مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوورە لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم و دەڵێ پەرلەمانی کوردستان کاتەکەی دیاریدەکات، بارزانی دەشڵێ بۆ ئەو سەربەخۆیی گرنگە نەک ئەوەی کێ سەرۆکی کوردستان دەبێت.
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی فرانس ٢٤ی فەرەنسی، بارزانی دووپاتیدەکاتەوە کە ریفراندۆم و بڕیار دان لە سەر مافی چارەنووس مافێکی گەلی کوردە و هیچ پێشهاتێک رێگری لێناکات.
بارزانی دەڵێت:”پرۆسەی ریفراندۆم گەڕانەوەی بۆ نییە و رەنگە کاتەکەی کەمێک دوا بکەوێ بەڵام هەرگیز بۆ دواوە ناگەڕێتەوە و کورد لە مافی خۆی خۆش نابێت
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەشێكی دیکەی هەڤپەیڤینەکدا ئاماژە بەوەدەکات کە پەرلەمانی کوردستان کار لەسەر دیاریکردنی کاتی ریفراندۆمەکە دەکات.
بارزانی لەسەر مەسەلەی عێراق قسە دەکات و دەڵێ دەبێ ئەو راستییە بزانرێ کە کورد و عەرەب دوو نەتەوەی سەرەکی ناو عێراقن و دەبێ کورد هاوبەش بێ لە عێراق.
لەبارەی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق و جیاوازی لەگەڵ مالیکی بارزانی دەڵێ نامەوێ قسە لەسەر ئەو بابەتە بکەم.
بێژەری کەناڵە فەرەنسییەکە پرسیاری ئەوە لە بارزانی دەکات کە ئایا دەیەوێ ببێتە سەرۆکی هەموو کورد، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەمشێوە وەڵام دەداتەوە: “ هەرگیز خەونی ئەوەم نەبووە بمە سەرۆکی هەموو کورد و پێشبینیشم نەکردووە. گرنگترین خاڵ ئەوەیە کە کوردستان سەربەخۆ بێ نەک کێ سەرۆکی کوردستان بێت.”
rudaw
20/11/2014