فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2024-11-15-02-43-47 ڕابردوو بەردەوام گرووپگەلێک هەبوون لە کوردستان کە بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیڕەویان لە خەباتی چەکداریی کردووە وەک ڕێبازێک بۆ گەیشتن بە مافەکانی کوردستانییان. بەڵام هەر...
2024-11-15-02-37-43ناودەبرێت، بۆ کوردەکانیش هێشتا بابەتێکە کە جێی گومان و پرسیارە؟، بەوپێیەی هەموان سیناریۆکانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریان لەساڵی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٥ لەپێش چاوە، کەچۆن ئەو...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

 

mnasl

بەپێی زانیارییەكانی دەزگای هەواڵگری نێوخۆیی ئەڵمانیا، ژمارەی ئەو چەكدارانەی لە وڵاتانی ئەوروپاوە دەچنە نێو ریزەكانی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)، بە خێرایی زیاددەكات و بەپێی دوایین زانیارییەكان، ژمارەیان گەیشتووەتە 3 هەزار چەكدار.

هانس جۆرج ماسین، سەرۆكی دەزگای هەواڵگری نێوخۆیی ئەڵمانیا ئاشكرای كرد، كە ژمارەی ئەو كەسانەی لە ئەڵمانیاوە چوونەتە نێو داعش، زۆر لەسەرووی پێشبینییەكانەوەیە.

هانس جۆرج ماسین پێیوایە تاوەكو ئێستا، ژمارەی ئەو چەكدارانەی لە ئەڵمانیاوە چوونەتە نێو ریزەكانی داعش 400 چەكدارە، "لەو ژمارەیە بەلایەنی كەمەوە 125یان گەڕاونەتەوە ئەڵمانیا، بۆمان دەركەوتووە لەو كەسانەی گەڕاونەتەوە 25 چەكدار بەشداری رووبەڕوبوونەوە چەكدارییەكانیان كردووە".

هەروەها زانیاری ئەوەشی ئاشكرا كرد، كە: "زۆربەی ئەوانەی بە رێگای توركیاوە چوونەتە نێو سووریا و چوونەتە ریزی داعشەوە، تەمەنیان لەژێر 30 ساڵەوەیە، %61ـی ئەوانەیش كە لە ئەڵمانیاوە بوونەتە داعش، هەڵگری پاسپۆرتی ئەڵمانین، هاوكات %24ـی دیكەش لەو كەسانەی لە ئەڵمانیاوە رۆیشتوون، خاوەن دوو یان سێ رەگەزنامەی وڵاتانن".

سەرۆكی دەزگای هەواڵگری نێوخۆیی ئەڵمانیا ئەوەش ناشارێتەوە، كە 40 چەكدار، كە لە ئەڵمانیاوە چوونەتە سووریا لە شەڕ و پێكدادانەكاندا لەو وڵاتە كوژراون.

25/09/2014

mnkap

توركیا دوایین هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە ئەگەری بەشداریكردن و نەكردن لە شەڕی داعش ئاشكرا دەكات و سێ مەرج بۆ شەڕكردن دژی ئەو گرووپە دادەنێ.

بەپێی هەواڵێك، کە لە ناوەندە دیپلۆماسییەكانی توركیاوە دزەی كردووە، توركیا دوای ئەوەی بڕیاری دا بەشداری ئۆپەراسیۆنی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بكات بۆ لێدان لە چەكدارانی داعش، سێ مەرجی داناوە.

بەپێی هەواڵەكە، دانانی ئەم مەرجانە لەلایەن تورکیاوە بۆ بەشداری لە شەڕی دژی داعش، دوای ئەوەی رۆژی چوارشەممە 24ـی ئەیلول، رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا لە بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان لە نیۆیۆرك گوتی: '' توركیا ئامادەیە ئەو ئەركەی لەچوارچێوەی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش دەكەوێتەسەر شانی، ئەنجامی بدات". بڕیاریش وایە دوای گەڕانەوەی ئەردۆغان كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی توركیا بەڕێوەبچێت.

بەپێی زانیارییەكان، بەر لە سێ مەرجەكە، پێنج هەنگاو دەستنیشانكراون، کە تورکیا لەو بوارانەدا دەتوانێت رۆڵی خۆی بگێڕێت لەو شەڕەدا:

1- رێگە بە تێپەڕبوونی چەكداران نادرێ:

توركیا سنوورەكانی تووندوتۆڵ دەكات و رێگە بە هاتنی ئەو چەكدارە بیانییانە نادات، كە لە وڵاتانی ئەوروپا و رۆژئاواوە بە رێگەی توركیا دەچنە نێو ریزەكانی داعش.

2- گۆڕینەوەی زانیاری هەواڵگری:

دەزگای هەواڵگری توركیا (میت) لەگەڵ دەزگا هاوتاكانی خۆی لە وڵاتانی ئەوروپا زانیاری هەواڵگری دەگۆڕنەوە.

3- پشتیوانی سەربازی:

بڕیارە لە 2 ی 10ی 2014، توركیا پشتیوانی سەربازیی هێزی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بكات، بەڵام لە هاوكاری ئاسمانی سنووردار دەبێت.

4- توركیا رێڕەوی ئاسمانی خۆی دەكاتەوە:

بڕیارە توركیا رێڕەوی ئاسمانی خۆی بەڕووی فڕۆكە جەنگییەكانی وڵاتانی بەشداری نێو هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بكاتەوە، قسەش لەسەر بەكارهێنانی بنكەی ئەنجەرلیك كراوە.

5- هاوكاری مرۆیی بەردەوام دەبێت:

توركیا درێژە بە هاوكارییە مرۆییەكان و لەخۆگرتنی ئاوارەكان دەدات.

لەبەرامبەردا توركیا سێ مەرجی داناوە بۆ ئەوەی ئەم پێنج خاڵە لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی جێبەجێ بكات:

1- پێویستە ئۆپەراسیۆنەكە بۆ سەر چەكدارانی داعش لە عێراق و سووریا بەشێوەیەكی بەرفراوان ئەنجامبدرێت.

2- دەبێت دوای ئۆپەراسیۆنەكە دەستەبەری تەناهی و ئارامی بكرێت لە ناوچەكەدا.

3- ئەو چەكانەی بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ داعش دەدرێتە یەكە جیاوازەكانی ناوچەكە، نابێ بكەونە دەستی گەریلاکانی پارتی كرێكارانی كوردستان PKK.

25/09/2014

 

mnaqw

سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، كە چەكدارانی داعش لەسەر دەستی هێزەكانی پێشمەرگە تووشی شكست هاتوون. پێشوازیش لە لێدانی داعش دەكات لەناو سووریا و دەڵێ "سووریا پەناگەیەكی ئارام بووە بۆ تیرۆریستان و لەوێوە پەلاماری كوردستانیان داوە".

ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی ئەیلوولی 2014 لە سەڵاحەدین مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە چۆ جونگۆن باڵیۆزی كۆریای باشوور لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.

بەپێی راگەیێندراوی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ، باڵیۆزی كۆریای باشوور لە عێراق وێڕای ئاماژەدان بە پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان گوتوویەتی "هەولێر و بەغدا بۆ دیپلۆماتكارەكان دوو جیهانی جیاوازن و زۆر بەڕوونی هەست بە جیاوازیی نێوانیان دەكرێت و لە هەولێر هاتو‌وچۆ و دڵنیایی زیاتر بۆ دیپلۆمات و بیانییەكان هەیە".

باڵیۆزی كۆریای باشوور لە عێراق ستایشی رۆڵی پێشمەرگەی لە شەڕكردن لە دژی چەكدارانی داعش كرد و سوپاسی وڵاتەكەیشی بە بارزانی راگەیاند بۆ ئەو هەوڵانەی هەرێمی كوردستان بۆ حەواندنەوەی ئاوارەكان ئەنجامی داوە و گوتووشیەتی "كۆریای باشوور لە شەڕی تیرۆریستان و هاوكاریكردنی ئاوارەكاندا پاڵپشتی هەرێمی كوردستانە".

سەبارەت بە بەرەكانی جەنگ بارزانی ئەوەی خستەڕوو دەڵێ "تیرۆریستان لەسەر دەستی پێشمەرگە تووشی شكستی گەورە هاتوون و لە پاشەكشەدان".

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە دیدارەكەدا رایگەیاندووە "تیرۆر هەڕەشەیەكە بۆ سەر هەموو جیهان، بۆیە لەناوبردنیشی پێویستی بە هەوڵێكی نێودەوڵەتی و هەماهەنگی نێوان وڵاتان هەیە".

بارزانی پشتگیری لەو هەنگاوەی هێزە هاوپەیمانەكان كرد كە مۆڵگەی چەكدارانی داعشیان لەنێو خاكی سووریا كردووەتە ئامانج و رایگەیاند "تیرۆریستان خاكی سووریایان وەك پەناگەیەكی ئارام و سەكۆیەك بۆ پەلاماردانی كوردستان و عێراق بەكارهێناوە و نەهێشتنی ئەم پەناگەیە لەناوچوون و تێكشكانی تیرۆریستانی داعش خێراتر دەكات".

باڵیۆزی كۆریای باشوور رایگەیاندووە كۆمپانیاكانی كۆریای باشوور ئامادەن كە ئاستی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان فراوانتر بكەن و ئۆفیسی وڵاتەكەش لە هەولێر بەردەوام دەبێت لە كاركردن بۆ گەشەسەندنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا.

لای خۆیەوە بارزانی پێشوازیی لە فراوانتربوونی پەیوەندییەكان كرد و بەپێی بەیاننامەكە رایگەیاندووە "هەرێمی كوردستان ئامادەیە پەرە بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ كۆریای باشوور بدات.

25/09/2014

IMG13031025

سەرپەرشتیاری هێزی پێشمەرگە لە میحوەری گوێڕ - مەخموور بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، كە لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەكانی ئەمڕۆ بۆ سەر هێزەكانی داعش، جگە لە تێكشكاندنی ژمارەیەك دۆشكە و ئۆتۆمبێلی داعش، ژمارەیەك چەكداری داعشیش كوژراون و تەرمی 7 چەكدار لەبەر دەست پێشمەرگەدایە.

سیروان بارزانی، سەرپەرشتیاری میحوەری گوێڕ - مەخموور لە لێدوانێكدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند كە ئەمڕۆ چوارشەممە 24/9/2014 هێزەكانی داعش لە هەردوو گوندی كوشاف و ساقی سەر بە ناحیەی گوێڕ لە جموجۆڵدابوون، دوای ئەوەی لە كاژێر 1:40 خولەكی نیوەڕۆ فرۆكە جەنگییەكانی ئەمریكا بۆردوومانی چەكدارانی داعشی لەو دوو گوندەدا كرد، هێزی پێشمەرگەی كوردستانیش بنكەكانی داعشیان تۆپباران كردووە.

سیروان بارزانی روونیكردەوە كە لە ئەنجامی ئەو بۆردوومان و تۆپبارانەدا، "چەند دۆشكە و ئۆتۆمبێلێكی داعش تێكشكێنران و ژمارەیەكی زۆر چەكداری داعش كوژراون، كە تەرمی 7 چەكدار لە دەست هێزی پێشمەرگەدایە".

25/09/2014

 

 

mnxo

دوای هێرشی ئاسمانی فڕۆكەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی بۆ سەر بنكەكانی داعش لە دەڤەری كۆبانێ و ناوچەكانی سووریا، ئەمڕۆ بە هەزاران كەس دەستیانكردووە بە گەڕانەوە بۆ كۆبانێ، بەتایبەتی گەنج و پیاوەكان.  عومەر كالۆ ، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو ، لەسەر سنووری نێوان باكوور و رۆژئاوای كوردستان (توركیا و سووریا)، بە نیوزگازەرینگی رووداوی راگەیاند كە ئەمڕۆ بە چاوی خۆی دیتویەتی كە بە هەزاران كەس لە گەنجان و پیاوانی كۆبانێ لە باكووری كوردستانەوە دەگەڕێنەوە بۆ كۆبانێ و ئیدی كەس لە كۆبانێوە بەرەو باكووری كوردستان نایێت بۆ پەنابەری.  هەروەها عومەر كالۆ پەیامنێری رووداو ئەوەشی روونكردەوە كە بۆمبارانی ئاسمانیی فڕۆكەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی بۆ بنكەكانی داعش لە دەڤەری كۆبانێ و ناوچەكانی سووریا ، خەڵكی هانداوە كە بگەڕێنەوە بۆ كۆبانێ ، چونكە گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتە كە دوای بۆمبابارانی فڕۆكەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانانی ، ئیدی چەكدارانی داعش ناتوانن بێنە نێو شاری كۆبانێ.  هەروەها عومەر كالۆ رایگەیاند ، كە ئەمڕۆ رەوشی دەڤەرەكە ئارامە و ، ئەمڕۆ بەیانیش فڕۆكەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی بنكەكانی داعشیان لە دەڤەری كۆبانێ بۆمبابارانكردوون.  لەئەنجامی هێرشی داعش و گرتنی دەیان گوندی دەڤەری كۆبانێ لە رۆژئاوای كوردستان ، لە چەند رۆژی رابردوودا زیاتر لە 130 هەزار كەس ئاوارەی باكووری كوردستان و ژمارەیەكی دیكەش ئاوارەی دەڤەری عەفرین بوون لە شاری كۆبانێ و گوندەكانییەوە.

