فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2024-11-15-02-43-47 ڕابردوو بەردەوام گرووپگەلێک هەبوون لە کوردستان کە بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیڕەویان لە خەباتی چەکداریی کردووە وەک ڕێبازێک بۆ گەیشتن بە مافەکانی کوردستانییان. بەڵام هەر...
2024-11-15-02-37-43ناودەبرێت، بۆ کوردەکانیش هێشتا بابەتێکە کە جێی گومان و پرسیارە؟، بەوپێیەی هەموان سیناریۆکانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریان لەساڵی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٥ لەپێش چاوە، کەچۆن ئەو...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

husen dehqan w. bargri

 

وەزیری بەرگریی ئێران هۆشداریدایە رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (ناسراو بە داعش) لەسەر مەزارگەکانی شیعە لە عێراق و رایگەیاند: "ئێمە بە راشکاوانە رایدەگەیێنین مەزارگە پیرۆزەکانی شیعە لە عێراق هێڵی سوورن بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران و ئەگەر داعش یان هەر گرووپێکی چەکدار بیەوێت ببێتە مەترسی بۆ ئەو شوێنانە، ئەوا کۆماری ئیسلامی ئێران دەستتێوەردان دەکات".

حوسێن دێهقان، وەزیری بەرگریی ئێران ئەمڕۆ لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا لە تاران سەبارەت بە قسەکانی وەزیری دەرەوەی عێراق، کە گوتبووی عێراق لاریی نییە لەوەی ئێران هێرشی ئاسمانی بکات بۆ سەر چەکدارانی داعش، گوتی: "ئێمە سنوورێکمان هەیە کە بۆمان زۆر گرینگە، ئەگەر داعش بیەوێت ببێتە هەڕەشە بۆ سنوورەکانمان بێگومان بەرەوڕوویان دەبینەوە، بەڵام ئەمڕۆ پێویست ناکات دەستتێوەردان بکەین، بەڵام ئەگەر دەوڵەتی عێراق بە شێوەی فەرمی داوای یارمەتی لە ئێمە بکات، بێگومان ئێمە هەنگاو دەنێین بۆ ئەوەی یارمەتییان بدەین".

سەبارەت بە بوونی قاسم سلێمانی لە عێراق، وەزیری بەرگریی ئێران، گوتی: "تەنانەت ئەگەر سەردار قاسم سلێمانی رۆیشتووەتە عێراق و دەڕوات، بۆ راوێژکاری و مەشقپێکردنە، ئێمە هێزێکمان بە ناوی هێزی ئێرانی لە سووریا و عێراق نییە، ئەوانەی کە لەوێن بۆ مەشقپێکردنی هێزەکانی عێراق و سووریایەو راوێژیان پێدەکەن بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان".

ئەو قسانەی وەزیری بەرگری ئێران لە کاتێکدایە، کە لەماوەی رابردوو وێنەی قاسم سلێمانی و هێزێکی ئێرانی لەگەڵ سوپای بەدر و میلیشیا شیعەکانی عێراق لە کاتی شەڕ لە ناوچەکانی ئامرلی و سەعدیە و جەلەولا بینراون و وێنەکانیشیان بڵاوکراوەتەوە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا  دێهقان ئاماژەی بە هێزی مووشەکی ئێران کرد و ئێرانی بە چوارەمین هێزی مووشەکی جیهان ناوبرد لە دوای وڵاتانی ئەمریکا، رووسیا و چین. 

20/12/2014

isis dahash

 

له‌وكاته‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی به‌ناو ئیسلامی له‌ عیراق و شام ده‌ركه‌وتووه‌، مێدیا خۆرهه‌ڵاتییه‌كان یه‌كسه‌ر ناوی (داعش)یان به‌سه‌ر ئه‌و رێكخراوه‌دا بڕی، به‌ڵام له‌ وڵاتانی ئه‌وروپا خۆرئاوا و له‌ زمانی ئینگلیزیدا راوبۆچوونی جیاوازی له‌سه‌ر بوو.

هه‌ندێك له‌ میدیاكانی ئه‌وروپا و خۆرئاوا ISIS واته‌ Islamic State in Iraq & Syria وه‌ك كورتكراوه‌ بۆ ناوی داعش و هه‌ندێكیشان ISIL واته‌ Islamic State in Iraq & Levant یان به‌كارده‌هێنا.

دواجاریش وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مه‌ریكا بڕیاریدا كه‌ له‌مه‌ودوا وشه‌ی Daesh بۆ ئه‌و رێكخراوه‌ به‌كاربهێنێت، له‌و باره‌یه‌شه‌وه‌ جه‌یمس تیری، فه‌رمانده‌ی ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ سه‌ربازییه‌ی كه‌ ئه‌مه‌ریكا له‌ دژی داعش له‌ عیراق و سوریا ده‌ستیپێكردووه‌، له‌ لێدوانێكدا رایگه‌یاند كه‌ هاوپه‌یمانه‌كانیان له‌ كه‌نداوی عه‌ره‌ب ئه‌و ناوه‌ به‌كارده‌هێنن.

وتیشی كه‌ ناوی داعش عه‌ره‌بییه‌ و نزیكه‌ له‌ وشه‌ی عه‌ره‌بیی (الدعس) كه‌ مانای خسته‌ژێر پێ ده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌مه‌ش یه‌كه‌م به‌رپرسی ئه‌مریكا نییه‌ كه‌ ئه‌م ناوه‌ به‌كاربهێنێت، به‌ڵكو هه‌فته‌ی رابردووش جۆن كیری له‌به‌رده‌م كۆنگرێسدا، ناوی ئه‌و رێكخراوه‌ی به‌ (داعش) هێنا.

xendan

20/12/2014

peshmarga la shangal

 

فه‌رمانده‌ى هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان له‌ ره‌بیعه‌ و چیایى شنگاله‌وه‌ پلانى تۆكمه‌یان داناوه‌ و ئێستا ته‌واوى ناوچه‌كه‌ له‌ داعش پاكراوه‌ته‌وه‌.

