فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2024-11-15-02-43-47 ڕابردوو بەردەوام گرووپگەلێک هەبوون لە کوردستان کە بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیڕەویان لە خەباتی چەکداریی کردووە وەک ڕێبازێک بۆ گەیشتن بە مافەکانی کوردستانییان. بەڵام هەر...
2024-11-15-02-37-43ناودەبرێت، بۆ کوردەکانیش هێشتا بابەتێکە کە جێی گومان و پرسیارە؟، بەوپێیەی هەموان سیناریۆکانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریان لەساڵی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٥ لەپێش چاوە، کەچۆن ئەو...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

nichirvvan barzani

 

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەروەت و سامانی تایبەتی خۆی بۆ دەستەی دەستپاكی ئاشكرادەكات.

د.ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆكی دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:"  رۆژی سێشەممە 11 تشرینی دووەمی 2014، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان فۆڕمی ئاشكراكردنی بەرژەوەندییە داراییەكانی بۆ دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان رەوانەكردەوە".

سەرۆكی دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە سەروەت و سامانی هیچ بەرپرسێكی هەرێمی كوردستان ئاشكراناكرێت، بەڵكو بە پێی یاسا مامەڵە لەگەڵ ئەو بابەتە دەكرێت و تەنیا زانیارییەكان لە لای دەستەكە دەبن و ساڵانە چاودێری بەرژەوەندیی و سەروەت و سامانی ئەو كەسانە دەكرێت كە فۆڕمەكەیان پڕكردووەتەوە، نێوبراو دەشڵێت:" زانیارییەكان لە لای ئێمە پارێزراودەبن".

11/11/2014

bolint aring turk

 

گوتەبێژی حكومەتی توركیا وەڵامی چاوەڕوانی پارتی دیموكراتی گەلان HDP دەداتەوە بۆ چوونە لای ئۆجەلان و دەڵێ: "لەنێوان چەكوشی قەندیل و سندانی ئۆجەلاندا مەبن، ئازادبن و خۆتان بڕیاری خۆتان بدەن".

رۆژی 3-11-2014 پارتی دیموكراسی گەلان بە فەرمی داواكاری پێشكەشی وەزارەتی دادی حكومەتی توركیا كردووە بۆ سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان. بەڵام ئەنقەرە كە بەهۆی خۆپێشاندانەكان بۆ پاڵپشتی كۆبانێ لە باكووری كوردستان، چاوپێكەوتنەكانی لەگەڵ HDP هەڵپەساردوون، تا ئێستا هیچ وەڵامێكی ئەرێنی یان نەرێنی شاندی دانوستاندنكاری نەداوەتەوە.
دوای كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی توركیا بولەنت ئارینچ، گوتەبێژی حكومەتی توركیا لە كۆنفڕانسێكی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "شاندی هادەپە داوایان كردووە بچنە ئیمرالی، بەڵام وەزارەتی داد وەڵامی نەداونەتەوە، هێشتا لەسەر مێزی تاوتوێكردنین و هەڵنەستاوین".

ئارینچ هەروەها گوتی: "دوای خۆپێشاندانەكانی 6و7 ی تشرینی یەكەم چاوەڕێی ئەوەین هادەپە چیدەكات، ئاخۆ پڕۆسەی ئاشتی دەوێ یان نا، دوای ئەوەی رێگایان بۆ كوشتن كردەوە، لەكاتێكدا هیچ گلەییەك لەوانە نییە كە ئەو ناوەیان شێواند ئێستا چاوەڕوانی چی لە ئێمە دەكەن؟".

جەختیشی لەوە كردەوە: "هادەپە ناچارە ئەوەی دەكەوێتە سەر شانی ئەنجامی بدات، بە دۆستە هادەپەییەكانم دەڵێم، لە نێوان چەكوشی قەندیل و سندانی ئۆجەلاندا مەبن، ئازادبن و خۆتان بڕیاری خۆتان بدەن، بە ئازایەتییەوە رۆڵی خۆتان ببین".

لە دوێنێوە دەنگۆی كوژرانی باهۆز ئەرداڵ، فەرمانداری پێشووی هێزەكانی پاراستنی گەل لە میدیا توركییەكان بڵاوبووەتەوە، گوتەبێژی حكومەتی توركیا لەوبارەیەوە دەڵێ: "خۆزگە بەڵگەیەكی لەمشێوەیە دەگەیشتە دەستمان و ئێمەش بە ئێوەمان دەگەیاند، بەڵام سەرچاوەكانی (زانیاری) ئێمە ئەمە پشتڕاست ناكەنەوە، بەڵام لێكۆڵێنەوەكان بەردەوامن".