24/09/2014

 

mnzw

لەناو پاركێكی بچووكی بەردەم ئەپارتمانێكی نیشتەجێبووندا لە گەڕەكی ئاشتی شاری سلێمانی، عاسم ئەلجبوری 57 ساڵ لەگەڵ برایەكی و دوو ئامۆزایدا سەرقاڵی دەمەتەقێ و مشتومڕی سیاسی بوون لەبارەی رەوشی ژیانی ئاوارەییان لە هەرێمی كوردستان، عاسم لەگەڵ دوو براكەیدا لە شوقەیەكی 90 مەتریدا دەژین كە كۆی ژمارەی ئەندامانی خێزانەكەیان 13 كەسن و مانگانە بڕی 700 هەزار دینار كرێ‌ دەدەن.  عاسم كە خەڵكی سامەڕایە و لە 24ی تەمموزی رابردووەوە ئاوارەی هەرێمی كوردستان بووە، گوتی "سوپاسی میهرەبانیی خەڵكی كوردستان دەكەین، بەڵام چیتر بەرگەی سەختیی ژیانی ئاوارەیی ناگرین، چونكە ناتوانین كار بكەین و هیچ سەرچاوەیەكی بژێویشمان نییە، لەهەمان كاتیشدا ناتوانین بشگەڕێینەوە بۆ ناوچەكانی خۆمان".  بارودۆخی خێزانەكەی عاسم بەشێكە لە دیمەنە گشتییەكەی بارودۆخی ئەو سەدان هەزار ئاوارەیەی پەنایان بۆ هەرێمی كوردستان هێناوە كە بەهۆی جەنگ و توندوتیژییەكانی چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێهێشتووە.  بەپێی ئامارە فەرمییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، تائێستا نزیكەی 1000 كەمپی تایبەتیان بۆ نیشتەجێكردنی ئاوارەكان دابینكردووە، بەوەش هەرێمی كوردستان چووەتە سەر نەخشەی ئەو ناوچانەی كە خاوەنی زۆرترین كەمپی ئاوارەكانن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و بە یەكێك لە گەورەترین ئەو ناوچانەش دادەنرێ لە رووی داڵدەدانی ئاوارەكانەوە لە دوای كەمپی داداب لە كینیا و دۆلۆدۆب لە ئەسیوبیا و زەعتەری لە ئوردن و ییدا لەباشووری سوودان و عرسال لە لوبنان.  لە بەیاننامەیەكی هاوبەشی حكومەتی هەرێمی كوردستان و نەتەوە یەكگرتووەكاندا كە رۆژی 14ی ئەیلول بڵاویانكردەوە، ژمارەی ئاوارەكان لە هەرێمی كوردستان تاوەكو سەرەتای مانگی ئەیلول گەیشتووەتە ملیۆنێك و 401 هەزار كەس، بەشێوەیەك لەسەرەتای ساڵی 2014 ەوە هەتاوەكو مانگی ئەیلولی هەمان ساڵ 850 هەزار كەس لە ناوچە جیاوازەكانی عێراقەوە ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوون. لەو ژمارەیە 600 هەزار كەسیان لە نێوان حوزەیران بۆ ئابی 2014دا ئاوارەبوون، دوای ئەوەی چەكدارانی داعش شاری موسڵ و تكریت و چەند شار و شارۆچكەیەكیان لە باكووری رۆژئاوا و ناوەڕاستی عێراق داگیر كرد.  بەپێی رووپێوییەكی ئاژانسی ئۆكا OCHA كە ئاژانسێكی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكانە و تایبەتە بە هاوكاریی مرۆیی لە عێراق، دەركەوتووە لەو 850 هەزار ئاوارە عێراقیەی بەهۆی هێرشەكانی چەكدارانی داعشەوە ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوون، 49%یان خەڵكی پارێزگای نەینەوان، 21%یان خەڵكی پارێزگای ئەنبارن، 17%یان خەڵكی پارێزگای سەڵاحەدین و 9%یان خەڵكی پارێزگای بەغدا و 2%یان خەڵكی پارێزگای كەركووك و هەریەك لە پارێزگاكانی دیالە و بابلیش 1% پێكدێنن.  پێشتر و لەسەرەتای ساڵی 2013شدا نزیكەی 226 هەزار كەس لە سووریاوە پەنایان هێنایە بەر هەرێمی كوردستان، هەروەك پێش 2014ش، 325 هەزار كەسی دیكە لە ناوچە جیاوازەكانی عێراقەوە روویان لە هەرێمی كوردستان كردبوو، بەوەش كۆی ژمارەی ئەو ئاوارانەی لە كوردستان داڵدەدراون ژمارەیان ملیۆنێك و 401 هەزار كەسە.  مەحمود عوسمان، ئەندامی دەستەی باڵای ئاماری هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ (رووداو) ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە هاتنی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە ئەركێكی گەورەی خستووەتە سەرشانی حكومەتی هەرێم لەڕووی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی مرۆیی و نیشتەجێكردن و ئاو و كارەبا، بەوەش لەڕووی دابینكردنی خزمەتگوزارییەوە پارێزگایەكی دیكە لە ئاوارە بۆ هەرێمی كوردستان زیاد بووە، مەحمود عوسمان گوتیشی "حكومەتی هەرێمی كوردستان بە هاوكاری رێكخراوە مرۆییە نێودەوڵەتیەكان توانیویەتی لەئاست ئەو كارەساتە مرۆییەدا بەرپرسانە مامەڵە بكات و تارادەیەكی باش هاوكاری و خزمەتگوزاری پێشكەشی ئاوارەكان كردووە".  ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا زیادبوونێكی گەورەی بەخۆیەوە بینی و لە 5 ملیۆن و 400 هەزار كەسەوە گەیشتە 6 ملیۆن و 800 هەزار كەس، لەو ژمارەیە 26%یان لە ئاوارەكان پێكهاتوون.   ئەم زیادبوونە وەكو چاودێران ئاماژەی بۆ دەكەن، زیادبوونێكی ناسروشتیە و دابەشبوونی ئاوارەكانیش لە هەریەك لە سێ‌ شارەكەی هەرێمی كوردستان وەكو یەك نییە، بەپێی زانیارییەكانی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق، پارێزگای دهۆك پشكی شێری بەركەوتووە لە داڵدەدانی ئاوارەكان كە 61%ی رێژەی ئاوارەكان لەو پارێزگایە نیشتەجێ‌ بوون، پارێزگای هەولێر 24% و سلێمانیش 16%ی ئاوارەكان تێیدا نیشتەجێ‌ بوون. بەڵام بەپێی ئامارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پارێزگای دهۆك 64% و هەولێر 20%و سلێمانی 16%ی رێژەی ئاوارەكانیان بەركەوتووە.  هەر چۆنێك بێت پارێزگای دهۆك بە هەر حەوت قەزاكەیەوە پشكی شێری بەركەوتووەو زیاتر لە نیو ملیۆن ئاوارە لەخۆدەگرێت، 89%ی ئاوارەكان تەنها لە مانگی ئابی رابردوودا روویان لەو پارێزگایە كردووە.  فەرهاد ئەتروشی، پارێزگاری دهۆك لە لێدوانێكیدا بۆ پێگەی فەرمی حكومەتی هەرێم، رایگەیاند حكومەتی عێراق رۆڵێكی كەمی بینیوە لە بەهاناوەچوونی ئاوارەكان، سەرەڕای ئەوەی بەڵێنی دابوو یەك بۆ دوو كەمپی گەورە بۆ ئاوارەكان دروست بكات، بەڵام تائێستا هیچ هەنگاوێكی لەو رووەوە نەناوە.  