ئاشتى كۆچه‌ر فه‌رمانده‌ى هێزى پێشمه‌رگه‌ له‌ چیاى شنگال به‌ “باسنیوز”ى راگه‌یاند به‌پێى به‌رنامه‌یه‌كى تۆكمه‌ له‌لایه‌ن سه‌ركردایه‌تى پارتى دێموكراتى كوردستان كه‌ دانراوه‌ له‌ ره‌بیعه‌وه‌ به‌ هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌ى پێشمه‌رگه‌ له‌ چیاى شنگال یه‌ك بگرین و بچین بۆ میحوه‌رى حه‌ردان و له‌وێشه‌وه‌ بگه‌یه‌نه‌ شه‌ره‌فه‌دین و سنونێ و بۆره‌ك و دهۆلا و خانه‌ سور شوێنه‌كانى دیكه‌مان پاككردۆته‌وه‌، ئێستا پێشمه‌رگه‌ پێشڕه‌وى ده‌كات بۆ “خه‌ربكا” و پێشمه‌رگه‌ چونه‌ته‌ ناوه‌وه‌.

کۆچەر گوتیشى :”داعشا به‌شێكیان چوون به‌ره‌ و سوریا و ئه‌وانه‌دیكه‌ به‌ره‌ و حه‌ردانیه‌ و ناو موسڵ رایان كردووه‌”.

گوتیشى :”ئامانجى سه‌ره‌كیمان شنگاله‌ ئه‌گه‌ر شنگالمان ئازادكرد ئه‌وه‌ شوێنه‌كانى دیكه‌ به‌ ئاسانى ده‌كه‌وێته‌ ده‌ست پێشمه‌رگه‌ ئاشتی کۆچەر و به‌پێى زانیارى ده‌زگا ئه‌منییه‌كانمان ئێستا شنگال كه‌سى تێدا نه‌ماوه‌ و به‌ ئاسانى ده‌چینه‌ ناو شاره‌وه‌”.

basnews

19/12/2014

artashi eran reja

 

سه‌رتيپ “موسا كه‌مالى” جێگرى كاروبارى سه‌رچاوه‌ مرۆييه‌كانى ده‌سته‌ى گشتى هێزه‌ چه‌كداره‌كانى ئێران ڕايگه‌ياند:‌ يه‌ك مليۆن و پێنج سه‌د هه‌زار گه‌نج خزمه‌تى سه‌ربازى ده‌يانگرێته‌وه‌ كه‌ تاكو ئێستا بۆ ئه‌نجامدانى ئه‌و خزمه‌ته‌ نه‌هاتوون خۆيان بناسێنن.

كه‌مالى به‌ ئاژانسى ئيرناى گوتووه‌ كه‌ ئه‌و به‌شه‌ گه‌نجانی كه‌ له‌دايكبووى ساڵى 1976 به‌ دواوه‌ن، ئه‌گه‌ر تاكو رێکەوتی 10 ى شوبات په‌يوه‌ندى بكه‌ن بۆ ته‌واوكردنى خزمه‌تى سه‌ربازى, ئه‌وا له‌ شه‌ش مانگى زياده‌ ده‌به‌خشرێن و نايان ده‌ن به‌ دادگا.

ئه‌وه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ ده‌وڵه‌تى ئێران له‌ بودجه‌ى ساڵى داهاتوودا پێشنارى ئه‌وه‌ى كردووه‌ كه‌ ئه‌وانه‌ى خزمه‌تى سه‌ربازى گرتوونيه‌تيه‌وه‌ و بۆ ماوه‌ى هه‌شت ساڵ غايب بوون و ته‌مه‌نيان له‌ نێوان 27 تا 50 ساڵيدايه‌، بتوانن به‌ غه‌رامه‌ى پاره‌، له‌ خزمه‌تى سه‌ربازى ببه‌خشرێن.

جێگرى ده‌سته‌ى گشتى هێزه‌ چه‌كداره‌كان له‌باره‌ى هۆكاره‌كانى ئه‌و بڕياره‌ ده‌ڵێ:”ئه‌و جۆره‌ كه‌سانه‌ به‌هۆى ئه‌وه‌ى لێهاتوو نين بۆ هێزى چه‌كدارى و خزمه‌تكردنيان له‌پاڵ سه‌ربازانى كرده‌ییدا رۆحيه‌ و وره‌ى ئه‌وانى تر ده‌شكێنن و كاريگه‌رى نه‌رێنييان هه‌يه‌، بۆيه‌ غه‌رامه‌ به‌ باشتر زانراوه‌”.

بڕى غه‌رامه‌كه‌ به‌ ته‌واوى ديارى نه‌كراوه‌ بۆ كڕينه‌وه‌ى خزمه‌تى سه‌ربازی، به‌ڵام پێشبينى ده‌كرێت له ‌نێوان 20 مليۆن تا 50 مليۆن تمه‌ن بێت.

بڕياره‌كه‌ى ده‌سته‌ى گشتى هێزه‌ چه‌كداره‌كانى ئێران ئه‌و گه‌نجانه‌ ده‌گرێتـه‌وه‌ كه‌ له‌دايكبووى مانگى 3 ى ساڵى 1965 ن.

به‌پێى ياساى ئێران هەر كوڕێك ته‌مه‌نى گه‌يشته‌ 18 ساڵ، ده‌بێ خزمه‌تى سه‌ربازى بكات.

به‌پێى زانيارييه‌كان هه‌ر كه‌ ئه‌و پێشنياره‌ له‌ په‌رله‌مان چه‌سپا، ئه‌وا سه‌ربازه‌ ڕاكردووه‌كان یان دواكه‌وتووه‌كان ماوه‌ى يه‌ك ساڵ مۆڵه‌تيان هه‌يه‌ به‌ پێدانى غه‌رامه‌ به‌ر لێخۆشبوون بكه‌ون.

ئه‌و پێشنياره‌ى كڕينه‌وه‌ى خزمه‌تى سه‌ربازى له‌ كاتێكدايه‌ كه‌ ماوه‌ى خزمه‌تكردن له ‌نێوان 18 بۆ 21 مانگدايه‌ و له‌ ساڵى ئاينده‌ى هه‌تاويدا خزمه‌تى سه‌ربازى ده‌كرێت به‌ 24 مانگ.

