هۆشیار سیوەیلی
ڕا و هەڵوێستی نێودەوڵەتی، بە تایبەتی هەڵوێستی پێنج دەوڵەتە هەمیشەییەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان گرنگە بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی سەربەخۆیی، بەڵام ئەو گرنگییە لە هەموو قۆناغەکانی پرۆسەی سەربەخۆییدا وەک یەک نییە. ئەم پاڵپشتییە نێودەوڵەتییە لە قۆناغی دوای ڕاگەیاندنی دەوڵەت و دانپێدانانی سەربەخۆیی دەوڵەت گرنگییەکی زۆری هەیە، بۆ ئەوەی دەوڵەتی کوردستان بە فەرمی ببێتە ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان. بە فەرمی ناساندنی دەوڵەتێک لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان یان لەلایەن ئەنجومەنی گشتی (General Assembly) بە زۆرینەی دوو لەسەر سێی کۆی ئەندامانی دەبێت، بەڵام پێویستە ئەنجومەنی ئاساییش پێشنیازی بوونە ئەندامی دەوڵەتێک بخاتە بەردەم ئەنجومەنی گشتی. بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاساییش بە زۆرینەی نۆ ئەندامی پازدە ئەندامەکە دەبێ و پێنج ئەندامە هەمیشەییەکە مافی بەکارهێنانی ڤیتۆیان هەیە. کاتێک بوونە ئەندامی دەوڵەتێکی نوێ لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەنجومەنی ئاساییش گفتوگۆی لەسەر دەکرێ، کە دەوڵەتی ڕاگەیەنراو بە فەرمی داخوازیی بوونە ئەندام پێشکەش ئەو ئەنجومەنە بکات.
زۆرجار باسی ڕا و هەڵوێستی دەوڵەتان دەکرێ بەرامبەر ڕیفراندۆمی کوردستان و هەندێک لایەنیش نەبوونی پشتگیریی ڕاستەوخۆی دەوڵەتان بۆ ئەم پرۆسەیە بە کۆسپی بەردەم سەرکەوتنی پرۆسەکە لێکدەدەنەوە. هۆکاری دەربڕینی ئەم بۆچوونە بێئاگایی بێت لە سروشتی پەیوەندییە نێوەدەوڵەتییەکان یان مەبەست و مەرامی تری حزبی بێت، بۆچوونێکی دروست نییە. هەرچەندە بەگشتی، هەڵوێستی نێودەوڵەتی بەرامبەر ڕیفراندۆم باشە و جگە لە هەندێک دەوڵەتی دراوسێ هیچ دەوڵەتێک ریفراندۆمی ڕەت نەکردووەتەوە، بەڵام نابێ چاوەڕێی ئەوە بکەین کە دەوڵەتان ڕاستەوخۆ بەر لە ڕاگەیاندنی دەوڵەتەکە پشتگیریی دەوڵەتی کوردستان بکەن، بە تایبەتی کە دەوڵەتی عێراق لەگەڵ ڕیفراندۆمەکەدا نییە و تا ئێستا ئامادەیی پیشان نەداوە بۆ ڕێزگرتن لە ئەنجامەکەی. لە ڕاستیدا ئەم پشتگیرییە نێودەوڵەتییە لەم قۆناخەی پرۆسەی سەربەخۆیی هەر پێویست نییە. کاتێک ڕیفراندۆمیش ئەنجام دەدرێت، نابێ چاوەڕێی ئەوە بکەین زۆربەی دەوڵەتان بە فەرمی ئەنجامەکەی پەسەند بکەن. وەک گوتمان دوای ڕاگەیاندنی دەوڵەت و بۆ ئەوەی ئەو دەوڵەتە ببێتە ئەندام ڕای دەوڵەتان، بە تایبەتی ئەندامانی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاساییش گرنگە، هەرچەندە بەبێ ئەم بە فەرمی ناساندنەش دەوڵەتی ڕاگەیەندرا و دەتوانێ لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەی دانیان بە بوونیدا ناوە پەیوەندیی سیاسی و دیپلۆماسی و ئابووری هەبێ.
لەدوای ساڵی ١٩٩٠ەوە ٣٥ دەوڵەتی سەربەخۆ ڕاگەیەندراون و جگە لە چەند دەوڵەتێکیان، بە تایبەتی ئەو دەوڵەتانەی بە ڕەزامەندیی حکوومەتی ناوەندی ڕیفراندۆمیان ئەنجام داوە، هیچ دەوڵەتێک لە کاتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم پشتگیریی نێودەوڵەتییان بەدەست نەهێناوە و لە زۆربەی هەرەزۆری حاڵەتەکاندا حکوومەتە ناوەندییەکانیان دژی ڕیفراندۆمەکە بوون. لەدوای پەیمانی سیڤەری ساڵی ١٩٢٠، واتە لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا، ئەمە یەکەم جارە کەشێکی لەباری نێودەوڵەتی لە بەرژەوەندیی کوردستان بێتە ئاراوە و دەوڵەتە خاوەن ڤیتۆکانی ئەنجوومەنی ئاساییش هەڵوێستێکی نێگەتیڤیان بەرامبەر سەربەخۆیی کوردستان نەبێ و بگرە هەڵوێستەکانیان، بە لەبەرچاوگرتنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و مشتومڕ و ناتەبایی نێوخۆی کوردستان، زۆر پۆزەتیڤە. ئایا کاتێک فەلەستین یان کۆسۆڤۆ یان هەرێمێکی وەک کەتەلۆنیا لە ناوجەرگەی ئەوروپادا ڕیفراندۆم یان سەربەخۆیی ڕاگەیاند یان ڕادەگەیەنێ، چاوەڕێی ڕەزامەندیی دەوڵەتان بوون؟ وەڵامەکە ڕوونە، ئەویش ئەوەیە کە دەبێ بەرلەوەی چاوەڕێی پشتگیریی دەرەکی بکرێت، دەبێ پشتگیریی نێوخۆیی بەدەست بهێنرێ. دەبێ هەوڵ بدرێ کە پەرلەمانی کوردستان کارا بکرێتەوە و بە هەموو هێزێکییەوە پشتگیریی سەربەخۆیی بکات. دەبێ ململانێ نێوخۆییەکان لەپێناو دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان، ئەگەر بۆ ماوەیەکی کاتییش بێت، دوابخرێن. خۆ ئەگەر نەکرا کێشەی پەرلەمان چارەسەر بکرێ، نابێ بکرێتە پاساوی شکستهێنانی پرۆژەیەکی گەورەی وەک سەربەخۆیی. کاتێک ئیدارەی گەل، کە لە ساڵی ١٩٨٤ بەرپرسی بەڕێوەبردنی فەلەستین بوو لەژێر ئینتیدابی بەرتانیادا کۆبووەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ڕاگەیاندنی دەوڵەتی ئیسرائیل، سێ لە سێزدە ئەندامەکەی نەیانتوانی ئامادەی کۆبوونەوەکە بن، کاتێکیش بڕیارەکە خرایە دەنگدانەوە چوار ئەندام لە دە ئەندامەکە دژ بوون. واتە تەنیا شەش ئەندام لە کۆی سێزدە ئەندام دەنگیان بە سەربەخۆیی دا و ڕاشگەیەنرا و سەرکەوتنیشی بەدەست هێنا. کاتێک کۆبوونەوەکە درێژەی کێشا، وایزمان، کە سەرۆکی ڕێکخراوی جیهانیی زایۆنیست بوو، چاوەڕێی ئەنجامی کۆبوونەوەکە بوو، گوتبووی (ئەم نەفامانە چاوەڕێی چی دەکەن). وایزمان بووە یەکەم سەرۆکی ئیسرائیل. ئەوەی بڕیارەکەی دا تەنیا ئەو ئیدارە خۆجێییە بوو کە ئەوکات لە فەلەستیندا هەبوو. ئەو کات ویلایەتە یەکگرتووەکان لەگەڵ ڕاگەیاندنی سەربەخۆییاندا نەبوو.
یەکەمجارە کە کوردانی هەر چوار بەشی داگیرکراوی کوردستان و لایەنە سیاسییەکانی ئەو بەشانە و کوردستانییانی دەرەوە بەم شێوەیەی ئێستا پشتگیریی سەربەخۆیی دەکەن، ئەمە پشتگیرییەکی گەورەیە لەسەر ئاستی نەتەوەیی و دەکرێ بکرێتە بنەمای پرۆژەی تری نەتەوەیی.
لەکۆتایی مانگی حوزەیراندا کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی لە لایەن پەرلەمانی ئەوروپاوە لەسەر ئایندەی کریستیانەکان لە عێراقدا ڕێکخرا و ئێمەش ئامادە بووین. دەربارەی خواست و ئایندەی کریستیانەکان گفتوگۆی زۆر کرا، لە لایەن پارتە سیاسییە کریستیانەکانەوە و داوای پشتگیری و هاوکاریی نێودوەوڵەتییان دەکرد. نوێنەرانی ویلایەتە یەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەوروپا بە ئاشکرا پێیان گوتن کە دەبێ بەر لە هەموو شت بۆ خۆتان بزانن دەتانەوێ لە ئایندەدا لە چوارچێوەی چ جۆرە سیستەمێکی سیاسیدا بژین، بۆ ئەوەی ئێمەش هاوکاریتان بکەین. هەمان شت بۆ ئێمەش دروستە و نابێ چاوەڕێی ئەوە بین دەوڵەتانی دەرەوە سیستەمێکی سیاسیی دیاریکراو بۆ گەلی کوردستان دیار بکەن، بەڵکوو دەبێ بۆ خۆمان دیاریی بکەین و داوای پشتگیریی لەوان بکەین.
ئەوە جگە لە دیماگۆگیی سیاسی هیچی تر نییە کاتێک لایەنێکی کوردستانی دژی ڕیفراندۆم دەوەستێتەوە و هەوڵ دەدات شکستی پێ بهێنێ، بەڵام لە هەمان کاتدا نەبوونی پشتگیریی نێوەدەوڵەتی دەکاتە پاسا و بۆ ئەنجامنەدانی ریفراندۆم. ئایا دەکرێ ئەو لایەنە لۆمەی هەڵوێستی نێگەتیڤی وڵاتێکی ناوچەکە بکات، لە کاتێکدا بۆخۆی دژی ڕیفراندۆم دەوەستێتەوە؟
21/7/2017