11/11/2014

barzani. mstafa saidqadr u sangawi

 

مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەردانی میحوەری گەرمەسێری هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکات.

ئەمڕۆ 11/11/2014 مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی میحوەری گەرمەسێری هێزی پێشمەرگەی کوردستانی کرد. پەیامنێرمان پێی راگەیاندین کە بارزانی گەیشتە خانەقین و لەگەڵ فەرماندەکانی پێشمەرگە لەو میحوەرە کۆبووەتەوە. مستەفا سەید قادر، وەزیری پێشمەرگە لەگەڵ بارزانیدایە.

رۆژی پێنجشەممەی رابردووش بارزانی سەردانی میحوەری مەخمووری هێزی پێشمەرگەی کرد و رایگەیاند کە داعش روو لە شکستە.

11/11/2014

bashar alasad

 

بەشار ئەسەدی سەرۆکی سووریا رادەگەیێنێت ئامادەیە تاوتوێی ئەو پلانە بکات کە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئاگربەست لە باکووری حەلەب دایناوە.

سەرۆکی سووریا سیتڤین دیمیستۆرا، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکانی دڵنیاکردووەتەوە سەبارەت بەو دەستپێشخەرییانەی لەبارەی ئاگربەست دەکرێن، ئەمەش دوای دوو هەوڵدانی نەتەوە یەکگرتووەکان دێت کە لە سووریا ئەنجامیانداون. بەشار ئەسەد پرۆسەی ئاگربەست بە پێویست دەزانێت و دەڵێت ئەم پرۆسەیە بۆ دووبارە بنیاتنانەوە و ئەمنییەتی حەلەب پێویستە. 

هەوڵەکان بۆ سەقامگیری لە ناوچەکانی سووریا بەردەوامن و ئەمە دووەم سەردانی دیمستۆرایە لەو کاتەوەی لە مانگی حەوت پلانی ئاگربەستییان بۆ سووریا خستووەتە بەردەم لایەنەکان. سەرۆکی سووریا دڵنیایی خۆی لەوە دووپاتکردووەتەوە کە ''حەلەب زۆر گرنگە'' .

لە مانگی حەوتەوە شەڕی قورس لە نێوان هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان و سوپای سووریا دروستبووە. پێشتر نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندبوو حەلەب خاڵێکی گرنگەو دەکرێت ببێتە هەرێمێکی گونجاو بۆ راگەیاندنی ئاگربەست. لەوەتەی شەڕی ناوخۆ لە سووریا دروستبووە، حەلەب لە نێوان هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن و سوپای سووریا دابەش بووە.

10/11/2014

katalunya12

 

بەگوێرەی ئەنجامی دەنگدانە سیمبولییەكەی هەرێمی كاتالۆنیا سەبارەت بە جیابوونەوەی لە ئیسپانیا، دەركەوتووە لەسەدا ٨٨ی ئەوانەی لە دەنگدانەكەدا بەشدارییان كردووە لەگەڵ سەربەخۆیی كاتالۆنیادان. 

هەرێمی كاتالۆنیا كە بڕیار بوو ٩ی ئەم مانگە گشتپرسی تایبەت بە سەربەخۆیی تێدا بەڕێوە بچێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی داداگای دەستووری ئیسپانیا گشتپرسییەكەی بە نایاسایی لەقەڵەم دا، بۆیە ئەو گشتپرسییە وەك پرۆسەیەكی یاسایی نەتوانرا ئەنجام بدرێت و لەجیاتی ئەوە تەنها راپرسییەكی نافەرمی، كە بە ریفراندۆمی سیمبولی ناوی دەركرد ئەنجامدرا، تێیدا بەرێژەیەكی بەرچاو زۆرینەی خەڵكی كاتالۆنیا لەگەڵ ئەوەدابوون كە لە ئیسپانیا جیاببنەوە. 

بەگوێرەی دەرەنجامەكان لە كۆی دوو ملیۆن بەشداربوو لەو دەنگدانەدا، نزیكەی یەك ملیۆن و 600 هەزار كەس بە "بەڵێ" دەنگیان بۆ جیابوونەوەی كاتالۆنیا لە ئیسپانیا داوە. بەڵام ئەم ئەنجامە هیچ كاریگەرییەكی لەسەر چارەنووسی ئەو هەرێمە نابێت و پارتە سیاسییەكانی ئەو هەرێمە رایانگەیاندووە، ئەوان بە گوشار خستنە سەر دادگای باڵای دەستووری ئیسپانیا لە هەوڵەكانیان بەردەوام دەبن بۆ ئەوەی رێگەیان پێبدرێت گشتپرسییەكی یاسایی و دەستووری لە هەرێمەكەیاندا ئەنجامبدەن، بەڵام حكومەتی ئیسپانیا بە مەرجێك رازی دەبێت ئەو گشتپرسییە ئەنجام بدرێت كاتێك هەموو ئیسپانییەكان تێیدا بەشدار ببن و بۆچوونی خۆیان سەبارەت بە سەربەخۆیی كاتالۆنیا بخەنەڕوو.
 
لە دەنگدانە سیمبولییەكەی كاتالۆنیا زیاتر لە پێنج ملیۆن كەس مافی دەنگدانیان هەبوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی وەك دەنگدانێكی نایاسایی ناسرا و هیچ كاریگەرییەكیشی لەسەر داهاتووی هەرێمەكە نەبوو، بۆیە رێژەی بەشداریكردن زۆر كەم بوو و تەنها دوو ملیۆن كەس دەنگیانداوە.

10/11/2014

sarok w kobani u parlemani bashur

 

یوسف محەممەد سادق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت: "كورد بە یەكدەنگی و یەكهەڵوێستی رووبەڕووی تیرۆرستان دەبێتەوە".بەپێویستیشی دەزانێ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی جدیی بێت لە هاوكاریكردنی كورد بۆ بنبڕكردنی تیرۆر. دەشڵێ "ئێستا سو‌وریا بووەتە مۆڵگەی تیرۆریستان ‌و بێ چارەسەركردنی كێشەی سو‌وریا، تیرۆر درێژەی دەبێت".

ئەنوەر موسلیم، سەرۆك وەزیرانی كۆبانێ و غەریب حەسۆ نوێنەری پەیەدە لە هەرێمی كوردستان، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 10ی نۆڤەمبەر،سەردانی پەرلەمانی كوردستانیان كرد و لەلایەن سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكی ژمارەیەك لە فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستانەوە پێشوازیكران.

بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆكی پەرلەمان، یوسف محەممەد سادق لە كۆبوونەوەكەدا باسێكی هەنگاوەكانی پەرلەمانی كوردستان كرد بۆ پشتگیریی و پشتیوانی رۆژئاوای كوردستان ‌و گوتوویەتی "ئێستا كورد لە سەرتاسەری دونیا دژ بە تیرۆریستان یەكدەنگ و یەكهەڵوێستە، ئێمەش وەك ئەركێكی نەتەوەیی لە پەرلەمانی كوردستان بڕیاری ناردنی هێزی پێشمەرگەمان دا بۆ پشتیوانی شەڕڤانانی كورد لە كۆبانێ".

هەر بەپێی راگەیێندراوەكە ئەنوەر موسلیم، سەرۆكوەزیرانی كۆبانێ، "سوپاسی پەرلەمان و ها‌ووڵاتیانی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ پشتیوانیكردنی كۆبانێ". گوتووشیەتی "ئەم هەڵوێستە بە شانازییەوە مێژوو تۆماری دەكات".

موسلیم جەختیكردووەتەوە: "مادام كورد یەكهەڵوێست و یەكدەنگە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان بە دڵنیاییەوە كورد ناكەوێت و تیرۆریستان كۆتاییان پێدێت."

10/11/2014

jnani rojawai k u yasa

 

بەرپرسانی هاوبەشی كانتۆنی جەزیرە مەرسومی ژمارە 22ـیان بۆ ساڵی 2014 بڵاوكردەوە، كە تێیدا باس لە مافەكانی ژنان و مەبدەئەكانی ژیان دەكرێت لەژێر فەرمانڕەوایی ئیدارەی خۆڕێبەری رۆژئاوا و لەلایەن هەردوو حاكمی هاوبەشی كانتۆنی جەزیرە هەدییە یوسف و حەمیدی دهام ئەلهادی واژۆكراوە.

لە مەرسومەكەدا هاتووە "ژنان لە كۆمەڵگەی ئێمەدا بەهۆی سیستمی پیاوسالارییەوە كێشەی سیاسی، كۆمەڵایەتی، ئابووری، رۆشنبیری و دەروونییان بۆ دروستدەبێت و ئەمەش رێگا لە پێشكەوتنیان دەگرێت".

هەر لە مەرسومەكەدا كە لە دانیشتنی ژمارە 17ـی ساڵی 2014 واژۆی لەسەر كراوە ئاماژە بەوەشدكراوە، كە پاراستنی مافەكانی ژنان یەكێكە لە ئامانجە بنچینەییەكانی ئیدارە خۆڕێبەرییە سیاسییەكە، بۆیە هەوڵدەدرێت سەرجەم كێشە هەڵپەسێردراوەكانی ژنان لەنێو كۆمەڵگەدا چارەسەربكرێت و هەموو مافەكانیان دەستەبەربكرێت.

ئەمانەش چەند خاڵێكی مەرسومەكەن :

- یەكسانی نێوان ژن و پیاو لە هەموو بوارەكانی ژیان.

- ژنان مافی هەڵبژاردن و خۆپاڵاوتنیان هەیە.

- پابەندبوون بە مەبدەئی بەڕێوەبەرایەتی هاوبەش لە سەرجەم دامەزراوەكان.

- ژنان مافی دامەزراندنی رێكخراوی سیاسی، كۆمەڵایەتی، ئابووری و رۆشنبیرییان هەیە.

- كاتێك گفتوگۆ لەبارەی ئەو یاسایانە دەكرێت كە لە حاڵەتی لەناكاو لەلایەن ئەنجوومەنی یاسادانانەوە دەردەچێت دەبێت نوێنەری رێكخراوی ژنان و مافەكانی مرۆڤ ئامادەبن.

- كاتێك یاسایەكی تایبەت بە ژنان لەلایەن ئەنجوومەنی یاسادانانەوە دەردەچێت دەبێت بیروباوەڕی ژنان بە هەند وەربگیرێت.

- ژنان و پیاوان یەكسانن لە مافی كاركردن و كرێ وەرگتندا.

- لە رووی یاساییەوە ژنان و پیاوان یەكسانن لە گەواهیدان " شەهادەدان".

- نابێت كچ بەبێ ویستی خۆی بەشووبدرێت.

- پوچەڵكردنەوەی مارەیی بەهۆی ئەوەی دەبێتە هۆی ئەوەی ژن خاوەنی بۆ پەیداببێت و لەجێگای ئەوەش دەبێت ژن و پیاو هاوبەشی بكەن لە دابینكردنی ژیانیان.

- قەدەخەكردنی فرەژنی.

- هەردوولا بۆیان هەیە داوای جیابوونەوە بكەن و تەڵاقیش تەنیا بە ویستی هەردوولا دەبێت. ژن و پیاو لە هەموو بابەتەكانی پەیوەندیدار بە میرات یەكسانن.

- كوشتن بەبیانووی شەرەف تاوانە و ئەو كەسەی ئەو كارەش بكات بەپێی یاسا بە بكوژ هەژماردەكرێت و سزادەدرێت.

- ژن یان پیاو ئەگەر خیانەت لە هاوسەرەكەی بكات بە شێوازێكی تووند سزادەدرێت.

- بەتاوانكردنی مامەڵەكردن بە منداڵان و ژنان و دانانی سزای توند بۆ ئەو كەسانەی ئەم كارە دەكەن جا ئەم مامەڵەیەش لە رووی " سێكس، كارپێكردنی منداڵان یان بازرگانیكردن بە ئەندامەكانی مرۆڤەوەبن".

- قەدەخەكردنی بەشوودانی كچان بەرلە تەمەنی 18 ساڵی.

- ئەگەر ژنێك هاوسەرگیری كردبێت یان نا مافی خۆیەتی تاوەكو منداڵەكانی دەبنە 15 ساڵ پەروەردەیان بكات و دەبێت هەر یەكە لە ژن و پیاوەكە لە رووی مادییەوە ئەركەكانیان بەرامبەر منداڵەكان جێبەجێبكەن.

- ئەو ژنانەی كاردەكەن دەبێت كاتێك منداڵیان بوو مۆڵەتیان پێبدرێت و مووچەشیان نەبڕێت ئەمەش تاوەكو 3 منداڵ جێبەجێ دەكرێت.

rudaw

10/11/2014

malki1422014bb

 

نووری مالیکی، جێگری سەرۆککۆماری عێراق بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئێران گەیشتە تارانی پایتەختی ئەو وڵاتە و لەلایەن محەمـمەد شەریعەتمەداری، جێگری جێبەجێکاری سەرۆککۆماری ئێران پێشوازی لێکرا.

بڕیارە لەو سەردانەیدا بۆ ئێران، نووری مالیکی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە گفتوگۆ لەسەر پرسە دوولایەن و ناوچەییەکان و هەروەها دۆخی ئێستای عێراق بە تایبەت بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و تووندئاژۆكان بكات.

رۆژی 21-10-2014 حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی تارانی کردبوو و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران بەتایبەت رێبەری ئێران کۆبووەوە.

9/11/2014

logoi serokayeti_337804609

 

گوته‌بێژی فه‌رمی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی قسه‌كانی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سوریا رایگه‌یاند: خەڵكی ڕۆژئاوا و بە تایبەتی كۆبانێ باشتر لە هەموو كەس دەزانن كێ هاوكاریی كردوون، وتیشی، ناشزانین لەبیری چووە یان لەبیر خۆی بردۆتەوە كە یەكەم سیاسەتی تەعریبی كوردستان لە سووریا و، لەسەر دەستی شۆڤێنییە هاوشێوەكانی موعەلیم دەستی پێكردووە. 


ئه‌مه‌ش ته‌واوی لێدوانه‌كه‌ی گوته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان:

ڕۆژی پێنجشەممە 6ـی تشرینی دووەم ڕۆژنامەی (الاخبار)ـی لوبنانی چاوپێكەوتنێكی وەلید ئەلموعەلیمی وەزیری دەرەوەی ڕژێمی سووریای بڵاو كردۆتەوە كە تێیدا ناوبراو قسەی چەواشەكارانەی لەبارەی سەرۆك بارزانی و كۆبانێ (كە ئەو بە عەینولعەرەب ناوی دەبات) كردووە. لە وەڵامی ئەم بۆچوونە نابەجێیانەیدا بە پێویستی دەزانین ڕایبگەیێنین كە خەڵكی ڕۆژئاوا و بە تایبەتی كۆبانێ باشتر لە هەموو كەس دەزانن كێ هاوكاریی كردوون و، وەلید موعەلیم ئەو كەسە نییە كارتی نیشتیمانپەروەری دابەش بكات. ناشزانین لەبیری چووە یان لەبیر خۆی بردۆتەوە كە یەكەم سیاسەتی تەعریبی كوردستان لە سووریا و، لەسەر دەستی شۆڤێنییە هاوشێوەكانی موعەلیم دەستی پێكردووە.

وەلید ئەلموعەلیم لە چاوپێكەوتنەكەیدا ناوی بەڕێز ئۆجەلانیشی هێناوە. نازاندرێ بە چ ڕوویەك باسی ئۆجەلان دەكات؟ چونكە ئۆجەلان لای ئەوان بوو، كەچی دەستیان لێ بەردا و دەریان كرد و بەشدارییان لەو پیلانگێڕییەدا كرد كە لە دژی بەڕێوە چوو. ئەگەر موعەلیم ڕاست دەكات و تۆسقاڵێك هەستی بەرانبەر كورد یان لایەنێكی كوردی هەبێت با ڕاشكاوانە و بوێرانە دان بە هەبوونی گەلی كورد لە سووریا بنێت.

د. ئومێد سەباح

گوتەبێژی فەرمیی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان

9ـی 11ـی 2014

 


 

katalunya1

 

کەتەلۆنیا کە چەندین ساڵە هەوڵی سەربەخۆیی و جیابوونەوە لە ئیسپانیا دەدات، بەیانی ئەمڕۆ لە شارەکانی ئەو هەرێمە  گشتپرسی  بەڕێوەدەچێت.

دادگای  باڵای ئیسپانیا بڕیاریداوە کە گشتپرسییەکە بە نادەستووری هەژمار بکات، بەڵام سەرۆکی کەتەلۆنیا رایگەیاند "هیچ شتێک رێگر نییە لە  ئەنجامدانی گشتپرسییەکە و نابێت حکومەتیش ئاستەنگ بۆ پرۆسەکە  دروست بکات".

لەو گشتپرسییەدا خەڵکی کەتەلۆنیا لە رێگای وەڵامدانەوەی پرسیارێک کە ئایا لەگەڵ سەربەخۆیی کەتەلۆنیان یاخود نا، بڕیار لەسەر جیابوونەوە یان مانەوە لەگەڵ ئیسپانیا دەدەن، بەڵام هێشتا ئەو داوایە ئەگەرچی خەڵکی هەرێمەکە  داواشی دەکەن ،لەلایەن حکومەتی مەدریدەوە رەتکراوەتەوە.

لای خۆیەوە  سەرۆکوەزیرانی  ئیسپانیا ماریانۆ راخۆی رایگەیاندووە کە  داواکارە لە کەتەلۆنیا  واز لە خەونی سەربەخۆیی بێنن  و لەگەڵ مەدرید بمێننەوە. گوتیشی " گشتپرسییەکە هیچ کاریگەری نابێت بۆ سەر رەوشی وڵاتەکە".

کەتەلۆنیا هەرێمێکی  دەوڵەمەندە و  ژمارەی دانیشتووانی  ٧ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەس دەبێت  لە بواری ئابووری  وڵاتەکەش  رۆلێکی کارای هەیە.

 ئیسپانیا  بەسەر چەندین هەرێم  دابەش بووە و هەندێک لەو هەرێمانەش هاوشێوەی هەرێمی کوردستان خاوەنی حكومەت و پەرلەمانی خۆیانن، وەک هەرێمی باسک و هەرێمی کەتەلۆنیا، ماوەیەک لەمەوبەر هەرێمی باسک لەرێگەی بەیاننامەیەکەوە  تەواوی پشتگیری خۆی بۆ هەرێمی کوردستان و  سەربەخۆیی و جیابوونەوە لە عێراق نیشاندا.

سەرەتای هەوڵەکانی جیابوونەوەی کەتەلۆنیا لە مەدرید  بۆ ساڵی ٢٠٠٦ دەگەڕێتەوە  ، بەڵام هەموو کات داواکانی لەماوەی ٨ ساڵی رابردوو رەتکراوەتەوە، بەڵام خەونی سەربەخۆیی کەتەلۆنییەکان سەدان ساڵە هەیە و رژێم و دەسەڵاتدارانی ئیسپانیاش بەردەوام رێگر بوون لە هەوڵەکان، هەروەها  لە سەردەمی  فرانکۆی دیکتاتۆری ئیسپانیا، کەتەلۆنیا چەوسانەوەی زۆری دیوە و کەسە ناودارەکانی  ئەو هەرێمە بەدەستی دەسەڵاتداران لە سێدارە دراون.

کەتەلۆنیا لە چوار شار پێکدێت  گرنگترینیان  پایتەختی هەرێمەکە بەرشەلۆنەیە  و  لیێدا و تاراگۆنا و خیرۆنا  شارەکانی دیکەی ئەو هەرێمەن.

سنووری کەتەلۆنیا لەگەڵ  فەرەنسا و ئەندۆرایە  لە باکوور و دەریای ناوەڕاست لە رۆژهەڵات، هەروەها  لە رۆژئاوا و باشووریش  هاوسنوورە لەگەڵ هەرێمی ئاراگۆن و ڤاڵێنسیا .زمانی  فەرمی کەتەلۆنیا ، جیاوازە لەگەڵ  ئیسپانی  ناوچەکانی دیکە و خاوەنی زمانی خۆیانن کە بە زمانی  کەتەلان ناسراوە.

9/11/2014

rudaw1234

 

پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە کەرکووکەوە رایگەیاند، کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 9-11-2014 لە دەوروبەری کاژێر 4 شەڕ و پێکدادان لە ناوچەی بەشیر لەنێوان هێزی پێشمەرگە و چەکدارانی داعش روویداوە.

بەپێ ئەو زانیارییانەی هونەر ئەحمەد لە فەرماندەکانی هێزی پێشمەرگەوە لەو سنوورە دەستیکەوتووە، چەکدارانی داعش چەند گولە هاوەنێکیان ئاراستەی نێو ناحیەی تازە کردووەو هێزەکانی پێشمەرگەش وەڵامیان داونەتەوە.

پەیامنێری رووداو گوتیشی شەڕ و پێکدادانەکە ماوەی کاژێر و نیوێکی خایاندووە. سەبارەت بە زیانی گیانی لە هەردوولا، گوتی ژمارەی کوژراو و برینداری داعش دیار نییە و پێشمەرگەش هیچ زیانێکی پێ نەگەیشتووە. 

9/11/2014

xamanai u obama

 

بڵاوبوونەوەی هەواڵی ناردنی نامەیەك لەلایەك سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ رێبەری ئێران، كاردانەوەی تووندی پارێزگارەكانی ئەمریكای لێكەوتەوە و دوو سیناتۆری كۆمارییەكان لە بەیاننامەیەكدا هەناردنی ئەو نامەیەیان بە شەرمەزاری ناوزەد كرد.

لە بەیاننامەیەکدا جۆن مەككەین و لینزی گراهام، دوو سیناتۆری کۆماریی لە کۆنگرێسی ئەمریکی، كە لە رەخنەگرانی سەرەكیی حكومەتەكەی باراك ئۆبامان، رایانگەیاندووە، كە "لەكاتێكدا خواستی هێزە میانڕەوەكانی سووریا بۆ یارمەتیدانی زیاتری ئەمریكا بەبێ وەڵام ماوەتەوە، جێگای شەرمەزارییە، كە سەرۆككۆمار داوا لە ئایەتوڵڵا خامنەیی دەكات لە شەڕی دژی داعش بێتە پاڵ ئەمریكا".

رۆژنامەی وۆل ستریت جۆرناڵی ئەمریكی رۆژی پێنجشەممە 6-11-2014 لە راپۆرتێكدا باسی لەوە كرد، كە "سەرۆككۆماری ئەمریكا مانگی رابردوو لەنامەیەكدا، كە بۆ رێبەری ئێرانی ناردووە، ئاماژەی بەوە كردووە، كە "هەر هێرشێكی ئەمریكا بۆ حەشارگەكانی داعش هاوتەریبە لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی ئێران".

سوزان رایس، راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا رۆژی هەینی 7-11-2014 لە وەڵامی راپۆرتەكەی وۆل ستریت جۆرناڵ، گوتی" ئەمریكا بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، "لەگەڵ ئێران هیچ هاوكارییەكی سەربازی ئەنجامنەداوە".

سوزان رایس هەروەها گوتی، "هیچ پەیوەندییەك لە نێوان هەوڵەكانی ئێمە بۆ چارەسەركردنی كێشەی ناوەكی ئێران، لە رێگای دانوستاندنەكانی 5+1 و بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ داعش نییە و ئێمە هیچ كات ئەو پەیوەندییەمان دروستنەكردووە".

rudaw

8/11/2014

walid muhalim u barzani

 

وەلید موعەلیم، وەزیری دەرەوەی حكومەتی سووریا باسی رەوشی کۆبانێ دەکات کە ئەو  بە "عەین و لعەرەب" ناوی دەبات و دەڵێت هەموو رۆژێكی بەرگریی لەو "شارە سوورییە" سەرکەوتنە بۆ وڵاتەکەی و دۆڕانە بۆ مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و هاوپەیمانەکانی، هیچ کاتێکیش رێگە بە جیابوونەوەی کورد نادەن.

موعەلیم لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەی ئەخباری لوبنانی نزیک لە دیمەشق، وەڵامی چەند پرسیارێک لەسەر کۆبانێ و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەداتەوە. ئەو بەرپرسەی حكومەتەكەی ئەسەد دەڵێت بەرگریی کوردانی "عەین و لعەرەب"  بووەتە هۆی یەکگرتنی کورد لەژێر سەرکردایەتی عەبدوڵڵا ئۆجەلان  و هەر رۆژێکی بەرگری زۆرتر لەو شارە بریتییە لە شکستی زۆرتر بۆ بارزانی و ئەردۆغانی هاوپەیمانی.

موعەلیم دەڵێت:" ئێمە بڕیارمانداوە وەڵامی سەربازی هەر دوژمنکارییەکی تورکیا بدەینەوە و داوای چەکی پێشکەوتوومان کردووە بۆ رێگەگرتن لەو دوژمنکارییە".

لەبارەی ساڵح موسلیم، هاوسەرۆكی PYD  و کانتۆنەکانی رۆژئاوای كوردستان، موعەلیم ئاماژە بەوە دەکات کە سووریا بە هیج جۆرێک رێگە بە جیابوونەوەی کورد نادات و دەڵێت:" ئەو ئیدارانەی دروستکراون لە ناوچە کوردییەکانی سووریا بۆ بەڕێوبردنی کارەکانیانن لەم بارودۆخەی جەنگ و نەشیانویستووە تەنها کوردیی بێ، بەڵکو بەشداریشیان بە هۆزە عەرەبەکان کردووە."

وەزیری دەرەوەی سووریا دەشڵێت:" ساڵح موسلیم کەسێکی جوداخواز نییە و  سووریاش بە هیچ جۆرێك رێگە بە جیابوونەوە ی کورد نادات و  دانی پێدانانێت". لەبەشێکی دیکەی هەڤپەیڤینەکەدا موعلیم دەڵێت بەردەوام هاوکاری سەربازی شەڕڤانیان لە کۆبانێ کردووە و بەردەوام دەبن.

rudaw

7/11/2014

xezanu kobani u naoyy peshmarga bo mnal

 

دوای چوونی پێشمەرگەی کوردستان  بۆ کۆبانێ، خێزانێکی کۆبانێ کە ئێستا ئاوارەی مێرسینن لە باکووری کوردستان، ناوی منداڵە تازە لەدایکبووەکەیان دەنێن "پێشمەرگە".

مونا عیسا و عادل عیسا،  20 رۆژ پێش ئێستا بەهۆی هێرشەکانی داعش لە کۆبانێوە ئاوارەی مێرسین بوون لە باکووری کوردستان و لەو ێ خانووێکیان لە گەڕەکی چای بەکرێگرتووە.

مونا عیسا قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد و گوتی: "زۆر سەخت بوو بە منداڵ و دوو گیانییەوە رێگای ئاوارەیی بگرمەبەر، دوای چوونی هێزی پێشمەرگە بۆ کۆبانێ منداڵەکەم كە كوڕە ناونا پێشمەرگە، منداڵەکەم دوو رۆژ پێش ئێستا لە نەخۆشخانەی لەدایکبوون لە مێرسین لەدایكبوو".

دایکی "پێشمەرگە"ی تازە لەدایکبوو زۆر دڵخۆشە بە چوونی پێشمەرگە بۆ کۆبانێ و دەڵێت: "پێشمەرگە هاتوون کۆبانێ رزگاربکەن و لە داعش پاکی بکەنەوە". هەروەها عادل عیسا دەڵێت، لەگەڵ مونا-ی خێزانی بڕیاریانداوە ناوی کوڕەکەیان بنێن پێشمەرگە و هیوادەخوازێت هەرچی زووە کۆبانێ لە داعش پاکبکرێتەوە.

7/11/2014

zumar azad kra

 

فەرماندەیەکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سنووری شاری زوومار ئاشکرای دەکات، کە دوای رزگارکردنی زوممار، کورد سنووری باشووری کوردستانی لەگەڵ عێراق دیاریکرد و لەوێوە سنووری خۆی داناوە.

ئەم هەنگاوی کورد دەبێتە یەکەم هەنگاو، کە باشووری کوردستان لە ناوچەیەکی عێراق سنوور رابکێشێت.

ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە پێیوایە، "ئیدی مەحاڵە جارێکی دیکە ئەو سنوورە تێکبشکێنرێ".

چەکدارانی داعش پێش شکانیان لەو شارە کوردییە، بەشێکی زۆری خانووەکانیان تەقاندەوە، بۆیە ئەو کوردانەی گەڕاونەتەوە نێو زووممار دەڵێن، چیدیکە رێگە بەو عەرەبانە نادەین لە زوممار نیشتەجێبن، کە لەگەڵ داعش دەستییان هەبووە لە کوشتنی کورد و رووخاندنی خانووەکانیان.

کۆنتڕۆڵکردنەوەی شارۆچکەی زوممار، دیارکردنی سنووری باشووری کوردستانی لەگەڵ عێراق بەدوادا هات، کە رەنگە ئەمە یەکەم جار بێت کورد سنووری خۆی لەگەڵ ئەو دەوڵەتەی سەدان ساڵە تێدا دەژی، جیابکاتەوە.

فەرماندە سەربازییەکانی هێزی پێشمەرگە، کە رۆڵیان هەبووە لە رزگارکردنی زوممار و ناوچەکە، بەڵێن دەدەن ئیدی هیچ هێزێک نەتوانێ ئەو سنوورە بشکێنێ.

زوممار دەکەوێتە باکووری رۆژئاوای مووسڵ، تەنیا 3 کم لە شارۆچکەی حۆگنە دوورە، کە ئێستا لەژێر دەستی داعشە و جار بە جاریش وردە شەڕی تێدا روودەدات.

لەگەڵ رزگارکردنی زوممار، ئەو عەرەب و کوردانەی هاوکاری دعشیان دەکرد، لە ناچەکە نەماون و هەڵاتوون.

ئەیمەن سەدیق، کە دانیشتووی زوممارە دەڵێ، داعش بەشێکی زۆری خانووی کوردەکانیان لە زوممار تەقاندەوە.

هێشتا ژیان لەم شارۆچکەیە ئەستەمە و بۆنی پاشماوەی شەڕی لێدێ، لە هەندێ خانوودا هێشتا تەرمی چەکدارانی داعش دەبینرێ. بەڵام چەند مەترێک لەولاتر، منداڵەکان هەڵدەپەڕن. پیاوەکانیش دەڵێن بەردەوام چاومان کراوەیە نەوەکو بۆمبێک لەم شارە بتەقێتەوە، کە بەدەستی داعش چێندراوە. نزیکەی دوو هەفتەش دەبێ زوممار لەلایەن پێشمەرگەوە کۆنتڕۆڵکراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا تەنیا نزیکەی 100 خێزان گەڕاونەتەوە نێو ماڵی خۆیان.

8/11/2014

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان