د.چواس حسن
کورد بەدرێژایى سەدەى بیستەم خەونى بە دەوڵەتێک یان تەنانەت دەوڵەتۆچکەیەک، بگرە بەشێک لە دەوڵەتێکیشەوە بینووە. دووجار چانسى خۆى لەو بارەیەوە تاقی کردەوە: جارێکیان لە دواى یەکەم جەنگى جیهان، لەلایەن شێخى نەمر لە سلێمانى، جارى دووەمیشیان لە دواى دووەم جەنگى جیهان، لە لایەن پێشەواى مەزنەوە لە مهاباد.هەرچەندە تەمەنى هەردوو دەوڵەتەکان زۆر کورت بوون و هەرزوو لەلایەن هێزە ناوچەیى و زلهێزە جیهانییەکانەوە زیندەبەچاڵ کران، کەس پێڕانەگەیشت لەوە تێ بگات داخوا دەبێت تام و بۆى حوکمڕانیى کوردى چۆنچۆنى بێت؟ بەڵام هەردوو دامەزرێنەکەیان، بە حەق و حەقیقى، بوونەتە دوو پاڵەوانى مێژوویى، دوو ئەفسانەى بەرخودانى نەتەوەییمان. نەمبیست رۆژێک ئەکادیمییەک یان نووسەرێک یان سیاسییەک بە کتێبێک، بە لێکۆڵینەوەیەک، بە وۆرکشۆپ و سیمینارێک، بگرە بە وتارێکیش هەڵسەنگاندنێک بۆ ئەو دوو بڕیارە چارەنووسسازە گەورەیە بکات و پێمان بڵێت دوو بڕیارى ڕاست بوون، تاکە بژاردەى بەردەم ئەو سەرکردانە بوون یان دوو بڕیارى گونجاو نەبوون بۆ ئەو ساتە وەختانە و، بژاردەى گونجاوتر هەبوون؟ بەڵکو هەمووان لە سۆنگەى ڕەوایى مافى کورد لەوەى کە دەبێت دەوڵەتێکى نەتەوەیى سەربەخۆى هەبێت، هەمیشە بێ یەک و دوو، وەک دوو بڕیارى ڕاست و دروست لێیان ڕوانراوە و بە شان و باڵیاندا هەڵدراوە و بەرگریشیان لێکراوە.
منیش بڕواى تەواوم بەوە هەیە کە دوو بڕیارى دروست بوون و، بڕیاردەرانیشیان پاڵەوان و تێکۆشەر و خەباتگێڕو چاونەترس بوون، چونکە لەو سەردەمەى کە کورد نە سوپایەکى هەبوو، نە ئابوورییەک، نە هۆیەکانى هاتوچۆ و پەیوەندى نێوان شاروشارۆچکەکانى کوردستان بایى هێندە بوون تا زاخۆییەک لە خانەقین و خانەقینییەک لە شنگال پێشمەرگایەتى بکات، نە ئەزموونى حوکمڕانىی ٢٥ ساڵەى کوردى و نەدامەزراوە حکوومییە کوردییەکان هەبوون.
لەو سەردەمەى نە پەیوەندیە دیپلۆماسییەکانى کورد گەیشتبووە ئەمریکا و ئەورووپا و شەرق و غەرب. هێشتایش سەرجەم ئەو وڵاتانەى کوردیان بەسەردا دابەش ببوو، ڕێک و تەبا بوون لەسەر لەنێوبردنى کورد، سەرجەم زلهێزە براوەکانى دواى جەنگە جیهانییەکان کۆک بوون لەسەر دەستکارینەکردنى نەخشەکەى سایکس پیکۆ و دانەمەزرانى دەوڵەتى کوردى. کەچى هێشتا نەتەوەى و کورد و سەرکردەکانى بڕوا و متمانەى تەواویان بە هێزى نەتەوەکەیان هەبوو و جورئەتى ئەوەیان هەبوو بڕیارێکى وا چارەنووسساز بدەن و، بەرگریشى لێ بکەن و خۆیشیانى لەپێناودا ببەخشن. بیکەنە مێژوویەک بۆ نەوەکانى دواى خۆیان تا بزانن خاوەن مافى دەوڵەتین، شایستەى دەوڵەتین.
ئێمە نەوەیەکین بە خوێندنەوەى مێژووى ئەو دەوڵەتە کوردییە زیندەبەچاڵکراوانە چاومان پشکووتووە و گوێچکەى خۆشەویستیى نەتەوەییمان کراوەتەوە و زمانى ئەى ڕەقیبمان پژاوە. بە خەونى دەوڵەتى کوردى و بۆ دەوڵەتى کوردى ژیاوین و دەژین. لەو پێناوەشدا گەورەنووسەر و شاعیر و مامۆستاکانمان فێریان کردووین، کە وەدیهێنانى ئەو خەونە شایستەى هەموو قوربانییەکە. ڕاست نەتەوەکەشمان هەرواى کرد، لە شۆرش و ئەنفال و کیمیابارانەکاندا هەموو شتێکى کردە قوربانى و دەستى لەو خەون و ویستە ڕەوایەى هەڵنەگرت.
