فه‌ریق حه‌بیب
دوای ئه‌وه‌ی له هه‌ندێك ناوه‌نده‌وه هه‌واڵی ئه‌وه بڵاوبووه‌وه كه سعودیه به‌نیازه له‌ڕێی چه‌ند پرۆژه‌یه‌كی ئابوورییه‌وه روسیا قایل بكات ده‌ستبه‌رداری هه‌ڵمه‌ته سه‌ربازییه‌كه‌ی بێت له‌سوریا، چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی سیاسی عیراق داوا له حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌ره‌ك وه‌زیرانی عیراق ده‌كه‌ن كار بكات بۆ شكستپێهێنانی ئه‌و پرۆژه‌یه‌ی عه‌ره‌بستانی سعودیه بكات.
له‌و چوارچێوه‌یه‌دا جومعه دیوان په‌رله‌مانتاری عیراق له‌سه‌ر فراكسۆنی ئه‌حرار، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 12ی ته‌شرینی یه‌كه‌می 2015، داوای له حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق كرد رووبه‌ڕووی ئه‌و پرۆژه‌یه بێته‌وه كه سعودیه سه‌رپه‌رشتی ده‌كات، له‌ڕێی پێشكه‌شكردنی وه‌به‌رهێنانی گه‌وره به روسیا، به‌رانبه‌ر به‌وه‌ی مۆسكۆ ده‌ستبه‌رداری پشتیوانیكردنی سوریا‌و عیراق بێت.جومعه دیوان به سایتی سكای پرێسی راگه‌یاندووه: "سه‌رۆك وه‌زیران فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كانه و به‌رپرسی یه‌كه‌مه بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌و پرۆژه‌یه‌ی سعودیه سه‌رپه‌رشتی ده‌كات، كه تێیدا ریاز كۆمه‌ڵێك پرۆژه‌ی وه‌به‌رهێنان به‌بڕی 300 ملیار دۆلار بۆ روسیا ده‌ڕه‌خسێنێت، تاكو روسیا واز له پشتیوانیكردنی سوریا‌و عیراق بهێنێت".
راپۆرته‌كان باس له‌وه‌ده‌كه‌ن كه له‌میانه‌ی چاوپێكه‌وتنێكی محه‌مه‌د بن سه‌لمان جێنشینی پادشای سعودیه له‌گه‌ڵ ڤلادیمێر پۆتین سه‌رۆكی روسیادا، بن سه‌لمان پێشنیازی ئه‌وه‌یكردووه كه سعودیه به به‌های 300 ملیار دۆلار وه‌به‌رهێنان پێشكه‌ش به روسیا بكات، به‌رانبه‌ر به‌وه‌ش روسیا چیتر پشتیوانی له سوریا و عیراق نه‌كات.
دوێنێش دیمیتری بیسكۆف، وته‌بێژی فه‌رمی سه‌رۆكی روسیا رایگه‌یاند، روسیا‌و سعودیه له گفتوگۆیه‌كی زۆر چڕوپڕدان، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه كه ناكرێت له‌ئێستادا هیچ شتێك سه‌باره‌ت به‌و سه‌ردانانه بوترێت.
به‌ڵام به‌شێك له چاودێرانی سیاسی پێیانوایه زه‌حمه‌ته روسیا له به‌رانبه‌ر 300 ملیار دۆلاردا ده‌ستبه‌رداری به‌رژه‌وه‌ندییه ستراتیژییه‌كانی بێت له ناوچه‌كه‌دا، به‌تایبه‌تی له ناوچه‌یه‌كی گرنگی وه‌كو سوریا كه له‌ڕووی جیۆپۆله‌تیكه‌وه گرنگییه‌كی هه‌نووكه‌یی و ئایینده‌یی بۆ روسیا هه‌یه، چونكه سوریا ئه‌و خاڵه‌ی سه‌ر ده‌ریایه كه ده‌كرێت لێیه‌وه گازی زۆر و زه‌وندی ناوچه‌كه هه‌نارده‌ی ئه‌ورپا بكرێت، به‌وه‌ش چیتر روسیا ناتوانێت وه‌كو ئێستا گاز به وڵاتانی ئه‌وروپا بفرۆشێت و ئه‌و كاره‌ته ئابوورییه گرنگه‌ی له‌ده‌ستده‌چێت، كه‌هاوكات یه‌كێك له‌سه‌رچاوه سه‌ره‌كییه‌كانی داهاتی روسیا.
به‌شێكیش له شرۆڤه‌كاران ده‌ڵێن سوریا تاكه شوێنی گونجاوه و ته‌نیا قه‌ڵایه كه روسیا ده‌توانێت له‌ڕێیه‌وه هه‌ژموونی خۆی له ناوچه‌كه‌دا بهێڵێته‌وه و له سه‌وداكارییه سیاسییه‌كانی داهاتوویدا له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا‌و وڵاتانی تری خۆرئاوادا به‌كاریبهێنێت، بۆیه ئه‌وانیش به‌دووری ده‌زانن سعودیه بتوانێت روسیا به 300 ملیار دۆلار قایل بكات ناوچه‌كه جێبهێڵێت یان لانیكه‌م جێ پێی خۆی له‌ق بكات.
17/10/2015