فەرید زەکەریا
ڤلادیمیر پۆتین توانی لە سوریادا بەهێزەوە کار بکات، نەک لەبەرئەوەی لە باراک ئۆباما روودارتر یان بەربڕیارترە، بەڵکو لەبەرئەوەی ئەو ستراتیژێکی روونتری هەیە. پۆتین هاوپەیمانێکی هەیە ئەویش حکومەتەکەی بەشار ئەسەدە، دوژمنیشی هەیە، ئەوانیش هەموو دژەکانی حکومەتەکەی بەشار ئەسەدن. پۆتین پشتگری هاوپەیمانەکەی دەکات و دژی نەیارانی هاوپەیمانەکەی دەجەنگێت. بەراورد بەمە، واشینتۆن و رۆژئاوا، ئەساسەن دوودڵ و بەرچاوتەڵخن.چالاكییەکانی ئەمەریکا لەم جەنگەدا بۆ کێیە؟ ئێمە دەزانین کە دژ بە کێیە؛ رژێمی بەشار ئەسەد. هەروەها، دژ بە دەوڵەتی ئیسلامیش، کە بووە بە دوژمنی سەرەکی رژێمی بەشار ئەسەد. هەروەها، دژ بە گشت گروپە جیهادییەکانە لە سوریا، کە بریتین لەبەرەی نوسرە (دۆستی قاعیدە) و ئەحراری شام، هەروەها دژی هێزەکانی حزبوڵڵا و هێزە ئێرانییەکانیشە کەوا پاڵپشتی رژێمی سوریان. رۆژئاوا دژی نزیکەی گشت گروپە سەرەکییە شەڕکەرەکانە لە سوریادا، ئەمە وا دەکات کە ستراتیژێکی ناڕیکی هەبێت.
جوڵەکەی روسیا ژیرانە نییە، وەک ئەوەی دەردەکەوێت هەوڵێکی بێزارانەیە بۆ پشتگیریکردنی یەکێک لە هاوپەیمانە بێگانەکانی کرێملن، هەروەها مەترسییەکیشە بۆ ئەوەی روسیا لە چاوی گشت جیهادییەکانی دنیادا ببێتە شەیتانە گەورەکە(Great Satan) ، بەڵام بە لایەنی کەمەوە پۆتین پلانێکی پوختی هەیە. ئەمەریکا، بە پێچەوانەوە، لە نزیکەوە هاوپەیمانی حکومەتی عیراقی بوو دژی میلیشیا سوننیەکانی ئەو وڵاتە، بەڵام، دواتر خۆی بینییەوە کە هاوشانی ئەو هێزانە، لەمبەری سنووری سوریادا دەجەنگێت، ئەمە لە کاتێکدا ئەوان شەڕی رژێمی ئهسهد دەکەن.
واشنتۆن پشتگیری هەندێ گروپ دەکات؛ کوردانی سوریای نزیک لە سنووری تورکیا، هێزە مۆدێرنەکانی پاڵپشتکراو لە لایەن ئوردنەوە کە نزیک سنوورەکەین، هەروەها ژمارەیەکی کەم لە سوریاییە مۆدێرنەکان، بەڵام ئەگەر تۆ مەبەستت لەو گروپە سەرەکییانە بێت کە پێشبڕکێی کۆنترۆڵکردنی دیمەشق دەکەن، ئەوا ئەمەریکا، تەقریبەن، دژی هەموویانە.
كینیپ پۆڵاک و باربارا ۆڵتەر وەسفی دەستوەردانە بنچینەییەکەی ئیدارهی ئەمەریکی دەکەن، ئیدارەکە وای دەبینێت کە هەموو هێزە شەڕکەرەکان، لە هەندێر، شیاو و پڕپێست نین. " ئەمەریکا ئەرتەشێکی ئۆپۆزسیۆنی سوریایی نوێ بینا دەکات، مەخسەدە کە ئەو ئەرتەشە سیاسی، ناتایفی و فرە توندوتۆڵ بێت". کاتێك ئەم ئەرتەشە ئامادەبوو، ئەوا بەرانبەر بە رژێمی بەشار ئەسەد و گروپە جیهادییە جۆراوجۆرە سوننییەکاندا، ناوچەیەک رزگار دەکات، دەکرێت سەرئەنجام حکومەتێکی نوێی گشتگیر بێ و پارێزکاریی لەگشت گروپە کەمینەکان بکات" ئەم شتە جێی باوەڕە کە پێش ۱٥ ساڵ کارێکی مومکین بوو، بەڵام دوای ئەزموونی ئەفغانستان، عیراق، لیبیا و یەمەن، ئەمە فەنتازیایە نەک سیاسەتێکی دەرەکی.
دەیڤید پیترایۆس، بەم تازەییە، دەستوەردانێکی سەربازی بەرفراوانی خستەڕوو، ئەویش دروستکردنی ناوچەیەکی ئارام و زۆنی (نا- فڕین)ە بۆ قەدەغەکردنی بۆمبە بەرمیلییەکانی بەشار ئەسەد، بەڵام ئایا ئەم پلانە شکست بە دەوڵەتی ئیسلامی دێنێت؟ کاتێ پیترایۆس لە عیراق ستراتیژییەتێکی بۆ پاشقولدانی سەرانی ئەم گروپە داهێنا، جەختی لەوە کردەوە کە " تۆ ناتوانیت ڕێی خۆت بگری بەبێ یاخیبوونێکی بەهێزی سازکراو" راپۆرتە مەیدانییەکەی ۲٠٠٦ لە بارەی دژەیاخیبوونەوە دەڵێت ("سەرکەوتنی تەواو" تەنیا بە " پاراستنی عەوامەکان" دەسەبەر دەبێ. فەرماندەکان دەبێ " زۆر بە خێرایی و ماقووڵانە، چالاکییە ئەمنییەکانیان لە ئۆپەراسیۆنی جەنگەوە بگوێزنەوە بۆ بەهێزکردن و جێبەجێکردنی یاسا").
ئا ئەوەیە گرفتەکە. سوپای ئەمەریکای دەتوانێت بە ئاسانی دەوڵەتی ئیسلامی، کە هێزێکی کەم چەکە و کەمتر لە ۳٠ هەزار پیاوێکن، ببەزێنێت، بەڵام ئەم کارە تاپۆی ناوچەیەکی لە سوریادا پێ دەبەخشێ. کێ دەیەوێ ئەو ناوچەیە حوکم بکات، دانیشتووانەکەی بپارێزێ و لە لایەن خەڵکەکەوە بە دەسەڵاتێکی شەرعی لێی بڕوانن؟ بەرپرسێکی بە تەمەنی تورکی لەم ماوەیەدا پێی وتم "ئێوەمان بینی کە دەتانویست شارەکانی عیراق بەڕێوەببەن، ئێمە ئەو هەڵەیەی ئەمەریکا ناکەین".
ئەگەر کەسێک چاو، بە دەستوەردانەکانی ئەمەریکا لە جیهاندا، بخشێنێتەوە، هۆکارێکی بۆ زەق دەبێتەوە؛ هەر کاتێك واشنتۆن هاوپەیمانیی لەگەڵ هێزێکی ناوخۆیدا، کە توانیویەتی و وا دەرکەوتووە کە شەرعییە، ببەستێت، ئەوا نەجاحەت دێنێ. بەڵام بەبێ وەها هێزێکی ناوخۆیی، ئەوا، گشت تەقەللا دەرەکییەکان، یارمەتییەکان، هێزەئاگرینەکان و ڕاهێنانەکان تەنیا ئاوزەلدانە، چ لە ئەفغانستان، عیراق یان سوریا بێت.
ئەگەر ئامانجی ئۆباما دیموکراتییەتێکی پڕ ئاشتی، ئۆقرەیی و فرە رەنگییە، دەی بە پێوەری شەڕەکەی عیراق، ئەمە پابەندبوونێکی فراوانی ئەمەریکایی دەخوازێ، ئەگەرنا، گەرەکە واشنتۆن واقع قبوڵ بکا و هەندێ قورسە بڕیار بدا. دوو بڕیاری گەورە هەن؛ یان دەبێ واز لە دژایەتی ئەسەد بێنێت، یان قەناعەت بکا کە سوریا بەرەو پارچەپارچە دەچێت.
ئەگەر شکاندنی دەوڵەتی ئیسلامی گرنگە، کەوایە دەبێ ئەمە هەنگاوی لەپێشتر بێ و لەگەڵ هەر لایەنێکی دەرەکی کە دێتە شەڕەکەوە هاوپەیمانیی بکا. ئەگەر ئەسەد کەوت و جیهادییەکان دیمەشقیان گرت ئەوا، وەزعەکە زۆر خراپتر دەبێ لەوەی ئەگەر ئەسەد بمێنێتەوە. ئەمە مانای پاڵپشتیکردنی ئەسەد نیە، بەڵکو مانای ڕێگەپێدانیەتی کە هەرێمۆکەیەکی عەلەوی دروست بکا، لەو جۆرەی کە پێشتر دروست دەبوو. کوردەکان وسوریاییە مۆدێرنەکانیش ناوچەی تایبەت بە خۆیان دروست دەکەن. هەرچەندە، ئەگەر شەڕی ناخۆیی کۆتایی بێ و، ئەو وڵاتەی پێیدەوترێ سوریا بمێنێتەوە، ئەوا ئەم گروپانە، هەرگیز پێکەوە و بە تێکەڵاوی ناژێن.
تا ئێستا، لەسوریادا، رۆژئاوا، توندڕەوە کەللهڕەقەکانی، بە میانڕەوە لاواز و ناکاریگەرەکان، ئاوێتەکردووە. ئا ئەمەیە بۆشاییە فراوانەکەی نێوان ئۆباما و پۆتین، کە وا دەکا پۆتین ژیر دەرکەوێ.
وەرگێڕانی: د.نزار کاکەمی
9/10/2015