کەچى ئێستا و لەم سەردەمە ناسکەى خۆرهەڵاتى ناوەڕاستدا، لەم سەردەمەى کە کورد پتر لە ٢٤ ساڵ ئەزموونى حوکمڕانیى کوردى و دامودەزگاى کوردى و هەرێمى کوردى و سوپاى کوردى هەیە. لەم سەردەمەى ئەزموونى هەردوو کۆمارى کوردیى پێشووى هەیە، ئەزموونى یەک سەدە خەبات و چەندین ڕایەڵەى ڕێکخستنى حزبى و فیکرى لە سەرتاسەرى کوردستاندا هەیە، پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانى لەوپەڕى بەهێزى و فراوانیدایە، سەرکردەکانمان لە ژوورەکانى بڕیاردانى جیهانى و ناوچەییدان، وڵاتانى کوردیان بەسەردا دابەش بووە لەوپەڕى ناتەباییدان، رۆژانە لە ناوەندە بڕیاربەدەستەکانى جیهانیى وەک (کۆنگرێسى ئەمریکا و پەرلەمانى بەریتانیا و فەرەنسا و ئەورووپا)ـدا باس لە دابەشکردنى عێراق و سووریا و دامەزرانى دەوڵەتى کوردى دەکرێت. کەچى هێشتا لە ناوخۆى هەرێمى کوردستاندا، ئاراستەیەک، بڕیارى دامەزراندنى دەوڵەتى کوردى وەک بڕیارێکى نادروست و پڕ لە مەترسى و هەنگاونان بەرەو ئاییندەیەکى نادیار وەسف دەکات، لەژێر پەردەى شیکارى زانستى و بە بیانووى نەبوونى گەرەنتیى سەرکەوتنى بڕیارەکە لە ئەرزش و بەهاى ئەو ویست و مافە سەرەتاییەى نەتەوەکەمان کەم دەکاتەوە، وەها وێناى دەکەن وەک ئەوەى بڕیارى دامەزراندنى دەوڵەتى کوردى هەنگاوێک بێت بەرەو هەڵدێر و لەناوچوونى حەتمى.
دەبێت بەو ئاراستەیە بڵێم: دامەزرانى دەوڵەت کارێکى سرووشتکرد نییە تا پەلەلێکردنى بیکاتە بەرهەمێکى زڕ و بێتام، بەڵکو پرۆسەیەکى ئینسانیى هۆشمەندانە و ئیرادییە، چەند بارودۆخى گونجاوى پێویستە، هێندەش جورئەتەکەى شێخ مەحموود و پێشەواى پێویستە. قەت چاوەڕوان مەبن کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى و دەوڵەتانى خۆرهەڵاتى ناوەڕاست بیکەنە سوپرایزى جەژنێکى سەرى ساڵ و، بۆمان بنێرنە بەردەرگاى ماڵەوە. بەڵکو دەبێت بۆ دامەزرانەکەى تا لێوارى مەرگ بڕۆین، وەک ڕۆشتیشین و چووینە ناوجەرگەى مەرگیشەوە.
دەبێت بەو ئاراستەیە بڵێم: دامەزراندنى دەوڵەت پرۆسەیەکە لەسەر هێز بونیات نراوە و بەهێزیش ئەنجام دەدرێت. لە دونیاى هێزیشدا گەرەنتى نییە، هەموو شتێک قابیلى وەدەستهێنانە و هەروەها قابیلى لەدەستدانیشە. چاوەڕوان مەبن بانکێکى 'ئینشیورەنس' گەرەنتیى دامەزرانى دەوڵەتەکەمان بۆ بکات. دەوڵەتانى ناوچەکە و جیهانیش بە هێز و لەمیانەى بەکارهێنانى هێزدا دامەزراون و، هەمیشەش بە هێز پارێزراو بوون و ماونەتەوە. ئەگەر وا نییە ئەى هەموو دەوڵەتانى جیهان ئەم هەموو سوپا و جبەخانە و چەکانەیان بۆچییە؟!
بۆیە دەبێت بڵێم: گومانم بۆ ئەوە دەچێت کە ئەو ترسەتان لەسەر ئاییندەى دەوڵەتى کوردى نییە، بەڵکو لە دامەزرانى خودى دەوڵەتى کوردییە.
30/12/2015