وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی توركیا، نیگەرانی وڵاتەكەی دەربڕی لە دەستتێوەردانی سەربازی توركیا لە خاكی سووریا.
محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران ئێوارەی ئەمڕۆ دوای بڕیارەكەی پەرلەمانی توركیا كە رەزامەندی دەربڕی بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە سووریا و عێراق دژی داعش، لەپەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی توركیا رەخنەی لەو رێگەچارانە گرت كە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە ناوچەكە هاتوونەتە ئاراوە و نیگەرانی خۆی دەربڕی لە هەر هەنگاوێك كە ئەو دۆخەی ئێستا لە ناوچەكە هەیە ئاڵۆزتر بكات.
وەزیری دەرەوەی ئێران داوادەكات وڵاتانی ناوچەكە بە بەرپرسیاریەتییەوە مامەڵە بكەن و نەبنە یارمەتیدەری خراپتربوونی دۆخی ناوچەكە. لەبەرامبەریشدا وەزیری دەرەوەی توركیا بە روونكردنەوەی چۆنیەتی بەشداری سەربازی توركیا لە هاوپەیمانێـی نێودەوڵەتی دژی داعش رایگەیاند،" پابەندین بە یەكپارچەیی خاك و سەربەخۆیی وڵاتانی ناوچەكە ".
پەرلەمانی توركیا لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا 2ی تشرینی یەكەمی 2014، بە 298 دەنگی بەڵێ بەرامبەر 98 دەنگی نەخێر، رەزامەندی لەسەر پڕۆژەپێشنیازی حكومەتی ئەنقەرە دەربڕی بۆ رووبەڕووبوونەوەی گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی (ناسراو بە داعش) و ئەنجامدانی ئۆپەراسینی سەربازی لە عێراق و سووریا دژی ئەو گرووپە.
بەپێی پرۆژەكە، هەركاتێك كۆماری توركیا هەستی بە مەترسی دەرەكی كرد لەسەر ئاسایشی نیشتمانی، ئەوا دەتوانێت ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە دەرەوەی خاكی وڵاتەكەی ئەنجامبدات.
2/10/2014