌وتی (بی پی) به‌ریتانی، ئه‌وه‌یش به ئاشكرا ده‌ریده‌خات كه ئه‌و ئابڵوقه‌یه‌ی حكومه‌تی عێراق خستبویە سه‌ر فرۆشتنی نه‌وتی هه‌رێم شكستی هێنا.
له‌كاتێكدا هه‌ردو حكومه‌تی هه‌رێم و به‌غدا هاوكاری یه‌كن بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی داعش، كه ئه‌م هه‌فته‌یه توانیان دوه‌م گه‌وره شاری عێراق موسڵ بگرن، به‌ڵام تا ئێستا كێشه‌ی نێوانیان له بواری نه‌وتدا بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە.
دوێنێیش چه‌كداره توندڕه‌وه‌كانی داعش، توانیان پاڵاوگه‌ی بێجی له پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین، کە گه‌وره‌ترین پاڵاوگه‌ی عێراقه بگرن.
له ئێستادا حكومه‌تی به‌غدا به ره‌سمی كۆمپانیای (ئۆ ئێم ڤی) نه‌مسایی خستوه‌ته لیستی ره‌شه‌وه، چونكه ئه‌و كۆمپانیایه، تاكه كۆمپانیای ئەوروپی بوە كه نه‌وتی خاوی هه‌رێمی كوردستانی به شێوه‌یه‌كی رێكخراو و ئاشكرا كڕی.
كۆمپانیای (روسنفێتی)، كه كۆمپانیایه‌كی حكومییه و هیچ پڕۆژه‌یه‌كی گه‌وره‌ی له عێراق دا نیه، به‌ڵام هه‌رچی كۆمپانیای (بی. پی) به‌ریتانییه به یه‌كێك له گه‌وره وه‌به‌رهێنه‌ره‌كانی پڕۆژه‌ی كێڵگه‌ی رومێله داده‌نرێت.
به پێی هه‌واڵه‌كه‌ی رۆیته‌زیش له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وروپا، هه‌ریه‌ك له ئیسرائیل و ئه‌مریكا به شێوه‌ی به‌رده‌وام و چه‌ند باره بوه‌وه نه‌وتی خاوی هه‌رێمی كوردستانیان كڕیوه.
12/06/2014