سه‌ڵاح حه‌سه‌ن پاڵه‌وان
له نۆزده به‌شی ئه‌م كتێبه‌دا، ئاشنا ده‌بین به گرنگترین گۆڕانكارییه سیاسی و ئابوورییه‌كانی یه‌كێ له زلهێزه گه‌وره‌كانی دنیا كه ئه‌ویش ئه‌مه‌ریكایه، هه‌وڵی سه‌ره‌كیی ئه‌م كتێبه، ئاماژه‌كردنه به ژیانی سیاسیی ئه‌مه‌ریكا له هێزێكی جیهانییه‌وه بۆ پۆلیسی جیهان و پاشان گۆڕانی بۆ هێزێكی مونافیس و تاك جه‌مسه‌ر، ئه‌م باره هه‌ر له‌و خاڵه‌دا نه‌وه‌ستایه‌وه، ئه‌و هێزه به كۆمه‌ڵێ به‌رزی و نشێویدا تێپه‌ڕێ، كه ئه‌مه‌ش ڕه‌نگدانه‌وه‌ی شێوه‌ی كاری ئه‌ومان بۆ ڕوون ده‌كاته‌وه. گۆڕانی گه‌وره له خۆیدا ده‌بینێ، له میانه‌ی ئه‌و هه‌موو گۆڕانكارییه گه‌وره‌یه‌دا گه‌شه ده‌كات كه خۆی ده‌بینێته‌وه له جیهانی سه‌رمایه‌داری و سه‌رهه‌ڵدانی بزووتنه‌وه‌ی كۆمۆنیستی و هاتنه كایه‌ی دوو جه‌مسه‌ری و ده‌ركه‌وتنی ململانێی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئایدیۆلۆژی.
دیاره له‌نێو ئه‌م ململانێیه‌دا، ئه‌و ده‌بێته سیسته‌مێكی به‌هێز و ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی خۆی به‌سه‌ر زۆربه‌ی جیهاندا ده‌سه‌پێنێ، به‌ڵام ئه‌م هێزه هه‌ر له سنووری ده‌سه‌ڵاتی سیاسی‌دا ناوه‌ستێ، ده‌ست ده‌كات به بڵاوكردنه‌وه‌ی هێزی سه‌ربازی و هه‌وڵی سه‌پاندنی سیسته‌می تاك جه‌مسه‌ری و تێكشكاندنی هه‌موو ئه‌وانه ده‌دات كه هه‌وڵی خۆسه‌پاندن ده‌ده‌ن، بۆیه ده‌بینین له‌م سه‌رده‌مه‌دا جیهان له مۆدێلی شه‌ڕی ئه‌قلیمییه‌وه ده‌رده‌چێت و ده‌چێته كایه‌ی سه‌ر به ئه‌مه‌ریكا بوون. بۆ ئه‌مه‌ش ژماره‌یه‌كی زۆر ململانێی سیاسی و سه‌ربازی پاش ساڵه‌كانی 1990 ڕوو ده‌ده‌ن، ئه‌م ڕووداوانه له خۆئاماده‌كردنی ئه‌مه‌ریكادا خۆی ده‌بینێته‌وه بۆ ڕۆڵه نوێیه‌كه‌ی، به‌ڵام ئه‌م كاره ئه‌وه‌نده به‌ئاسانی ناچێته سه‌ر، كتێبی ائه‌مه‌ریكا سه‌ركه‌وتن و پاشه‌كشێب ئه‌و ورده‌كارییانه ده‌هۆنێته‌وه، باس له‌و هه‌موو گۆڕانكاری و ته‌وژمه سیاسی و سه‌ربازییانه ده‌كات كه له پرۆسه‌ی ئه‌م گۆڕانه گه‌وره‌یه‌دا ڕوو ده‌ده‌ن. كتێبه‌كه سه‌ره‌تا مێژوویه‌ك له‌سه‌ر دروستبوون و گه‌شه‌كردنی ئه‌مه‌ریكا پێشكه‌ش ده‌كات. پاشان قووڵبوونه‌وه بۆ نێو شه‌ڕه ناوخۆییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له نێوان ساڵانی 1600 تا شۆڕشی سه‌ربه‌خۆیی ئه‌مه‌ریكا، ئاماژه‌كردن به هه‌ندێ له ورده‌كارییه‌كانی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی به‌هێزی ئه‌مه‌ریكا، ڕۆڵی سه‌ركرده‌كانی وه‌ك جۆرج واشنتۆن و تۆماس جیڤه‌رسۆن و جیمس مادیسۆن و جیمس مانرۆ… دیاره جه‌نگی ناوخۆی ئه‌مه‌ریكا یه‌كێكه له‌و جه‌نگانه‌ی كه زۆر قسه‌ی له‌سه‌ر كراوه، له‌م كتێبه‌شدا ورده‌كارییه‌كانی ئه‌و جه‌نگه‌ی تێدایه، شێوه‌ی هه‌ڵگیرسان و زیان و ده‌رئه‌نجامه‌كان و ئه‌و وانانه‌ی له‌م شه‌ڕه‌وه هه‌ڵهێنجران. پاش ئه‌وه‌ی كه زانیاریی ورد له‌مه‌ڕ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی به‌هێزی وه‌ك ئه‌مه‌ریكا ده‌خوێنینه‌وه، ئاشناش ده‌بین به سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌و قه‌یرانه سیاسی و سه‌ربازییانه‌ی كه به‌رۆكی ئه‌مه‌ریكای گرت، نووسه‌ر قه‌یرانه‌كانی به چه‌ند قۆناغێكدا دابه‌ش كردووه، یه‌كێ له‌و قه‌یرانانه‌ی كه له هه‌فتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردووه‌وه ڕووی دا، بریتی بوو له قه‌یرانی كورد و ئه‌مه‌ریكا، ئه‌مه‌ریكا به هه‌ردوو ڕۆڵه باش و خراپه‌كه‌ی ئه‌و قه‌یرانه چووه مێژووه‌كه‌یه‌وه، كه له‌وێدا كورد تاقه هه‌ڤاڵی ئه‌مه‌ریكا بوو پاشان پشتشكێنه‌رترین هاوڕێ. له دوای ڕاگه‌یاندنی بڕیاری خۆماڵیكردنی نه‌وتی عێراقی له ساڵه‌كانی هه‌فتادا، ئه‌مه‌ریكا بڕیاری ته‌رخانكردنی بڕی شه‌ش ملیۆن دۆلاری دا بۆ كڕینی چه‌كی سۆڤیه‌تی له ئیسرائیلییه‌كان. ئه‌و چه‌كانه‌ی ئیسرائیلیه‌كان له شه‌ڕی سینا له عه‌ره‌به‌كان وه‌ك ده‌ستكه‌وتی شه‌ڕ به‌ده‌ستیان هێنا، درا به كورد تا شه‌ڕی ڕژێمی ئه‌و كاته‌ی عێراقی پێ بكات، ساڵی 1974 ئه‌مه‌ریكا بڕی بیست و پێنج ملیۆن دۆلاری تری دا به چه‌ك بۆ كورد، به‌ڵام ئه‌م یارمه‌تیدانه ته‌نیا هه‌وڵێك بوو بۆ كۆنترۆڵكردنی سیاسه‌تی ناوچه‌كه، پاشان ئه‌وه بوو پاش ڕێككه‌وتنی ئیسرائیل ئه‌و پاڵپشتییه‌ی به یه‌كجاری وه‌ستاند، بۆیه له مێژووی ئه‌مه‌ریكا ئه‌م ڕووداوه یه‌كێكه له قه‌یرانه خراپه‌كان، هیچ نه‌بێت بۆ مێژووی میلله‌تێكی چه‌وساوه له ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست. پاشان شه‌ڕی ئه‌فغانستان و هه‌ره‌سی سۆڤیه‌ت دێ، كه ئیتر لێره‌وه ترۆپكی سه‌ركه‌وتنی ئه‌مه‌ریكا ده‌ست پێ ده‌كات، دیاره ساڵی 1988 به سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی تاك جه‌مسه‌ر دێته ژماردن، له‌م ساڵانه‌دا هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت یه‌كلا كرایه‌وه و ڕژێمه كۆمۆنیسته‌كانی ئه‌وروپای ڕۆژهه‌ڵات هه‌ره‌سیان هێنا. له نێوان ساڵه‌كانی حه‌فتا تا 1991 ئه‌مه‌ریكا به درێژایی ئه‌و ماوه‌یه به ڕێگای شه‌رعی و ناشه‌رعی كاری له‌سه‌ر جێگیركردنی ده‌سه‌ڵاتی تاكڕه‌وی و باڵاده‌ستكردنی خواست و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی كردووه. له به‌شی ده‌یه‌می ئه‌م كتێبه‌دا، خوێندنه‌وه‌یه‌كی به‌رفراوان ده‌بینین له‌سه‌ر كۆتایی شه‌ڕی سارد و ده‌ستپێكردنی قۆناغێكی نوێ. لێره‌وه ئیتر سیاسه‌تی فراوانخوازیی نوێی ئه‌مه‌ریكا ده‌ست پێ ده‌كات و به‌شه‌رعیكردنی ئه‌و شه‌ڕانه‌ی كه خۆی به‌رپایان ده‌كات بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆی، وه‌ك شه‌ڕ دژ به ئه‌فغانستان و شه‌ڕی عێراق و ده‌ستێوه‌ردان له كۆماره كۆنه‌كانی یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت و گرفتی ئۆكرانیا و به‌رپاكردنی شۆڕشه ڕه‌نگاوڕه‌نگه‌كانی وه‌ك شۆڕشی بلدۆزه‌ر له سیربیا، شۆڕشی په‌مه‌یی له جۆرجیا، شۆرشی پرته‌قاڵی له ئۆكرانیا، شۆڕشی سه‌وسه‌ن له قیرقیزستان، شۆڕشی ڤه‌نزوبلا ، شۆڕشی سه‌وز له ئێران، ..