بە پێی ناوەندێكی لێکۆڵینەوەی تایبەت بە بودجە لە واشنتن، تێچووی ساڵانەی شەڕی داعش لە نێوان دوو ملیار تاوەکو بیست و دوو ملیار دۆلار دەبێت.
ناوەندی ستراتیژی و هەڵسەنگاندنی بودجە لە واشنتن، راپۆرتێکی دەربارەی تێچووی ساڵانەی ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی (ناسراو بە داعش) ئامادەکردووە. لە راپۆرتەکەدا هاتووە کە بە پێی شیکردنەوەی داتاکان لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیران تاوەکو رۆژی 29ی ئەیلوولی 2014، تیچووی ئۆپەراسیۆنەکان لە نێوان 780 تاوەکو 930 ملیۆن دۆلار بووە.
دەربارەی تێچووی ئۆپەراسیۆنەکان لە ئایندەدا لە راپۆرتەکەدا هاتووە، بڕی تێچووەکە دەکەوێتە سەر چۆنیەتی و چڕی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکان، هەروەها دەکەوێتە سەر ئەوەی ئایا ئەمریکا هێزی وشکانی دەنێرێت یاخوود ناینێرێت.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بۆ ئەوە كراوە، ئەگەر تەنیا هێرشی ئاسمانی ئەنجامبدرێت دوو هەزار راوێژکار و پسپۆڕی سەربازی لە ژوورەکانی ئۆپەراسیۆن كاربكەن، ئەوە تێچووی مانگانە لە نێوان 200 تاوەکو 300 ملیۆن دۆلار دەبێت. بەڵام ئەگەر پێنج هەزار سەرباز رەوانەی عێراق بکرێن، ئەوە تێچووی ئۆپەراسیۆنەکان لە نێوان 380 بۆ 570 ملیۆن دۆلار دەکەوێت لە مانگێکدا.
لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا ئەگەری ناردنی 25 هەزار سەربازی ئەمریکی شیکردنەوەی بۆ کراوە، لەو حاڵەتدا تێچووی ئۆپەراسیۆنەکان لە ساڵێکدا نزیکەی 22 ملیار دۆلار دەکەوێت.
بڵاوبوونەوەی ئەم راپۆرتە لە کاتێکدایە کە لەهەفتەی رابردوودا پنتاگۆن خەمڵاندنی سەرەتایی بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی کرد و تێیدا ئاماژەی بەوە کرد لە نێوان حەوت ملیۆن و نیو تاوەکو دە ملیۆن دۆلار تێچووی رۆژانەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمریکایە.
29/09/2014