د.چواس حسن
کورد بەدرێژایى سەدەى بیستەم خەونى بە دەوڵەتێک یان تەنانەت دەوڵەتۆچکەیەک، بگرە بەشێک لە دەوڵەتێکیشەوە بینووە. دووجار چانسى خۆى لەو بارەیەوە تاقی کردەوە: جارێکیان لە دواى یەکەم جەنگى جیهان، لەلایەن شێخى نەمر لە سلێمانى، جارى دووەمیشیان لە دواى دووەم جەنگى جیهان، لە لایەن پێشەواى مەزنەوە لە مهاباد.هەرچەندە تەمەنى هەردوو دەوڵەتەکان زۆر کورت بوون و هەرزوو لەلایەن هێزە ناوچەیى و زلهێزە جیهانییەکانەوە زیندەبەچاڵ کران، کەس پێڕانەگەیشت لەوە تێ بگات داخوا دەبێت تام و بۆى حوکمڕانیى کوردى چۆنچۆنى بێت؟ بەڵام هەردوو دامەزرێنەکەیان، بە حەق و حەقیقى، بوونەتە دوو پاڵەوانى مێژوویى، دوو ئەفسانەى بەرخودانى نەتەوەییمان. نەمبیست رۆژێک ئەکادیمییەک یان نووسەرێک یان سیاسییەک بە کتێبێک، بە لێکۆڵینەوەیەک، بە وۆرکشۆپ و سیمینارێک، بگرە بە وتارێکیش هەڵسەنگاندنێک بۆ ئەو دوو بڕیارە چارەنووسسازە گەورەیە بکات و پێمان بڵێت دوو بڕیارى ڕاست بوون، تاکە بژاردەى بەردەم ئەو سەرکردانە بوون یان دوو بڕیارى گونجاو نەبوون بۆ ئەو ساتە وەختانە و، بژاردەى گونجاوتر هەبوون؟ بەڵکو هەمووان لە سۆنگەى ڕەوایى مافى کورد لەوەى کە دەبێت دەوڵەتێکى نەتەوەیى سەربەخۆى هەبێت، هەمیشە بێ یەک و دوو، وەک دوو بڕیارى ڕاست و دروست لێیان ڕوانراوە و بە شان و باڵیاندا هەڵدراوە و بەرگریشیان لێکراوە.