تاد. پرۆژه‌ی كۆنترۆڵكردنی جیهان پرۆژه‌ی سه‌ده‌ی نوێی ئه‌مه‌ریكا بوو. هه‌موو ئه‌مانه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا پێگه‌یه‌كی نوێ له جیهاندا دابنێت. دیاره له نه‌خشه‌ڕێگه‌ی پرۆژه‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ مانه‌وه‌ی له لوتكه‌ی ده‌سه‌ڵاتی جیهان و به‌رگری له پاشه‌كشێكردن له ڕابه‌رایه‌تی و پایه‌ی تاكجه‌مسه‌ریی جیهان و له چوارچێوه‌ی جێبه‌جێكردنی ستراتیژی فراوانخوازیی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مه‌ریكا، پارێزگاره نوێكان به‌رنامه‌ی گۆڕینی چه‌ندین سیسته‌می سیاسیی ئه‌و وڵاتانه‌یان خسته واری جێبه‌جێكردنه‌وه، كه ده‌كه‌وتنه بازنه‌ی نه‌یاره‌كانی ئه‌مه‌ریكاوه. دیاره له‌م پرۆژه‌یه‌دا ڕووسیا یه‌كه‌مین ناوچه بوو، پاشان ده‌ستیان وه‌ردایه گۆڕینی ڕژێمه‌كانی ئه‌مه‌ریكای لاتین و ئه‌فریقیا و دواجار وڵاته عه‌ره‌بییه‌كان. ئه‌و كوده‌تا و شێوازی گۆڕینی ده‌سه‌ڵاتانه به ملیار دۆلاری بۆ ته‌رخان كرا، نه‌ك ته‌نیا ده‌وڵه‌تی ئه‌مه‌ریكا، بگره ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی ئه‌مه‌ریكاش تێیدا به‌شدار بوون.
پاشان كتێبه‌كه دێته سه‌ر باسكردنی پاشه‌كشێكانی ئه‌مه‌ریكا له ناوچه‌كه و شكستهێنانی پرۆژه‌كانی له زۆر له ناوچه‌كان، بۆ نموونه وێستگه‌ی یه‌كه‌می پاشه‌كشه‌كردنی له عێراق بوو، له پاش ڕووخانی سه‌دام ڕاپۆرتێكی ستراتیژیی ئه‌مه‌ریكی (ئه‌نتۆنی كوردسمان) به ڕاشكاوی باس له شكستی ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكا له شه‌ڕی عێراق ده‌كات. له ساڵی 2007 بۆ یه‌كه‌م جار ئه‌مه‌ریكاییه‌كان به ئاشكرا دانیان به شكستی خۆیاندا نا له عێراقدا، له‌م ڕووه‌وه سیناتۆر هاری ڕید ڕابه‌ری زۆرینه له ئه‌نجومه‌نی پیرانی ئه‌مه‌ریكا به‌ڕاشكاوی ده‌ڵێت: ئێمه شه‌ڕی عێراقمان دۆراند. ئه‌مه و پاش باسكردنێكی دراماتیكانه‌ی هه‌ڵه سیاسی و سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، باس له گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزه ته‌قلیدییه‌كان بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵات ده‌كات، پاشان باسكردنی گه‌ڕانه‌وه‌ی توانای ڕووسیا و په‌یدابوونی زلهێزی ئابووریی وه‌ك چین و هیند. هه‌روه‌ها له ستراكچه‌ری سستمی فره جه‌مسه‌ریدا جگه له جه‌مسه‌ره سه‌ره‌كییه‌كان، له به‌شی دووه‌می هه‌ره‌می ده‌سه‌ڵاتدا، چه‌ندین وڵاتی تر هه‌ن، له ئه‌مڕۆدا هاوشانی وڵاته مه‌زنه‌كانن وه‌ك به‌رازیل و ئه‌ڵمانیا و فه‌ڕه‌نسا و به‌ریتانیا و ژاپۆن. ئه‌مڕۆش له سێبه‌ری ده‌ركه‌وتنی تارماییه‌كان گۆڕانكارییه‌كی چۆنایه‌تی و جه‌وهه‌ری و به‌رجه‌سته‌بوونی قۆناغی په‌ڕینه‌وه بۆ گه‌یشتن به قۆناغێكی ته‌واو جیاواز و دامه‌زراندنی سیسته‌مێكی جیهانیی نوێ، جه‌خت له‌سه‌ر دامه‌زراندنه‌وه‌ی فره‌جه‌مسه‌ری ده‌كرێته‌وه.
له كۆتایی ئه‌م كتێبه‌دا پوخته‌یه‌كی تێدایه له‌سه‌ر سه‌رجه‌م ناوه‌ڕۆكی ئه‌م كتێه و چۆنییە‌تیی خوێندنه‌وه‌ی مێژوویی و سیاسیی ئه‌م سه‌ركه‌وتن و پاشه‌كشه‌كردنه‌ی ئه‌مه‌ریكا.
سه‌رچاوه:
ئه‌مه‌ریكا سه‌ركه‌وتن و پاشه‌كشێ
نووسینی: موعته‌سه‌م نه‌جمه‌دین
چاپخانه‌ی كارۆ 2015
11/10/2015