تۆنی ئابۆت سەرۆك وەزیرانی ئوسترالیا رایگەیاند، كە وڵاتەكەی ئامادەیە بە فڕۆكە و هێزی سەربازیش لەكاتی پێیوسیتدا هاوكاری جەنگی دژ بە داعش بكات و هاوكارییەكانی خۆی بۆ هێرشی ئەمریكا دژ بەو گرووپە لە سووریا و عێراق دووپاتكردەوە.
سەرلەبەیانی رۆژی یەكشەممە 14ی ئەیلوول ئابۆت سەبارەت بە روبەڕووبوونەوەی هەڕەشەكانی داعش لە عێراق و سووریا و پەیوەندیكردن بە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتییەوە، ئاماژەی بەوە كرد، وڵاتەكەی فڕۆكەی جەنگی، فڕۆكەی پشتیوانی و هاوكاری و تەنانەت سەربازانی هێزی تایبەتیش لە جەنگی دژ بە داعشدا بەشداری پێدەكات.
بەگوێرەی سەرچاوەكانی هەواڵ، لە ئوسترالیاوە 600 سەربازی ئوسترالی پەیوەندی بە هێزە تایبەتەكانی ئەمریكاوە دەكەن، ئەو سەربازانەش كاریان راوێژ و راهێنانپێكردنی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان و هێزە عێراقییەكانی دیكە دەبێت.
ئەم هاوكارییەی ئوسترالیاش لەسەر بنەمای داوایەكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ئەنجام دەدرێت، كە داوا لە ئوسترالیا كراوە لە جەنگی دژ بە داعشدا هاوكاری ئەمریكا و هێزە نێودەوڵەتییەكان بكات.
بڕیاریشە لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەو هێزانە بنێردرێنە وڵاتی ئیمارات بۆ ئەوەی لەپێناو دەستكردن بە كارەكانیان لە ئامادەباشیدا بن.
ئەو 600 سەربازەی ئوسترالیا 400 سەربازیان سەر بە هێزی ئاسمانین و 200 سەربازی دیكەیان پێكهاتوون لە جەنەراڵی سەربازی و هێزی تایبەتی ئوسترالی.
زانیارییەكان ئاشكرایانكردووە ئوسترالیا هەشت فڕۆكەی جەنگی جۆری ئێف ئەی 18ی بۆ كردە سەربازییەكانیش ئامادە كردووە، لەگەڵ فڕۆكەیەكی پشتیوانی تایبەت بە پێدانی بەنزین و چەند فڕۆكەیەكی چاودێری و هەواڵگری.
ئابۆت سەبارەت بەو هاوكارییانە و چۆنێتی بەشداریكردنی لەو جەنگەدا، گفتوگۆی لەگەڵ هەریەكە لە باراك ئۆباما سەرۆكی ئەمریكا، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق و بەرپرسانی ئیماراتدا كردووە.
14/09/2014