رۆژی 20ی تەمموزی 2014 ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری ژمارە 328ی دەركرد تایبەت بە پێكهێنانی ژوورێكی ئۆپەراسیۆن لە هەرێمی كوردستان بۆ بەهاناوەچوونی ئاوارەكان، هەر لەو چوارچێوەیەدا بڕی 500 ملیار دیناری تەرخانكرد و بۆ هەر خێزانێكی ئاوارە بڕی ملیۆنێك دیناری عێراقی تەرخان كرد، بەڵام هەتا سەرەتای مانگی ئەیلول، تەنها 32%ی ئاوارەكانی هەرێم ئەو یارمەتیەیان وەرگرتووە، 64%ی ئاوارەكانیش تەنها مامەڵەكانیان وەرگیراوەو 4%یش لە ئاوارەكان بەهۆی كەموكوڕییەوە مامەڵەكانیان رەتكراوەتەوە.  ئەمەش ئاماژەیەكی روونە بۆ ئەوەی كە ئاوارەكان پێویستیەكی هەنووكەییان بە هاوكاری مرۆییە، بەتایبەتی ئەوە لەكاتێكدایە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆتایی مانگی ئاب لە بەیاننامەیەكدا داوای هاوكاری بەپەلەو خێرای لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد و ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە حكومەتی هەرێم بە تەنیا ناتوانێ‌ رووبەڕووی ئەو كارەساتە مرۆییە ببێتەوە.  كێڤن كێندی، جێگری رێكخەری كاروباری نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق، رایگەیاند ئەم قەیرانی ئاوارەبوونە، هاوشێوەی كۆڕەوی ساڵی 1991ی كورد سەخت و دژوارەو دەبێ هەموو لایەك بە هەستێكی لێپرسراوێتییەوە بە دەنگەوەی بێن بەمەبەستی رێكخستن و گەیاندنی یارمەتی مرۆیی پێویست.  یەكێك لە مەترسییە هەرە سەرەكیەكانی كە لە بەردەم ئاوارەكاندایە، هاتنی وەرزی زستانە كە بەهۆی دابەزینی پلەی گەرماو سەختیی كەشوهەواوە پێدەچێت بارودۆخێكی قورس چاوەڕێیان بكات، بەوپێیەی هەتا ئێستاش 78%ی ئاوارەكان نازانن چارەنووسیان چی دەبێت و هیچ پلانێكی ئایندەییان نییە بۆ رێكخستنەوەی ژیانیان.   ئەو ئامارانە كە لەلایەن ئاژانسی ئۆكا بڵاوكراونەتەوە، ئاماژە بە دۆخی ئاوارەكان دەكەن لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەك 53%ی ئاوارەكان بۆ نموونە لە پارێزگای دهۆك لەنێو خێوەتی ئاساییدان و 27%یان لە نێو شوێنی ئاینی و  پارك و قوتابخانەدان و 20%ی ئاوارەكانی پارێزگای دهۆكیش نازانن لە كوێ‌ بمێننەوە.  لەپارێزگای هەولێر 50%ی ئاوارەكان نازانن لە كوێ‌ بمێننەوە و 26%ی ئاوارەكان لە خانووی كرێدان و 12%یان لە پارك و شوێنە ئاینییەكان دەمێننەوەو 12%یشیان لەگەڵ خێزانی دیكەدا دەژین.  هەرچی دۆخی ئاوارەكانیشە لە پارێزگای سلێمانی، 69%یان لە خانووی كرێدان و 24%یان نازانن لە كوێ‌ بمێننەوەو 4%یان تائێستا لە هۆتێلەكان دەمێننەوە و 3%یشیان لەگەڵ خێزانی دیكەدا دەژین.  ئەوە لەكاتێكدایە 45%ی ئاوارەكانی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی گشتی هیچ پاڵپشتی و بژێوییەكی داراییان نییە.  لەوبارەیەوە سەرۆكی یەكێتی نێودەوڵەتی كۆمەڵەكانی خاچی سوور و مانگی سوور، ئیف داكور كە هەفتەی رابردوو سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و كەمپی خانكێی لە پارێزگای دهۆك بەسەركردەوە گوتی "بارودۆخی ئاوارەكان نەك تەنها لە كەمپی خانكێ‌، بەڵكو لە تەواوی ناوچەكە جێی نیگەرانیە، چونكە بەهۆی ئاڵۆزی و توندوتیژیەكان و بەردەوامیی جەنگەوە پێناچێت وا بە زوویی ئەو ئاوارانە توانای گەڕانەوەیان هەبێ‌ بۆ ناوچەكانی خۆیان، ئەوەش مانای وایە ماوەی ئاوارەییان درێژە دەكێشێ‌".  ئەو لێدوانەی ئیف داكوور لە كاتێكدایە كە جۆرێك لە نیگەرانی هەیە لەسەر ئاستی شەقامی كوردی بەرامبەر مانەوەی ئاوارە عەرەبەكان لە هەرێمی كوردستان، ئەوەش بە ئاشكرا لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی فەیسبووك و تویتەر رەنگیداوەتەوە، بەگشتیش ترسی جێگیربوونی ئاوارە عەرەبەكانیان هەیە كە رەنگە لەڕووی دیمۆگرافیەوە كاریگەری لەسەر پێكهاتەی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان دروست بكەن.  پێدەچێ‌ ئەو ترسە لەوەوە سەرچاوەی گرتبێ‌ كە ئەزموونی جێگیربوونی ئاوارەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست شتێكی نوێ‌ نییە، لەوبارەیەوە دەتوانین ئاماژە بە جێگیربوونی ئاوارە فەلەستینیەكان بكەین لە وڵاتانی دەروبەری، لەوانە ئوردن كە نزیكەی 450 هەزار ئاوارەی فەلەستینی لێ‌ نیشتەجێیە لە 10 كەمپدا، سووریا نزیكەی 450 هەزار ئاوارەی فەلەستینی تێدا نیشتەجێیە لە 11 كەمپدا، لوبنانیش زیاتر لە 200 هەزار ئاوارەی فەلەستینی لێ‌ نیشتەجێیە لە 12 كەمپدا. جێگیربوونی ئەو ئاوارانە لەو وڵاتانەدا، كەمپی ئاوارەكانی وەكو جۆرێك لە گەڕەكی نیشتەجێبوون لێكردووە لە هەریەكە لەو وڵاتانەدا.  سەبارەت بە هەرێمی كوردستانیش دۆخەكە هەرچۆنێك بێت، ئاماژەیەكی بەرچاو هەیە بۆ كارەساتێكی مرۆیی گەورە لە رووبەرێكی بەرفراواندا، ئەمەش ئەو راستیەیە كە زۆرینەی بەرپرسە باڵاكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و رێكخراوە مرۆییە نێودەوڵەتیەكان جەختی لەسەر دەكەنەوە، هاوكات ستایشی هەوڵەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش دەكەن بۆ ئیدارەدانی كاروباری ئاوارەكان.  فالێری ئامۆس، جێگری سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان كە رۆژی 14ی ئەیلول بەسەردانێك لە هەرێمی كوردستان بوو، رایگەیاند "هەرێمی كوردستان پێگەو ناوبانگێكی گەورەو باشی پەیدا كردووە لە نێوەندە نێودەوڵەتیەكاندا، بەوپێیەی یەكێكە لە شوێنە ئارامەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئامێزێكی میهرەبانیش بووە بۆ داڵدەدانی ئاوارەكان، ئەوەش جێگەی ئومێدی رێكخراوە مرۆییە نێودەوڵەتیەكانە".

