یەکێک لە گرفتە سەرەکییەکانی شاری بیجاڕ بێکارییە. بێکاری لەو شارە وای لە لاوان کردووە کە شارەکەیان بە جێبێڵن و بۆ دۆزینەوەی کار و دابینکردنی ژیانی رۆژانەی خۆیان روو لە شارەکانی دیکە بکەن.
بەپێی دوایین ئامارەکان، 4 هەزار کەس تەنیا لەبەر گرفتی بێکاریی، شاری بیجاڕیان بەجێهێشتووە.
بە ناچار بەجێهێشتنی لاوانی ئەو شارە بە رادەیەکە، کە کاردانەوەی لێکەوتووەتەوە و بەرپرسانی حکومەتی هێناوەتە دەنگ.
بیژەن زەندیە فەرمانداری شاری بیجاڕ، بێکاریی بە گەورەترین کێشەی ئێستای ئەو شارە لەقەڵەم داوە و رایگەیاندووە: لاوانی شاری بیجاڕ لەگەڵ گرفتی بێکاری بەرەوڕوون و ئیدارەکانی حکومەت، وەڵامدەری داخوازییەکانی ئەو ژمارە لە بێکاران نییە.
بە وتەی فەرمانداری بیجاڕ، 35 لە سەدی لاوانی بیجاڕ بێکارن و پەرەپێدانی ئابووری لەو شارەدا زۆر لاوازە.
جیا لە لاوازی و رەوتی پەرەپێدانی بواری ئابووری، شاری بیجاڕ چەندین ئاسەواری مێژوویی تێدا هەڵکەوتوون کە هێشتا بەشێکیان نەناسێندراون. شوێنەوار و ئاسەواری مێژووی و گەشتیاری کە دەتوانن سەرچاوەیەک بن بۆ داهات، نەکراونەتە سەرمایەیەک بۆ دۆزینەوەی کار و پیشەی هاونیشتمانیانی ئەو شارە.
فەرمانداری بیجاڕ دەڵێت: سەرمایەگوزاری باشترین پلانە بۆ چارەسەری کێشەی بێکاری و ئەگەر بێت و سەرمایەگوزاری بکرێت ئابووری گەشە دەکات و ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوە کە لاوانی شاری بیجاڕ بۆ دۆزینەوەی کار نەچن بۆ شارەکانی دیکە.
بیژەن زەندیە ئاماژەی بە 4 هەزار لاوی بیجاڕی کردووە کە زیاترینیان لە نێوان ساڵەکانی 2006 بۆ 2011، ئەو شارەیان بە جێهێشتووە، کە گەلێک پەیامی بۆ سەرجەم پێکهاتەی شاری بیجاڕ هەیە.
ناوبراو داوای لە بەرپرسانی شاری بیجاڕ و پارێزگای سنە کردووە، کە رێگە چارەیەک بۆ کەمکردنەوەی رێژەی بێکاری بدۆزنەوە.
بە پێی دوایین ئاماری وەزارەتی کار، 9 ملیۆن و 500 هەزار کەس لە ئێراندا بێکارن.
عادل ئازەر سەرۆکی گشتی ئاماری ئێران دەڵێت: 26 لە سەدی لاوان و 12.5 لە سەدی خەڵکی ئێران بێکارن، ئەو رێژەیە دوو هێندەی رێژەی بێکاری گشتی ئێرانەو بەو پێیە، ئێران کەوتووەتە قەیرانی بێکارییەوە.
13/10/2014