سەرۆککۆماری تورکیا رەخنە لە هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان HDP دەگرێت و ئاماژە بەوە دەکات، "ئەوان هیچ خەمی ئاشتییان نییە".
رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بەر لەوەی بەرەو تورکمانستان بەڕێبکەوێت لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا وڵامی قسەکانی سەلاحەدین دەمیرتاشی دایەوە کە گوتبووی: "پڕۆسەی چارەسەری تووشی سڕبوون بووە، پڕۆسەکەش لە ئیمرالی دەستیپێکردووە و لەوێش کۆتاییدێت".
ئەردۆغان گوتی: "ئەوان هیچ کات لەنێو پڕۆسەی ئاشتیدا نەبوون، بە بانگەوازێک 40 کەسیان بە کوشتندا، بێگومان ئەوان هیچ خەمێکی ئاشتیان نییە، لە ماوەی 11 ساڵی سەرۆک وەزیرانیمدا لە چیتان کەمبوو، لە سایەی ئاشتی و ئازادیدا هەموو شتێکتان هەبوو".
سەرۆککۆماری تورکیا هەروەها لەبارەی کۆبانێوە گوتی: "هەستیاریمان بەرامبەر حەلەب زۆر زیاترە لە هەستیاریمان بەرامبەر کۆبانێ، بەڵام هەموو سەرنجەکان روویان لە کۆبانێ کردووە، دیدارەکانمان لەگەڵ چەند وڵاتێک بەردەوامن، چونکە هەستیاریمان بەرامبەر تەواوی باکووری سووریا هەیە".
rudaw/ فهرهاد چۆمانی
7/11/2014