هێمن عەبدوڵڵا
رووسیا لە دەستپێکی سەدەی بیست و یەکدا وەکو دەستپێکی سەدەی بیست بە فڕۆکە و ئاگر و ئاسن هێزی خۆی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا نمایشدەکات. نمایشی سەدەی رابردوو دامەزراندنی کۆماری کوردستان و بەدوایدا رووخانی کۆمارەکەی بەدواداهات. لەم سەدەیەدا رووسیا دوای دامەزراندنی کانتۆنەکانی رۆژئاوای کوردستان دێتەوە، بەڵام دیارنییە پشتیاندەگرێت یان پشتیان لە زەوی دەدات.بەشداریی رووسیا لە شەڕی دژی داعش و لە دەرەوەی ئەو هاوپەیمانێتییەی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی پێکیانهێناوە ئەنجامی یارییەکەی سووریا دەگۆڕێت. ئەگەر بڕوا بە قسەکانی پوتین بکەین، رووسیا مانەوەی رژێمی ئەسەد و پشتیوانیکردن لە یەپەگە بە ئامانجی ستراتیژیی خۆی دەزانێت. پوتین لە قسەکانیدا لە نەتەوە یەکگرتووەکان پەسنی سوپای سووریا و یەپەگەی دا و گوتی تەنیا ئەوان شەڕی راستەقینە لەدژی داعش دەکەن.
میدیای رووسی وەک بڵێی رووماڵی شەڕەکانی سوپای خۆیان بکەن، لە حەسەکە و شوێنەکانی دیکە وێنەی هەماهەنگیی سوپای ئەسەد و یەپەگە لەدژی داعش دەگوازنەوە. پەکەکە دەزانێت ئەو پشتیوانییەی رووسیا مەرجدارە بە پشتیوانیکردنی پەیەدە لە مانەوەی رژێمی ئەسەد، بە بەشارەوە یان بەبێ ئەو. دەشزانێت لە باشترین حاڵەتدا رژێمی ئەسەد رەوشی کانتۆنەکان وەکو دیفاکتۆ دەهێڵێتەوە و قەت بەفەرمی لەو فۆرمەی ئێستایدا دانی پێدانانێت. بەڵکو دەیانکاتە فاکتەری مانەوەی هەڕەشە و دروستکردنی ناسەقامگیری لەسەر سنوورەکانی تورکیا و هەرێمی کوردستان. بۆیە بۆ پەکەکە دەرچوون لەو هاوبەندییە و هاتنە ریزی هاوبەندیی هەولێرـواشنتن قازانجی زۆرترە بۆ وەرگرتنی شەرعیەتی نێودەوڵەتی بۆ کانتۆنەکانی. بەڵام پرسیار ئەوەیە ئەگەر ئەمریکا سەختگیری بکات، پەکەکە تا کوێ دەتوانێت بەرگەی ئەو سەختگیرییە بگرێت و خۆی نەخزێنێتەوە باوەشی رووسیایەک کە جدیتر لە ئەمریکا بۆ تەفروتوناکردنی داعش لە سووریا هاتووەتە مەیدان؟
بە هەموو بارێکدا هاتنەوەی سوپای رووس بۆ ناوچەکە و نزیکبوونەوەی لە کوردستان بیرهێنەرەوەی بیرەوەریی شیرینی مێژوویی نییە بۆ کورد. بۆیە بەرلەوەی شکستی هاوشێوەی کۆماری کوردستان ببینین، گرنگە پەکەکە و پارتی دەست لە ناکۆکییەکانیان لەسەر رۆژئاوای کوردستان هەڵگرن و پێکەوە هاوپەیمانێتییەکانیان لەگەڵ زلهێزان بۆ هێشتنەوەی ئەزموونی رۆژئاڤا بەکاربهێنن.
6/10/2015