ڤلادیمێر پوتین، سەرۆكی رووسیا لە سەردانەكەی بۆ ئەنقەرە و لە كۆنفڕانسێكی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا مژدانەی ئەوەی دایە توركیا، كە سەدا 6 لە نرخی گازی سروشتی بۆ ئەو وڵاتە دادەبەزێنێت.
داشكاندنەكە لە سەرەتای ساڵای داهاتووەوە دەبێت و لەكۆبوونەوەی فیدراسیۆنی كۆنسەی باڵای هەماهەنگی نێوان رووسیا- توركیا بڕیاری لەسەر دراوە.
پوتین گوتی: "لە 1ی كانوونی دووەمی 2015ەوە نرخی گازی سروشتی رووسیا بۆ توركیا سەدا 6 دادەبەزێنین، لە داهاتوودا ئەو ژمارەیە زیاتریش دەبێت، ئەمە دەكەوێتە سەر ئەو هەماهەنگییەی نێوانمان چۆن دەبێت".
هاوكات لەسەر داوای توركیا 3 ملیار مەتر چوارگۆشە گازی زیاتر هەناردەی توركیا دەكرێت.
سووریا وەك تەوەرێكی سەرەكی كۆبوونەوەكە
رووسیای پشتیوانی ئەسەد و توركیای خوازیاری رۆیشتنی رژێمەكەی لە كۆبوونەوەكەیاندا نەیانتوانی بگەنە روانگە و هەڵوێستێكی هاوبەش لەسەر سووریا و هێشتا جیاوازی تێڕوانینیان درێژەی هەیە.
ئەردۆغان لە بارەی سووریاوە گوتی: "رژێمی ئێستای سووریا بەرەنجامی زوڵم، كوشتن و تیرۆرە و زۆر بە روونی گوتووومە كە دەبێ رابگیردرێ. ئەگەرچی ئێمە و رووسیا لەسەر چارەسەركردنی ئەو كێشەیە هاوڕاین، بەڵام خاڵی بنەڕەتی چۆنێتی ئەو چارەسەركردنەیە كە جیاوازیمان هەیە".
هەروەها گوتی: "ئێمە و رووسیا لە هەمبەر داعش هەمان تێڕوانینمان هەیە و هیچ كێشەیەكمان لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرەوە نییە، ئێستا داعش سەدا 40 ی خاكی عێراق و سەدا 30 خاكی سووریای بەدەستەوەیە، كە بەشێك لە پشتیوانییەكەی لە رژێمی سووریاوە وەردەگرێت".
ڤلادیمێر پوتین، سەرۆكی رووسیا تۆپی كێشەكەی خستە مەیدانی خەڵكی سووریا و گوتی، كە لەگەڵ هەموو لایەنەكان لە پەیوەندیدا دەبن و ئاماژەی بەوەكرد: "هەموومان دەزانین كە رەوشی سووریا ئاسایی نییە، ئایا ئێمە پێداگر دەبین لە مانەوەی ئەسەد؟ ئەم پرسیارە رووبەڕووی خەڵكی سووریا دەكەمەوە، لەوێ هەڵبژاردن كرا، قسەو باسی جیاوازی لەبارەوە كرا، بەڵام هەموومان بینیمان كە ئەسەد زۆرینەی دەنگەكانی بەدەستهێنا".
بازرگانی بە بەهای 100 ملیار دۆلار
ئەم سەردانەی پوتین بە ئامانجی پێشخستنی پەیوەندی و هەماهەنگییەكانی وزە و بازرگانییە، ئەردۆغان گوتی "دەمانەوێ پەیوەندی بازرگانیمان بگەیێنینە 100 ملیار دۆلار"، لە روانگەی پوتینەوە ئامانجێكی سەختە، بەڵام وەك خۆی دەڵێت "دەبێ وەدیبێت".
پوتین گوتیشی: "ئامادەین رێژەی هەناردەكردنی وزە بۆ توركیا بەپێی خواستی ئەو وڵاتە بەرز بكەینەوە و توانای بۆری هەناردەكاری گازپڕۆم زیاد بكەین".
2/12/2014