24/09/2014

asansor bo asman

 

كۆمپانیای ئۆبافاچی ژاپۆنی، كە تایبەتە بە بوونیادنانی باڵەخانە رایگەیاند، پلانی هەیە بۆ دروستكردنی ئەسانسۆرێكی ئاسمانی و ئەو ئەسانسۆرە مەودای 95 كیلۆمەتر بۆ بۆشایی ئاسمان بەرزدەبێتەوە و لە ساڵی 2050 كاری پێدەكرێت.

بەپێی هەواڵێكی تۆڕی Australia's ABC News، ئەسانسۆرە زەبەلاحەكە بۆ گواستنەوەی كەشتیوانە ئاسمانییەكان و كەلوپەل بۆ مەكووكە ئاسمانییەكان بە نرخێكی زۆر هەرزان بەكاردەهێندرێت.

ئێستا نرخی گواستنەوەی یەك كیلۆگرام لە پێداویستی بۆ بۆشایی ئاسمان بڕی 22 هەزار دۆلاری تێدەچێت، بەڵام بە دەستبەكاربوونی ئەم ئەسانسۆرە ئاسمانییە، نرخەكەی دەبێتە 200 دۆلار.

یۆجی ئیشیكا، بەڕێوەبەری لێكۆڵینەوەی كۆمپانیاكە رایگەیاندووە، لوولەی ئەو ئەسانسۆرە، كە ئێستا خەریكی لێكۆڵینەوەین لەسەری و دەمانەوێت پێشی بخەین نزیكەی 100 ئەوەندەی پۆڵا بەهێزدەبێت.

یۆجی هەروەها گوتی، "ئێستا توانای دروستكردنی لوولەی نانۆیی بە درێژی تەنیا 3 سانتیمەترمان هەیە و پێمانوایە لەگەڵ هاتنی ساڵی 2030 دەگەینە ئامانجەكەمان و هەر گەشتێكیش لە ئەسانسۆرەكەوە بۆ بنكە ئاسمانییەكەی سەرەوە، 7 رۆژ دەخایەنێت".

كۆمپانیاكە بۆ جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژەیە زانا و شارەزای لە هەموو زانكۆكانی ژاپۆن كۆكردووەتەوە و هیواخوازە كۆمەڵكای نێودەوڵەتی یارمەتیدەربێت بۆئەوەی لەماوەی دیاریكرداودا پڕۆژەكە كۆتایی بێت.

24/9/2014

alai eran u frokai amrika

 

جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ كاروباری عەرەبی و ئەفریقی سەبارەت بە هێرشی سەربازی ئەمریكا بۆ سووریا رایگەیاند، "كۆماری ئیسلامی ئێران بە هەستیارییەكی زۆر و بەوردییەوە بەدواداچوون بۆ هێرشی ئاسمانی ئەمریكا بۆ هەندێك ناوچەی سووریا و لێكەوتەی ئەو هێرشانە دەكات".

ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ كاروباری عەرەبی و ئەفریقی، هەنگاوی ئەمریكا و هاوپەیمانانی لە هێرشبردن بۆ سووریا بە "پێشێلكردنی سەروەری و مافە نێودەوڵەتییەكانی ئەو وڵاتە" دادەنێت و هەروەها بە سەرەتایەكی دەزانێت بۆ دەستێوەردانی نوێ لە ناوچەكەدا.

بە گوتەی ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، لە روانگەی تارانەوە هەر هەنگاوێكی سەربازی لە چوارچێوەی وڵاتی سووریا بێ داواكاری حكومەتی ئەو وڵاتە و پاراستنی مافی نێودەوڵەتی سووریا، قبوڵناكرێت، "لەبەرئەوەی ناكرێت بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم ببێتە هۆكاری پێشێلكردنی سەروەری وڵاتان".
  
ئەمریكا پێش كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش هێرشی ئاسمانی لە نێو خاكی سووریا بۆ سەر داعش ئەنجام دا و بە پێی راگەیاندنی وەزارەتی بەرگری ئەو وڵاتە، لە ماوەی  چەند كاژێرێكدا پتر لە پەنجا هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر دامەزراوە و بنكە و بارەگاكانی گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) و گرووپی نوسرە ئەنجامداوە.

جۆن كێربی، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا روونكردنەوەی لەسەر هێرشەكان دا و رایگەیاند، "جەختدەكەمەوە لەوەی كە هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانانی هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر چەكدارانی داعش لە سووریا بە فڕۆكە و مووشەكی تۆماهۆك ئەنجامداوە".

24/9/2014

zanko2392014bb

بەڕێوەبەری راگەیاندن‌و پەیوەندییەكان لەزانكۆی ئەمەریكی لەعیراق- سلێمانی، رایدەگەیەنێت، دروستكردنی رێكخراوی گەشەپێدانی زانست، چەترێكە بۆ زانكۆكە‌و سەرجەم دامەزراوەكانی دیكەیان‌و دەیانەوێت بەشێوەیەكی باشتر كار بكەن.

