رۆژنامەی واشنتن پۆست لە وتارێکدا کە دەیڤید ئیگناتیوس لەبارەی ستراتیژی
حکومەتی ئۆباما بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش نووسیویەتی، بڵاویکردووەتەوە کە ستراتیژی ئۆباما لەو بارەدا بریتییە لە دوو قۆناغ، کە قۆناغی یەکەم پێکهێنانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ناوچەییە و قۆناغی دووەم بەهێزکردنی نەیارە میانڕەوەکانی بەشار ئەسەدە.
بەوپێیە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ شکستپێهێنانی داعش لە سووریا، پشت بە سوپای ئازاد دەبەستێت، هەروەها هێڵی سەرەکی شەڕی داعش لە سووریا و پڕکردنەوەی بۆشایی ناوچە ئازادکراوەکان دوای شکستپێهێنانی داعش، رادەستی سوپای ئازاد دەکرێت.
وتارەکە هەندێک لە لێدوانەکانی ئەحمەد جەربا سەرۆکی پێشوو و ئەندامی ئێستای هاوپەیمانی نیشتمانی ئۆپۆزسیۆنی سووریای هێناوەتەوە و رایگەیاندووە، کە فەرماندەیی ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە داعش لە سووریا، دەکەوێتە ئەستۆی ئەو ئەندامە دیارەی هاوپەیمانی نیشتمانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا.
هەروەها ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە CIA دەزگای هەواڵگری ئەمریکا، بە نهێنی راهێنانی سەربازی کردووە بە 4 هەزار ئەندامی سوپای ئازادی سووریا و ئێستایش سەرقاڵە بە راهێنانی 10 هەزار ئەندامی دیکەی ئەو سوپایە. روونیشیکردووەتەوە کە ئەو هێزانە رۆڵیان پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی ئەو ناوچانە دەبێت کە لە دەستی داعش رزگار دەکرێن.
لە زاری ئەحمەد جەربایشەوە نووسیویەتی: جگە لەو هێزانەی سوپای ئازاد کە لە لایەن ئەمریکاوە راهێنانیان پێدەکرێت 4 هەزار عەشایری عەرەبیش راهێنانیان پێکراوە بۆ ئەوەی لەگەڵ سوپای ئازاد بەرەوڕووی داعش ببنەوە، ئەو هێزانە لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشی ئاسمانی ئەمریکا بۆ سەر داعش لە خاکی سووریا، دەستبەجێ چالاکییەکانیان دەستپێدەکەن.
بەپێی واشنتۆن پۆست ئەحمەد جەربا ئاشکرای کردووە وەک ئەندامی باڵای هاوپەیمانی نیشتمانی سووریا، لە بارەی داڕشتنی پلان بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش، لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەماهەنگی دەکات، جەربا هیوای پیشانداوە بە شکستپێهێنانی تەواوەتی داعش و گوتوویەتی: "ئێمەی سووری بوونی شێرپەنجەی وا لە جەستەماندا قبووڵ ناکەین".
لە عێراقیش بڕیاروایە بە پێکهێنانی حکومەتی بنکەفراوان و پاشان پێکهێنانی هێزێکی بەتوانا لە سوپای عێراق و هاوپەیمانی خێڵە سوننەکان لە باکووری خۆرئاوا و هێزی پیشمەرگەی کوردستان، پلانی رووبەڕووبوونەوەی داعش جێبەجێ بکرێت و لە ناوچەکانی باکووری ئەو وڵاتە بکرێنە دەر.
لەکۆتاییشدا هاتووە کە لە دووەمین قۆناغی رووبەڕووبوونەوەی داعش، بڕیارە هاوپەیمانییەک لە سوننەکانی عێراق پێکبهێنرێت کە بەشداری بەڕێوەبردنی وڵات بکەن و بەغدا لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی کەنداو بکاتەوە.
07/09/2014