چاودێرانيش پێيان وايه‌ كه‌ ده‌وڵه‌تى ئێران ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ ده‌خاته‌ به‌رده‌م ئه‌و گه‌نجانه‌ى كه‌ له‌ خزمه‌تى سه‌ربازى هه‌ڵهاتوون تاكو به‌ پێدانى غه‌رامه‌ به‌ر لێخۆشبوون بكه‌ون، به‌ڵام هه‌ركه‌سێ بڕوات و خۆى بناسێنێ بۆ ئه‌وه‌ى غه‌رامه‌كه‌ بدات، ته‌مبێ ده‌كرێ و به‌جۆرێكى تر سزا ده‌درێ.

19/12/2014

federica mogirini

 

هه‌رێمی كوردستان له‌شه‌ڕی دژ به‌داعش وه‌ك بكه‌رێكی جیۆسیاسی له‌ناوچه‌كه‌دا ده‌ركه‌وتووه‌، هه‌ر بۆیه‌ بوه‌ته‌ جێگه‌ی گرنگی پێدانی به‌رپرسه‌ باڵاكانی دنیا. له‌م میانه‌یه‌دا بڕیاره‌ له‌سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی داهاتوودا به‌رپرسێكی باڵای سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی ئه‌ورووپا سه‌ردانی كوردستان بكات.


(دلاوه‌ر ئاژگه‌یی)نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، زانیارییه‌كه‌ی بۆ (باسنیوز) پشتڕاست كرده‌وه‌و گووتی: دوا بەدوای پتەو بوونی پەیوەندیەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و یەکێتی ئەورووپا، بڕیارە لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا خاتوو (فێدێریکا مۆگێرینی) رێکخەری باڵای سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی یەکێتی ئەوروپا بە یاوەری شاندێکی باڵای یەکێتی ئەوروپا، بە سەدانێکی فەرمی بگاتە هەرێمی کوردستان و لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆک وەزیران و بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆ بێتەوە.

سەردانی مۆگێرینی لە دوای کۆبوونەوەی ئەو دوایەی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا دێت و گرنگی تایبەتی هەیە و نیشانەی گرنگی دانی یەکێتی ئەوروپایە بە پێگە و رۆڵی هەرێمی کوردستان لە ئێراق و ناچەکە و بە تایبەتی شەری دژی تێرۆر و سەرکەوتنەکانی هێزی پێشمەرگە.

19/12/2014

juli ka qorani drandwa

 

ژنێكی بەریتانی لەكاتی ئامادەبوونی لە یاریگایەكی تۆپی پێی ئەو وڵاتە، قورئانێكی پەڕپەڕكرد، بۆیە دادگا بڕیاریدا بۆ ماوەی سێ ساڵ لە هەموو یاریگاكانی بەریتانیا دووریبخاتەوە.

ئەم ژنە ناوی جولی فیلیپسە و تەمەنی 51 ساڵە، هاندەری یانەی میدڵسبڕۆە، مانگی ئایاری رابردوو لە كاتێكدا لە یەكێك لە یارییەكان بۆ هاندانی یانەی میدڵسبۆرۆ ئامادەی یاریگایەك بوو، قورئانێكی پەڕپەڕكرد و پەڕەكانیشی بەسەر خەڵكی دابەشكردن. بەڵام پاش ئەوە لە دادگا سكاڵای لە دژی تۆماركرا ، بەهۆی ئەوەی كەسێكی رەگەزپەرستە، لە دادگاش جولی گوتی:"نەمزانیوە ئەو كتێبەی دڕاندم قورئانە"، بەڵام دادگا باوەڕی بە قسەكانی نەكرد.

جولی فیلیپس لەم هەفتەیەدا لەلایەن دادگای بێرمنگهامی بەریتانیا سزاكەی بەسەردا درا و ئەمەش بەلەبەرچاوگرتنی ئەو راستییەی كە ئەم ژنە جاری دیكەش كاری رەگەزپەرستانەی ئەنجامداوە و سووكایەتی بە كەسانی دیكە كردووە. جولی، پێشتر لە ئەنجوومەنی شارەوانی میدلسبۆرۆ كاری دەكرد، دوای دەرچوونی حوكمەكە بەسەریدا كارەكەشی لەدەستدا.

جەسمس لانگلی، پارێزەرێكی سەر بە پۆلیسە، لەمبارەیەوە دەڵێت:" دوورخستنەوەی جولی لە یاریگاكان وەكو هۆشیاركردنەوەیەكش دەبێت بۆ هەموو هاندەرەكانی دیكە، كە رەگەزپەرست نەبن".

رووداو – alarabiya

19/12/2014

jamil baikk1

 

هاوسەرۆكی كۆنسەی بەڕێوەبەری كۆما جڤاكێن كوردستان KCK رایدەگەیەنێت، کە ئەمریكییەكان هاوپەیمانی ئەوانن لە كۆبانێ و پێشیوایە، "ئەمریکا بە بێ کورد، ناتوانێ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست سیاسەت بکات".

لە دیدارێكیدا لەگەڵ هەفتەنامەی دی سایت- Die Zeitی ئەڵمانی، جەمیل بایک، هاوسەرۆكی كۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە، حكومەتی توركیای بەوە تۆمەتبار كرد، كە لەرێگەی تیمی تایبەتەوە هاوكاری داعش دەكات و "لە پەیوەندی و هاوئاهەنگییەكی چردان لەگەڵ یەكدی".

بە گوتەی بایك، لەنێو ریزەكانی داعش و سوپای ئازادی سوریا هێزی تایبەتی توركیا هەن و گوتی: "ئیتر سوپای توركیا راستەوخۆ شەڕمان لەگەڵ ناكات، بەڵكو لەرێگەی ئەو هێزە تایبەتانەی نێو داعش و سوپای ئازادی سووریا درێژە بەو شەڕە دەدات".

"توركیا ئاشتی لەگەڵ پەکەکە ناوێ"

بەبۆچوونی بایك، حكومەتی پارتی داد و گەشەپێدان AKP نیازێكی بە چارەسەری نییە لەگەڵ پارتی كرێكارانی كوردستان و گوتی: "لەگەڵ ئەوەشدا پەشیمان نین كە ئەو رێگایەمان گرتووەتەبەر، عەبدوڵڵا ئۆجەلان رەشنووسێكی بۆ رێككەوتنی یەكجارەكی ئامادەكردووە، ئەگەر حكومەتی توركیا ئەو رەشنووسە قبووڵ نەكات، ئێمە وەك ئامادەكاریی بۆ شەڕ قبووڵی دەكەین".

"ئەمریكا هاوپەیمانی ئێمەیە لە كۆبانێ"

بایك نێوەندگیرێك بۆ پڕۆسەی ئاشتی بە پێویست دەزانێت و دەڵێ: "دەكرێ ئەو نێوەندگیرە ئەمریكا بێت، ئێمە لەگەڵ توركەكان ئاشتیمان دەوێ، ئێستا ئەمریكییەكان هاوپەیمانی ئێمەن لە كۆبانێ، وەكو ئێمە شەڕی داعش دەكەن، كە ئەمریكا بەبێ كورد ناتوانێ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست سیاسەت بكات".

هەروەها جەختی لەوە كردەوە: "ئەگەر ناوچە كوردییەكانی سووریا بخرێنە ژێر دڵنیایی ئەمنییەوە، پێویستیی ئەوروپا بە وزەی رووسیا كەمدەبێتەوە، رێگای نەوت و گازی سروشتی دەریای نێوەڕاست بە رۆژئاوای كوردستاندا تێدەپەڕێت، ئەگەر تەناهی بۆ ئەو رێگایە دابینبكرێت، ئەوروپا دەتوانێ بە هێوری هەناسە بدات".

رووداو-taraf

18/12/2014

mishel obama

 

سایتی “ناشیۆناڵ ئینكوایرر”بڵاوی كرده‌وه‌، میشێل ئۆباما هاوسه‌ری سه‌رۆكی ئه‌مریكا، به ‌ته‌واوی تووشی شۆك بووه‌ كه‌ چه‌ند زانیارییه‌كی له‌باره‌ی ناپاكی هاوسه‌ره‌كه‌یه‌وه‌ ده‌ست كه‌وتووه‌.

ڕاپۆرته‌كه‌ی ئه‌و سایته‌ جیهانییه‌ نوسیویه‌تی:”سه‌رباری ئه‌وه‌ی له‌ میدیاكاندا، ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی ئۆباما، ده‌یانه‌وێت به‌ڕوویه‌كی گه‌شاوه‌وه‌ ده‌ربكه‌ون. به‌ڵام له‌ڕاستیدا ماڵه‌كه‌یان بووه‌ته‌ دۆزه‌خێك”.

زانیارییه‌كان ده‌ڵێن:”له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م مانگی دیسه‌مبه‌ره‌دا، میشێل ئۆباما، هه‌موو ئه‌و زانیارییانه‌ی كۆی كردبوونه‌وه‌ له‌سه‌ر ناپاكی هاوسه‌ره‌كه‌ی، ڕووبه‌ڕووی ئۆباما كردۆته‌وه‌”. زانیارییه‌كان تایبه‌ت بوون به‌و شوێنه‌ نهێنییه‌ی كه‌ سه‌رۆك تیایدا به‌ دڵداره‌كه‌ی ده‌گات وژووان ده‌گرن. ئه‌وه‌ له‌ كاتێكدا بووه‌ كه‌ ئۆباما نه‌یتوانیوه‌ به‌رگرییه‌كی زۆر له‌خۆی بكات.

هه‌ندێك له‌ سه‌رچاوه‌كان ده‌ڵێن:”زانیاری پشتڕاست نه‌كراوه‌ له‌به‌ر ده‌ستدان، سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئۆباما چه‌ندین جار سه‌ردانی ئوتێلی”جگرسۆن”ی كردووه‌ كه‌ ده‌كه‌وێته‌ نزیكی كۆشكی سپییه‌وه‌. سه‌رۆك له‌و درگایه‌وه‌ هاتوچۆی كردووه‌ كه‌ بۆ مه‌ی هێنان ته‌رخان كراوه‌ له‌ پشته‌وه‌، به‌بێ ئه‌وه‌ی كه‌س هه‌ستی پێ بكات.

جارێكیتریش هه‌ر ئه‌م سایته‌ بڵاوی كردبوویه‌وه‌، كه‌ میشێل ئۆباما، داوای له‌ مێرده‌كه‌ی كردوه‌ له‌ ماڵه‌كه‌ بچێته‌ ده‌ره‌وه‌. له‌كاتێكدا دیبووی چاوبڕكێ له‌گه‌ڵ ژنێكدا ده‌كات له‌كاتی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا له‌ شیكاگۆ.

گۆڤاری “گڵۆب مه‌گه‌زین”یش بڵاوی كردبوویه‌وه‌:”هاوسه‌رایه‌تی نێوان ئۆباما ومیشێل له ‌كۆتایی نزیك بووه‌ته‌وه‌”.

ئایا ڕاستی و ناڕاستی ئه‌وهه‌واڵ و زانیارییانه‌ له‌ كوێدایه‌ كه‌ ڕۆژنامه‌ و سایته‌ ئه‌مریكییه‌كان له‌ ناو دڵی كۆشكی سپییه‌وه‌ ده‌یگوازنه‌وه‌؟ ئایا ته‌نها پڕوپاگه‌نده‌ن؟ یان دووكه‌ڵی سپین و نیشانه‌ن بۆ نزیك بوونه‌وه‌ی واده‌ی ڕاگه‌یاندنی هه‌واڵه‌كه‌؟

18/12/2014

turkiya tazahurat

 

لە ئیستەنبوڵ خۆپێشاندانێک لە بەردەم باڵەخانەی رۆژنامەی Sabah ی نزیک لە حکومەتی تورکیا سازکراو چەندین درووشم لە دژی سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە بەرزکرانەوە.

ئێوارەیرۆژی چوارشەممە 17-12-2014 لە ساڵیادی لێکۆڵینەوەکانی گەندەڵی و بەرتیلخۆری کە کەسانی نزیک لە رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتەی تورکیا و وەزیرەکانی حکومەتەکەی تێیدا دەستگیرکرابوون، لە ئیستەنبوڵ خۆپێشاندانێک سازکرا.

خۆپێشاندانەکە لەبەردەم کەناڵی تەلەڤزیۆنی ATV و رۆژنامەی Sabah سازکرا کە بە نزیکییان لە حکومەتی ئەو وڵاتەوە ناسراون. خۆپێشاندەران درووشمی "دزی دەکرێت" و "ئەردۆغانی دز" یان بەرزکردەوە.

لە ئەنجامدا دوو کەس لە خۆپێشاندەران بە تۆمەتی بێڕێزی بەرامبەر بە سەرۆککۆمار دەستگیرکران.

18/12/2014

rojawa u 6 andami marjahi syasi

 

وه‌ك پێشتر له‌ دهۆك بڕیاری‌ لێدرابوو، شه‌ش ئه‌ندامی‌ مه‌رجه‌عی‌ سیاسی‌ رۆژئاوا هه‌ڵبژێردران و به‌وشێوه‌یه‌ش ژماره‌ی‌ ئه‌ندامانی‌ مه‌رجه‌عه‌كه‌ گه‌یشته‌ 30 كه‌س.

له‌ رۆژانی‌ 14- 22ی‌ تشرینی‌ یه‌كه‌می‌ رابردوو بزووتنه‌وه‌ی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ دیموكراتی‌ "ته‌ڤده‌م" و ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانیی كورد له‌ سوریا دوای‌ زنجیره‌یه‌ك كۆبوونه‌وه‌ له‌ شاری‌ دهۆك رێككه‌وتن و یه‌كێك له‌ به‌نده‌كانی‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ پێكهێنانی‌ مه‌رجه‌عی‌ سیاسی‌ رۆژئاوا بوو له‌ 30 ئه‌ندام كه‌ هه‌ردوولایه‌ن یه‌كی‌ 12 ئه‌ندامیان هه‌بێت و شه‌ش ئه‌ندامه‌كه‌ی‌ تر له‌ كه‌سایه‌تی‌ سه‌ربه‌خۆ و حزبه‌كانی سه‌ربه‌ ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانیی كورد و ته‌ڤده‌م بن.

ئه‌مڕۆ له‌ هه‌ڵبژاردنێكدا له‌ هۆڵی‌ كۆنگره‌كانی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ پێشكه‌وتنخوازی‌ كورد له‌ سوریا له‌ شاری‌ قامیشلۆ، له‌ كۆی‌ 96 كه‌س كه‌ خۆیان كاندیدكردبوو بۆ ئه‌وه‌ی‌ ببنه‌ ئه‌ندامی‌ مه‌رجه‌عی‌ سیاسی‌ رۆژئاوای‌ كوردستان، شه‌ش كه‌س هه‌ڵبژێردراون.

ئه‌و شه‌ش كه‌سه‌ی‌ بۆ مه‌رجه‌عی‌ سیاسی‌ رۆژئاوای‌ كوردستان هه‌ڵبژێردران بریتین له‌:

1-ساڵح گه‌دۆ سكرتێری‌ پارتی‌ چه‌پی‌ دیموكراتی‌.
2-جه‌مال مه‌لا مه‌حمود
3-محه‌مه‌د موسا سكرتێری‌ پارتی‌ چه‌پ
4-سه‌لوا به‌دران
5-ئه‌حمه‌د ئیسماعیل
6-په‌روین محه‌مه‌د

سه‌رچاوه‌: هاوار نیوز

17/12/2014

alai kurdistan

 

ئه‌مرۆ له‌سه‌ر جه‌م دامه‌زراوه‌كانى حكوومه‌ت و په‌رله‌مانى كوردستان رۆژى ئاڵاى كوردستان به‌رزڕاگیرا. له‌ناوه‌نده‌ په‌روه‌رده‌یییه‌كانیش سه‌رجه‌م قوتابیان به‌پۆشینى جل و به‌رگى كوردى یاده‌كه‌یان كرده‌وه‌.

ئه‌مرۆ 17/12/2014 یادى ئاڵاى كوردستانه‌ بەبریاری ژمارە ٤٨ ی پەرلەمانی کوردستان کە لە ١٩-٦- ٢٠٠٤ دەرچووە ، رۆژی ١٧ی کانونی یەکەمی هەموو سالێک کە رۆژی هەڵکردنی ئالای کوردستانە، کراوە بە رۆژی ئاڵا لە کوردستان.

به‌مه‌به‌ستى به‌رزڕاگرتنى ئاڵاى كوردستان په‌رله‌مانى كوردستان له‌ رێوڕه‌سمێكى تایبه‌ت له‌ناو بینایه‌ى په‌رله‌مان یادى ڕۆژى ئاڵاى كوردستانى كرده‌وه‌، له‌ په‌یامێكیشدا رایده‌گه‌یه‌نێت، هه‌رێمى كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ مافه‌ ده‌ستورى و یاساییه‌كانى خۆى و پێداگیرى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ ده‌بێته‌ هۆكارێك بۆ ئه‌وه‌ى په‌یامى ئاشتى به‌ هه‌موو جیهان بدات.

لە پارێزگاى هه‌ولێریش له‌ رێوڕه‌سمێكدا به‌ ئاماده‌بوونى خه‌ڵكێكى زۆرى شارى هه‌ولێر یادى رۆژى ئاڵاى كوردستان كرایه‌وه‌، پارێزگارى هه‌ولێر له‌ په‌یامێكدا پیرۆزبایى خۆى و پارێزگاى هه‌ولێرى به‌هه‌موو خه‌ڵكى كوردستان و دایكانى شه‌هیدان راگەیاند.

له‌ ناوه‌نده‌ په‌روه‌رده‌یییه‌كانیش سه‌رجه‌م قوتابیان به‌ پۆشینى جل و به‌رگى كوردى سرودى نیشتیمانى یاده‌كه‌یان به‌رز ڕاگرت.

basnews

17/12/2014

parlemanii eraq

 

بڕیارە سبەی شاندێکی پەرلەمانی عێراق بە سەرۆکایەتیی سەلیم جبوری سەردانی ئێران بکات کە چەند پەرلەمانتارێکی کوردیش لە نێو شاندەکەدا دەبن.

ئارام شێخ محەممەد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق كە لەسەر پشكی كورد پۆستەكەی وەرگرتووە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:" سبەینێ سێشەممە بە یاوەری سەرۆکایەتیی پەرلەمان و شاندێکی پەرلەمان کە لە چەند پەرلەمانتارێکی کورد و سوننە و شیعە پێكهاتووە، سەردانی تارانی پایتەختی ئێران دەکەین".

پەرلەمانتارە کوردەکانی ناو شاندەکە بریتین لە تاریق گەردی، شوان داودی و دکتۆر ئەمین بەکر کە بە گوتەی ئارام شێخ محەممەد بڕیارە " لەگەڵ شاندەکەی پەرلەمان بڕۆنە ئێران بەمەبەستی زیاتر تووندوتۆڵکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و هەروەها بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو بارودۆخە ئەمنی و سیاسی و ئابوورییەی کە بەرەوڕووی ناوچەکە بووەتەوە".

سەبارەت بە دیدارەکانیان لەگەڵ بەرپرسانی ئێران، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند:" دیدار لەگەڵ سەرۆکایەتیی پەرلەمانی ئێران، وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەنجوومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ئێران، حەسەن رۆحانی سەرۆکی ئێران لەبەرنامەدایە، بەڵام دیدار لەگەڵ رێبەری ئێران تاوەکو ئێستا دیارینەکراوە".

rudaw 

16/12/2014

turkya kunsul

 

سه‌ركونوسڵی‌ توركیا رایده‌گه‌یه‌نێت هه‌ڵه‌ تێگه‌یشتنێكی‌ باو هه‌یه‌، كه‌توركیا هاوكاری‌ داعش ده‌كات ئه‌مه‌ش سه‌رئه‌نجامی‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ چه‌ند هه‌واڵیكی‌ ناڕاسته‌، جه‌ختیشی‌ له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ئاسایشی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بۆ وڵاته‌كه‌ی‌ گرنگه‌.

ئێواره‌ ئه‌مڕۆ كونسوڵخانه‌ی‌ توركیا له‌هه‌ولێر گفتوگۆیه‌كی‌ كراوه‌ی‌ بۆ ژماره‌یه‌ك له‌ میدیاكانی‌ كوردستان له‌ هوتێلی‌ (دیده‌مان) ی‌ شاری‌ هه‌ولێر رێكخست. له‌و گفتوگۆیه‌ كراوه‌دا كه‌ نوێنه‌ری‌ ماڵپه‌ڕی‌ خه‌ندانیش به‌ ره‌سمی‌ بانگهێشیت كرابوو، تێیدا محه‌مه‌د ئاجیف سه‌ركونوسڵی‌ توركیا له‌ هه‌ولێر له‌ وته‌یه‌كدا رایگه‌یاند كه‌ ئێواره‌ی‌ ئه‌مڕۆ له‌رێگه‌ی‌ رێكخراوی‌ (ئافات)ی‌ توركی‌ ، كه‌سه‌ربه‌ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ توركیایه‌ 625مین ئۆتۆمبێلی‌ بارهه‌ڵگری‌ هاوكاری‌ گه‌یه‌ندرایه‌ ئاواره‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌بێ‌ جیاوازی‌ ئاینی‌ و نه‌ته‌وه‌یی‌.

ئاجیف وتی: "له‌كاتێكدا داعش هاته‌ موسڵ هه‌رئه‌وشه‌وه‌ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان كه‌ ئه‌وكات سه‌رۆكی‌ وه‌زیرانی‌ توركیا بوو ته‌له‌فۆنی‌ بۆكردم و ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كرد، ئاواره‌یه‌كی‌ زۆر روو له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌كات، بۆیه‌ ئاماده‌كاری‌ بكه‌ن هه‌رچییان بووێت هاوكارییان بكه‌ن".

وتیشی‌: "ئه‌و شه‌وه‌ی‌ داعش له‌هه‌ولێر نزیك بووه‌وه‌، زۆربه‌ی‌ وڵاتان كۆمپاینا و كرێكاره‌كانیان گواسته‌وه‌، به‌ڵام ئێمه‌ هه‌ر له‌هه‌ولێر ماینه‌وه‌ و له‌ئێستاشدا 1500 كۆمپانیای‌ توركیا له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كارده‌كه‌ن و وه‌به‌رهێنانی‌ توركیا له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان 8 ملیار دۆلاره‌".

سه‌باره‌ت به‌ كۆبانێ، محه‌مه‌د ئاجیف وتی‌: "200 هه‌زار ئاواره‌ی‌ سڤیل كه‌ خه‌ڵكی‌ كۆبانێن ئێستا له‌ توركیان و تائێستاش 5 ملیۆن ژه‌م خۆراكیان بۆ ئاماده‌كراوه‌ و به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك هاوكاری‌ ئه‌و 200 هه‌زار كه‌سه‌ ده‌كرێت كه‌ له‌نێویاندا 60هه‌زار منداڵ هه‌یه‌".

له‌ دوو پرسیاری‌ په‌یامنێری‌ خه‌ندانیش له‌باره‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ئایا بۆچی‌ وڵاتی‌ توركیا هه‌ڵمه‌تی‌ ده‌ستگیركردنی‌ رۆژنامه‌نووسانی‌ ده‌ستپێكردووه‌، له‌كاتێكدا ئێوه‌ ئه‌مڕۆ كۆمه‌ڵێك رۆژنامه‌نووستان له‌یه‌كێك له‌ به‌ناوبانگترین هۆتێله‌كانی‌ هه‌ولێر داوه‌ت كردووه‌، محه‌مه‌د ئاجیف له‌وه‌ڵامدا وتی‌: "ئه‌وان به‌پێی‌ یاسا ده‌ستگیر كراون و ئێستاش لێكۆڵینه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌".

له‌پرسیارێكی‌ تری‌ نوێنه‌ری‌ خه‌ندان، له‌باره‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ ئێوه‌ باسی‌ چه‌ند ژه‌مه‌ خورادنێك ده‌كه‌ن و چه‌ند ژه‌مه‌ خواردنێكمان به‌چاودا ده‌ده‌نه‌وه‌، به‌ڵام بۆچی‌ له‌ملاوه‌ هاوكاری‌ داعش ده‌كه‌ن، له‌ وه‌ڵامدا سه‌ركونووسوڵی‌ توركیا وتی‌: "هه‌ڵه‌ تێگه‌یشتنێكی‌ باو هه‌یه‌ به‌وه‌ی‌ توركیا هاوكاری‌ داعش ده‌كات، هۆكاره‌كه‌شی‌ بۆئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێـته‌وه‌ ، كه‌چه‌ند هه‌واڵێكی‌ ناڕاست له‌سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ بڵاو كرایه‌وه‌ ئێمه‌ چۆن هاوكاری‌ داعش ده‌كه‌ین، ئێمه‌ له‌ ساڵی‌ 2013 داعشمان خستۆته‌ لیستی‌ تیرۆره‌وه‌، چونكه‌ خۆمان قوربانی‌ زۆرمان داوه‌ له‌ده‌ست تیرۆر، به‌ڵام له‌سه‌ره‌تادا هه‌ڵوێسته‌كانمان جیابوون ئه‌مه‌ش به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ بوو، كه‌ ئێمه‌ 49 كارمه‌ندی‌ كونسوڵخانه‌ی‌ توركیامان له‌موسڵ له‌ده‌ست داعش بوو".

وتیشی‌: "چۆن ئاسایشی‌ توركیا بۆئێمه‌ گرنگه‌ ، هێنده‌ش ئاسایشی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بۆ ئێمه‌ گرنگه‌".

xendan

16/12/2014

tundutiji dj ba jnan

 

پێكهێنان و دامه‌زراندنی رێكخراوی ژنان بۆ داكۆكی له‌ مافی ژنان له‌لایه‌ن خودی ژنانه‌وه‌ كارێكی ئاسایی بووه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر پیاوان رێكخراوێكی ژنان دابمه‌زرێنن ره‌نگه‌ كه‌مێك جێگه‌ی سه‌رسوڕمان بێت، ژنه‌ رۆژنامه‌نووسێكیش پێشنیازێك ده‌كات بۆ ئه‌و پیاوانه‌ی جددین له‌ داكۆكیكردن له‌ ماف و ئازادییه‌كانی ژنان رێكخراوێكی تایبه‌ت به‌ ژنان دابمه‌زرێنن، سه‌رۆكی رێكخراوی داكۆكیكردن له‌ مافی پیاوانیش پێشوازی له‌ هه‌نگاوێكی له‌و جۆره‌ ده‌كات.

ژنه‌ رۆژنامه‌نووس ڤینۆس فایه‌ق، له‌ په‌یجی ره‌سمی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك ده‌نووسێت: "داوا له‌ پیاوان ده‌كه‌م ئه‌گه‌ر جددین له‌ قسه‌كردن و داكۆكیكردنیان له‌ ماف و ئازادییه‌كانی ژنان با رێكخراوێك دانێن بۆ داكۆكی له‌ مافه‌كانی ژنان و پرۆتۆتسكردنی ئه‌و تاوانانه‌ی له‌ دژیان ئه‌نجامده‌رێت، به‌تایبه‌ت كه‌ زۆرێكیان ره‌خنه‌یه‌كی زۆر له‌ رێكخراوه‌كانی ژنان و ژنه‌ چالاكوانه‌كان ده‌گرن، ده‌شێ ئه‌وان بتوانن شتێك بكه‌ن.. ره‌نگه‌ ببنه‌ پێشه‌نگ له‌و بواره‌دا".

بورهان عه‌لی، سه‌رۆكی یه‌كێتی‌ پیاوانی‌ كوردستان به‌ خه‌ندانی راگه‌یاند: "دامه‌زراندنی هه‌ر رێكخراوێك كه‌ داكۆكی له‌ مافی مرۆڤ بكات كارێكی پیرۆزه‌ و باشه‌".

وتیشی: "دامه‌زراندنی رێكخراوه‌كه‌ی ئێمه‌ سه‌ره‌تا ئامانجمان داكۆكیكردن بوو له‌ مافی مرۆڤ ئه‌وجا له‌ مافی پیاوان، چونكه‌ مرۆڤ به‌ هه‌ردوو ره‌گه‌زه‌وه‌ كه‌ دووچاری چه‌وساندنه‌وه‌ و توندوتیژی بوویه‌وه‌ ده‌بێت داكۆكی لێ بكرێت".
تانیا تاهیر، چالاكوانی بواری ژنان به‌ خه‌ندانی راگه‌یاند: "ئه‌گه‌ر بیرۆكه‌ی دامه‌زراندنی رێكخراوێكی ژنان له‌لایه‌ن پیاوانه‌وه‌ هه‌بێت، ده‌بێت له‌ به‌رنامه‌ و په‌یڕه‌وه‌كه‌ی بڕوانیت، تا بزانیت هۆكاری دامه‌زراندنی ئه‌و رێكخراوه‌ به‌چی مه‌به‌ستێكه‌، ئایا بۆ داكۆكی له‌ مافی ژنانه‌ یان نا؟".

وتیشی: "دامه‌زراندنی رێكراوێكی تایبه‌ت به‌ داكۆكیكردن له‌ مافی ژنان كارێكی باشه‌ له‌ڕووی شكڵیه‌وه‌، به‌ڵام ده‌بێت له‌ ناوه‌ڕۆكی وردبیته‌وه‌، تا هۆكاره‌كه‌ی بزانیت".

xendan

15/12/2014

alai kurdistan 8

 

پەیمانگایەكی ئەمریكی رایدەگەیەنێت، كە سەربەخۆیی كوردستان نزیكترین ئەگەری داهاتووە و وڵاتانی توركیا، ئێران و سووریا بەهۆی ئەوەی ناتوانن مافەكانی كورد بۆ ئۆتۆنۆمی و هەرێمی سەربەخۆ بە كورد بدەن نایانەوێت كورد وەك بەشێك لەوڵاتەكەیان بمێنێتەوە.

رووداوەكانی نیوەی ساڵی رابردوو لە كوردستان و ناوچەكە شارەزایانی بەسەر دوو بەرەدا دابەشكرد، بەشێكیان دەڵێن، سەربەخۆیی كوردستان نزیكبووەتەوە، چونكە كورد لە دووبەشدا بە كردەوە یەكیانگرتووە و چاوەڕوانی هەنگاوی زیاتریش دەكرێت، لەوكاتەی بەشێكی دیكە وایدەبینن  كە جیابوونەوەی كورد لە توركیا و ئێران مەحاڵە ، چونكە ئەو دوو وڵاتە رێگەی جیابوونەوەی ناوچە كوردییەكان نادەن.

پەیمانگای گەیت ستۆنی ئەمریكی بۆ لێكۆڵینەوە لە پرسە سیاسییەكان لەدوا راپۆرتی خۆی ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە، "رەوتی دیموكراسی لەگەڵ هەندێك كەموكوڕی لە باشووری كوردستان روو لە باشبوونە و ئێستا حكومەتێكی گشتگیر لە كوردستان پێكهێنراوە، بۆیە چاوەڕوانی لەدایكبوونی كۆماری كوردستان بن".

ئەو پەیمانگایە كە بارەگاكەی لە نیویۆركە، ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە " لە رابردوودا دوو پارت (پارتی و یەكێتی) دەسەڵاتەكانیان قۆرخكردبوو، بەڵام ئێستا یەكگرتووییەكی بەهێز لە كوردستان  هەستی پێدەكرێت، چونكە پارتی و یەكێتی هەرچەندە بەشی زۆری كورسییەكانی پەرلەمانیان بەدەستە، بەڵام هێزی دیكە لە كوردستانیش هەن، كە نوێنەر و بڕیارەكانیان لەدەستە. وەك  پەیمانگاكە دەڵێت: "كۆنتڕۆڵی سیاسەتی دوو پارتەكە لە رابردوو گۆڕاوە بە حكومەتێكی گشتگیر، كە دەتوانن ببنە هەوێنی دروستبوونی كۆمارێكی كوردستان لە داهاتوودا".

گەیت ستۆن ئینستیوت دەنووسێت: "بۆ راگەیاندنی ئەو دەوڵەتە ناعەرەبیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست  تەنیا كاتێكی  گونجاو ماوە و كورد ئامادەیە لە هەركاتێكدا دەوڵەتێكی سەربەخۆ دروست بكات، هەرچەند هەندێك هۆكار هەن كە دروستبوونی ئەو دەوڵەتەیان دواخستووە، بەڵام لە كۆتاییدا دەوڵەتی كوردی هەر دروست دەبێت".

بەپێی لێكۆڵینەوەی پەیمانگەكە "شەڕی كوردستان لەگەڵ داعش هۆكارێكی دواكەوتنی دروستكردنی ئەو دەوڵەتە بوو، بەڵام ئێستا پێشـمەرگە دوای ئەوەی لە سەرەتاكانی شەڕ چەندین ناوچەی لەدەستدا، ئێستا باوەڕی بەخۆی پەیداكردووەتەوە و ناوچەكانی لەدەستی داعش دەرهێناوە، لەوكارەشدا فڕۆكەكانی هاوپەیمانان هاوكاری پێشمەرگەیان كردووە".

بەپێی راپۆرتی پەیمانگاكە "فەیلەقی قودس و سوپای شیعەی عێراقی سەر بە ئێران، وایانكردووە كە شەڕی داعش لە عێراق تارادەیەك بە ئاراستەی دژە داعش  بشكێتەوە".

لە راپۆرتەكەدا هاتووە: "هەروەها هۆكارێكی دیكەی دواكەوتنی سەربەخۆیی كوردستان، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكایە كە زۆر جەخت لەمانەوەی كورد لەگەڵ عێراق دەكاتەوە، لەوەشدا ئەمریكا بە هەوڵەكانی بۆ رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا سەركەوتوو بووە بۆمانەوەی كورد لەگەڵ عێراق و دواخستنی سەربەخۆیی كوردستان، واقیعی سیاسی ناوچەكەش رێگەی نەداوە كورد بەو خەونەی بگات، چونكە هەریەك لە وڵاتانی دراوسێی كورد ئامادەنین هیچ مافێك بە كورد بدەن و لەگەڵ سەربەخۆیی كوردستانیش نین، چونكە  بە هاوپەیمانێكی ئیسرائیلی دەزانن، هۆكاری دژایەتی وڵاتان بۆ سەربەخۆیی كوردستان بەرژەوەندی سیاسی ناوخۆیی و دەرەكییە".

پەیمانگاكە بە هێنانەوەی نموونەی لێدوانی چەند پرسێك باس لەوەش دەكات، كە كورد چی دیكە ئامادە نییە لە عێراق عەرەب بڕیاری لەسەر بدات، هەروەها كورد نایەوێت هەڵەكانی رابردوو  دووبارە بكاتەوە و دەیەوێت بە سیاسەتێكی هێواش و زیرەكانە بەرەو سەربەخۆیی بڕوات، چونكە  پێشتر وڵاتانی زلهێز زۆر بەڵێنیان بە كوردداو جێبەجێیان نەكرد.

پەیمانگای گەیت ستۆن هۆكارەكانی بەهێزبوونی ئەگەری سەربەخۆیی كوردستانیش دەخاتەڕوو و دەنووسێت " شانازی كورد بە هەرێمەكەیان و شارستانییەت و پێشكەوتوویی هەرێمەكە و  سەركەوتنەكان بەسەر داعش ، وایكرد كورد زیاتر باوەڕی بەخۆی هەبێت بۆ جاڕدانی سەربەخۆیی كوردستان، كورد ئێستا ناڕازییە لە رێگرتنی بەغدا لە هاتنی چەكی زیاتر بۆ هەرێمەكە لەلایەن وڵاتانەوە، ئێستا لە كوردستان لە هەموو شوێنێك ئاڵای كوردستان هەڵكراوە و ئاڵای عێراقیش نابینرێت، زمانی سەربەخۆی كوردی و غەریبی زمانی عەرەبی لە باشووری كوردستانیش هۆكاری بە‌هێزن بۆ سەربەخۆیی ، بۆیە كوردستان چاوەڕێی لەدایكبوونە و بەم زووانە لە دایك دەبێت".

rudaw

16/12/2014

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان