ئێستا شەڕێكی سەخت لە نێوان شەڕڤانانی یەپەگە و چەكدارانی داعش لە شاری كۆبانێی رۆژئاوای كوردستان بەڕێوەدەچێت، رەنگین شەرۆ، نێردراوی تۆڕی میدیایی رووداویش لە كۆبانێ دەڵێت فڕۆكە جەنگییەكان بەسەر ئاسمانی ئەو شارەدا دەسوڕێنەوە. ئەمڕۆ دووشەممە 6ی تشرینی یەكەمی 2014 لە رۆژهەڵاتی كۆبانێ چەكدارانی داعش چوونە نێو شارەكە و ئاڵای گرووپەكەیان لە گەڕەكێكی كۆبانێ هەڵكرد، دواتریش شەڕی كۆڵان بە كۆڵان لە نێوان هەردوولا دەستیپێكرد. سەبارەت بە هێرشی فڕۆكە جەنگییەكان بۆسەر چەكدارانی داعش لە دەوروبەری كۆبانێ، جەین ساكی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە وەڵامی پرسیارێكی پەیامنێری رووداو رایگەیاند، لە نزیكەوە چاودێری رەوشی كۆبانێ دەكەین و لە 24 كاژێری رابردوودا لە نزیك كۆبانێ هێرشێكی ئاسمانیمان كردووەتە سەر كاروانێكی ئۆتۆمبێلەكانی داعش. ماوەی سێ هەفتەیە چەكدارانی داعش هەموو هەوڵی خۆیان دەدەن تاوەكو لە هەرسێ دیوی رۆژئاوا، رۆژهەڵات و باشوورەوە بچنە ناو كۆبانێ، بەڵام وەك سەرچاوەكانی هەواڵی نێو ئەو شارە باسیدەكەن، شەڕڤانانی یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و گەنجانی كۆبانێ بەرگرییەكی بەهێز دەكەن و تا ئێستا زیانێكی زۆریان بە داعش گەیاندووە.
07/10/2014