بژار عەلی بۆسكانی، بەڕێوەبەری راگەیاندن‌و پەیوەندییەكان لەزانكۆی ئەمەریكی لەعیراق - سلێمانی لەلێدوانێكدا بۆ خەندان رایگەیاند: " دروستكردنی رێكخراوی (گەشەپێدانی زانست) بۆ ئەوەیە كە دەمانەوێت بەشێوەیەكی فراوانتر ئەو ئامانجانەی زانكۆ هەیەتی گەشەی پێبدەین، چونكە لەڕووی یاساییەوە دەست فراوانتر دەبین بۆ ئەو هەنگاوانەی دەینێین، جگە لەوەش یارمەتیمان دەدات بۆ وەرگرتنی زیاتری متمانە لەرێكخراوی (نیازكا) بۆ متمانەدان بەڕیزبەندی زانكۆكان بۆ ئاستی بەرزتر، بۆیە ئەگەر وەك رێكخراوێكی ناحكومی‌و قازانج نەویست كار بكەین ئەوا زیاتر پەرە بەكارەكانمان دەدەین".

ناوبراو رونیكردەوە، "دروستكردنی ئەو رێكخراوە ناحكومییە بەهیچ شێوەیەك كار ناكاتە سەر كارەكانی زانكۆی ئەمەریكی لەعیراق – سلێمانی"، وتیشی: زانكۆكە وەكو ناو و پرۆگرامی زانستی‌و وەرگرتنی خوێندكار‌و خوێندن تێیدا وەك خۆی دەمێنێتەوە، بەڵام ئەو رێكخراوە دەبێتە چەترێك بۆ كۆكردنەوەی سەرجەم دەزگاكانی دیكەی وەك (پەیمانگەی توێژینەوەی نێودەوڵەتی‌و ناوچەیی كە ساڵانە دیداری سلێمانی رێكدەخات لەگەڵ پەیمانگەی گەشەپێدانی پیشەیی) جگە لەوەش دەتوانین سەنتەری باشتری توێژینەوە بكەینەوە بۆ خزمەتكردنی زیاتری زانست لەكوردستاندا.

بژار عەلی بۆسكانی جەختیكردەوە، "زانكۆی ئەمریكی موڵكی گشتییە‌و موڵكی كەس نییە‌و پشكی كەسیشی تێدا نییە"، دەشڵێت: دەمانەوێت لەسەر ئاستێكی نێودەوڵەتی‌و باشتر كاربكەین‌و هەر بەروونیش دەمێنینەوە، چونكە لەهەموو وڵاتان زانكۆكان دەبنە راوێژكار‌و سەرچاوە بۆ حكومەت‌و دامودەزگاكانی.

ئەو بەرپرسەی زانكۆی ئەمەریكی لەعیراق - سلێمانی رەتیكردەوە كە دروستكردنی ئەو رێكخراوە مەبەستی سیاسی لەپشتەوە بێت، وتیشی:  هەندێَك رەخنەمان لێدەگرن كە ئەم رێكخراوە دەبێتە رێكخراوێكی سیاسی‌و ئامانجی تری لەپشتە، بەڵام ئەو قسانە راست نین، بەڵكو زانكۆكە هەر بەپێی مۆڵەت‌و رێنماییەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵا كار دەكات.

لە ڕونكردنەوەیەكی زانكۆی ئەمەریكی لەعیراق - سلێمانی كە وێنەیەكی بۆ خەندان نێردراوە تێیدا هاتووە، "زانكۆی ئەمریكی لە عیراق - سلیمانی (وەك دامەزراوەیەكی زانستپەروەری ئەكادیمی بە پێوەر و شێوازی زانكۆكانی ئەمریكا بنیاتنراوە‌و بۆ ئەم مەبەستەش زانكۆ پێویستە پابەندی پەیڕەو و  ڕێسای كاردنی زانكۆ و دامەزراوە ئەكادیمیەكانی ئەمریكا بێت، لەوانەش پاراستنی ئازادی زانكۆ دوور لەدەستێوەردانی سیاسی‌و شەفافیەتی دارایی‌و بەڕێوبردن. 

(دەستەی ئەمیندارانی زانكۆ)ش پێكهاتوون لە چەندین كەسایەتی ئەمریكی و كورد و عیراقی و هەمووشیان خۆبەخشانە كار دەكەن بۆ  سەرپەرشتی گشتی زانكۆ  و پابەندبوونی بە پێوەر و ئامانجەكانی. 

بەرێوبەرایەتی زانكۆ ئەركی جێبەجێكردنی ئامانج و بەرنامەكانی زانكۆی لە ئەستۆدایە و بەرپرسی ڕاستەوخۆیە لە بەڕێوەبردنی زانكۆ".
لە بەشێكی دیكەی رونكردنەوەكەشدا باس لەوەكراوە، "سەرەتا زانكۆ وەك پڕۆژەیەكی وەبەرهێنان لەحكومەتی هەرێمی كوردستان موڵەتی وەرگرتووە‌و بە پێی ئەو موڵەتە (ماستەر پلانی زانكۆ) پەسەندكراوە و قۆناغ بەندی بۆ دیاریكراوە، بەڵام  هەر لە سەرەتاوە پێناسەی زانكۆ وەك دامەزراوەیەكی قازانج نەویست بووە و بۆ قازانجكردن كاری نەكردووە".

رونكردنەوەكە ئەوەشی تێدا خراوەتەوەروو، "تێچووی ڕاستەقینەی خوێندن لەزانكۆكە بۆ هەر خوێندكارێك چەند بەرابەری كرێی وەرگیراو بووە لە خویندكارەكان، مەبەستیش بووە ئەم زانكۆیە تەنها بۆ كەسانی پارەدار نەبێت، بەڵكو دەرفەت بۆ توێژە جیاجیاكانی كومەڵگا بڕەخسێنێت‌و لاوانی بەهرەدار لێی سودمەندبن، بێ ڕەچاوكردنی باری دارایی، بۆیە لە دیاریی كردنی كرێی خوێندن، كەسانی بەهرەمەند هاوكاری دەكرێن و بە زەمالەی جۆراو جۆر یارمەتی دەدرێن، ساڵانەش بە پشتیوانی حكومەتی هەرێم و خێرخوازان، هاوكاری خویندكاران دەكرێت".

24/09/2014

mnbzap

فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای ئەمریکا، دەستیان بە هێرشی ئاسمانی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی داعش لە ناوچەکانی رەقە و دەوروبەری لە سووریا دەستپێکرد و وڵاتانی عەرەبیش لەو هێرشانەدا بەشدارییان کردووە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ رۆژی سێشەممە 23ی ئەیلوول ئەمریکا یەکەمین هێرشی ئاسمانی بۆ سەر داعش دەستپێکرد و بەرپرسێکی باڵای سەربازی ئەمریکیش رایگەیاندووە، لەم هێرشانەی ئەمریکادا ئەوانەی وەک هاوپەیمان بەشدارییان لەو هێرشانەدا کردووە هەمووویان وڵاتانی عەرەبین، ئەو وڵاتانەش بریتین لە هەریەکە لە ئوردن، سعودیە، ئیمارات و بەحرەین.

سەبارەت بە بەشداریکردنی قەتەریش ئەو بەرپرسە سەربازییە ئاماژەی بەوە کردووە، قەتەریش هاوکاری هێرشەکانی کردووە، بەڵام هێشتا روون نییە کە ئایا قەتەر هاوشێوەی ئەو وڵاتانە لە بۆمبارانکردنی داعشدا راستەوخۆ بەشداریکردووە یان نا.
 
بەگوێرەی ئەو بەرپرسە سەربازییەی ئەمریکا، هێرشەکان بە مووشەکی تۆماهۆک لە بنکە سەربازییەکانەوە لە دەریاوە دەستیپێکردووە و بەدوایدا فڕۆکە جەنگییەکان پێگەکانی داعشیان لە رەقە بۆمباران کردووە، بەڵام ئەو بەرپرسە ئامادە نەبووە، شوێنی دەستپێکردنی هێرشەکان ئاشکرابکات، تا ئەوکاتەی پنتاگۆن بە فەرمی وردەکارییەکان ئاشکرا بکات.
 
حکومەتی سووریاش لای خۆیەوە ئاشکرایکرد، کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێش ئەوەی هێرشەکانی بۆ سەر داعش دەسپێبکات لەو بارەیەوە حکومەتی سووریای لەرێگەی باڵیۆزی سووریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاگادارکردووتەوە. 

هێرشەکان لەکاتێکدایە کە داعش هێرشەکانی بۆسەر رۆژئاوای کوردستان دەستپێکردووە و چەند گوندێکی سەر بە شاری کۆبانێی رۆژئاوای کوردستانی کۆنترۆڵکردووە و بەو هۆیەوە زیاتر لە 100 هەزار کوردی رۆژئاوا ئاوارەی باکووری کوردستان بوون. 

23/09/2014

68115Image1

کورد لەبەرامبەر به‌شدارییکردنی له‌ حکومەتی نوێی عێراق، داوای له‌ به‌غدا کردووە 9 ملیار دۆلار مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی کوردستان بدات، پەرلەمانتارێكی دەوڵەتی یاساش دەڵێت بەغدا توانای خه‌رجکردنی ئەو بڕەى پارەیەی  نییه‌.

محەممەد سەهیود، پەرلەمانتاری ده‌وڵه‌تی یاسا له‌ په‌رله‌مانی عێراق، لە لێدوانێكی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند،" کورد به‌شدارییکردنی له‌ حکومەتی نوێی عێراقدا به‌ستووەته‌وه‌ به‌ خه‌رجکردنی 9 میلیار دۆلارەکەی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی کوردستان". بەڵام سەهیود پێیوایە حکومەتی عێراق ناچێتە ژێرباری ئەو مەرجە و دەڵێت،"ئێستا به‌غدا توانای خه‌رجکردنی ئەو پارەیەی نییه، لەبەرئەوە ناتوانێت بچێتە ژێرباری ئەو مەرجە"‌.

لە بارەی ناکۆکییەکانی هەولێر و بەغداش، سه‌هیود ئاماژه‌ بۆ ئەوە دەكات،"ناکۆکییه‌کانی به‌غدا و هه‌ولێر له‌سه‌ر پرسه‌کانی نه‌وت و گاز و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی کوردستانە، ئه‌مه‌ش بووەته‌ هۆی ئەوەی کورد مەیلی بەشداری لە حکومەتی نوێدا نەبێت".

سه‌هیود دەشڵێت، "سه‌ردانی ئه‌م دواییه‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆکوه‌زیری عێراق بۆ هه‌رێمی کوردستان بە مەبەستی خاوکردنەوەی دۆخەکە و چاره‌سه‌ری ئه‌م ناکۆکییانه بوو و لەبەرئەوەش عه‌بادی جه‌ختی لەوە کردووەته‌وە كە به‌غدا و هه‌ولێر بۆ چاره‌سه‌ریی ناکۆکییه‌کانیان نەرمی بنوێنن". بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارەی دەوڵەتی یاسا، عەبادی داوای له‌ سەرکردایەتی کورد کردووه‌، به‌ له‌به‌رچاوگرتنی باردۆخی عێراق ئاستی داوکارییەکانیان که‌مبکه‌نه‌وه‌.

22/09/2014

mzvc

هاوسەرۆكی پارتی یەكێتی دیموكراتی رایدەگەیێنێت، رەنگە داعش بتوانن گو‌وندەكان بگرن و پاشەكشێ بەهێزەكانی ئەوان بكەن و بگەنە نزیك كۆبانێ، بەڵام جەختدەكاتەوە "كەوتنی كۆبانێ مەحاڵە".

ساڵح موسلیم دەڵێ: "كۆبانی هەرگیز ناكەوێ،  كاتێك ئەگەری كەوتنی هەیە كە ئەوانەی لەوێن هەموویان كوژرابن، سەرباری ئەوەی چەتەكان چەكی قوڕس و تانكیان پێیە، بەڵام شەڕڤانەكانمان زەبرێكی كوشندەیان لێداون".

موسلیم گوتیشی: "هێرشەكانی داعشمان وەستاندووە و ژمارەیەكی زۆر لە تانك و زرێپۆشمان تێكشكاندوون، بەڵام شەڕ بەردەوامە". دەشڵێ "كێشەی چەك و پێداویستی سەربازیمان هەیە".

هاوسەرۆكی PYD لە وەڵامی بەیاننامەكەی مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەڵێ: "هەرچی زووە پێویستە ئەو بەیاننامەیە بكرێتە كردار، ئەگەر پێشمەرگە بیەوێ بێت با بفەرموێ، بانگهێشتی دەكەین، مەگەر ئێمە رێگامان لەكێ گرتووە؟".

موسلیم دەڵێ، "پێشمەرگە دەتوانێ بە رێگەی توركیا بێتە رۆژئاوا، ئەگەر ئەمە ناكەن با داوا لە توركیا بكەن شەڕوانانی YPG لە قامشلۆوە بتوانن خۆیان بگەیێننە كۆبانێ، پەیوەندییان لەگەڵ توركیا باشە، با ئەم دەرفەتە دەستەبەر بكەن".

لەبارەی پاشەكشەی یەكینەكانی پاراستنی گەل و چۆڵكردنی ژمارەیەك گو‌وند موسلیم گوتی: "ئەو گوندانە لەبەر هۆكاری ئەمنی چۆڵكراون، كە لەژێر رەحمەتی تۆپ و هاوەنی مەودادرێژدابوون، ئەو گوندانە هێشتا لە كۆنتڕۆڵی یەپەگەدان، بەڵام مەیدانی شەڕن".

بە گوتەی ساڵح موسلیم توركیا پێیانگوتووە "ئێمە بەشێوەیەكی راستەوخۆ پەیوەندیمان لەگەڵ داعش نییە، بەڵام لایەنێك هەیە بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ یارمەتیان دەدا، گوتیان كە هەوڵ دەدەین رێگری لەو هاوكارییە بگرین، بەڵام ئەمڕۆ كە دووڕووانە لەلایەك دەڵێن پڕۆسەی ئاشتی و لایەكی دیكەوە داعش بە گژ كوردەوە دەنێن هەموو شتێك روون و ئاشكرا بوو".

22/09/2014

SUPA2092014BB

سەرچاوەیەكی ئەمنی ئاشكرایكرد، دەیان چەكداری داعش كوژراوو برینداربوون بەهۆی بۆردومانی هێزەئاسمانیەكانی عیراق بۆ سەر مۆڵگەیەكیان لە باكوری شاری تكریت. 

بەوتەی سەرچاوەكە، "هێزە ئاسمانیەكانی سوپای عیراق ئەمڕۆ، شەممە ( 20 ئەیلولی 2014) چوار موشەكیان ناوە بە باڵەخانەی وێستگەی شەمەندەفەر ی بێجی لە خۆرئاوای قەزاكەگ، وتیشی: ئەو باڵەخانەیە لەلایەن چەكدارانی داعشەوە كرابووە مۆڵگەو بەوهۆیە بەدەیان لەو چەكدارانە كوژراوو بریندار بوون و ئۆتۆمبێلیكیشیان بەتەواوی سووتا". 

سەرچاوەكە ئەوەشی راگەیاند، "هێزە ئاسمانیەكانی عیراق هەر ئەمڕۆ بۆردومانی پرۆژەی ئاوی ناحیەی سینیەیان كرد لە خۆرئاوای قەزای بێجی، بەهۆی بۆردومانەكەوە چەكدارانی داعش زیانی ماددی زۆریان بەركەوت".  

21/09/2014

mnwc

دوای ماوەیەكی بەرچاو لە تێكچوونی پەیوەندییەكانیان، میسر بانگهێشتی توركیای كردووە بۆ بەشداریكردن لە كۆنفرانسی وڵاتانی بەخشەر لە قاهیرە، بە مەبەستی بنیاتنانەوەی كەرتی غەززە.

كۆنفرانسەكە بە دەستپێشخەری میسر و نەرویج دەبەسترێت و لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتان دەبێت. باڵیۆزی میسر لە توركیا بانگهێشتنامەیەكی گەیاندووەتە وەزارەتی دەرەوەی توركیا بۆ بەشداری لە كۆنفرانسەكە.

سەرچاوەیەكی وەزارەتی دەرەوەی توركیا بە رۆژنامەی حورییەتی تورکی گوتووە، كە ئەوان لەڕووی مەبدەئییەوە بڕیاری بەشداری کردنیان لە كۆنفرانسەكە داوە، بەڵام جارێ‌ بڕیاریان نەداوە لە چ ئاستێكدا بەشداری دەکەن.

ئەگەر مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی توركیا لە 12ـی مانگی داهاتوو بەشداری ئەو كۆنفرانسە بكات، ئەوە خاڵی وەرچەرخان دەبێت لە پەیوەندییەكانی هەردوولادا، چونكە لەو كاتەوە سوپای میسر كۆتاییان بە فەرمانڕەوایی محەممەد مورسی هێنا لە 2013 دا، لەسەر ئاستی باڵا سەردانی نێوان شاندی هەردو وڵات ئەنجام نەدراوە.

لە ساڵی 2013 وە، دووای لەسەر کارلادانی محەممەد مورسی، سەرۆککۆماری میسر و قەدەخەکردنی ئیخوان موسلیمین، هەردوو وڵات باڵیۆزی لایەنی بەرامبەریان وەك (كەسی نەخوازراو) ناوبردووە لەسەر خاكی وڵاتەكەیان و ئاستی نوێنەرایەتی دیبلۆماسییان لەسەر خاكی یەكدی دابەزاندووە.

ئەو هەوڵانەی پێشتر هەبوون بۆ چاككردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات، بەهۆی لێدوانی سەرانی هەردوولاوە پەكیان كەوتووە. 

بەمدواییانە توركیا بانگهێشتی حوسێن ئەلسەهەرتی ،كاربەڕێكەری باڵیۆزخانەی میسر لە ئەنکەرەی کردبوو بۆ بەشداری لە هەریەك لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە 28ـی ئاب و رۆژی پێشوازی لە سەركەوتن لە 30ـی ئابدا. حوسێن ئەلسەهەرتی لە 28ی ئاب بەشداری لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی ئەردۆغان كرد، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەردۆغان لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ جەزیرە، حكومەتی میسری رەخنەباران كرد، ئەلسەهەرتی ئامادە نەبوو لە 30ـی ئابدا بەشداری لە رێوڕەسمی پێشوازی لە رۆژی سەركەوتندا بکات.

21/09/2014

sha abdulai ordn

 

شای ئوردن رەخنە لە وڵاتە یەکگرتووەكانی ئەمریكا دەگرێت و دەڵێت، دەبووایە زۆر زوو و لە كاتی خۆیدا رووبەڕووی چەكدارانی داعش بووەستابووایە و رێگری لێ بکردایە، تا تەشنەی نەكردبا لە عێراق و سووریا.

شا عەبدوڵڵای دووەم، شای ئوردن لە چاوبێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا ئاماژی بەوە كرد، "داعش ئیستا زۆر ناوچەی داگیركردوە و خاوەنی نەوتە و لەتوانایدایە لە ساڵیكدا یەك ملیار دۆلار بە دەستبهێنیت و مووچەی چەكدارە بیانییەكانی بدات، جگە لە كڕینی چەک".

شای ئوردن ئاماژەی بەوەشكرد، کە "سەركردەكانی داعش بە هیچ جۆریک مسوڵمان نین و دەبێت هەموو جیهان یەك بگرێت دژی ئەم چەكدارانە، كە زۆربەی ناوچە سنوورییەكانی سووریا وعێراقیان داگیركردووە".

شا عەبدوڵا، كە ئیستا بۆ بەشداریكردن لە كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی گشتی نەتەوە یەگرتووەكان لە نیۆیۆركە، هەروەها گوتی :" دەبووایە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە شێوەیەكی بەهێزتر و بەگەرەنتییەوە كاری بكردایە بۆ نەگەیشتنی داعش بە سەرچاوەکانی دارایی و تەشەنەكردنی لە سووریا".

22/9/2014

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان