پارک و سەوزاییەکانی نێو شارەکان تەنیا روخساری شارەکان جوان ناکەن و شوێنێکی ئارام بۆ حەسانەوە و پشودانی هاوڵاتیان نین. بەڵکو لە بواری پیسبوونی ژینگەی شارەکانیشدا رۆڵی سییەکان بۆ شارەکان دەگێڕن.
ئەمەش بۆ گەورە شارێکی وەک کرماشان گرینگی زۆر هەیە. بۆیە پارێزگاری کرماشان لە هەوڵی پەرەپێدان بە سەوزاییەکانی شارەکانی پارێزگا و بەتایبەت شاری کرماشاندایە. بەتایبەت کە نێونجی سەرانەی پارک و سەوزاییەکانی شارەکانی کرماشان کەمتر لە ئاستی نێونجی سەرتاسەریی لە ئێراندایە.
ئیبراهیم رەزایی بابادی، پارێزگاری کرماشان، شارەوانییەکانی ئەو پارێزگایەی ئەرکدار کردووە، بەرنامەیەکی چوار ساڵە بۆ باشترکردنی رووبەری سەوزایی شارەکان ئامادە بکەن و بە پارێزگای بدەن، تا بڕیاری کۆتایی لەسەر بدات.
پارێزگاری کرماشان دەڵێ: سەوزاییەکان ئارامیی بۆ خەڵک دروستدەکەن و شارەوانییەکان دەبێت گرینگی بەم بابەتە بدەن.
بەگوتەی سەرۆکی شارەوانی کرماشان، نێونجی سەوزایی لە پارێزگای کرماشاندا ١١ مەتری چوار گۆشەیە، کەچی ئەم ژمارەیە لە ئاستی ئێراندا ١٤ مەتری چوارگۆشەیە. پەیمان قوربانی دەڵێ: شارەوانی هەوڵدەدات ئاستی سەوزایی شارەکانی کرماشان بۆ گەیشتن بە ئاستی ستاندارد بەرزبکەنەوە.
قوربانی باسی لەوە کرد، لەنێو شاری کرماشاندا ٣٥ پارک لە گەڕەکە جیاوزەکاندا دروستدەکرێ، بەم پێیەش سەرانەی رووبەری سەوزایی لە کرماشان حەوت سانتیمەتری چوار گۆشە بەرز دەبێتەوە.
شارەزایەکی نوسینگەی پارێزگاری کرماشان باس لەوە دەکات کە لە هەندێ لە شارەکانی ئەو پارێزگایەدا رووبەری سەرانەی سەوزایی لە ئاستی سفر تا یەک مەتری چوارگۆشەدایە.
ئەو شارەزایە پێیوایە، بۆ پەرەپێدانی سەوزایی شارەکان باشتر وایە دار بچێندرێ. چونکە چاندنی چیمەن و شتی هاوشێوەی دیکە ئاوی زۆری دەوێ.
هاوکات سەرۆکی شارەوانی کرماشان بەڵێنی داوە کە لە ساڵی داهاتوودا پارکێکی ٣١ هێکتاری لەو شارەدا دروست دەکرێ. کە ئەمەش دەتوانێ رووبەری سەوزایی لە کرماشان بەرزتر بکاتەوە و هەنگاوێک بۆ ئاستی ستانداردی ئێران نزیک بکاتەوە.
rudaw
24/12/2014